فایلەکانی ئپســتین، ڕەخنەی ئەخلاقی لەئەخلاقی سەرمایەداریی

عومەری خەتات
  2026-02-05     550

خوێـــندنەوەی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتیانەی کە سەرمایەداریی دروستی دەکات، وەك دیاردەی ئیستغلالکردنی سێکسی ڕێکخراو لەناو تۆڕەکانی ئێـــلیتەی دارایی و سیاسیدا، ناتوانرێت و هەڵەیە بە دیبەیتی ئەخلاقی ئەبستراکت، جا دێــبەیتی ئایینی بێت یان ســێکیولار ڕاڤە بکرێت. زۆرێك لەو ڕەخــــنانەی من ئەمڕۆژانە خوێندوومنەتەوە و لە سۆشـــیالمیدیا بڵاوکراوەتەوە ئاماژەیە بۆ ئەم جۆرە لە ڕەخــنە کە بنــاغەکەی ئەخلاقە. هەردوو فۆرمی ڕەخنەکە، چی ئایــینی و چی سێکیولاری، سەرەڕای جیاوازییە ڕواڵەتییــــەکانیان، خاوەنی کەموکورتیی جەوهەری هاوبەشـــن. هەردوولا هەوڵدەدەن ئەخلاق لە بارودۆخە ماددییەکەی داماڵن و وەك دیاردەیەکی ئەبستراکت و سەروو مێژوو لێی بڕوانن. بەڵام پێکهاتەی ئەخلاقی هیچ کۆمەڵگەیەك، بەخشراوێکی سەربەخۆ یان ڕەها نیــیە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیی پەیوەندییە باوەکانی بەرهەمهێنانن لە دۆخێك و زەمەنێکی دیاریکراودا.

 

ڕەخنەی ئەخلاقیانەی ئایینی

ڕەخنەی ئەخلاقیانەی ئایینی لە کەیسی ئپستین لە جەوهەردا، لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە نەزمێکی ئەخلاقی جێگیر هەیە، دابڕاوە لە مێژوو و لە کێشمەکێشە کۆمەڵایەتی و چینایەتییــەکان، شەرعیەتی ئەم نەزمە ئەخلاقییــە ئایــینییە خۆی لە دەسەڵاتێکی غەیبی- ئیلاهی وەرگیراوە. کاتێــك ئەم تێڕوانیــنە ئەخلاقییە دێت و دیاردەیەکی وەك کەیسی ئپســتین ئیدانە دەکات، تەنیا وەك "لادان" لەم گشــتییە ئیلاهییە، وەك داڕمانێکی ڕەفتاری تاکەکەسی، یان "بەها باڵاکان" دەیبینێت و هەوڵی ئایدیۆلۆژی خۆی تەرخان دەکات بۆ پیشـــاندانی پاکێــتی ئەخلاقی خۆی. ئەم ڕەخنەیە، لە شیکردنەوە فەلســـەفیەکەیدا، دەکەوێتە داوی ئەوەی پێی دەوترێت "ئایدیالیزمی ئەخلاقی"، کە ئەخلاق وەك قەوارەیەکی سەروو کۆمەڵگە و پەیوەندییە ماددییەکانی سەیر دەکات.

ئایین و ئەخلاقیاتی ئایـــینی وەك هەر دامەزراوەیەکی ئایدیۆلۆژیی دیکە لە دەرەوەی مێژووەوە سەیر ناکرێن؛ بەڵکو وەك بەرهەمێکی مێــژوویی ململانێ چینایەتییەکانی کۆمەڵگە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت. ئایـــین و پەیـــامە ئەخلاقییەکانی، هچ کات سەربەخۆ نەبوون لە دەسەڵات و سەرمــــایە بەڵکو لە هەر زەمەنێـــکدا بەکار هێنراوون بۆ پاساوی پەیوەندییەکانی هەژموونی کۆمەڵایەتی چینی باڵادەست. بەهـــا و ئەخلاقیاتی ئایینی هەمان لۆژیکی بەها و ئەخلاقە ئپستیــنیەکانە بەڵام لە ڕەهەندێکی تر و لە ناو دۆخێکی جوگرافی، کلوتوری و ســیاسی جیاوازتردا. ئیشکالەکە ئەوەیە کە ئەم ڕەهەند و نۆرم و ڕەفتارە ئەخلاقیــانە بە چاویلکەی ئەخلاق ناخوێندرێـــنەوە.

