کۆمەڵگەی کوردی لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەش کراوە و لێکترازاوە. ئەم لێکترازانە تەنها جیاوازیی بیر و بۆچوون نییە، بەڵکوو لە زۆر شوێنەوە گەیشتووەتە ئاستێک کە کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییدا بە ئاشکرا دەبینرێت. دەرئەنجامی ئەم بارودۆخەش بۆ تاکی کورد، زۆرجار بریتییە لە نائومێدی، بێباوەڕی و پرسیارکردن لە داهاتووی خۆی و نەتەوەکەی.
بوونی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی، بۆ خۆی شتێکی نەرێنی نییە، بە پێچەوانەوە، جیاوازیی بیر و هزر و بوونی ئاراستە سیاسییە جیاوازەکان دەتوانێت نیشانەی زیندوویی کۆمەڵگەیەک بێت. کۆمەڵگەیەکی زیندوو پێویستی بە فرەدەنگی و گفتوگۆ و هەبوونی ڕوانگەی جیاواز هەیە. بەڵام کێشە لەوێوە دەست پێ دەکات کە جیاوازیی سیاسی لە سنووری جیاوازیی بیر و ڕوانگە تێدەپەڕێت و دەگۆڕدرێت بۆ دوژمنایەتی، و لەو ساتەدا ئەوەی دەبێت ببێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵگە، دەبێتە هۆی لێکترازاندن و شپرزەیی .
حیزبە سیاسییەکان، هەر کامیان لە ژێر کاریگەریی مێژوو، بیر و هزر، بارودۆخی ناوخۆیی و دەرەکی و تێگەیشتنی تایبەتی خۆیان لە چارەنووسی نەتەوەیی کورد دروست بوون. هەر کامیان ئاراستە و ئامانجی جیاوازیان هەیە، ئەم جیاوازییانە، ئەگەر لە چوارچێوەی گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکاندا بمێنێتەوە، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی هێز و بیرۆکەی نوێ. بەڵام کاتێک حیزب خۆی بە نەتەوە و نەتەوە بە حیزبەکەی دەزانێت، ئەوا سنووری نێوان بەرژەوەندیی حیزبی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی تێکدەچێت و حیزب دەبێتە نیشتمان.
لەو ساتەدا، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە «کام حیزب و لایەن ڕاست دەکات؟»، بەڵکوو پرسیاری گەورەتر ئەوەیە کە بەرژەوەندیی هاوبەشی نەتەوەیی لە کوێی ئەم ملمڵانێیەدا دەوەستێت؟
کاتێک جیاوازیی سیاسی دەگاتە ئاستی ئەوەی کە لایەنێک لایەنی دیکە بە دوژمن ببینێت، ئەوا بە هێواشی خودی دوژمنی سەرەکی لەبیر دەچێت. هەر لەوێشەوە کۆمەڵگە دەچێتە ناو بازنەیەکی داخراو، بازنەیەک کە تێیدا هەموو هەوڵێک بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان بە گومان سەیر دەکرێت، و هەموو دەنگێکی ناتەبا ونایەکسان وەک دەنگێکی دژ بە لایەنێک لێکدەدرێتەوە.
لەو بارودۆخەدا، تەنانەت چالاکییە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییش کە بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژی و دروستکردنی پردێک لەنێوان لایەنە جیاوازەکان ئەنجام دەدرێن، هەندێک جار بە پێچەوانەوە لێک دەدرێنەوە. هەوڵی نزیککردنەوە دەکرێتە «پلان»، گفتوگۆ دەکرێتە «پشتگیری»، و هەوڵی یەکخستن دەکرێتە هەڕەشە بۆ بەرژەوەندیی لایەنێک.
