ڕۆژی پێنجشەممە ١١هەمین فیستیڤاڵی هەنار و پاییز لە هەڵەبجە سازکرا. فێستیڤاڵەکە سێ ڕۆژ دەخاێنێـــت و تێــیدا بێجگە لە نمایش کردنی هەنـــار چەندین چالاکی دیکە لەخۆدەگرێت، لە نموونەی پێشانگەی دەستکردەکان، نمایش کردنی جلوبەرگی کوردی و پێشکەش کردنی خواردنە خۆماڵییەکان. هەروەها چەندین چالاکی هونەری و کلتووری پێشکەش دەکرێن، کە زیاتر ڕەونەق بە فیستیڤاڵەکە دەبەخشن.
بێگوومان فێستیڤاڵەکە بۆنەیەکی کاتی نیــیە و تەواو بێت بەڵکو بەردەوامە و ساڵانە دووبارە دەبێــتەوە. فێستیڤاڵی هەڵەبجە بووەتە فێستیڤاڵێکی سەراسەری و خەڵك لە ناوەڕاست و خواروی عێراق و تەنانەت لە وڵاتانی دراوسێ و جیهانیشەوە ئامادەی دەبن.
تا ئێرە هەواڵەکە ئاســاییە، ئەوەی نا ئاســاییە و دڵ دەگرێت، فەتوای هەندێ لە ئیسلامییەکانی کوردســتانە بۆ تەحریم کردنی ئەم فێستیڤاڵە و ناو هێـــنانی بە شوێنی دڵخوازی شەیتان. لە یەکێ لە پۆستە فەیسبووکیەکانی ئەم گروپانەدا هاتووە کە ئەم جێگەیە شوێنی موسوڵمانان نیــیە! "هەزاران نەزەر و تاوان و ناشەرعی تێدایە" و "هەر پیــاوێك تۆزێك غیرەتی تێدا بێ، ئافرەتەکەی نابەتە ئەو شوێــنانە" تا خەڵك "چێژی لێ ببینێت".
سەرەڕای هێڵنجهێــنانم لە ناوەخنی ئەم پەیامەی ئیسلامییەکان، کە پڕییەتی لە ئیهـــانە و سوکایەتی بە هەموو ئەو ژنان و پیاوانەی کە ئامادەی فێستیڤاڵەکە دەبن، بەڵام ناکرێ هەروا بە ئاســـانی تێپەڕ بێت و خەڵك ئاگاداری ئەو هەڕەشە و ژەهرە کولتورییە نەبێت کە لە پشتی دێڕەکانەوە خۆیان مەڵاس داوە.
لە ڕووکەشدا پەیــام و بانگەوازی ئیســلامییەکان دەمی لەو ژنـــانەیە کە بە جلوبەرگی ڕازاوەی کوردییەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو چ وەك فرۆشــیاری بەرهەمە خۆماڵییەکان و چ وەك میوان ئامادەی فێستیڤاڵەکە دەبن. بەڵام پەیامەکە و ســیاسەتێك کە ئیسلامییەکان لە ڕێی ئەم فەتوا و پەیامانەوە دەیبەخشنەوە هەموو خەڵکی کوردســتان دەکەنە نیشــانە.
شتێك کە بەڵگەنەویســتە ئەوەیە کە زۆربەی زۆری ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە جا چ پیــاو بن یان ژن، خەڵکانێکی موسوڵمانن و فەرزەکانی ئایــینی ئیســلام جێبەجێ دەکەن. بەڵام ئێســتا لای ئەم گروپانە تەواوی ئەو خەڵکەی ئامادەبووی فێستیڤاڵەکە و هەر بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی تر، دەبنە ئامۆزای شەیتان و کافر و دەرچوو لە فەرموودەکانی خودا و دەبێ بترسێنرێن بۆ ئەوەی بێــنەوە سەر ڕێگەی صراط المستقیم.
باشترە کەمێك باسەکە درێژتر بکەینەوە و بچینە کورتە باسێکی مێژوویی لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی ژن و بە تایبەتر لەسەر پێگەی ژن لە گوتاری ئیسلامیزمدا ئەوکات وێنەکەباشتر رووندەبێتەوە و دەتوانین ئاسانتر لە گوتاری ئیسلامیزمی کۆمەلگەی کوردی تێبگەین.
جەسـتەی ژن، قوربانییە ئەبەدییەکی مێژوو
جەستەی ژن هەمیشە لە ناو دڵی کۆمەڵێك ململانێدا گیری کردووە کە تێــیدا پرسەکانی ئایین، سیاسەت، ئەخلاق و نەریت تێیدا یەکتر دەبڕن. لە زۆربەی ساتەکانی مێژوودا جەستەی ژن بوونێکی ئازادی نەبووە، بەڵکو فەزایەکی ڕەمزی بووە کە لە ڕێگەیەوە فۆرمەکانی دەسەڵات و هەژموون تێیدا دامەزراون.
