لە حاشاکردنی ئامێرەوە بۆ ترس لە داڕمانی پێگە

رەوا هەژار
  2025-10-23     347

سەرھەڵدانی ئەم دیاردەیەی کە ناوی لێنراوە ژیریی دەستکرد، تەنیا ڕووداوێکی تەکنیکیی سادە و لاوەکی نییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەڵکو لە بنەڕەتدا ھەژانێکی فیکری و جیوەجاڕێکی دەروونیی قووڵە کە مرۆڤی ھاوچەرخ، بەتایبەتی چینی نوخبەی ڕۆشنبیر و نووسەر، تووشی جۆرێک لە سەرلێشێواوی و دڵەڕاوکێی وجودی کردووە. کاتێک گوێ لە لێدوانەکانی کاک بەختیار عەلی یان زۆرێک لە ھاوتەمەن و ھاوبیرەکانی دەگرین دەربارەی ئەم بابەتە، ئەوەی بەر گوێمان دەکەوێت، شیکارییەکی بابەتیانە نییە بۆ دیاردەیەکی نوێ، هێندەی بەرگرینامەیەکی دەروونیی ئاڵۆزە.

قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە بە زمانێکی سنووردار و لێڵ و تێکەڵکردنی بابەتگەلێک کە بۆ تێکەڵکردن ناشێن، نیشانەی کەمئاگایی یان سادەیی فیکریی خاوەنەکانیان نییە، بەڵکو نیشانەی نەویستنی تێگەیشتنە. ئەمە جۆرێکە لە ئینکاری نەک بە مانای ڕەتکردنەوەی لۆژیکی، بەڵکو بە مانای ئەو میکانیزمە بەرگرییەی کە دەروونی مرۆڤ بەکاریدێنێت کاتێک ڕووبەڕووی ڕاستییەک دەبێتەوە کە ھەناوی ھەژاندووە و توانای ھەرسکردنی نییە.

ئەم حاڵەتە، بە وردی، وەک ئەو کەسە وایە کە لەبەر قورسیی موسیبەتەکە و لەتاو ئازاری لەدەستدان، حاشا لە مردنی ئازیزترین کەسی دەکات و دەڵێت نەخێر، ڕووی نەداوە، ئەو ھێشتا لێرەیە. لێرەدا، ئەو ئازیزەی کە مردووە، یان لەسەرە مەرگدایە، بریتی نییە لە مرۆڤایەتی، بەڵکو بریتییە لەو باوەڕە دێرینە ڕەگداکوتاوەی کە مرۆڤ تاکە خاوەنی ھۆش، تاکە خاوەنی داھێنان و تاکە سەنتەری گەردوونە. ژیریی دەستکرد ھاتووە ئەم مردنەی ڕاگەیاندووە؛ ھاتووە دەڵێت ئەو تایبەتمەندییەی تۆ پێت وابوو تەنیا ھی تۆیە، چیتر مۆنۆپۆلی تۆ نییە. قبووڵکردنی ئەم ڕاستییە نوێیە، پێویستی بە ماتەمینییەکی فیکریی گەورە ھەیە و ئەو قسانەی دەیانبیستین، بەشێکن لە قۆناغی یەکەمی ئەو ماتەمینییە؛ قۆناغی حاشاکردن.

ئەو تێکەڵکردنەی بابەتەکان و بەراوردکردنە ناھاوتایانە لە بنەڕەتدا ھەوڵێکی نائاگایانەیە بۆ بچووککردنەوەی کێشەکە و گۆڕینی لە پرسیارێکی وجودیـیەوە بۆ پرسیارێکی تەکنیکیی سادە.

