ڕۆژی شەممە، ١٤ی مارس، کوڕە نازدارەکەی شــا، ڕەزا پەهلەوی لە نووســـینێکدا لە سۆشیال میدیا ڕایگەیـــاند کە "ئامادەین دەسەڵات بگرین لە کاتی ڕوخانی ڕژێم لە ئێران". هەروەهــا ڕاشیگەیاند کە ئەو کابینــــەیەکی لە کۆمەڵێك کەسایەتی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی ئامادەکردووە بۆ ئەو کارە.
قسەکانی ڕەزا شــا، دەکرێت وەك هەڵوێســتێکی ئاســـایی دۆخی ئێســتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەك و ئێران لە لایەکی ترەوە سەیر بکرێت. دۆخـــێك کە دنیــای لە نێوان لایەنگرانی و بەرهەڵستکارانی جەنگی بۆ ناو خۆی ڕیز کردووە. بەڵام ئەم قســانەی ڕەزا شــا پرســیارێکی قوڵتر دەورووژێنێت سەبارەت بە سروشتی ئەو پرۆژە ســیاسییەی کە بزووتنەوەی پاشایەتی نوێنەرایەتی دەکات و توانای ئەم بزووتنەوەیە بۆ بوون بە ئەلتەرناتیڤێکی خوازراو لە ئەگەری مەرگی ڕژێم لە ئێران.
ئایا رەزا شـــای کوڕ، کە ناتوانێت سەری بتڵە ئاوێك بکاتەوە، توانــای ئەم چاڵنجەی لە ئەگەری کەوتنی ڕژێم لە ئێران هەیە؟ هەڵسەنگاندنی ئەم ئەگەرە نەك هەر پەیوەستە بە کەسایەتی ڕەزا پەهلەوی یان توانا سیاسییەکەی کە بێگوومـــان نییـــەتی، بەڵکو بەندە بەو بنــەما ئابوورییە کۆمەڵایەتییەی کە پڕۆژەکەی پێشنیاری بەرهەمهێنانەوەی دەکات، هەروەها بە پێگەی پڕۆژەکەی لە چوارچێوەی هاوسەنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا و لە هەمووشی گرنگتر ئامادەیی هێزە کۆمەڵایەتیــەکانی دیکە لە گیڕانی ڕۆڵی خۆیــــان لە دۆخی پێش کەوتن و کەوتنــدا.
ناوەڕۆکی جەنگی ئێســتا:
جەنگی ئێســـتا ناکرێت تەنها وەك ڕووبەڕووبوونەوەی دوو دەوڵەت سەیر بکرێت. ئەم جەنگە بەشێکە لە لۆژیکی هەژموونی ئیمپریالیستی لە ناوچەکەدا. کۆنترۆڵکردنی سیاسی، ئەمنی و وزە، سەپاندنی دیســـیپلین بەسەر ناوچەکەدا و ڕێگریکردن لە هەر هێزێکی ناوچەیی کە بیەوێت لە دەرەوەی ســیستەمی خوازراوی ئەمریکا کاربکات. پەرەسەندنی بۆردومانەکان و هەڕەشەی بەردەوامی هێرشـــەکان تا "شکستی یەکجاریی دوژمن" و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز نیشانی دەدەن کە ئەم پرسە (جەنگ)، تەنها وەڵامێکی سەربازی کاتی نیــیە، بەڵکو ڕێکخستنەوەی هاوسەنگی هێـــزە لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی. بەم مانایە جەنگ ئێســتا، تەنیـــا پەیوەندی بە ئێرانەوە نییـــە، بەڵکو بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر بۆ گەڕاندنەوەی هەژموون لە ناوچەکە و دووبارە نیشاندانی هێزی ئیمپریالیزم.
