بەگوێرەی میدیای نزیک لە پارتی، ئەمشەو چەکدارانی داعش لە سنوری نێوان قەزای حەویجە و ناحیەی سەرگەڕان هێرشیان کردەسەر خاڵێکی سەربازیی سوپای عێراق.
ئاوێنە: شەممە هەر بەگوێرەی ئەو میدیایە، ئەمشەو چەکدارانی داعش پەلاماری خاڵێکی سەربازیی فەوجی مەغاوێری سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکیان داوە، کە دەکەوێتە سەر چیای مامۆ (جەبەل مەگحوول) لەنێوان سنووری ناحیەی سەرگەڕان و قەزای حەویجەدا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەکدارەکانی داعش کامێرایەکی چاودێریی گەرمیی ئەو سەنگەرەی سوپایان پێکاوە و تێکیان شکاندووە.
وتیشی "دوای روودانی هێرشەکە، هێزەکانی سوپای عێراق و چەکدارەکانی داعش رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و، پاشان چەکدارەکانی داعش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون".
لایخۆشییەوە، نەشئەت شاوێس، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک وتی "بۆشاییەکی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە و پڕ نەکراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی کەرکوک نیگەران بن".
راشیگەیاند "ئێمە چاومان لەوەیە ئەو هەماهەنگییەی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، پەرەی پێبدەین و فراوانتری بکەین بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە".