سیمای ئەو دامەزراوەیەی کە شەرعیەتی یاسادانانی وەبەرهەڵێنراوە، مەیدانی کۆبوونەوەی حزبەکان نییە، بەڵکو دەنگی ئەو بێدەرەتانو مەزڵومانەیە، کە هاوین لەگەرمان سوتاونو زستان لە ئاودا خنکاون، ئومێدی ئەو زیندەخەوانەیە، کە نەسەرتای هەیەو نەکۆتایی. پارلەمان، ئەو تاعونەی لەقۆناغی ففتی ففتییەوە تا مامەلەی پارلەمان-تێر بەجووت، بۆتە مۆتەکەو لەئێقەی ئەم ڕەشوڕوتەی کۆمەڵگا ناىیتەوە.
کوردی باشور، هەموو کارتەکانی لەپێ خستنی ئەم دەسەڵاتەی دەرهێنا، هەرلەخۆپێشاندانی هێمنو توندو مانگرتنو بایکۆت، بەڵام هیچ ئاکارێک، شەرعیەتی شۆڕشی چەکداریو دیکتاتۆریەتی شاخی پێ نەلەقا. تاڵە موویەک کەمابێت، ئەو لەتە هەرێمە خۆی پێهەڵواسێت، ئەو جەستە ڕزیوەیە کە ناونراوە پارلەمان. ئەگەر فەزاحەتەکانی ئەم دامەزراوەیەش وەسەریەک بنرێت، بەرامەکەی دەگاتە ئەنجومەنە نیشتمانییەکەی ئەدۆڵف هیتلەری ساڵی ١٩٣٣. زیاد پێ ڕاکێشانی ئەو دەسەڵاتە دوو زۆنییە، لە فرۆشێ خاکو نەوت بەداعشەوە، گەیشتوونەتە فرۆشی دەنگو پارلمانو مامەڵەکردن بەمرۆڤەوە. تەعدیلی ماددەی ١١٠ی پەێرەوی ناخۆی پارلمان لەبڕگەی دوو، کە بۆ ماوەی ساڵێک بەرکاربوو، ڕێگربوو لەو مۆدێلە داوەشاوەی ئیستا، بەڵام لەبەرژەوەندی دووهێزی بنەماڵە لەساڵی ٢٠١٩هەڵاوگێڕکرا. هەر ئەم دەرهاویشتەش هەرێمەکەی گەیاندۆتە نزیک هەڵوەشانەوەو گەڕانە بۆ خاڵی سفر.
لەهونەری ئاژەڵداریی کوردیدا، کردەی خەساندن بۆ جوانەگا بەکاردەبرێت، تا لەڕێ دەرنەچێ. زەروورەتی یاسای خەساندنی پارلەمان-تێریش حەتمییەو دەبێتە پیشەوبڕدانی بەکاڵاکردنی بەشەر لەچوارچێوەی بڕگەیەکی پەیڕەودا ناخۆدا. هەروەک چۆن یاسای مەجازیان بۆ خانەنشینی و موچەی ناشەرعیو ئیمتیازاتی موڵکو پاسەوانیان بۆ خۆیان ڕاهێناوە، مەرجە ئەو بازارەی سیاسییەکان بۆ کۆیلەفرۆشی لەناو پارلمان ڕابگیریت، کە دیمەنی سەردەمی کۆیلایەتیو نیمچە دوورگەی عەرەبی پیش ئیسلام لە زیهنی مرۆڤدا وێنا دەکات. تاکی کوردی شتێک کەلەدەستیدا مابووبێتو خۆی بەخاوەنی زانیبێت، تا تۆڵەی ئەو هەموو بارگرانیو نەهامەتی بێکەرامەتییەی پێ لەدەسەڵات بکاتەوە، دەنگەکەی بوو، ئەویش ئیستا بۆتە سەفەقاتی دۆلارو ئەوبەرو ئەوبەری پێدەکرێت.
ئیدی دایعەکانی پارلەمانو خودی دامەزراوەکەش ماکیاژی دیکتاتۆریەتی دەسەڵاتی کوردییەو ئەو چرای ئومێدەشیان لەدڵی میللەتی بەشمەینەتدا کوژاندەوەو تێگەیشتن لەوەی پەنجە مۆرەکەی هەزاران دۆلاری بەسەردا شاباش دەکرێت لەژێر ناوی پاراستنی قەوارەی هەرێم. قەدەری ئەم گەلە بەدەست ئەمانەوە ئاوایە؛ کە کۆکن دەتمژن، کەناکۆکن دەتکوژن.