 

ڕەخــنەی ئەخلاقیـــانەی سـێکیولاریستی

بەشــێك لەو رەخنـــانەی ئاراســتەی کەیسی ئپســتین دەکرێن لە ناو سۆشیالمیدیای کوردیدا، لە ئاراســتەیەکی دژەڕەخـــنەی ئاییــنییەوە سەرچاوە دەگرێت. واتە ڕەفتارەکانی ئپســتین یەکسان دەکرێت بە ڕەفتاری ئایینی ئیسلام کە لە شەریعەتەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەرگومەنتەکانی ئەمـــانە ئەوەیە کە ئایـــین بە تایــبەتی ئیســـلام لەو پراکســـیسانەی ئەپستینی زۆرە؛ "هاوسەرگیریی مناڵان" بە نموونە. سەرەڕایی ڕەوایی ڕیتوریکی ئەم ئەرگومێنتە بەڵام هێــنانەوەی هاوسەرگیریی منداڵان لە دووربیــنا ئیسلامییەکەیدا بۆ وەڵامدانەوەی ڕەخنە لە ئپستین، دووبارەکردنەوەی لۆژیکی ڕەخنەی ئیسلامییەکانە لە ئپســتین، چونکە لای ئەم خوێندنەوەیە، ئایین- ئیسلام کورتدەکرێتەوە بۆ کۆمەڵێك دەقی ئەبستراکتی نەگۆڕ، بەمەش ئەو ڕاســتییە پشتگوێدەخات کە تەفسیری ئەم دەقانە و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانیان بەپێی پێکهاتە و دۆخی کۆمەڵگەکان گۆڕانیـــان بەسەردا دێت. ئەم جەدەلە بێ بەرهەم و نەزۆکە، ململانێی چینایەتییەکان دەگۆڕێت بۆ شەڕێك لەسەر ئەوەی "کێ داڕماوترە؟"، ئپســتین یان ئێوەی ئیسلامی؟

ڕەخنەی ئەخلاقیانەی سێکیولاریستی، زۆرجار بە فۆرمێکی گشتگیرانەی مرۆیی خۆی دەردەخـــات. ئەم ڕەخــنەیە لە ڕووی شیکارییەوە، سەرەڕای بانگەشەی دابڕانی لە مەرجەعیاتی ئیلاهیات و غەیبیـــانە، نەزۆك و بێبەرهەمە. ئەم ڕەخــنەیە، پێشگریمانەی بوونی "ئەخلاقیاتی گشتگیری مرۆیی" دەکات کە لەسەر بنەمای مافە ئەبستراکتەکانی تاکەکەسی (وەك مافی مرۆڤ) دامەزراوە و ئەمە دەکاتە پێوەرێکی ڕەهـــا بۆ حوکمدان لە کۆمەڵگا و لە مێژوو. ئەم پێگەیە، لە جەوهەری فەلسەفی خۆیدا، درێژکراوەی ئایدیالیزمی نیوکانتـــییە، کە "کایەی ئەخلاقی" لە "کایەی ماددی" جیادەکاتەوە و پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەبەســتێتەوە بە هێـــنانەدی بنەما عەقڵانییە ئەبستراکتەکان لەسەر واقیع.

بۆ مارکسیزم ئەم "ئەخلاقیاتە گشتگیرە" هیچی تر نیــیە جگە لە دەربڕینێکی ئایدیۆلۆژیی بۆ بەرژەوەندییەکانی چیـــنی بۆرژوازی لیبراڵ، کە هەوڵدەدات لۆژیکی بازاڕ بکاتە یاسایەکی سروشتی و بیکاتە بەری کۆمەڵگە.