ئێران ئەمڕۆ ڕووبەڕووی قەیرانێــکی ئاوێتە بووەتەوە. ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵدەدەن لە ڕێگەی شەڕ و تیرۆرکردنی سەرکردایەتی و ناسەقامگیری ناوچەییـــەوە پێگەی ئێران بشکێنن و لە "سەرەوە" ڕێکیبخەنەوە. لە ناوخۆشدا ڕژێم بە هۆی پێکهاتەی سەرکوتگەرانە و گەندەڵی و قۆرخکاری دەسەڵات و نەتوانینی وەڵامدانەوە بە داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان، ناتوانێت ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دەرەکیــیە بگۆڕێت بۆ بەرگرییەکی جەماوەریی. دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە هەم فشاری دەرەکی و هەم سەرکوتی ناوخۆیی دەکەوێتە سەر شـــانی جەماوەری خەڵك لە ئێران. ڕژێمی ئیسلامی وەك دەوڵەتێكی سەرمایەداریی مەزهەبی، وێڕای ململانێی جەنگی لەگەڵ ئەمریکا، لەسەر بنەمای سەرکوتی ســیاسی و قۆرخکاری دەسەڵات و سەپاندنەوەی تێچووی قەیرانەکە بەسەر چینی هەژاری ئێراندا کار دەکات. بە مانایەك، ململانێی ڕژێمی ئیســلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، سروشتی ئەم ڕژێمە ناکاتە پێشکەوتنخوازانە.
لە هەڵوێســتوەرگرتن لە جەنگی ئێســـتا، هەڵچوونی سۆزداری و خۆخســتنە پاڵ یەکێــك لە هێزەکانی جەنگ بە شێوەیەکی غەریزیــیانە، هەڵە و زیانبارە و ڕێچوونە لەگەڵ ڕەوتێکی فاشــیستی جەنگ کە هەردوو بەرە کاری لەسەر دەکەن. پێویســتە لە کۆی وێــنەکە بڕوانین و نەخزێــینە ناو ململانێــیەکی دوو هێزی فاشیستی. هەر لێرەدایە کە شیکاری مارکسیستی خۆی لە دوو هەڵە دوور دەخاتەوە، یەکەم، نە دەچێتە ژێر ئاڵای ئیمپریالیزمەوە و جەنگەکەیان بە "رزگارکەر" ناودەبات، نە پاساوی سەرکوتی ناوخۆیش بە ناوی "مقاوەمەت"ەوە دەکات. هەم دژە دەستدرێژیی دەرەکی و "گۆڕینی ڕژێم"ـن لە سەرەوە و هەم دژە دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی ڕژێمی ئیسلامین. بەبێ ئەم دوو دیاریکردنە، هەر شیکارییەك یان دەخلیسکێتە ناو ڕەوایەتیـــدان بە جەنگ و دەستێوەردانی دەرەکی یان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێــــتە بەرگریکردن لە ڕژێمی ئیسلامی.
بێگوومـــان ڕێگای سێهەم؛ ڕێگای بەرگریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ســتەمدیدە بۆ ئازادی و ژیانێکی پڕ کەرامەت، لەدەرەوەی لۆژیکی جەنگی ئیمپریالیستی نێوان دوو بەرەی کۆنەپەرستانە.
با بگەڕێــینەوە سەر ڕەزا شـــا و بزانین ئەم کەســایەتییە پڕۆ ئەمریکی و زایۆنیستە کێــیە و تا چەند شــانسی ئەوەی هەیە ببێــتە فیگورێکی ئەلتەرناتیڤی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی؟
ڕەزا شـــا کێــیە؟
کتێبی "من و شـــا"ی[١] "أسدالله علم"، کە یەکێــكە لە نزیکترین کەســایەتییە متمانەپێکراوەکانی شـــای باوك، دەڵی: کەســایەتی شــا لەبەردەم قەیرانە ســیاسییەکاندا زوو دەڕوخا، بە پێچەوانەی وێــنەی "سەرکردەی بەهێز" کە ئامێری پروپاگەندەی ئەو دروســتیان کردبوو، موحەمەد ڕەزا پەهلەوی بە کردەوە بێتوانا بوو لە بڕیاردان لە ســاتە گرنگەکاندا، ئەو هەمیشە ملکەچی دیبلۆماتە ڕۆژئاواییەکان بوو، ئەوان چیــیان بووتایە، بە قسەی دەکردن. هەرکاتێکیش فشارەکان لە سەری زیادی بکردایە، دەستبەرداری بەرپرســـیارییەتیەکان دەبوو و هەڵدەهات، وەك چۆن لە مانگی ئابی ١٩٥٣ هەڵهات بۆ بەغدا و ڕۆمــا و لە مانگی یەکی ١٩٧٨ کە شۆڕش ئێرانی گرتەوە، بە چاوی فرمێسکاوویەوە نمایشەکەی بەجێهێشــت و هەڵهات". کاتێکیش کە زۆربەی خەڵکی ئێران بە دەست هەژاریی و نەخوێندەوەاری و تێکشکانەوە دەیانناڵاند، ڕەزاشـــا لە مەسرەفگەرایی و سەفەری ئەورپا و تەخشان و پەخشان کردنی پارە و دیاری کڕێن نەدەکەوت، تەنــانەت ژمارە تەلەفونەکەشی لە لای ناسراوترین گەوادی پاریس لەو کاتەدا (مادام کلۆد)، تۆمار کرابوو.
