رۆژنامەیەکی تورکی لەزاری سیپان حەمۆ، کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و جێگری وەزیری بەرگریی سوریایە، دەڵێت "پرۆسەی یەکگرتنەوە و تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ کارگێڕیی نوێی دیمەشق سەختترین قۆناخی خۆی بڕیوە و رێگەی بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی خۆش کردووە، سەڕەرای ئەوەی چەندین هێز هەوڵیانداوە ئەوە سەرنەگرێت، لەپێێیانەوە ئیسرائیل"، بەڵام بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت "ئەو زانیارییانەی رۆژنامەکە بە ناوی ئەوەوە بڵاوی کردوونەتەوە تەواو ناڕاستن، رەتیكردووەتەوە هیچ لێدوانێكی لەو شێوەیە یان هەڵوێستێی وای دەربڕیبێت".
ئاوێنە: بەپێی رۆژنامەی (Türkiye)، سیپان حەمۆ، لەپەیوەمدییەکدا بەڕۆژنامەکەی راگەیاندووە "دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەڵوەشاندنەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە، هەندێک هێز بە پلەی یەکەم ئیسرائیل هەوڵی وروژاندنی پرۆسەکە دەدەن، قۆناغێکی سەخت چاوەڕێمان دەکات، بەڵام پێکەوە سەرکەوتوو دەبین".
گوایە راشیگەیاندووە "ئەوانەی دەیانویست کورد وەک هێزێکی سەربازیی کاتی بۆ جێبەجێکردنی پلان و ئەجێندا دەرەکییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا بەکاربهێنن شکستیان هێنا. لە بەرامبەردا، هەموو پێکهاتە و گەلانی ناوچەکە لە تورک، عەرەب و کورد پێکەوە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە گیانی برایەتی لەم کەشوهەوا نوێیەدا گەشە پێ بدەین، بەڵێ، ئێمە سەختترین قۆناغمان تێپەڕاندووە، بەڵام هێشتا ئاڵنگارییەکان لەپێشە. دیمەشق ئێستا پایتەختی هاوبەشمانە. بۆیە پێکهاتەی دەوڵەت و نزیکبوونەوەی لە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و کولتوورییەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە داهاتووی پرۆسەکەدا".
بەپێی رۆژنامە تورکییەکە حەمۆ ڕاشیگەیاندووە "ئەوانەی حیساباتی ناوچەیییان تێکچووە، بە پلەی یەکەم ئیسرائیلەو بێکار نامێننەوەو دڵنیاین تاکتیکی نوێ تاقی دەکەنەوە بۆ تێکدانی ئەم کەشوهەوای ئاشتی و دروستکردنی هێڵی هەڵەی نوێ. بەڵام ئێمە لەهەڵەکانی ڕابردوو فێربووین و داهاتوومان لەسەر بناغەی ئاشتی و برایەتی بنیات دەنێین".
چەند کاتژمێرێک بەدوای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵەدا، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووی "بەشێوەیەکی کەسی پەیوەندیم کرد فەرماندە سەمیر ئوسو (سیپان حەمۆ)، فەرماندەی ناوچەی رۆژهەڵات، سەبارەت بەو لێدوانانەی لەلایەن رۆژنامەی تورکی (Türkiye) بە ناوی ئەو بڵاوکرابوونەوە دەربارەی رۆڵی ئیسرائیل و تێڕوانینی بۆ پرۆسەی تێکەڵاوبوونی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەوڵەتی سوریا. فەرماندە ئوسو جەختیكردەوە، ئەو زانیارییانەی رۆژنامەکە بە ناوی ئەوەوە بڵاوی کردوونەتەوە سەبارەت بەم بابەتە تەواو ناڕاستن، رەتیكردووەتەوە هیچ لێدوانێكی لەو شێوەیە یان هەڵوێستێی وای دەربڕیبێت. ئاماژەی بەوەش کرد بڵاوکردنەوەی ئەم لێدوانانە لەم کاتە تایبەتەدا بە رێکەوت نەبووە، بەڵکو رۆژنامەکە بە ئەنقەست لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەدا بڵاوی کردوونەتەوە، هەر لێدوانێک بەناوی ئەوەوە بڵاوبکرێتەوە بەفەرمی و دروست هەژمار ناکرێت، ئەگەر بە دەنگ و رەنگ تۆمار نەکرابێت".