ئەم جۆرە لە کاردانەوە بەرامبەر بە نوێگەری، لە مێژووی هزری مرۆڤایەتیدا شتێکی سەیر نییە، بەڵکو یاسایەکی دووبارەبووەوەیە. ململانێی نێوان کۆن و نوێ ھەمیشە ململانێی نێوان جێگیریی میراتی و جووڵەی کتوپڕ بووە. کاتێک نووسین وەک تەکنەلۆجیایەکی نوێ داهێنرا، ئەوانەی خوویان بە گێڕانەوەی زارەکی و هێزی یادەوەری گرتبوو (وەک ئەفلاتون کە لە زاری سوقراتەوە ڕەخنەی لێدەگرت)، هاواریان کرد کە ئەمە یادەوەری دەکوژێت و مرۆڤ تووشی تەمبەڵی و لەبیرچوونەوەی ڕەسەن دەکات.

کاتێک چاپخانە ھات، خەتخۆشەکان ترسیان لێ نیشت. کاتێک سینەما ھات، ئەدەبیاتی "ڕەسەن"ـی نووسراو ترسا لەوەی کە وێنە جێگەی وشە بگرێتەوە و خەیاڵ بکوژێت.

لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا، ترسەکە لە خودی ئامرازە نوێیەکە نییە، بەڵکو ترسە لە گۆڕینی هاوکێشەی باڵادەستی و لەدەستدانی ئەو "ڕەسەنایەتی"ـیەی کە نەوەی کۆن خۆی پێ پێناسە کردووە.

بەڵام کێشەکە لێرەدا بەتایبەتی بۆ چینی نووسەران و وەرگێڕان، لەوە قووڵترە. کێشەکە تەنیا فەلسەفی نییە، بەڵکو کۆمەڵایەتی و دەروونیشە. بۆ کەسێک کە تەواوی تەمەنی خۆی، چل یان پەنجا ساڵی ژیانی، تەرخان کردووە بۆ "وشە"، بۆ هونەری ڕستەسازی، بۆ ئازاری داهێنانی دەقێک، یان بۆ ڕەنجی وەرگێڕانی دەقێکی ئەستەم لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر... دەرکەوتنی ئامێرێک کە دەتوانێت ھەمان کار (یان نزیک لە ھەمان کار) بە چرکەیەک بکات، تەنیا دەرکەوتنی ڕکابەرێک نییە، بەڵکو بریتییە لە ڕاگەیاندنی بێ بەهاکردنی تەواوی ئەو تەمەنە تەرخانکراوە.

ئەو نووسەر یان وەرگێڕە، کە دەیان ساڵە وەک براندێکی کولتووری، وەک خاوەن "قودسیەت"ـێکی تایبەت سەیر کراوە، لەناکاو دەبینێت کارەکەی لە ئاستی پیشەیەکدایە کە ئامێرێک دەتوانێت ئەنجامی بدات. ئەمە لەدەستدانی "قودسیەت"ـی کارەکەیە.

لێرەوە، بەرگرییەکە دەگۆڕێت چیتر بەرگری نییە لە مرۆڤایەتی دژی ئامێر، بەڵکو دەبێتە بەرگریی تاکی ڕۆشنبیر لە پێگە و ناسنامەی کۆمەڵایەتیی خۆی کە دەیان ساڵە بە ڕەنج و ماندووبوون بینای کردووە.

مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم واقیعە نوێیەدا بە زمانی ئینکاری و بە زمانی تێکەڵکردنی چەمکەکان، خزمەت بە کێشەکە ناکات و تەنیا دواخستنی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی حەتمییە. ئەرکی ڕۆشنبیر لەم ساتە وەختەدا، تێگەیشتنی قووڵی دیاردەکەیە، نەک حاشاکردن لێی. دەبێت دان بەو ڕاستییە بنێین کە ژیری و داهێنان چیتر مۆنۆپۆلی تەواوەتیی مرۆڤ نین. قبووڵکردنی ئەمە، نەک کۆتایی مرۆڤ، بەڵکو ھەنگاوی یەکەمە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئیدی "مرۆڤ بوون" لە سەردەمی نوێدا مانای چییە، نەک ھەڵاتن لەو پرسیارە.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×