زمانی کوردی هۆی دابەشبونی زیاتر نەک هۆی یەکبون

عه‌تا قه‌ره‌داغی
  2019-07-09   

بێگومان دیارترینی ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ی‌ كه‌لتوری كوردی كه‌ بونی كوردی پێده‌ناسرێته‌وه‌و چوه‌ته‌ شوێنی شووناسی كوردی زمانی كوردیه‌. ئه‌و جێگاگرتنه‌ی‌ زمان له‌ جیاتی شوناس بارێكی ناسرووشتیه‌و له‌ ئاستێكی تریشدا هۆكاری نه‌بوونی شووناس ئه‌وه‌ی‌ درووستكردووه‌و كارگه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ له‌ جیاتی شووناسی كوردی بوونی كورد له‌ سنوورێكی ته‌سك یان له‌ ئاستی ناوچه‌یدا له‌ رێگای زمانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ربكه‌وێت، ئه‌ویش له‌و رووه‌وه‌ نا كه‌ زمانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندو باڵاده‌سته‌ له‌ نێو زمانه‌كانی تری دنیادا، نه‌خێر به‌ڵكو له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ وه‌كو زمانێكی ناوچه‌یی سه‌یر ده‌كرێت و ته‌نیا له‌ ئاستی ناوچه‌یشدا كاری پێده‌كرێت. 

دیاره‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ زمان وه‌كو به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ ئه‌نتۆلۆجیای مرۆڤ سه‌یر ده‌كرێت و یه‌كه‌مین ئامرازی سه‌ره‌كیشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ مرۆڤ چ وه‌كو تاكه‌ كه‌س و چ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ش بوونی خۆیی پێده‌رببڕێت یان گوزارشتی له‌خۆی پێبكات. زمانی كوردی تاكو ئێستا ئه‌و زمانه‌یه‌ كه‌ له‌ رووبه‌رێكی ناوچه‌یی سه‌رجوگرافیای كوردستاندا گوزارشتی پێده‌كرێت و جۆراوجۆرای زاره‌كانی ئه‌م زمانه‌و درووستنه‌بوونی زمانی ستانده‌ر وایكردووه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كورستان خۆیشی ئه‌م زمانه‌ نه‌توانێت به‌ یه‌ك شێوازو به‌ جۆرێك كه‌ هه‌موو كه‌سێكی كورد تێیبگات ببێته‌ ئامرازی خۆده‌ربڕین و خۆنمایشكردنی كورد به‌مه‌رجی هه‌موو كورد تێی بگات. واته‌ دابه‌شبوونی زمانی كوردی بۆ چه‌ند زارێكی ناوچه‌یی و پێكنه‌هاتن و درووستنه‌بوونی زمانی ستانده‌ر له‌ ئاستێكدا كه‌ هه‌موو كورد بتوانێت پێی بدوێت و پێی بنووسێت و پێی بخوێنێته‌وه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ لاوازی‌ هه‌ستی یه‌كبوون و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردو به‌و پێیه‌ش له‌ ئاستی قوڵدا بۆ هه‌ستنه‌كردنی كورد به‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌بێ یه‌ك شووناسی هه‌بێت كه‌ شووناسی كوردیه‌. به‌ڵام به‌م باره‌ی‌ ئێستای زمانی كوردییه‌وه‌ شوناسی سۆرانی بوون یان شووناسی بادینانی بوون یان شووناسی هه‌ورامی بوون یان شووناسی لوڕی بوون ئه‌گه‌ر به‌هێزتر نه‌بێت له‌ شووناسی كوردی بوون ئه‌وه‌ لاوازتر نییه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ رووی‌ كردارو پراكتیكه‌وه‌. 

كه‌واته‌ به‌ ئاشكرا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زمانی كوردی نه‌ك نه‌یتوانیوه‌ بێته‌ ره‌گه‌زێكی كاریگه‌ر بۆ به‌ ده‌ستهێنانی شووناسی كوردی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی به‌ڵكو ته‌نانه‌ت رۆڵی نێگه‌تیفی بینیووه‌ له‌وه‌دا كه‌ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر جوگرافیای كوردستانیش واته‌ له‌ ناو ماڵی كورد خۆیشیدا تاكه‌ شووناسێكی كوردی به‌ ئاشكرا نه‌بینرێت یان به‌ ئاشكراو له‌ رووی كرداره‌وه‌ بوونی نه‌بێت. بێگومان هه‌رچۆن جوگرافیا یان تۆپۆگرافیای كوردستان رۆڵی نێگه‌تیفی له‌وه‌ه‌دا بینیووه‌ كه‌ رێگربێت له‌ به‌رده‌م پێكهاتنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردیدا دابه‌شبوونی زمانی كوردی‌ بۆ چه‌ند زارێكی ناوچه‌یی هه‌مان رۆڵی نه‌رێنی هه‌بووه‌و هه‌یه‌و یه‌كێكی له‌ هۆكاره‌كانی مانه‌وه‌ی‌ كورد به‌ پارچه‌پارچیی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كگرتن. هه‌مان شێوه‌ی‌ داگیركردن و دابه‌شكردن به‌هه‌مان شێوه‌ سیاسه‌تیش رۆڵی نێگه‌تیفی هه‌بووه‌و هه‌یه‌ له‌وه‌یدا كه‌ زمانی ستانده‌ری‌ كوردی درووست نه‌بێت، به‌شێك له‌ حیزبه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان قوڵایی بادینی یان كرمانجی و زازاییان هه‌یه‌ به‌ ئاسانی دان به‌ زاری‌ سۆرانیدا نانێن و له‌وه‌ ناپرسن كه‌ ئه‌م زاره‌ چه‌ند كاری‌ پێكراوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و حیزب و سیاسیانه‌ی‌ كه‌ قوڵاییه‌كی سۆرانییان هه‌یه‌ بادینی به‌ ڕه‌وای‌ ئه‌وه‌ نابینن ببێته‌ بنه‌مای‌ زمانی ستانده‌ری‌ كوری‌. 

ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ تاكه‌ به‌شێكی‌ كوردستاندا كه‌ ئێستا كورد خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات دوو زاری ناوچه‌یی بۆ خوێندن هه‌بێت و دوو زاری نووسین له‌ ده‌موده‌زگاكانی حكومه‌تی كوردیدا به‌كاربێت كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا بووه‌ته‌ هۆی لاوازی‌ ئینتیمای یه‌كبوون و هه‌ستكردن به‌ جیاوازی‌ له‌گه‌وهه‌رو ماهیه‌ت و بوونی نه‌ته‌وه‌دا كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ خۆیدا زه‌مینه‌ سازی‌ ده‌كات بۆ په‌رتبوون و دابه‌شبوونی زیاتر مرۆڤی كورد له‌ خودی خۆیداو به‌و پێیه‌ش دابه‌شبوونی شووناس نه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وی ده‌ره‌وه‌ یان ئه‌ویتردا به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتریشدا. یان به‌ وته‌یه‌كی تر ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌ بوونی شووناسی نه‌ته‌وه‌یی كورد په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كبوونیه‌وه‌ هه‌بێت ئه‌وا زمانی كوردی به‌ ئاراسته‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی‌ یه‌كبوون كارده‌كات و به‌و پێیه‌ش نه‌ك رۆڵی كاریگه‌ر ناگێڕێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی شووناس به‌ڵكو رۆڵی نێگه‌تیف ده‌گێڕێت له‌به‌رامبه‌ر درووستبوونی شووناسی نه‌ته‌وه‌یی كوردیدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×