سوپاس بۆ دوژمن، کە یەکیخستین!

ئازاد حەمە
  2026-11-25   

بەڵێ زۆر سوپاس بۆ (دوژمن) ئاسۆی بیری بەرینکردین و گەیاندمانیە یەکخستن. ئەم سوپاسە نزیکترین دەستەواژەیە لە دەستەواژەی پووچیی. ئەم سوپاسەی ئێمە لێرە بەکاریدەبەین ژەهراوییە. چونکە شەرمەزارییە سوپاسگوزاری دوژمن بیت. بەڵام نا، (دوژمن) لە دۆست گەورەترە و قوتابخانەیەکە بۆ لێوەفێربوون. (دۆست) کە ئێستامانی پڕپڕکرد لە درۆ، ئیدی کاتی ئەوەیە، لە چییەتیی چەمکی (دوژمن) بڕوانیین.

پاساوهێنانەوە Justificationبۆ ناڕاستی ئەم گوتنەی ئیمە""سوپاس بۆ دوژمن، کە یەکیخستین"" لۆجیکیی نییە، پاساوهێنانەوەش...، کە لۆجیکیی نەبێت بێمانایە. دوای هەنگاوەکانی دوژمن، کە بە تۆپزی یەکگرتوویکردین، ئیدی ئیستا کاتی سواڵکردنی سۆزی خەڵکە، کە "قەوارەی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەدایە". مەگەر ئێمە و ئەوانی دی دەمێک وەخت نییە ئەم داستانە دەگێڕینەوە!!

بێگومان بۆشایی سۆزییمان(سۆزداریمان) بە ئاسانی پڕنابێتەوە، گەنگەشە و گفتوگۆی سواڵی سۆز، کە جۆرێکە لە جۆرەکانی سواڵ، لە بنەڕەتدا بۆ بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی دەروونیی و سۆزدارییە، بەس مخابن درەنگ هات.

(دۆست) کردمانی بە شت،لە شت خراپتریشی بەسەرمان هێنا، دەیەها برینی ڕەوشتیی جۆراوجۆری تیادروستکردین، ئێستاش پاش ئەو هەموو برینە دەبێت ببینەوە بە گەریلا کلاسیکەکەی جاران، وانە ژەنگاویەکانی گیانفیدایی و بەرخۆدان بڵێینەوە.

حەیف، تێنەگەیشتنی سیاسەتمەدارانی ئێمە تادەگاتە ئەکادێمیست و نوسەرانمان لە لوغزی دوژمن، لەوەی،کە دوژمنی ڕاستەقینەی کورد هەردەم نادیارە، ئەو سوپاسگوزارییەی لا دروستکردین،کە لایسسەرەوە ناوماننا ""سوپاس بۆ دوژمن، کە یەکیخستین!"".

مەرجە ئەوە تێبگەین، دروستکردنی دوژمن کارێکی ژەهراوییە، دژوارە و کاتی دەوێت، بە تایبەت دوژمنە سەرسەختەکان، کە دوژمنە سەرەکییەکانن. ئەم جۆرە دوژمنە ئاسان نییە لەکۆڵکردنەوەیان و مامەڵەکردنیشیان وزەی تایبەتی دەوێت. ئێ بەداخەوە ئێمەی کورد لە تێیۆری دوژمنگەرایی و دۆستایەتی بێئاگاین.

دوژمنایەتی ململانێییە؛ خاڵی وەرچەرخان ‌و بیرکردنەوەیە. ئەوە دوژمنە وامانلێدەکات ڕێز لەخۆمانبگرین، دوژمن فێری بیرکردنەوەمان دەکات، کە دوژمنمان هەبوو هێدی هێدی قۆناغی گێلی تێدەپەڕێنیین. ئەوە(دوژمنە)هانماندەدات لە پێکدادان و ململانێ، لە ئاشتی تێبگەین، کاتێک لە پێکدادانەکانەوە ئەزموون فێردەبین، لەوە حاڵیدەبین باشە لەکوێوە دێت. هەر دوژمنناسیشە هاوکاریماندەکات لە دۆستایەتیی(هاوڕێیەتیی) تێبگەین.

بۆ کورد نەبینینی دوژمن وەک دوژمن زیانی زۆری لەبوونی سیاسیی و لەوەشی داوە لە مانای دۆست تێنەگات، لەوە تێنەگات دوژمن لەناو بوونیدایە(لەناو دۆستایەتیەکانیدایە)، لەو شوێنەدایە، کورد هەیە. بەڵام کێشەی کورد سەبارەت بە چەمکی دوژمن ئەو کاتە دەستپێدەکات پێیوایە دوژمن نادیارە و بێ دوژمنە. ئاشکرایە بۆ کورد گۆڕینی دوژمن بۆ نادوژمن کارێکی سانا نییە.