ئەم ڕەخنە ئایدیالیستییە، زیاتر تیشك دەخاتە سەر "ســـکانداڵ" یان "ڕەفتاری تاکەکەسی"، بەمەش ئەو ڕاستییە پشتگوێ دەخات کە جەوهەری سەرمایەداری لە نیەتخراپیــــدا نییە، بەڵکو لە پێکهاتە بابەتییەکەیدایە، کە چەوســانەوە دەکاتە مەرجی وجودی خۆی. هەروەهـــا ئەم ڕەخــنەیە پێشگریمانە دەکات بەوەی لە نێـــوان گوتاری دەسەڵات و پراکتیکەکەیدا گاپێك یان بۆشــاییەك هەیە. بەڵام تێگەیشــتن لە سەرمایەداریی وەك ســیستەم بە تایبەتی لە قۆناغی ئێســتادا کە ئاووسە بە قەیرانەکان چیتر ئەو بۆشـــاییەی نێوان و گوتار و پراکتیکی سەرمایەت نەهێشتۆتەوە. ئەم ســیستەمە چیتر پێویستی بەوە نەمــاوە سروشتی خۆی بشــارێتەوە بەڵکو بە پێچەوانەوە شــانازیی پێوە دەکات. هەر بۆیە پەردەهەڵماڵین لە ڕووی سكــــاندەڵ وەك ئەوەی ئپســـین، ئەرکی ڕۆشنگەری خۆی لەدەست دەدات و ڕەخـــنە جارێکی تر دەبـــێتەوە میکانیزمێك بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکە و هەڵمژینی توڕەیی خوارەوە بەبێ ئەوەی پێکهاتە بناغەییەکەی ســیستەم لەرزە بکات.

لە هەردوو حاڵەتەکەدا یان ڕەخــنەکەدا، ڕەهەندی چینایەتی وون دەکرێت، گوتاری ئەخلاقی جێــگەی شیکاری پەیوەندییە مادییەکان دەکرێـــتەوە و گەڕان بە دوای "خراپە" لە تاکەکاندا یان لە دەقە ئایینییەکاندا فروانتر دەبێــتەوە. ئەم جۆرە ڕەخنـــە ئەخلاقیـــانە جا لە ڕەهەندە ئایــینیەکەیەوە بێت یان ســێکیولاریستییەکەی، هەڕەشە لەسەر ســیستەم دروست ناکات بەڵکو بە پێچەوانەوە خزمەتی دەکات، چونکە خەبات لە کایەی بەرژەوەندییە ئابووریەکان و دەسەڵاتەوە دەگوازێتەوە بۆ کایەی ئەخلاق و نیەتەکان؛ کایەیەك بێجگە لە سەفســەتە، هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەدی ناهێــنێت.

ڕەخنەی واقیعی لە سەرەوە، لە جیهانی ئایدیاکان و ئەخلاقیات و بنەما ڕەهاکانەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە خوارەوە، لە جیهانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە مادییەکانەوە دەست پێدەکات. شوێنێك نەك بەرهەم بەڵکو خودی مرۆڤ دەبێـــتە کاڵا و دەســتاودەست دەفرۆشرێت. ســیستەمێك کە کۆیلایەتی بەرهەم هێــناوە و دەیان جاری تریش بەرهەمی دەهێــنێتەوە.

ئپســـتین شۆکێكی مێژوو نیـــیە، بەڵکو درێژەی مێژوویەکە کە کۆلۆنیالیزم و تاڵانی وڵاتانی بەرهەم هێـــنا، درێژەی پرۆسەی ئەنفـــالی بەعس و هێرشەکانی داعش بوو بۆ سەر شەنگال و ڕفاندنی ژنـــان و کچەکانمان و فرۆشــتنیان بوو بەو خوێریــیەی پارەی زیاتر دەدات.