ئێســتاش ڕەزای کوڕی، میراتگریی هەمـــان جیناتی بۆرژوازیــیانەی باوکییەتی. لە ئەمریکا بەهۆی دزینی داهاتی دەوڵەتی ئێران لەسەردەمی باوکیــدا، ژیـــانی فیرعەونئاســا دەژی. بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" [٢]، سەروەتی شــای ئێران (باوك) لە ئەمریکا، بە دوو ملیــار تا چوار ملیار دۆلار مەزەندە کراوە (بڕوانە لینکی هەواڵەکە لە خوارەوە). ڕەزا پەهلەوی کوڕ، وەك باوکی دەست و پێ سپییە و لە ژیانیدا کاری نەکردووە و هیچ باکگراوندێکی بەڕێوەبەرایەتی، زانستی و سەربازی نیــیە. هەموو خۆ گیڤ کردنەوەکانی ئەمدواییەی دەگەڕێـــتەوە بۆ نازناوە بەدناوەکەی باوکی.
بەدبەختیــییەك کە بەرەی ئازادیخواز تێــیکەوتووە، ئەوەیە کە ئەم نەگبەتە ئێســتا خۆی بە "سەرکردەی ئێران" دەزانێت و خەوی ئەوەی هەیە وەك باوکی هەڵکوتــێتە سەر کورسی دەسەڵات و ببێــتە "شــــا"ی ئایــیندەی ئێران.
زمــــان و گوتاری فاشیزمی ئێرانی
زمان تەنها ئامرازێکی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نیــیە بەڵکو ئامرازی دروست کردنی دۆخی کۆمەڵایەتی و دەسەڵات و هەژموونی ئایدیۆلۆژیشە. دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکان تەنهــا پشت بە سەرکوت و کۆنترۆڵی دامەزراوەیی نابەســتن، بەڵکو زمان و گوتار و فۆرمەکانی ڕیتوریکی خۆشــیان دەخەنە ناو ژیــانی رۆژانەوە. لەم روانگەیەوە دەتوانیـن گوتاری ســیاسی پەیوەست بە پرۆژەی "دەوڵەتی ناوەندی" رەزا شــا و بزووتنەوەکەی وەك بزووتنەوەیەکی بۆرژوا- فاشیستی پرۆ ئەمریکی، وەك هەوڵێك بۆ داڕشــتنەوەی سیمای دەوڵەت و دەسەڵات بە نەفەسێکی فاشیستانەوە لە دوای ڕژێمی ئیسلامییەوە تێبگەین. زمانی سەلتەنتەڵەبەکان تەنیا وەسفی واقیع ناکات؛ بەڵکو بەشدارە لە پێناسەکردنەوەی شوناس سیاسی و کۆمەڵایەتی و دروستکردنی چوارچێوەیەکی چەمکی کە وا دەکات پڕۆژەی دەسەڵات، سروشتی یان لە ڕووی مێژووییەوە حەتمی دەربکەوێت. بەم مانایە زمان دەبێـــتە بەشێك لە پێکهاتەی قووڵی دەسەڵات و وەك "چۆڕێکی بچووك"ی ئایدیۆلۆژی کە دەچێتە ناو مەخیلەی گشتییەوە، بەشداری دەکات لە چەسپاندنی شێوەکانی هەژموونی سیاسی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم هەژموونە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە.
گوتاری سەلتەنتتەڵەبەکان کە زیاتر لە ڕێی هەردوو کەناڵی ئاسمــانی "من و تو" و "ایران انترناشیونال" و سۆشیاڵ میدیاکانیانەوە دەردەکەوێت، گوتارێکی فاشــیستانەی ڕێکخراوە. شیعارە فاشــیستییە بەناوبانگەکەیان (یەك ئاڵا، یەك نیشتیمان، یەك سەرۆك) شیعارێکی دژە ئازادی و دژە دیموکراســییە. وەلانانی هەمەڕەنگی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە. وشە و زمانی سەلتەنەتتەڵەبەکان پڕیەتی لە ووشەگەلێکی وەك: نیشتیمانی ئێران، ئیتنیــکی پاك، ئاریانیزم، گەڕانەوەی پاشایەتی، گێڕانەوەی ئێران بۆ مەزنی پێشووی(MiGA)، ڕۆشنبیر و چەپی خائیـــن.... ئەم زمــانە کە لە زمانی نازیزمەوە نزیکە تا هەر بزووتنەوەیەکی فاشیستی تر، هەر لە ئێســتاوە خەریکی دروست کردنی دووانەی "ئێمە" و "ئەوانن". "ئێمە" لە بەرامبەر دوژمنە ناوخۆیی و دەرەکیــیەکان، "ئەوان".