باشە لە دوژمن مەترسیدارتر  بۆ کورد چییە؟ ئەوەیە، کورد پێیوابێت دوژمنی نییە. ئەمە کەی دروستدەبێت؟ کاتێک کە کورد پێیوابێت هەموو شتێک باشە و لە ئاشتیدایە. ئەی کورد چەند ترسناکە واهەستبکەیت بێ دوژمنیت!

ئەهریمەنەکانی دەورووبەرمان وامانلێدەکەن لەتەکیاندا بجەنگیین. ئەمە وادەکات وەک دوژمن بیانبیین، دواتر بکەوینە شەر لەتەکیاندا، لەگەڵ کاتیشدا دەبیینین بووینەتە بەشێک لە ئەوان. کەواتە ترسناکە لە دوژمنە سەرسەختەکانمانەوە فێری دۆستایەتیی(هاوڕێیەتی) بیین. ئەوان، کە بەرامبەر بە دۆستایەتی، هاوسێیەتی بێباکن، تاکە شت لێیانەوە فێردەبیین، دوژمنایەتییە.

بەبێ دوژمن‌، دوژمنایەتی‌، ململانێ و دواجار شەڕ، خودی چەمکی سیاسیی(Political) بوونی نییە (شمیت Schmitt). لەوە سەیرتر، دوژمن هەمیشە گشتییە (نەك تایبەت)و دوژمنی تایبەت مانای نییە. "واتە دوژمن کاتێک هەیە، کە دوژمنی سیاسیی بوونی هەیە (شمیت).

ئەوەتا دوژمن وامانلێدەکات خۆمان نەبینە دوژمنی خودیخۆمان. خۆمان، کە هەمیشە لێهاتووین لە دوژمنایەتیکردنی خۆمان دوژمنە نادیارە ڕاستەقینەکەمان لە بیردەچێتەوە. کورد بۆئەوەی دوژمنی خودی خۆی نەبێت پێویستی بە دوژمنە. بەڵام بۆ کورد بینینی دوژمن وەک دوژمن کارزانی سیاسیی ‌و کرداریی دەوێت، کە تیایدا ئامادەنییە.

کارل شمیتانە بدوێین: دوژمن خودی کورد نییە، دوژمن ئەویترێکە، لەو شوێنەی دوژمنێک هەیە، پێویستمان بەوەیە بەدوای ئەویترێکدا بگەڕیین، بەس کورد نایەوێت بیکات. دوژمن بەرامبەرێکە و هەر وەک بەرامبەریش دەمێنێتەوە، حەیف کورد لەمە حالییە بەس نایەوێ ئیش بە حاڵیبوونەکە بکات. بۆیە بوونمان لە مەترسیدایە. هەڕەشەی ئەم بەرامبەرە هێندەی بووناوییە ڕەوشتیی نییە. (کارل شمیت) گوتەنی: کە نەتزانی کێ دوژمتە نازانیت تۆ کێیت.

کۆتا قسە ئەوەیە: کورد هەردەم دوژمنێکی نادیار(Invisible)ی هەیە، دوژمنێک کە نووستوە و هەلومەرجێک بێداریدەکاتەوە. گەڕانی کورد بە دوای دوژمن، یان دۆزینەوەی دوژمن کارئاسانی بۆدەکات لە سروشتی دۆستایەتیەکانیشی تێبگات. بێئاگایی کورد لە سەر دوژمنە نادیارەکانی وایلێکردووە پێیوابێت، بێ دوژمنە یان هێشتا دوژمنی نییە. ئەمە کارەساتە.

گەوجیەکە ئەوکات دەستپێدەکات، ئێمەی کورد خۆمان بە ئاسودەبزانیین، کە گوایە بێدوژمنیین. وەکی دی، بێدوژمنی بەدبەختییە نەک شادومانیی. ئەوە دوژمنە کورد فێریخۆکۆکردنەوە و یەکخستندەکات. ڕوونتر بدوێیین، دوژمن فێری بیرکردنەوەمان دەکات لە بوونی خۆمان. هەر ئەوەشوادەکات ببینە دوژمنناس، کە توانیمان ببینە دوژمناس لەوە حاڵیبین هەبوونی دوژمن سەرەتایەکە بۆ خۆناسی کورد ‌و داکۆکی لە بوونیخۆی.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×