دامهزراوهی كهسوكاری شههیدان له كۆبانی ئیدانهی رهفتارهكانی شهوی رابردوی كاروانێكی هێزهكانی ئاسایشی ناوخۆ دهكات كه له حهلهبهوه هاتونهته شارهكهو بەشێوەیەکی هەڕەمەکی هاوڵاتییانی مەدەنییان دەستگیرکردوه لەگەڵ جنێودان و بهكارهێنانی وشەی نەشیاو و سوکایەتی ڕەگەزپەرستانە بەرامبەر بە خەڵکی شارهكه. داوای لێكۆڵینهوهیهكی سهربهخۆ و شهفافیش دهكات لهبارهی گیانلهدهستدان و برینداربونی زیندانیانی زیندانی كۆبانی و پێشێلكارییهكان.
ئاوێنه: دامەزراوەی کەسوکاری شەهیدان لە کۆبانی، ئەمڕۆ شهممه له راگهیهندراوێكدا وتی، بەوپەڕی توڕەیی و ئازارەوەو بە توندترین دەستەواژە سەرکۆنەی ئەو ڕەفتارانە دەکهین کە شەوی ڕابردو شارەکەمان بەخۆیەوە بینی، لە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و ترساندنی مەدەنییەکان و سوکایەتی ڕەگەزپەرستانە کە دەستدرێژییە بۆ سەر کەرامەتی خەڵکەکەمان و ناسنامەی کوردییان.
وتوشیهتی، شەوی ڕابردو، کاروانێکی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەبەوە هاتە ناو شاری کۆبانی و لە کاتەکانی شەودا بە شەقامەکانیدا سوڕایەوەو بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هاوڵاتییانی مەدەنی دەستگیرکرد، لەگەڵ جنێوپێدان و بهكارهێنانی وشەی نەشیاو و سوکایەتی ڕەگەزپەرستانە بەرامبەر بە خەڵکەکە.
جهختیشی كردۆتهوه، ئهم ڕەفتارانە دەستدرێژییەکی ئاشکران بۆ سەر کەرامەتی شارەکە و ئاسایشی دانیشتوانەکەی و بە هیچ پاساوێکی ئەمنی شەرعییەتیان پێ نادرێت.
ئهوهشی خستۆتهڕو، دواتر کۆمەڵێک لە زیندانییان لە ناو زیندانی كۆبانی یاخیبونیان ئەنجامدا و ئاگریان لە ناو حەوشە و بەشەکانی زیندانەکە كردهوه، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەوڵی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە سەرکردایەتی عەقید مەجدەدین شێخ بۆ گواستنەوەی زۆرەملێیان لە زیندانی شارەکەوە بۆ دەرەوەی، کە بوە هۆی شەهیدبونی نۆ لە زیندانییەکان و برینداربونی ژمارهیهكی زۆریان.
هێمای بۆ ئهوهش كردوه، گەورەیی ئەم کارەساتە وا دەکات ئاشکراکردنی تەواوی ڕاستییەکان ببێتە پێویستی، لەگەڵ دیاریکردنی بەرپرسیارێتی هەر کەسێک کە فەرمانی دەرکردوەو جێبەجێی کردوە، یان بەشداربوە لە خستنە مەترسیی ژیانی زیندانییان.
وتوشیهتی، ئێمە سەرکردایەتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە بەرپرس دەزانین لە سەلامەتی ڕاگیراوان و پاراستنیان لە ترساندن و سوكایهتیپێكردن، کورتکردنەوەی ڕوداوەکانیش لە "سەرپێچی تاکەکەسی" یان بەکارهێنانی هەر پاساوێک بۆ داپۆشینی بەرپرسیارێتییەکان ڕەتدەکەینەوە. گیانی ڕۆڵەکانمان شتێكی بێبایهخ نییه، پێشێلكردنی کەرامەتی خەڵکەکەمان ڕێگەپێدراو نییە و خوێنی قوربانییانیش بە بێدەنگی تێناپهڕێت.
ئهوهشی وتوه، لە سەر ئەم بنەمایە، داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف دەکەین لە گیانلەدەستدان و پێشێلکارییەکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی بۆ ڕایگشتی، لەگەڵ لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە بەرپرسیارێتی لەسەر ساغ بێتەوە، پلە و پێگەی هەرچەندێک بێت، لهگهڵ دەستەبەرکردنی دوبارەنەبونەوەی ئەم ڕەفتارانە.