لەگەڵ هاتنی سەردەمی مۆدێرن و فراوانبوونی کۆلۆنیالیزم لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، جەستەی ژنیش لە گەڵیدا دەبێــتە گۆڕەپانی ململانێیەکی ڕەمزی لە نێوان شوناسی ناوخۆ و هەژموونی ئابووری و فەرهەنگی کۆلۆنیالیزم. ژنانی خۆرهەڵات لە دیدگای کۆلۆنیالیستیدا وەك هێمای دواکەوتوویی و کۆیلایەتی نیشان درا و بانگەشە کرا بۆ ڕزگارکردنیان. لە دیدگای کۆلۆنیالیستەکاندا ئەم بانگەشەی ڕزگاربوونە وەك بەشێك لە پرۆسەی مۆدێرنیزم چاوی لێکرا. لە بەرامبەردا هێزە کۆنەخوازەکان بۆ بەرگریکردن لە ناسنامەی کولتووریی خۆیان، هێماکانی حیجاب و پاکیزەیی ژنـــانیان بەکارهێنا بۆ وەستانەوە بەرامبەر کۆلۆنیالیزم. لەم ململانێــیەدا جەستەی ژن گۆڕدرا بۆ ئامرازێکی سیاسی لە ناو ململانێکانی ئەم دوو ڕەوتەدا.
لە سەردەمی ئێستاشماندا ئەم ململانێــیە بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە. بزووتنەوە ئیسلامییەکان لە ڕێگەی گوتارەکانیانەوە پلەبەندی جێندەری لە ژێر پەردەی ڕەسەنایەتی ئایینیدا بەرهەم دەهێنێنەوە. لەم گوتارەدا ژن دەبێتە بوونەوەرێکی ملکەچ کە ئەرکی پاراستنی شەرەف و شوناسێكە کە ئیسلام و کۆدەکانی دەبنە چوارچێوەکەی، دیسان هەر لەم گوتارەدا پیاویش دەکرێــتە ئەکتەری نمایشی ڕۆڵێکی شەڕانگێزانە لە سەپاندنی ئەم سیستەمەدا. ئەمەش کولتوورێکی توندوتیژی سیستماتیکی دروست دەکات کە تێــیدا زەوتی ئایینی و کۆمەڵایەتی بە یەکەوە تێکەڵ دەکات.
ئەم جۆرە ڕێکخستنە کە ئیسلامییەکان هەوڵی بۆ دەدەن، ناکاتە دروست کردنی کۆمەڵگەیەکی زیاترئایــیندار، بەڵکو ژینگەیەك بەرهەم دەهێنن کە تێــیدا ترس زاڵ و کۆنترۆڵی پیاویش بەسەر ژناندا زیادتر دەکات.
لە کۆمەڵگەیەكدا کە ئیسلامییەکان بە فەتواو و هەڕەشە دەیانەوێت ڕێکی بخەنەوە، توندوتیژی نابێــتە ئیستسنایەك، بەڵکو دەبێتە نەزمێك لە ئەخلاقی گشتی، کە هەراسانکردن و وەلاخستنی ژنـــان، توندوتیژی خێزانی لە ژێر شیعاری "بەرگریکردن لە فەزیلەت" تێــیدا بە ڕەوا دەبینرێت. کارکردی ئەمە تەنیــا لە ئێستادا نابینرێت بەڵکو دەبێــتە کولتوورێکی کۆمەڵایەتی و بە نەوەکاندا دەگوازرێــتەوە.
