دۆزی فەلسەفە 4: گەمژە (دەبەنگ) ناتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە

ئازاد حەمە
  2026-07-25     149

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

 

فەلسەفەسازیی کردەیەکی ئاوەزداری قووڵە. ئەمەوادەکات فەلسەفەکردن بریتیبێت لە وردەکاریی ڕاڤەکاریی، پرسیارسازیی کراوە و فرەبیرکردنەوە. کەواتە بەڵێ گەوجاندن (دەبەنگاندن)و فەلسەفاندن یەکناگرنەوە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی گەمژەکان ناتوانن فەلسەفییانە بیربکەنەوە. لەم بارەیەوە تێگەیشتن زۆرە و لەم باسە کورتدا بەشێکیان دەخەینەبەرباس.

سەرەتا دەبێت بزانین بیرکردنەوەی فەلسەفیی چییە؟ئەڵبەتە کە ئەوەمان زانی ئەوکاتە لەوە حاڵیدەبین بۆ گەمژە(دەبەنگ)ناتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە. بیركردنەوەی فەلسەفیی كردەیەكی خودیە و خودی فەلسەفەكردنیش ئەزموونێكە لە بیركردنەوە. بیركردنەوە، كە فەلسەفیی دەبێت بەهۆیەوە فەلسەفەكردن چەكەرەدەكات. كەواتە، فەلسەفەكردن لەناو بیركردنەوەدا دێتەدونیاوە و هەنگاوەكانی خۆی دەنێت. گرنگیی ئاوەزی مرۆڤیش لەوەدایە، کە سازێنەری بیركردنەوەیە؛ واتە دروستکەری فەلسەفەیە.

بەواتایەکی فراوانتر، دەڵێین: فەلسەفەكردن بەگشتی چێژێكە بۆ تێگەیشتن لە خودی چێژی ژیان، لە بەختەوەریی و ئازادیی تاك. دیدگای هزرەڤانە گەورەكانی مێژووی هزریش گەواهیی ئەوە دەدەن، کە فەلسەفە هەمیشە پرسیارە گەورەكانی ناو ژیانی مرۆڤی جووڵاندووەتەوە. بەدڵنیاییەوە کاتێک بیری ڕەخنەیی لەسەر بنەمای فەلسەفیی قووڵ بێت، هەڕەمەكیی و بێبناغە نابێت و دیرۆكی هزریی ڕۆژئاوایش لەو بارەیەوە وانەیەكی زۆری پێگوتوینەتەوە. 

بیركردنەوە فەلسەفییەكان لە هیچەوە دروستنابن و ئامانج و پەیامی خۆیان هەیە. ئەوەتا بیرکردنەوەیەک لەگەڵ بیرکردنەوەیەکی تر یان دژە Anti، یان كۆكەPro . لەم ڕێگایەیشەوە بۆچوونەكان یەكتر پەسەنددەكەن، یان ڕەتدەكەنەوە. ئەمەیش كاری هەمیشەیی فەلسەفە بووە و مێژووی هزری فەلسەفییش بەڵگەیە لەسەر ئەم لایەنە. بۆیە چێژی بیركردنەوە چێژە بۆ ژیان، ویستە بۆ تێگەیشتن لە ئازار و ڕاڕایی و لە پەرۆشیی مرۆڤ بۆ مانەوە و خۆکامڵکردن. گشت ئەم گووتنانەش بۆ کەسی گەمژە(دەبەنگ) هیچ مانا و بەهایەکی نییە. لای خوارەوە ڕوونیدەکەینەوە بۆ:

گەمژە(گەوج و دەبەنگ) بێتوانا و ناکارزانە لە ئاست بیرکردنەوەی فەلسەفیی. ئەمە دەرئەنجامە، هۆکارەکەش ئەوەیە،کە گەمژە ئاشنانییە بە ئامرازەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفیی(شیکارکاریی، ئارگومێنتهێنانەوە، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و.....). هەروەها کەسی گەمژە (گێل) توانای گومانکردن و لێکدانەوەی بێئەندازە لاوازە و چیپێبڵێیت خۆشباوەڕانە پەسەندیدەکات.ئەمە وادەکات پرسیارسازی ئەو مانایەی بۆ گەمژە نەبێت؛ بۆ گەمژە ئاسانە بێچەندوچۆن شت وەک خۆی قبوڵبکات.