"ئێمە" و "ئەوان"، تەنها خۆجیاکردنەوەیەکی زمانەوانی بێتاوان نیــیە. لە زمانی سەلتەنتتەڵەبەکاندا، "ئێمە"، بریتیــیە لە گروپی پاك و ڕەسەنی فارس کە نوێنەرایەتی بەردەوامی ڕەوای نەتەوە و مێژووەکەی دەکات، لە کاتێکدا نەیارانی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی دادەبەزێنرێن بۆ پۆلی "ئەوان" کە وردە وردە وەك توخمێکی نامۆ یان هەڕەشەئامێز پێناسە دەکرێن. ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی کۆمەڵێك پراکتیزەکردنی زمانەوانییەوە کاردەکات کە نەك تەنهــا ڕەخنە لە لە نەیارانی سیاسی خۆی دەگرێت، بەڵکو لە ڕێی سوکایەتی و دروست کردنی وێنەیەکی ناشیرین لە سەریان، هەوڵدەدات سیفاتی مرۆڤاتیشــــیان بشێوێنێت. ئەم میکانیزمە لە شیکردنەوەی زمانی سەڵتەنەتتەڵەبەکان، ئاشکرای دەکات کە چۆن زمانی سیاسی، نەیار جا سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی، دەگۆڕێت بۆ قەوارەیەکی ئەخلاقی و ئینسانی کەمتر، زەمینە خۆش دەکات بۆ ڕەوایەتیدان بە دوورخستنەوە یان سزادانیان.
هاوشێوەی ئەم میکانیزمە، تەنهــا دەتوانین لای نازیزمی ئەڵمانی بەدی بکەین. چەوسانەوەی چووەکان سەرەتــا بە ڕێوشوێنی یاسایی یان ئەمنی ڕاستەوخۆ دەستی پێنەکرد، بەڵکو پێش ئەوە بە پرۆسەیەکی درێژخایەنی زمانەوانی و کولتووری ئامانجدار دەستی پێکرد بە ئامانجی دووبارە پێناسەکردنەوەیان لە چوارچێوەی خەیاڵی کۆمەڵایەتیدا. جوو لە پڕوپاگەندە و ڕۆژنامە و وتار و کاریکاتێرەکانی نازییــەکاندا، وەك مشەخۆر، مشك، یان مێرووی زیانبەخش نیشان دەدران کە هەڕەشەیان لە جەستەی نەتەوەیی ئەڵمانیا دەکرد. لە ڕێگەی ئەم بەراوردکارییە ئاژەڵگەراییە بەردەوامەوە، وردە وردە جووەکانیان لە مرۆڤایەتی خست، چیتر وەك هاوڵاتی یان ئەندامی کۆمەڵگە سەیر نەدەکران، بەڵکو وەك بوونەوەرێکی زیانبەخش کە دەبێ لەناوببرێن. بەم شێوەیە ڕێوشوێنی ئیستسنا و توندوتیژی، لە دابڕانی کۆمەڵایەتییەوە بگرە تا دەگاتە دەستبەسەرکردن و دیپۆرتکردنەوە، وەك فۆرمێك لە "پاککردنەوە" یان "پاراستن"ی کۆمەڵایەتی دەرکەوتن.
سەڵتەنتەڵەبەکانیش هەمــان میکانیزمی نازییەکان بەکاردەهێــنن بە تایبەتی بەرامبەر بە کورد و نەتەوەکانی غەیرە فارس، بەرامبەر بە کۆمۆنیستەکان و چەپ بە گشتی. بەم شێوەیە زمانی سەڵتەنەتتەڵەبەکان ناکرێت تەنیا وەك ئامرازێك بۆ دەربڕینی ململانێی سیاسی سەیر بکرێت، بەڵکو کەرەستەیەکە بۆ دووبارە کێشانەوەی سنوورەکانی گرووپی نەتەوەیی و دیاریکردنی ئەوەی کێ لەناو خۆیدا بە مرۆڤ سەیر دەکرێت و کێش دەبێت بکرێتە دەرەوە.
