سەرباری پەککەوتنی دەسەڵاتە تەشریعیو تنەفیزییەکانی هەرێم، حوکمی نەوەی دووەمی شاخ، کە شەرعیەتی شۆرشگێریو لولەی تفەنگ کردوونی بەحاکمی موتڵەق، ڕەشوڕووتو کۆی کۆمەڵگەی کوردییان ڕەقازکردووە بەرەو ئاقارێکی گوموعەقڵی کورتبڕیان وایکردووە بەرلوتی خۆشان نەبینن. پێپڕکەی کوڕانی جێنشین بۆیەکتر فڵیقاندنەوە، مێتافۆڕی مریشکو خۆڵبەخۆداکردنەکەی بردۆتە بابی پڕاکتیکییەوەو پەندێکە پڕ بەکەوڵیان.
قەیوم*، یاخود ئەو یاسایەی کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئیخوانیزمی تورکی، بەسەرۆکایەتی ئەردۆگان لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەرکارکرا، بوو بەقەفیزی توندکردنی هەموو ئەو دەنگە دلێرانەی بەپەنجەی خەڵک لەعەرشی پیرەسوڵتانیان دەدا.
ئەوەی جێگەی داوەشانە، مێژووی قەیومی کوردی درێژترە لەتورکیای کەمالیزمی دوێنێو پان ئیخوانیزمی ئەمڕۆ. هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هەرێمی کورستان، بەتایبەت زۆنی سەوز لە ساڵی ٢٠٠٠ کراو، ئیدی لەوسەردەمەوە، هەردوو حزبی حاکم لەدەرەوەی یاسای بەرکاری ژمارە شەشی ساڵی ١٩٩٣ی پارلمانی کوردستان، سەرۆکی ئەنجومەنو ئەندامانی ئەنجومەنو خودی سەرۆک شارەوانییەکان، بە تەعینو تەزکییەی ئاسایشو دەزگای پاراستنو زانیاری جێگۆڕکێیان پێدەکرێو ڕاوێژ لە لقو مەڵبەندەکانەوە وەردەگیرێت تا ئاراستەی سەنتەری خزمەت لەهاوڵاتییەوە وەرگەڕێت بۆ هەڵئاخنینی کۆمپانیای بنەماڵەو حزب. ڕێک ثێجەوانەی وڵاتانی ئەوروپاو بەتایبەت بەریتانیا. لەوێ حکومەتە خۆجێیەکان، کە شارەوانییەکانن، سەنگی مەحەکن بۆجێگیرکردنی ڕێژەی زۆرینە لەپارلمان و تەشکیل کردنی حکومەتی ناوەند.
هەیکەلی ئەنجومەنی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان، بەڕینماییەکی نامەشروع دراوەتە دەست سەرۆکی ئەو فەرمانگانەی کە کۆمیتەو ناوچەکان بەموریدی خۆیانیان دەزاننو فەرمان دەبێت لەوانەوە بۆیان دابەزێت. دەسەڵاتی ستەمکار حەسمی هەموو جومگەکانی وەبەرهێنانی لەڕێگەی قەیومەکانی خۆییەوەکردووەو قۆرخی سەرخانو ژێرخانی ئەو نیشتمانەی کردووە، کەتێیدا دیموکراسیی ڕیایی کردۆتە دروشمی سەرکەوتن، ئەو دیموکراسییەی کەسی یەکەمی مەکتەبی سیاسی یەکییەتی لافی ئەوەی لێدەدا، ئەگەر کورسییەکیش بێنن دەسەڵات تەسلیم ناکەن، یاخود گەورە ڕاوێژکارێکی پارتی، کە دیگوت یەکییەتی ٥٨ کورسیش بێنێت ناتوانێت حکومەت تەشکیل بکات. ئەو دوو گۆکردنەی کە لەسەرە ڕمی دەسەڵاتەوە بێشەرمانە درا بەقەپۆزی میللەتدا، ئیدی ئەو ڕوئیایە دەکاتە واقع، کە تەواوی دامەزراوە یاساییو جێبەجێکارەکان، قەیوم دەیبات بەڕێوە. ئەم دیموکراسییەتەش کە پێی هەڵەڕوسکاون، وەک ئەو تاعەتە ڕیاییە وایەک کە خڕ سیاسییەکان خۆیان پێدا شۆڕکردۆتەوەو هاوتەریبیشە لەگەڵ مۆدێلی قەیومی قارداش.
*قەیوم: لەساڵی ٢٠١٨ پارلمانی تورکیا، یاسای قەیومی بۆ هەمیشە بە ژمارە ٧١٤٥ جێگیرکرد، کەجۆرێکە لەتەعینی ناشەرعی بەسەر شەرعیدا. بەڵام لەساڵی ٢٠٠٤ەوە لەهەرێمی کوردستان هەیەو کاری پێدەکرێت.
سەرچاوە: Belediye Kanunu, Kanun No. 5393, Madde 45/2 (As amended by Kanun No. 7145, Resmi Gazete Tarihi: 31/07/2018, Sayı: 30495).