دەم پارتی: چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانەوە دەگوازینەوە بۆ ناو کۆڵان و شەقامەکان
  2026-08-23       62       

پەرلەمانی تورکیا لە دانیشتنێکی تایبەتدا، پرۆژەیاسای ناسراو بە "یاسای چوارچێوە"ی بە زۆرینەی 468 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 88 دەنگی نەخێر پەسەند کرد. ئەم هەنگاوە یاساییە، وەک زەمینەسازییەک بۆ کۆتاییهێنان بە قۆناغی شەڕ و دەستپێکردنی ڕێکاری یاسایی و سیاسی سەیر دەکرێت.

ئاوێنە: ​بەپێی زانیاریی میدیاکانی تورکیا و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، یاسا نوێیەکە چوارچێوەیەکی فەرمی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڕەخسێنێت و مەرج و ڕێکاری تایبەت بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ ناو ژیانی مەدەنی دیاری دەکات. لەم نێوەندەدا، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە یاساکە بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام دانپێدانانێکی فەرمیی دەوڵەتە بەوەی چارەسەری پرسی کورد ڕێگەی سیاسی و یاساییە، نەک تەنها ئەمنی.

​هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، دەم پارتی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی لە کار و چالاکییە مەیدانییەکانی ڕاگەیاند و بڕیاریداوە بە ئەنجامدانی "هەزاران کۆبوونەوەی جەماوەری" لە شار و شارۆچکە جیاوازەکاندا، پرسەکە لە ئاستی پەرلەمانەوە بۆ ناو هاووڵاتییان و سەرجەم پێکهاتەکان بگوازێتەوە.

​وەزیر پارلاک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەبارەی ئەم هەنگاوەوە ڕایگەیاندووە، لە پرسێکی چارەنووسسازی لەم شێوەیەدا نابێت گەل تەنها چاودێری دەنگۆ و هەواڵەکان بێت، بەڵکو پێویستە وەک کارەکتەری سەرەکی بەشدار بێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی کۆبوونەوەکان تەنها ڕوونکردنەوەی ناوەڕۆکی یاساکە نییە، بەڵکو کۆکردنەوەی دیدگا و پێشنیازەکانی خەڵکە بۆ ئەوەی ببنە بنەمای بڕیارە سیاسییەکانی داهاتوو و فشارێک بن بۆ جێبەجێکردنی کرداریی هەنگاوەکان بەرەو کۆمەڵگەیەکی یەکسان.

​لە لایەکی دیکەوە، لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکە لێکدرایەوە. باخچەلی ڕایگەیاندووە کە پێویستە هەلومەرجێک دەستەبەر بکرێت کە تێیدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان بتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات و هاوکاری سەرکەوتنی هەنگاوەکان بێت؛ هەڵوێستێک کە لەلایەن چاودێرانەوە وەک تێپەڕاندنی هێڵە سوورە تەقلیدییەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی و خۆشکردنی ڕێگەی دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیمراڵی هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×