نابێت ئەوەشــمان لە بیر بچێت کە زمانی فاشیزم لە گشتدا، زمانێکی سەتحیــیە، خاڵییە لە هەموو قووڵایی و شیکارییەك. زمانێکە دەتوانێ ئاســـان جەماوەر فریو بدات و وشەکانی بە خێرایی بڵاوببنـــەوە. خاڵێكی گرنگ کە دەبێت خوێنەر سەرنجی بداتێ، ئەویش کەڵکوەرگرتنە لە چەمکی فاشیزم لە ســیاقی ئەم باسەدا لەسەر بزووتنەوەی پاشایەتی لە ئێران. ڕەنگە ئەم چەمکە واتای گونجانی تەواو لەگەڵ ئەزمونی فاشیزمی ئەوروپی سەرەتای سەدەی بیستەم نەدات، بەڵکو ئاماژەیە بۆ بوونی توخمە هاوبەشەکان وەك ناسیۆنالیزمێکی توندڕەو، شکۆکردنی دەوڵەتی بەهێز، دوژمنایەتی توند لەگەڵ چەپ و کۆمۆنیزم و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و هەوڵدان بۆ یەکخستنی زۆرەملێیـــانەی کۆمەڵگا لە ژێر ئاڵای یەك شوناسی نەتەوەییدا.
ئێرانیبوون:
ناتوانیــن لە باڵاکردنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بگەین بە جیـــا لەو گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی کە لە سەدەی بیستەمدا هاوڕێی سەرهەڵدانی دەوڵەتی مەرکەزی بوون. دەوڵەتی پەهلەوی لە پرۆسەی ڕۆشتن بەرەو سیستەمێکی سەرمایەداری و بنیاتنانی ئامێرێکی ئیداریی مۆدێرن و ڕێکخستنەوەی ئابووریدا پێویستی بە ئایدۆلۆژیایەکی یەکگرتووی ناسیۆنالیستی هەبوو بە مەبەستی بە ناوەندکردنی دەسەڵات و پەراوێزخستنی شوناسە جیاوازەکان و نەتەوە و زمانە نافارسییەکانی ناو ئێران. بەم شێوەیە ناسیۆنالیزمی ئێرانی توانی دوو چۆلەکە بە یەك بەرد بپێــکێت: لە لایەك بنەمایەکی ڕەمزی بۆ شەرعیەتی دەوڵەتی ناوەندگەرای دابین کرد و لە لایەکی دیکەشەوە یارمەتیدەر بوو بۆ شاردنەوەی دژایەتیـــیە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگا بە گۆڕینی ئەم ململانێـــیانە بۆ گوتارێك سەبارەت بە شوناس و یەکگرتوویی نەتەوەیی ئێران.
ئێرانیبوون، ئەو سەرچاوەیەیە کە ڕەزاشــا و بزووتنەوەکەی ئاوی لێدەخۆنەوە. بە جیـــا لە پرۆسەی گەشەی سەرمایەداری لە ئێران، واتە پێشتریش لە ناو ناسیۆنالیزمی فارسزماندا، دیدێك هەیە و لە لایەن ئەم ناسیۆنالیزمەوە بەرهەمدەهێنرێتەوە. کۆمەڵێك عەقڵییەت و بیرکردنەوەیە کە رەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەفســانە و نەریتــە کۆنەکان. ئەم گوتارە لەسەر بنەمای چەمکێــکی تایبەتی شوناسی نەتەوەیی دامەزراوە، کە زۆرجار بە "ئێرانیبوون" ناودەبرێت. ئەم چەمکە پشت دەبەســتێت بە هێــنانەوەی ڕەمزییـــانەی مێژووی پێش ئیسلام وەك سەرچاوەی پاکی شوناسی نەتەوەیی (ئێرانبوونی ڕەسەن). لەم گوتارەدا ڕابردووی ئیمپراتۆری کۆن و بەتایبەتی سەردەمی کوروشی مەزن وەك ساتێکی بناغەیی بۆ نەتەوەی ئێران دەخرێتەڕوو. نەتەوەی (خەیاڵی) بە گەورەیییەکی ڕابردووەوە دەبەستێتەوە کە دەبێ لە ئایندەیەکی عەلمانیدا زیندوو