نێچیرەڤان بارزانی لەستایشی سوپای پاسداراندا!

دەشتی جەمال
  2025-07-02     202

دەشتی جەمال

 

لەڕاپۆرتێکدا کە لە پێگەی تەسنیم ئێران بلاوکراوەتەوە بەدوای جەنگی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، میدیای سوپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی پەیوەندی کاراکتەرە هەرێمیەکان کردوە لەناویدا هەرێمی کوردستان.

راپۆرتەکە خۆشخزمەتی نێچیرەڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو کە بە تەنگ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە و پەیوەندی دۆستانەوە بوو لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ڕێگری لە جموجوڵی هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان و هەروەها پابەندبوون بە رێککەوتننامەی ئەمنی تاران و بەغدا کە تایبەتە بە پاراستنی سنورەکان...، وەك ئەوەی لە میدیاکانیشدا ئاماژەی پێکراوە .

دەبێت بپرسین کاتێك میدیای سەربە سوپای پاسدارانی ئێران (ئاژانسی تەسنیم) بەرزترین ستایشەکانیان بۆ نێچیرەڤان بارزانی دەردەبڕن، ئەم پەیامە جگە لە پشتگیرییەك بۆخزمەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران و وەفادارییەکی سیاسی و ڕازیکردنی دڵی رژێمـی ئێران نەبێ، چی دیکەیە؟ ئەم خزمەتەی نێچیرەڤان بارزانی بازدانە بەسەر رق و نەفرەت و ناڕەزایەتی چینی کرێکار و ژنان و لاوان و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران کە زیاتر لە چوار دەهەیان بۆ ڕووخانی ڕژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران تێدەکۆشن. رژێمێك  کە بەکوشت و کوشتار و ئیعدام و سەرکوت و داسەپاندنی هەژاری و بێکاری و بەدبەختی بەسەر خەڵکی ئێراندا پایەکانی دەسەڵاتەکەی ڕاگرتوە! جەنابی بارزانی وەك سیاسەتمەدارێکی بزووتنەوەی ناسیونالستی کورد هەمان ئەو ڕێباز و سیاسەتە درێژە پێدەدەن کە لەنێو درز و کەلێن و هاوسەنگی نیوان دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە جیهانییەکاندا بەشی خۆیان ببچڕن و مانەوەیان مسۆگەر بکەن.

نێچیرەڤان بارزانی و حزب و حکومەتەکەی کە چەندین ساڵە خۆیان خزاندۆتە باوەشی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەوە، بەخاتری بەرژەوەندی خۆیان بەردەوام دریغییان نەکردوە لە هاوکاری و پێشلەشکری بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕێگەدان بەکردنەوەی بنکە و بارەگا جاسوسییەکانی ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان. بێدەنگ بوون لە ئاستی هەموو ئەو تاوانە تیرۆریستی و کوشتنانەی بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئێران و بۆمباران کردنی بنکە و  بارەگاکانیان، وە سوتاندنی گون دو ناوچە سنورییەکانی کوردستان لەلایەن ئەم رژێمە جینایەتکارەوە ئەنجامدراوە... وە ڕێککەوتنی ئەمنی ئەم دواییانەی تاران و بەغدا و پابەند بوونیان بە ڕاگواستنی زۆرەملێی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ کەمپی دەستبەسەر، بەشێك بوو لە نۆکەرپیشەییەی ئەم دەسەڵاتە کە خوویان پێوەگرتوە تا هاوسەنگی هێز بەقازانجی خۆیان مسۆگەر بکەن.

سوپای پاسدارانی ئێران کە سوپایەکی بێزراوی ئینسانکوژە و دەستیان بەخوێن سورە و بە دڕندەترین  رێکخراو لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت، کارنامەیەکی ڕەشی لە تاواندا هەیە، لە سەرکوت و توندوتیژی و تاوانە نێودەوڵەتیەکان. وە ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران ستایشی نێچیرڤان بارزانی دەکات، نە بەهۆی "خێرای سیاسی هاتنە دەنگی لەسەر هێرشەکە" بەڵکو بەهۆی نزیکبوونی بە سیاسەتی ئەو رژێمە ئینسانکوژ و  دڕندەیە کە لەسێدارەدانی بەدەستەوە گرتوە وەك ئامرازێك بۆ سەرکوتی خەڵك وە کەوتۆتە بەردەم هەڕەشەی روخاندنی شۆڕشگێڕانەوە. ڕووخاندنی گورزێك دەبێت لە ئیسلامی سیاسی و حاکمیەتی بۆرژوازی لە ناوچەکە، کە بەدڵنیایەوە کاریگەریی لەسەر کوردستان دەبێت. ئەوکات نێچیرەڤان بارزانی بە هەڵبژاردنی ئەو سیاسەتە بێزراوە چۆن خۆی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان ڕزگار دەکات.

ئەم دڵنیاکردنەوەیەی نێچیرەڤان بارزانی بە کۆماری سێدارە بەکردەوە نیشاندانی سیاسەتێکی چەوت و دژی خەڵکیە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە، درێژەی هەیە، ئەو ڕاستییە جارێکی تر دەخاتەڕوو کە کۆمەڵگەی کوردستان دەبێ ئەم بزووتنەیە و حزبەکانی تێپەڕێنێ و هیچ چاوەڕوانییەکی لەم جەنابانە نەبێت.

ئەم ستایشەی سوپای پاسداران بۆ نێچیرەڤان بارزانی پێچەوانەی پەیامێکە کە خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی جیهان بەرامبەر بەڕاگرتنی جەنگ و ئاکامە زیانبارەکانی و درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو ڕژێمە کۆنەپەرست و نەگریسەی ئێران هەیانبوو. نێچیرەڤان بارزانی دەبێت ئەوەی لەیاد بێت کاتێك خه‌ڵکی  کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی ئێران و كوردستان کۆماری ئیسلامی ئێران تارومار دەکەن، ئاخوند و پاسدار و کەسانێك کە ئەو حکومەتەیان لەسەرپێ ڕاگرت و بەکوشت و کوشتار تا ئێرەیان هێناوە، خۆیان ڕادەستی خەڵك دەکەن، ئاخۆ نێچیرەڤان بارزانی و سەرانی حزبەکەی لەکوێ خۆیان حەشار دەدەن و پەنا بۆ کوێ دەبەن؟!

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×