مەخابن ژمارەی ئەوانەی کە بانگەشەی ئاشتی دەکەن، کەمترن وبگرە رەزاتاڵن، ئەوانەش کە قەسیدەی بە دێو ناساندنی لایەنیتر بە گوێ خەڵکدا دەخوێنن و هەر لە ئێستاوە ئاگری شەڕی براکۆژی و خۆکوژی خۆش دەکەن، و نێوی ئیلیتیان لە خۆ ناوە ،زۆرتر دەستخۆشییان لێ دەکرێت. داخی گرانم، ئەمەش خۆی لە خۆیدا کێشەیەکی قووڵی کۆمەڵایەتیی دەخولقێنێت، چونکە کۆمەڵگەیەک کە نەتوانێت لەگەڵ جیاوازییەکانی خۆیدا بژیت، ئەی چۆن دەتوانێت لە داهاتوودا پرۆژەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی بونیات بنێت؟
لە لایەکی دیکەوە، زۆرجار حیزبەکان خۆیان بەشێکن لە دروستکردنی گرژییەکان، بەڵام هەمان ئەو حیزبانە هەوڵی چارەسەرکردنی گرژییەکانیش بە شێوەیەکی خۆبەخۆ دەدەن، تەبایی و ئاشتبوونەوە جارێک دەبێتە پرۆژەیەکی حیزبی، جارێک دەبێتە پڕۆپاگەندەی سیاسی، و زۆرجار خەڵک تەنها وەک تماشاکەرێک لە دەرەوەی ئەو پرۆسەیەک دەمێنێتەوە.
بەڵام ئاشتبوونەوەی ڕاستەقینە ناتوانێت تەنها لە نێوان حیزبەکاندا ڕووبدات. چونکە کێشەکە تەنها کێشەی حیزب نییە، جیاوازییەکان کێشەکە داچۆراوەتە نێو هزری خەڵک و کێشەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی خولقاندووە. بۆیە خەڵک دەبێت لە پرۆسەی گفتوگۆ، دیاریکردنی بڕیار و دروستکردنی متمانەدا بەشدار بێت. هیچ ئاشتبوونەوەیەکی بەهێز ناتوانێت تەنها لەسەر مێزی حیزبەکاندا دروست بێت، ئەگەر کۆمەڵگە خۆی خاوەنی ئەو پرۆسەیە نەبێت. ئەمەش دەمانگەیەنێتە خاڵێکی گرنگ، کۆمەڵگە نابێت ببێتە کۆی حیزبەکان، حیزبەکان دەبێت ببنە بەشێک لە کۆمەڵگە.
لە ئێستای کوردستاندا، یەکێک لە گەورەترین کێشەکان نەبوونی ستراتیژییەکی نەتەوەیی هاوبەشە. مەبەست لە ستراتیژیی نەتەوەیی ئەوە نییە کە هەمووان هەمان بیر و هەمان بۆچوونیان هەبێت. بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو جیاوازییەکاندا، خاڵە هاوبەشەکان بناسرێنەوە و لەسەر بنەمای ئەوانەوە ڕێگایەکی هاوبەش بۆ داهاتوو دیاری بکرێت.
نەتەوەیەک دەتوانێت چەندین حیزب، چەندین ڕێکخراو، چەندین ڕوانگە و چەندین ئاراستەی سیاسی جیاوازی هەبێت، بەڵام ئەگەر هەموو ئەوانە لە بنەڕەتدا هیچ خاڵێکی هاوبەشی نەتەوەییان تیادا نەبێت، فرەدەنگی دەگۆڕدرێت بۆ پەرشوبڵاوی و جیاوازی دەگۆڕدرێت بۆ لێکترازان. کوردستان پێویستی بە «یەک دەنگ» نییە، پێویستی بە یەک ’‘مەبەست‘' هەیە. یەک دەنگ واتە هەمووان هەمان شت بڵێن، بەڵام یەک مەبەست واتە هەرچەند دەنگەکان جیاوازن، بەڵام لە کۆتاییدا لەسەر بنەمایەکی هاوبەش بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی کۆدەبنەوە، کە ئەمە جیاوازییەکی زۆر گرنگە.