مەترسی ئەم نەخشەیە کە ئیسلامییەکان لە ڕێی فەتوادان و هەڕەشەوە هەوڵی بۆ دەدەن لەوەدایە کە ئەم سەرکوت کردنە تەنیـــا ئاراستەی ژنـــان ناکرێت، بەڵکو بیرکردنەوەی پیاوانیش بە شێوەیەکی شێواو دادەڕێژێتەوە. پیــاو دەبێــتە کائینێکی تووندڕە و تووندوتیژ. لە کۆتاییــدا هەردوو ڕەگەز، هەم ژن و هەم پیـــاو دەبنە قوربانی سیستەمێك لە بیرکردنەوە کە نکوڵی لە مرۆڤبوونی هەردوولا دەکات و دەیانکاتە ئاژەڵێك کە تەنیـــا غەریزە دەیانجوڵێنێت. ئەم نەخشەیەی ئیسلامییەکان، توندوتیژی دەکاتە مەرجی بەردەوام بوون لە ژیـــان،
ژن لە گوتاری ئیسلامیدا
گوتاری سیاسی ئیسلامی لەسەر دووبەرەکییەکی توند دامەزراوە کە ژن دابەش دەکات بەسەر ژنی "ئازاد" و "ڕێپێدراو-مباح" یان "ملکەچ" و "پارێزراو/مصان". ئەم گوتارە پیـــاو دەکاتە سەنتەری بڕیاردەر و ژنیش بڕیار جێبەجێکەرێکی پاســیڤ. دیســـان لەم گوتارەدا جەستەی ژن دەبێــتە کایەیەك بۆ دیسپلین و بەردەوامبوونی نەزمی ئەخلاقی کۆمەڵگە. سیستەمی ئەخلاقی ئیسلامی، ژن دەکاتە بەرپرسیار لەو توندوتیژییەی کۆمەڵایەتییەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت بۆیە ئەمنییەت و ئاسایشی ژن پەیوەست دەکەنەوە بە پابەندبوون بە جل و بەرگ و ڕەفتاری سەپێنراوەوە. هەرلادانێك لە نۆرمی ئیسلام، ژن لە پۆلی پارێزراوەوە دەگوازێــتەوە بۆ پۆلی ڕێپـــێدراو. بەم شێوەیە گوێڕایەڵی بۆ نۆرمی ئیسلامی دەبێتە ئامرازێك بۆ مانەوە، نەك هەڵبژاردنێکی ئەخلاقی.
پیاو لە سیستەم و نۆرمی ئیسلامییەکاندا دەخزێنرێتە ناو دژابەرییەکی ئەخلاقی تووندوە. ئەو لە لایەك دەبێــتە گورگێك لە دەرەوە کە ئەرکی سزادانی ژنە یاخیبووەکەی لەسەرە و لە لایەکی تریشەوە دەبێــتە پاساوانێك لە ماڵەوە بۆ پارێزگاریی کردن لە ژنە "پارێزراو"ەکە. ئەم دژابەرییە ئەگەرچی ڕووکەشانە دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکەکەیدا میکانیزمێکە بۆ دەستەبەرکردنی هەژموونێکی هەمیشەیی پیاوانە کە وا دەکات ژنان هەمیشە لە پێگەی "پارێزراو" و "سزا"دا خۆیان ببیــننەوە.
لە گوتار و سیستەمی ئیسلامییەکاندا، توندوتیژی دەبێتە کردەوەیەکی کۆمەڵایەتی دامەزراوەیی کە خزمەت بە پاراستنی سیستەمەکە دەکات، نەك لادانێك کە بە پاڵنەرە ئایینی و ئەخلاقییەکان لە ژێر ئاڵای فەزیلەتدا بەڕەواببینرێت. لەم گوتارەدا هەراسانکردن و زۆرەملێکردن و کۆنترۆڵکردنی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی دەبنە ئامرازگەلێکی ڕەوا بۆ پاراستنی نەزمی پیاوسالاری.
حیجابی ئیسلامی کە ئیسلامییەکان دەیخەنە پێش جل و بەرگی مەدەنی یان جلوبەرگی کوردی ژنـــانە، دەبێــتە ئامرازێك بۆ دابڕانی ژنان لە کایەی گشتی و گۆڕینیان بە کائینێکی بێ ئیرادە، خزمەتکارێکی ناوماڵ کە ئەرکیــان تەنیـــا زاوزێکردن و پەروەردەکردنی منداڵە بەپێی بەها ئیسلامییەکان و ڕاگرتنی پاكوتەمیزی ماڵ و خواردن دروست کردنە.
سیستەم و نۆرمی ئیسلامییەکان، پیاوان بە جۆرێك پەروەردە و بار دەهێــنێت کە باڵادەست بن، ئەو باوەڕەیان تێدا دەچێنێت کە پیاوبوون" یانی کۆنترۆڵکردن دێت. ئەمەش کولتوورێکی" شەڕانگێزیان پێدەبەخشێت کە باڵادەستی و کۆنترۆڵکردنی ژنان یەکسان بکەن بە سەلامەتی ئایین و کۆمەڵگا. بەم شێوەیە توندوتیژی دەبێتە ئەرکێکی ڕەمزی کە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی بە پیاو دەبەخشێت و کۆمەڵگاش دەگۆڕێت بۆ کارگەیەکی وەبرهێــنانی میلیتاریزم.