ئەزموونە مێژوویییەکان چەندین جار نیشانی داوین کاتێك تیری ڕەخنــــــە تەنیـــا ئاراســـتەی ئەخلاقی ئەبستراکت دەکرێت، جا بە ناوی ئاســامانەوە بێت یان عەقڵی گەردوونی، ئەم ڕەخنەیە شۆڕش دروست ناکات بەڵکو ســەفسەتە بەرهەم دەهێنێت. ڕەخنەی ئەخلاقی لایوایە کە دەتوانرێت جیهان لە ڕێگەی "ئیدانەکردن"ەوە چاکسازی تێدا بکرێت، وەك ئەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی ماددی نەبن بەڵکو لادانێك بن لە چەمکی ئەخلاقی ئایدیاڵدا. ئەم جۆرە ڕەخـــــنەیە، لە جەوهەردا، هەڵهاتنە لە واقیع بۆ ناو کایەی جنۆکەکان؛ جیهانێك لە نیەت و ویژدان و گوناه و فەزیلەتی ڕەها. بەم کارە، خودی سیستەمی سەرمایەداریی بەرهەم دەهێنێتەوە، نەك لە ڕێگەی پشتگیریکردنی ئاشکراوە بەڵکو بە لێکردنەوەی سروشتە چینایەتییەکەی و گۆڕینی ململانێ واقیعییەکانی ناوی بۆ شەڕی ئایدیاڵی "چاکە" و "خراپە". 

وەك ووتم، سەرمایەداری، لە قۆناغی قەیرانگرتووی ئێســتایدا، چیتر پێویســتی بە شـــاردنەوەی ڕووی ڕاستەقینەی خۆی نیــیە؛ چیتر پێویستی بە پاســـاوی ئەخلاقی نییە. ئەم ســسیتەمە هارە سەردەمی "خۆشــاردنەوە"ی تێپەڕاندووە و هاتۆتە قۆناغی"سووکایەتی"ـیەوە؛ سووکایەتیکردن بە جەستەی چەوسێنراو، بە ژیانی بەفیڕۆدراو و بە گەلانی تاڵانکراو. بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ســسیتەمە بە ڕەخنەی ئەخلاق کارێکی بێهودەیە، چونکە ئەو بە لۆژیکی بازاڕ وەڵام دەداتەوە؛ "هەموو شــتێك بۆ فرۆشتنە، تەنانەت توڕەیی تۆش". فەزیحە هەڵدەمژێت و دەیگۆڕێت بۆ ناوەڕۆك؛ توڕەیی بۆ کاڵا و ڕەخنە بۆ مۆدە. 

بۆ ئەوەی ڕەخــنە شۆڕشگێڕانە بێت پێویستمان بەوەیە پچڕانێکی ڕیشەیی لەگەڵ ئەم گوتارە بکەین. ڕزگاربوون لە "باشترکردنی" ئەخلاقدا نییــــە، بەڵکو لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بارودۆخانەدایە کە ئەخلاق دەکاتە ئامرازێك بۆ داپۆشینی توندوتیژیی پێکهاتەیی سیستەم. دیســـان لێرەدا گرنگ ئیـــدانەکردنی سیستەمەکە نیــیە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوە و دۆزیــنەوەی دژابەرییەکانی و کۆکردنەوەی هێزە بۆ ڕوخـــاندنی. هەر فەلسەفە و تیۆرێك نەتوانێت تەرجەمەی خۆی بکات بۆ ڕێکخستنی هێزی چینایەتی، بێ نرخە. هۆشـــیاری چینایەتی لە ڕێگەی تێڕامانەوە بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو لە ڕێگەی پراکتیکەوە بەدەست دێت؛ ڕاستی ڕاناگەیەنرێت، بەڵکو دروست دەکرێت. مێژوو بە فەزیلەتەکان ناجووڵێت، بەڵکو بە خەبات دەجووڵێت. بۆیە ئێمە تەنها یەك ڕێگامان لەبەردەمدایە، لەو شوێـــنە بوەســتین کە واقیع لێیەوە دەست پێدەکات، نەك لەو شوێنەی کە ئەخلاق ئاواتەخوازە کە هەبێ، و هەر لەم واقیعەدا تۆوی جیهــانێکی دادپەروەرانە بنیـــات بنێین، جیهانێك نە سەرمایە، نە ئابوورییەکەی، نە ئەخلاقەکەی و نە خوداوەندە کۆن ونوێیەکانی تێدا نەبێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×