ئەگەر جیاوازییەکان بتوانن لە چوارچێوەی گفتوگۆدا بمێننەوە، ئەوا هێزن، بەڵام ئەگەر جیاوازییەکان ببنە دیوار، ئەوا لێکترازان دەبێت. ئەگەر حیزبەکان خۆیان بەشێک لە نەتەوە بزانن، نەک نەتەوە بەشێک لە حیزب، ئەوا ڕێگایەک بۆ متمانە دەکرێتەوە. بەڵام ئەگەر بەرژەوەندیی حیزبی لە سەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی دابنرێت، هەر تەبایییەکیش کاتی و ڕووکەش دەبێت.
ئەم بارودۆخە بە تایبەتی بۆ نەوەی نوێ نائومێدکەرە. نەوەیەک کە دەیەوێت بزانێت ئایندەی نەتەوەکەی لە کوێی ئەم هەموو ناکۆکی و ملمڵانێیەدایە، بەڵام لەبری وەڵامی ڕوون، زۆرجار تەنها جەنگی دەنگەکان و دابەشبوونی کۆمەڵگە دەبینێت. ئەگەر نەوەی نوێ باوەڕی بە داهاتووی هاوبەش نەبێت، ئەوا کێشەکە تەنها سیاسی نییە، کێشەکە دەبێتە کێشەی هیوای نەتەوەیی.
بۆیە ئەمڕۆ پێویستە لە خۆمان بپرسین:
ئایا ئێمە حیزبەکانمان بۆ نەتەوە دروست کردووە، یان نەتەوەکەمانمان بۆ حیزبەکان دابەش کردووە؟
ئایا جیاوازییەکانمان دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی بیرکردنەوەی نەتەوەیی، یان دەبێتە هۆی لەبیرکردنی ئەو خاڵانەی کە هەموومان پێکەوە کۆدەکاتەوە؟
کێشەی سەرەکی لە بوونی جیاوازییەکاندا نییە، کێشەکە لەوەدایە کە ئاراستەی هاوبەشمان لە ناو جیاوازییەکاندا وون بووە، و کاتێک ئاراستە ون دەبێت، هەر لایەنێک ڕێگای خۆی بە ڕێگای نەتەوە دەزانێت.
لەوانەیە ئەوەی کوردستان ئەمڕۆ زیاتر لە هەر شتێک پێویستی پێیەتی، نە زیادکردنی دەنگەکان بێت و نە کەمکردنەوەی جیاوازییەکان، بەڵکوو دروستکردنی شوێنێک بێت کە هەموو ئەو دەنگە جیاوازانە بتوانن لەگەڵ یەکتر قسە بکەن، بێ ئەوەی یەکتر بە دوژمن ببینن. بەداخەوە لە دیازپۆرا خودی ’‘حیزب حیزبێنە‘' هۆکارێکی سەرەکییە کە کورد نەتوانێ وەک نەتەوە خۆی پێناسە بکات، واتا ئامانجی هاوبەش کە ’‘مەبەستە‘' کراوەتە قوربانی جیاوازییەکان.
چونکە نەتەوەیەک بە هەموو ئەوەی جیاوازییەکانی هەیە بەهێزە، بەڵام تەنها ئەوکاتە دەتوانێت لەو جیاوازیی هێز دروست بکات کە ئامانجی هاوبەشی لەبیر نەکات. هەربۆیە:
ئاراستەکان دەکرێت جیاواز بن،
دەنگەکان دەکرێت جیاواز بن،
ڕوانگەکان دەکرێت جیاواز بن،
بەڵام نیشانەکە نابێت وون بێت.
چونکە ئەگەر ئاراستە وون بێت، جیاوازییەکانمان ڕێگامان پێ نیشان نادەن، بەڵکوو لە یەکترمان دوور دەخەنەوە. جگەر خۆێن ووتەنی، ئەگەر هون نەبن یەک، هونێ بچن یەک بە یەک.