بکرێتەوە. بەڵام ئەم بنیــــاتنانە ڕەمزییەی شوناس تا ڕادەیەکی زۆر ئاڵۆزی مێژوویی و کولتووری کۆمەڵگەی ئێرانی کە بە درێژایی سەدەکان کارلێکی کولتووری، ئایینی و زمانەوانی پێکهێــناوە، پشتگوێ دەخات و ڕوانگەیەکی سادە و ساکارانەی نەتەوە دەخاتە ڕوو کە لەسەر بنەمای یەکێتییەکی خەیاڵاوی کولتووری و زمانەوانی دامەزراوە. ئەم گوتارە، بە پشتبەستن بە پاشخانێکی هاوبەشی گریمانەکراو (تیۆری ڕەگەزی ئاریایی کە پێشتر پووچەڵکرابووەوە) و مەیلێك بەرەو عەلمانییەت و مافە جیهانییەکانی مرۆڤ؛ وا گریمانە دەکات کە نزیکایەتییەکی کولتووری لە نێوان "ئێران"ێکی خەیاڵی و ئەوروپــــــادا هەیە. ئەم هەڵوێستە ڕەنگدانەوەی لۆژیکێکی قووڵتری ڕەگەزپەرستییە کە تێیدا شوناسی عەرەب- زۆرجار هاوتا دەکرێت لەگەڵ ئیسلام- وەك شتێکی کەمتر یان دواکەوتوو سەیر دەکرێت. ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە دروستکردنی ئەم دژابەرییە دووانەییە، لە ڕێگەی گێڕانەوەی پلەبەندیی ڕەگەزیەوە خۆی تێدەپەڕێنێت، لەم وێنایەیدا، عەرەب و موسڵمان وەك "ئەوانی دیکە"ی بێگانە، نامرۆڤ سەیر دەکات. ئەمەش جۆرێك لە باڵادەستی ڕەگەزی پێکدەهێنێت کە تیایدا شوناسی ئێرانی وەك شتێکی لە بنەڕەتدا پێشکەوتووتر سەیر دەکرێت. لەم ئەم گوتارە ناسیۆنالیستییەدا، جیاوازییە کولتووری و سیاسییەکان تێیدا ڕەگەزیی دەکرێن بۆ ئەوەی گێڕانەوەکانی باڵادەستی و پەراوێزخستن بپارێزرێت.
کێشەی ئەم بیرکردنەوەیە ئەوەندەی سۆزدارییــە ئەوەندە زانستی و بابەتی نیــیە. "ئێران" لەم کۆنسێپتەدا، چەمکێــکی ئەبستراکت و ناواقعیــیە، لە دەرەوەی واقیعی مرۆڤایەتیی و مێژووەوەیە. ناسیونالیزمی ئێرانی، بە ئەندازەی ڕقیـــان لە ئیسلام و ئایین، چەمکی "هاونیشتیمانی"ـیـــان گۆڕییوە بۆ چەمکی "ئێرانی". ئێرانبوون لای ناسیۆنالیزمی ئێرانی، بووەتە ئاییــنێکی تر و هەر ڕەخنەیەك لەم چەمکە بە تووندی وەڵام دەدرێتـــەوە. لای ئەم ناسیۆنالیزمە، "ئێران"، شتێکی جیاوازە لە هاونیشتیمانی و مافە سروشتی و سیاسییەکان. ئێرانی ئایدیاڵی لەم پێناسەیەدا، زەمینێــکی گۆڕاو نیــیە لە خەڵك و شار و زمان و فەرهەنگی کۆمەڵایەتی جیاواز، بەڵکو "خەیاڵێکی ئاسمانی" ئەبەدیـــیە. هەستی "ئێرانیبوون"ی خەیاڵی و سویمبوڵە خەیاڵییەکانی وەك زمانی نیشتیمانی دەبنــە چەمکگەلێکی ئەبەدی، نەمر، میتافیزیکی و نەگۆڕ کە هیچ کەســێك مافی نیــیە بیانگۆڕێت.
شیعارەکانی بزووتنەوەیە فاشیستیەکەی ڕەزا شــا لەم سەرچاوە ناسیۆنالیستییەوە هەڵدەقوڵێن. شیعاری یەك ئاڵا، یەك نیشتیمان، یەك سەرۆك" یان " نیشتیمانی ئێران، ئیتنیــکی پاك، ئاریانیزم، گەڕانەوەی پاشایەتی، گێڕانەوەی ئێران بۆ مەزنی پێشووی خۆی"، هەوڵی ئەم فاشیزمەیە لە ترســێك بە ناوی "هەڵوەشــانەوەی ئێران"ـە لە سبەی کەوتنی ڕژێمی ئیسلامیدا.