سیستەم و نۆرمی ئیسلامییەکان، ژنـــان وا بار دەهێنێت کە هەر خۆیـــان ببنــەوە بە ئامرازی سەرکوتی خۆیــان لە ڕێی هەردوو لۆژیکی "قوربانی"بوون و "باڵادەستی"ەوە. لە لۆژیکی یەکەمدا ژنە ملکەچەکە هەوڵدەدات ژنە ئازادەکە سزا بدات، بۆ ئەوەی پاساو بۆ ژێردەستەییەکەی خۆی بهێنێتەوە. لە لۆژیکی دووهەمدا، "سەربەندی- الولاء" دەکاتە سەرچاوەیەکی جیاکاری ئەخلاقی. لە هەردوو حاڵەتەکەدا ژنان دەبنە پاسەوانی ئەوانی تر، بەمەش کۆنتڕۆڵکردنی ژنان دەبێتە کردەوەیەکی دەستەجەمعی کە دەسەڵاتی پیاوسالاری پتەوتر دەکات.
سروشت و فەزیلەت لە گوتاری ئیسلامییەکاندا دەبێتە تارایەك بۆ چەوساندنەوە کە جیاکاریی ڕەگەزی وەك جیاکارییەکی سروشتی و زگماکی لێکدەدرێتەوە. هەر جۆرە یاخیبوونێك بە لادان لە "سروشت" دادەنرێت و بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوە یەکسان دەکرێت بە بەرەنگداربوونەوەی خودا، سەربەندی دەبێتە بەرزترین ئاستی ئەخلاق، ستەم دەگۆڕێت بۆ فەزیلەت و یەکسانی دەگۆڕێت بۆ ڕەزیلەت..
سیستەم و نۆرمی ئیسلامییەکان بۆ ژنـــان تەنیا بریتی نییە لە فەرزی حیجاب و دژی تێکەڵاوبوون، بەڵکو پێکهاتەیەکی ڕەمزی گشتگیرە کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەبێتە مەرجێك بۆ مانەوەی خۆیــان و بەردەوامبوونیــــان.
بەرامبەر بە فەتوا و هەڕەشەی ئیسلامییەکان چی بکرێت؟
وەڵامی ئازادیخوازان و بزووتنەوەکانی ژنـــان و نوسەرانی شۆڕشگێر بەرامبەر گوتاری تەکفیرانەی ئەو بزووتنەوە ئیسلامییانەی کە هەڕەشە لە خەڵکی کوردســتان بە گشتی و ژنـــان بە تایبەتی دەکەن، وەســتانەوەیە بەرامبەریان. هەڵەیە فەتوا و هەڕەشەی ئیسلامییەکان بە ئازادی ڕادەربڕین لێکبدرێــتەوە و بە شێنەیی بە لایدا تێپەڕین بەبێ هیــچ هەڵوێستێك. کار و کردەوەی ئیسلامییەکان بریتییە لە جەنگێك بەرامبەر بە کۆمەڵگە و نۆرمە سروشتییەکانی و جێکردنەوەی بە نۆرم و بەهای ئیسلامییەکان کە دوورە لە مۆراڵ و بەهای لێتێگەیشتن و پێکەوەبوونی مرۆیی و کۆمەڵایەتی. ئەوان دەزانن کە رۆژانە لە جەنگدان، ئەوە ئێمەین سروشتی و زۆر جار بێلانانە تەماشای نمایشەکە دەکەین. ئەگەر کۆمەڵگە دەیەوێت ژیـــان بکات، ئەگەر ژنـــان دەیانەوێت لە کایەی کۆمەڵایەتی و ســیاسیدا بەردەەوام بن... پێویســتە یەکدەســتە و شۆڕشگێڕانە بەرامبەر بە پراکتیکی ســیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریانەی بزووتنەوە ئیسلامییەکان بوەســتنەوە و دەستەکەیان لە هەموو بوارەکاندا دەربخەن. ئیسلامیەکان بەشێك نیــن لە بونیادی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردســتان، ئەمانە بە پارەی شێخەکانی نەوت و تورکیــا سـیاسەت دەکەن و ئینتیما و ولائیـــان بۆ خەڵکی کوردســتان و ئاییــندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی نیــیە. بۆنەکانی نەورۆز و فێستیڤاڵی هەڵەبجە و بۆنە تایبەتیەکان لای ئەمانە حەرامە و هێز و هەژموونی زۆریـــان هەبێت هەمووی قەدەغە دەکەن، یان دیســـانەوە بە نۆرمی خۆیـــان فۆرمی دەکێشنەوە.
پێویســتە لیژنەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی هەڵەبجە بە تووندی وەڵامی فەتوا و ناماقوڵییەتەکانی ئەو بزوتنەوە ئیسلامییانە بدەنەوە کە لە دژی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە، کۆمەڵێك ئیهانە و سوکایەتی بە ژنان و پیاوانی بەشدار بووی فێستیڤاڵەکە کردبوو.