گەمژە کەسێکی جدی و ووردکار نییە و بەسەر شتەکاندا بازدەدات و خێرا خێرا لەبیریاندەکات. تەنانەت توانای وەستانی هەستیارئاسایانە و تێڕاماناویانەی لەسەر پرسەکانیش نییە. گشت ئەمانەش دژە فەلسەفەن. لەوە ترسناکتر ئەوەیە گەمژە(گێل) لە گومان دەترسێ و لەبەردەم پرسیارسازیشا لاوازە. سروشتی فەلسەفە وایە،کە هیچ یەک لەو خەسڵەتانەی کەسی گەمژەی لا پەسەند نییە.

کەواتە لێرە دەپرسین: گەمژەکان پێویستیان بە فەلسەفە هەیە؟ ئەڵبەتە نەخێر. بۆ گەمژە فەلسەفە نەک بەس پێویست نییە؛ بوونیشی نییە. فەلسەفە چ پێویستدەکات هەبێت،کە هەموو شتێ سادە و ڕوونبێت. بۆیە بەبێ گوماناوە دەڵێین: ئەرکی فەلسەفە بە پلەی یەک بەرەنگاربوونەوەی گەمژەییە(دەبەنگییە). لەبەرئەوەی لەناو گەمژەییدا بیرکردنەوە بەرهەمهێنەر نییە و سادە و ڕواڵەتییشە. بۆیە گۆکردنی (نەخێر) بۆ گەمژە ئاسان نییە. لەبەرئەوەی گەمژە لە دیدگا و بۆچوونی نوێ دەترسێت و ناتوانێت شتێ بخاتەسەر خەرمانەی ئەوەی سەبارەت بە دیاردە یان ڕووداوێک دەگووترێت. لێرەوە دەکرێت ئەوەش بڵێین، کە بۆ گەمژە(دەبەنگ، گێل) سەختە بپرسێت بۆ؟

سەرنجدەخەینەسەر ئەو لایەنەی، کە گەمژەیی بۆئەم زنجیرە باسە گەورەترین تەگەرەیە لەبەردەم فێربوون و پەروەردە. یان گەمژەیی تەقەلایەکە بۆ خۆدزینەوە لە بیرکردنەوە و تێگەیشتن. فەلسەفە،کە دروستکەری بیرکردنەوە و تێگەیشتنە بەرەو فێربوونی ڕاڤە و گومان و ڕەخنەمان دەبات. ئەمە وادەکات بێژین بڵاوبوونەوەی فەلسەفە، یان گرنگیدان بە فەلسەفە لەناو دامەزراوەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاستی زانین جۆراوجۆر و قووڵدەکات.

کەسی گەمژە لەبەرئەوەی خاوەنی پاشخانێکی فەلسەفیی یان هزرێکی ئاوەزیی قوڵ نییە ڕێک پێچەوانەی دڵخوازانی (شارەزایانی) فەلسەفە لە قسەکردن و گفتوگۆدا ڕەفتاردەکات. چۆن؟ کەسی گەمژە دەخوازێ بە سادەیی و سەرپێی چارەسەری گشت پرسە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و دەروونیەکان بکات و خاوەنی هیچ بیرۆکە و ئایدیایەکی ئاییندەیی نییە. ئەمە وایلێدەکات نەزانێ هەڵەی لۆجیکی چییە و ڕاستی چۆن لەدایکدەبێت و بۆ خەڵک خەمی ئەوەیەتی بگات بە دەرهاویشتە و ئاکام .

بەپێیئەوەی گەمژە بیرچەقبەستوو و بیرکورتە، توانەی ڕەتکردنەوەی بۆچوون و ڕاڤەی بۆچوونی نییە و لێبوردەییەکەشی سادە و کاتییە. هێندە بیرگۆشەگیر و کۆنخوازە کە بەئاسانی ناتوانێت پێمانبڵێت بۆ ئەمە بکەین و بۆ ئەوی دی نەکەین. باشە بۆ گەمژە ئەوەندە نافەلسەفییە؟ لەبەرئەوەی گەمژە هیچ لەسەر ئارگومێنت(بەڵگە)، بەڵگەھێنانەوەی لۆجیکی، هەڵهێنجان، پاساوهێناوەی لۆجیکی و..چی و چی نازانێت. ئەم لایەنانە کە پایەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بیرکردنەوەی لۆجییکیانە دروستدەکەن لە زەینی گەمژەدا مانا و بەهای نییە.