پەیوەندی ڕەزا شـــا و ئیسرائیل
ڕەزا پەهلەوی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، بە شێوەیەکی سەرەکی لە نێو ئەو کەسانەدا جێگەی بایەخ و پشتیوانییە کە حەنینێکیان بۆ سەردەمی پاشایەتی ڕەزای باوکی هەیە. سەردانی ڕەزا پەهلەوی بۆ ئیسرائیل لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣، تەنها چەند مانگێك دوای سەرهەڵدانی شۆڕشــی "ژن، ژیان، ئازادی"، دەتوانرێت بە نموونەی ئەو جۆرە لۆبیکردنە هەژمار بکرێت. ڕەزا پەهلەوی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئیسرائیلی وەك "نموونەی دیموکراسی" پیشــان دا کە ئازادی و هەڵبژاردنی تێدایە و جەختی لەوە کردەوە کە "گەلی ئێران" بە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل دڵخۆشن و ئێرانییەکان و ئیسرائیلییەکان دۆستن (i24News 2023).
شای خەتیری، شرۆڤەکاری سیاسەتەکانی دەرەوە، لە ماڵپەڕی ئینستیتیوتی جووەکان بۆ ئاسایشی نەتەوەیی لە ئەمریکا (جینسا-JINSA) وتارێکی بڵاوکردۆتەوە و بەم شێوەیە دەستپێدەکات: "زایۆنیزم میراتی کۆروشی مەزن و میراتی نیشتیمانیی ئێرانییەکانە". گرێدانی زایۆنیزم بە میراتی پاشای ئێران، کورش، نەك هەر جەخت لەسەر پێوەندی مێژوویی درێژخایەنی شوناسی ئێرانیبوون و جووایەتی دەکاتەوە، بەڵکوو زایۆنیزم دەخاتە ناو دڵی چەمکی شوناسی ئێرانی ڕەسەنەوە کە ئەمەش پایەیەکی بنەڕەتی گوتاری ناسیۆنالیستییە لە ئێراندا. کورشی مەزن (٥٣٠-٦٠٠ پ.ز) پاشا و دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی هەخامەنییـــەکان بووە لە ئێرانی کۆن. لە گوتاری ناسیۆنالیستیدا زۆرجار کۆروش بە دامەزرێنەری "نەتەوەی ئێران" و هەخامەنییــەکان بە سەرەتای مێژووی وڵات دادەنرێن.
گوتاری ناسیۆنالیستی- پاشایەتیخوازی، پەهلەوی شا، وەك جێنشینی کوروش، وەك فەرمانڕەوایەکی خێرخواز و باوکی گەلی ئێران و زامنی شکۆمەندی و گەورەییەکەی دەخاتە ڕوو. جگە لەوەش کورش ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە گەڕانەوەی جووەکان بۆ زایۆن. لە پەیمانی کۆن، لە کتێبەکانی ئیشایا و عەزرا و دانیالدا، کوروش وەك پێغەمبەری خودای ئیسرائیل باس کراوە، کە لە ڕێگەیەوە جووەکانی لە دیلێتی بابل ڕزگار کردووە و بەم هۆیەشەوە توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ قودس و سەرلەنوێی پەرستگای دووەم لە قودس بنیاتنبنێـــنەوە. لای ناسیونالیزمی ئێرانی نۆستالژیا بۆ کوروش تێکەڵ دەبێت لەگەڵ نۆستالژیا بۆ سەردەمی دواتری پەهلەوی.
دوا وتە:
وەســتانەوە بە ڕووی پرۆژەی سەڵتەنەتتەڵەبەکان بۆ زیندووکردنەوەی ســیستەمی پاشایەتی، وەســتانەوەیە بە ڕووی بەردەوامبوونی سیستەمێکی سەرمایەداریی کە تێــیدا دەوڵەت ئامرازێك بوو بۆ بەرهەمهێنانەوەی هەژموونی چینایەتی و سەرکوتی کۆمەڵایەتی. سـیستەمی پاشایەتی لە ئێرانی کۆندا هیچکات دەزگایەکی سیمبوڵکی نەبووە بەڵکو هەمیشە دەزگا و سیستەمێك بووە بۆ کەڵەکەی ســەرمایە و هەژموونی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆرژوازیەکی سەرکوتگەر و بهێزکردنی هەموو شیوەکانی خەبات و خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی. بانگەشەکەی ڕەزا شـــا بۆ زیندووکردنەوەی سیستەمی پاشایەتی، یانی گرتنەدەستی هەمان ئەو میکانیزمانەی سەرکوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆماری ئیسلامییە.
