زەینەب کوردونیا ناوی ئەو کچە شەڕڤانەیە، کە دڕندەکانی شەرع لەباڵەخانەیەک فڕێیاندایە خوارەوە، بەڵام ناوی شەڕڤانییەکەی دەنیز چیایە، ئەو کچەی لەنێو میدیای کوردی، بەدەنیز عفرین ناوی دەبرا، ئەو پاش بەرگرییەکی زۆر لەگەڕەکی شێخ مەقسود لەحەڵەب، پاش کوشتنی دەیان کەس لەسوپاکەی شەرع، بەقەناسەکەی دەستی، بەتۆپی سەدو شەش لێی ئەدرێ و گەشمرد دەبێ، لەپاشان لەبینایەک ھەڵیئەدەنە خوارەوە، بێئەوەی پشکنین بکرێ و بزانرێ بریندارە، یاخود ژیانی لەدەستداوە، بۆیە پاشتر بەگەشمردبونی، تەرمەکەی سوکایەتی پێدەکرێت و وەک دەستکەوتی گەورەی سوپای سوریا، مامەڵە بەم بابەتەوە دەکرێ.
شەڕڤانی دووھەم، کە وێنەکەی بەھەڵە بەدەنیز عفرینی ناسێندرا، ناوی تەواوی ئامارا خەلیلە، لەنێو شەڕڤانان بەگەریلا ئامارا بانگ دەکرا، ئەم کیژۆڵە چاو شینە موو زەردە، کە زۆرینەمان وامان دەزانی تەرمی ئەو بووە، لەباڵەخانەکە ھەڵدراوەتە خوارەو، بەڵام ئەوە تەرمی شەھید دەنیز چیا بووە، نەک شەھید ئامارا، شەھید ئامارا، بەجۆرێکی دیکە شەھید دەکرێ، ئەوان لەگەڵ چەند شەڕڤانێکی ئاسایشی شێخ مەقسود، لەماڵێکی نێو کوچەیەکی شێخ مەقسود گیر دەبن، داوایان لێدەکرێ خۆیان بدەن بەدەستەوە، بەڵام ئەوان بەرگریدەکەن، ھەتا فیشەکیان پێنامێنێ، لەبری ئەوەی بچنە سەریان و بەدیلی دەستگیریان بکەن، بەڵام بەتۆپی دەبابە لێیان ئەدرێت و سەرجەمیان لەنێو ئەو ژورە تیرۆر دەکەن، من ڤیدیۆیی کوشتنی ئەو پۆلە شەھیدەم دەستکەوت، کە زۆرینەیان پارچە پارچە بوون، لەنێویاندا ئامارا، بەو جۆرەی وێنەکە گەشمرد بووە کە دەیبینن.
ماوەی چەند ڕۆژێکە لەگەڵ ھاوڕێیانم لە ئەوروپا خەریکی پێکھێنانی گروپین، بۆ ناساندنی پێشێلکارییەکان، بەراوبەر بەکورد لەحەڵەب، چەندین ڤیدیۆی باشمان کەوتۆتە بەردەست، کە سەرجەمیان بەڵگەن لەسەر تاوانی جەنگ، گرنگە ئێمە چیرۆکی پێشێلکارییەکان وەک خۆی باس بکەین و بگێڕینەوە، گرنگە ئەم جۆرە تاوانانە لەنێو میدیایی ئێمە، بەپێشێلکاری و تاوانی جەنگ ناو ببەین، ھەڵەیە کاتێ لەنێو میدیا دەبینین و دەبیستین و دەڵێن ، فڵان گەریلا پاش پێنەمانی فیشەک خۆی کوشت، من وەک شارەزای نێو میدیاو شارەزای شیکردنەوەی وێنە، ھیچ یەکێ لەو دوو شەڕڤانە، خۆ کوشتن بەجەستەیانەوە دیار نییە، بەڵکو لەنێو تۆمارە ڤیدیۆییەکانیش بەڕونی دەبینین، کە ژورو باڵەخانەکان بەتۆپی دەبابەو ئاڕ بیجی و بۆمب، لێیان دراوەو شەھید بوون. بەواتایەکی دیکە، ئەوەی ڕویداوە تاوانی جەنگە، نابێ ئێمە بەدەستی خۆمان، ئەو تاوانە بسڕینەوە، لەتاوانی جەنگەوە بۆ کردەی گیانفیدای و خۆ کوژی.