هاوکات گەمژە نافەلسەفییە نەک دژە فەلسەفە. گەمژە نازانێت بە فەلسەفە چی ئەنجامدەدرێت بۆیە ناتوانێت دژایەتی بکات و بۆ ئەو چەنوچون و پرسیارکردن و سڵکردنەوە لە قسە و گفتووگۆ پێویستناکات، ئیدی ئەو لێرەوە بە فەلسەفە قەڵسە بێئەوەی بزانێت ناواخنی فەلسەفە چییە. کەچی لای ئەهلی فەلسەفە مشتومڕی ئاوەزەیی، مەشقێکی هزرییە، کە بنەما لۆجییکیەکان دەیبەنەڕێوە. بۆیە بیری ئازاد و بیرکردنەوەی سەربەخۆ بۆ گەمژەکان ئەو گرنگییەی نییە.

ئاسۆی بیری فراوان و بەرین لە کەسی گەمژەدا بەدیناکرێت. ئەوەی بەدیدەکرێت زۆر قسەکردن و چەنابازییە و هیچیتر.  سەربارئ ئەوە، دیدگای جیاواز بۆ گەمژە بەهای نییە. بۆ گەمژە تەنها ئەوە گرنگە کە ئێمە قسەبکەین و بەس، کە قسەشمانکرد بڵێین: (بەڵێ). بەڵێ تاکە شتە، کە گەمژە لە گووتنیدا زیرەکە. بەواتایەکی دیکە، بیرۆکە و بۆچوون بۆ گەمژە بوونی نییە. ڕاستی هەر ئەوەیە،کە گوتراوە، گووتنی تر بۆ گەمژە سەرئێشەیە و پێویستناکات.

فەلسەفە سەرقاڵی ڕاڤەکردنی جیهانە، گەمژەیەتی سەرقاڵی خۆیەتی. یان بابڵێین فەلسەفە باشترین ئامرازە بۆ گۆڕینی جیهان، گەمژە خۆشی پێناگۆڕدرێت. بۆیە فەلسەفە هەردەم بە داهێنانی ئایدیای نوێ و سەردەمییەوە سەرقاڵە. فەلسەفە لە خەمی مرۆڤایەتییە، لە خەمی ئازادی و هاوڕێیەتی و مافە. گەمژەکان(دەبەنگەکان، گەوجەکان) تەنها لە خەمیخۆیانن و بەس. هەرچی فەلسەفەیە کار لەسەر ئاستبەرزکردنەوەی فێربوون و پەروەردە دەکات تا ڕووبەری زانین و فێربوون بەرین و بێسنووربکات؛ بەوەش فەلسەفە لەکۆتاییدا ئاست بۆ گەمژەیی(دەبەنگیی) دادەنێت.

ئەم بابەتە درێژەی هەیە...............

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سه‌عدی پیره‌: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای له‌ كاك بافڵ كرد به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌كان بكات
ئەکسیۆس: ئەمریکا پلانی هێرشێکی گەورەیان بۆسەر ئێران ئامادە کردووە
لە بەنزینخانەکانی هەولێر بە کارتی (کۆبۆن) کۆتایی بە نۆرەگرتن دەهێنرێت
"زه‌یدی داوای كردوه‌ ئێران هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌شتیانه‌ی نه‌وتی عێراق ده‌گوازنه‌وه، وه‌ڵامی رونی وه‌رنه‌گرتوه‌‌"
پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ ئاوێنە: ئەگەر یەکێتی‌و نەوەی نوێ توانییان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن پیرۆزباییان لێدەکەین
پەرلەمانتارێک: تێچوی لیترێک بەنزین ناگاتە ١٥٠ دینار، بۆ ھەرزانی ناکەن
لە شەوی رابردوەوە ئەمریکاو ئێران ھێرشیان نەکردۆتە سەر یەکتری
وتەبێژی سوپای پاسداران: دوای پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە ٢٠٠ ئەمریکی کوژراون
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
زێلێنسکی: هێزەکانمان کەشتییەکی روسیایان تێکشکاند کە باری ئێرانی هەڵگرتبوو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×