قەیرانی کۆماری ئیسلامی، قەیرانی "خراپ بەڕێوەبردن" نیـــــیە؛ بەڵکو قەیرانێکی پێکهاتەیی دەوڵەتێکی فاشیستە کە لەسەر بناغەی ناوەندگەرایی و قۆرخکاری و سەرکوت بنیات نراوە. پرۆژەی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە دەدات بە گۆڕینی ڕوخساری حاکم؛ تاج جێگەی عەمامە دەگرێتەوە و ئابووری نەوت و ناوەندگەرایی سیاسی و سەرکوتکردنی چینی کرێکارو حزبەکان و ڕێکخراوەکان و نەتەوە چەوساوەکان دەمێنێتەوە. ئەمە گواستنەوە نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو دەوڵەتە پاوانخوازەیە کە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا چەندین جار دژی کرێکاران، جووتیاران، هێزە سۆشیالیستەکان و بزووتنەوە نەتەوەییەکان مامەڵەی کردووە.
گوتاری پاشایەتی لەم ئاسۆیە دەخوات. هێستریا بەرامبەر بە چەپ و گرووپە نەتەوەییەکان بە تایبەتی کورد، نکۆڵیکردن لە گوتاری ئازادی، دێموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دوژمنایەتی ئاشکرا بەرامبەر بە پێکهاتە سەربەخۆکان، هەموو ئەمانە نیشان دەدەن کە ئەم پڕۆژەیە هەڵگری ڕزگاری کۆمەڵایەتی نییە. ناوهێــنانی ئۆپۆزیسۆن و ڕەخنەگران بە "گەندەڵ"، "خائین"، "بێگانە"، "جوداخــواز" و هتد، تەنیا دەربڕینی توڕەیی سیاسی نیـــین؛ بەڵکو بە شێوەیەکی پێشوەختە میکانیزمەکانی سەرکوتن.
فاشیزم، پێش ئەوەی لە پێکهاتەی دەوڵەتدا بچەسپێنرێت، لە ڕێی زمانی سیاسییەوە خۆی ئاشکرا دەکات. جگە لەوەش پشتبەستنی ئەم بزووتنەوەیە بە زلهێزە دەرەکییەکان، ڕەنگدانەوەی هەمان نەریتی لەمێژینەی سەرمایەداری وابەستەیە لە ئێراندا؛ نەریتێك کە تیایدا کەڵەکەبوونی سەرمایە و ئاسایش و تەنانەت ئەگەری گەشەسەندن پشت نابەستێت بە هاوسەنگی هێزە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو لە چوارچێوەی تێکەڵبوونی نایەکسان لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا کار دەکات. زۆر گرنگە لە تێگەیشتن لە سروشتی ئەم بزووتنەوەیەدا ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم پشتبەستنە تەنیا لە ئاستی پشتیوانی سیاسی و میدیایی نامێنێتەوە، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ داواکاری ئاشکرای دەستێوەردانی سەربازی؛ درێژکراوەیەك کە نیشان دەدات چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان نەك لە ڕێگەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی دەرەکی هاوسەنگی هێزەوە خەیاڵ دەکرێت. ئەزموونی مێژوویی دەریخستووە کە هەر پرۆژەیەك کە بەبێ پشتبەستنی ڕاستەقینە بە چینەکانی خوارەوە و بەبێ گۆڕانکاری لە پێکهاتەی خاوەندارێتی و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسیدا، بە ناچاری دەبێتە هۆی بەرهەمهێــنانەوەی سەرکوت و ژێردەستەیی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
خەڵکی ئازادیخوازیی ئێران و کوردســتان بە تایبەتی لە شۆڕشی ژیــنادا بەرامبەر بە ڕەزا شـــا و رژێم، ئەم شیعارەیان بە دەنگی بەرز دەووتەوە:
نە سلطنت نە رهبری، آزادی و برابری.
ئێمەش هەر ئەو شیعارە دەڵێـــینەوە.
سەرچاوەکان:
1. الشاه.. وأنا: المذكرات السرية لوزير البلاط الايرانى "أسد علم": الأسرار الكاملة لأيام الشاه الأخيرة قبل الثورة الاسلامية بايران.
2. https://www.nytimes.com/.../bankers-say-shahs-fortune-is...