خۆپیشاندانەکانی عێراق‌و دو دیدگای جیاواز

هاوژین عومەر
  2019-12-06   
ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت لەخۆپیشاندان‌و ناڕەزایی جەماوەریی بەرفراوان، زۆر بە سانایی؛ لە دوو دیدیگای جیاوازەوە خوێندنەوە و لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، ھەر وەھاش نەخشەڕێگای چارەسەری بۆ دەخرێتە روو، ئەو دوو دیدگایەش تەواو لەیەک جیاوازن، کۆمەڵگەی عێراقییان بە سەردا دابەش بووە، ھەریەکیشیان پشتیوان و ھاوسۆزیی دەرەکیشی ھەیە، بۆ کوردیش پێویستە کە یەک لە ھەردووکیان تەبەننی بکات.

خوێندنەوەی یەکەم، لە گۆشەنیگای لایەن و ھێزە باڵادەست و پێکھێنەرەکانی رژێم و دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەوە، سەرچاوەی گرتووە، لەم خوێندنەوەیەدا ئەگەرچی دان بەوەدا نراوە کە عێراق گرفتی سیاسی و خزمەتگوزاریی و ئابووریی ھەیە، بەڵام ڕووداو و خۆپیشاندانەکان بە ئەقڵیەتی (نڤریه‌ المۆامره‌) لێک دەدەنەوە، پێیان وایە دەستی دەرەکیی ڕۆڵی گەورەی لە ئاڕاستەکردن و توندکردنەوەی خۆپیشاندانەکان ھەیە، پارە و میدیا و پشتیوانیی ماددیی و مەعنەویی ھێزگەلێکی ناوخۆیی وەکو بەعسییەکان و دەرەکیی وەکو ھەندێک دەوڵەتی کەنداو، ئەمە جگە لە ئەمریکا و چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی، لەپشت بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانەوە وەستاون.

ھەڵگرانی ئەم گۆشەنیگایە، باوەڕیان بە گۆڕانکاریی گەورە و ڕیشەیی نییە لە جۆری سیستم و بەدەمەوەچوونی داواکانی خۆپیشاندەران و بنەبڕکردنی گەندەڵی و کۆتاییھێنان بە وەلائاتی دەرەکی و مەزھەبی، بەڵکو بۆ پارێزگاریی لە سیستمی ئێستا و بەرگرتن لە خۆپیشاندانەکان، ھێزە ئەمنییەکانیان وێنایەکی ناشیرینیان لە بەکارھێنانی ھێزی زیادلەپێویست پیشانی جیھان دا.. ئەو گرووپە زۆر بە ئەستەم بڕیاری چاکسازیی و گۆڕانکاریی دەدەن، کاتێکیش بڕیار دەدەن، بڕیارەکەیان درەنگوەخت دەبێت و متمانەی خۆپیشاندەرانیش بەدەست ناھێنێت. ھەموو ئەوانەشی ھەڵگر و خاوەنی ئەم دیدگایەن بۆ دۆخی ناھەمواری ئێستای عێراق، تەنھا بە خۆیانەوە ناوەستن، بەڵکو ھەوڵیان بۆ ئەوەیە لایەن و ھێزەکانی دیکەی عێراقیش ناچار بەو نەخشەڕێگایانەی خۆیان بۆ چارەسەر بکەن.

خوێندنەوە و دیدگای دووەمیش؛ ھی ئەو لایەن و توێژ و کەسایەتییانەیە، کە زۆربەیان لە دەرەوەی لایەنە پێکھێنەرەکانی دەسەڵاتی ئێستای عێراقن. ئەمان جگە لەوەی پێیان وایە کە عێراق قەیرانی قووڵی سیاسی و ئابووریی و خزمەتگوزاریی و ئاوەدانیی ھەیە، ھاوکات پێشیان وایە ھەموو گرەوکردنێک لەسەر کات بۆ کۆتاییھاتن بە خۆپیشاندانەکان و ئەنجامنەدانی گۆڕانکاریی، تەنھا خۆھەڵخەڵەتاندنە و ئیدی عێراق ناگەڕێتەوە پێش خۆپیشاندانەکان.

ئەوانەی ئەم دیدگایەیان ھەیە، داوای وەرچەرخانێکی گەورە و بڕیاری بوێرانە لە بواری چەسپاندنی پایەکانی دەوڵەتێکی مەدەنی و دادگاییکردنی گەندەڵکاران و ھەڵبژاردنی بێگەرد و ئازادانە و ئاوەدانی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و خزمەتگوزاریی و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت و ھتد، دەکەن. ئەمان ھاوسۆزیی و پشتیوانیی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوخبەی وڵات و سەندیکاکان و زۆرینەی خەڵک و بەشێک لە ھێزە سیاسی و ھەروەھا ھەندێک لایەنی دەرەکیشیان ھەیە. ئەگەرچی بەشێک لە خۆپیشاندانەکان پشێوییان تێدا ھەیە و بەشێک لە داواکارییەکانیش زەمینەی جێبەجێکردنیان ئەستەمە و مەرجیش نییە ھەموو دەستتێوەردانە دەرەکییە راستەوخۆ و ناراستەوخۆکان لە بەرژەوەندیی راستەقینەی خۆپیشاندەران و خەڵکی عێراق بن، بەڵام ھەموو ئەمانە لە رەوایەتیی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان و حەتمییەتی گۆڕانکاریی کەم ناکەنەوە.

ئەوەی لەم نێوەندەدا جێگەی لەسەروەستانە، ناڕوونیی ھەڵوێستی فەرمیی حکومەت و دامودەزگا پەیوەندییدارەکانی ھەرێم و زۆرینەی نوێنەرانی کورد لە بەغدایە، بە تایبەتیش پەرلەمانتاران، سەبارەت بە پشتیوانیی سیاسی و ئەخلاقیی خۆپیشاندەران و داواکانیان، بە تایبەتتریش دوای دەستلەکارکێشانەوەی دکتۆر عادل عەبدولمەھدی و کابینەکەی، ئەمە لە کاتێکدا ھاوسۆزیی و پشتیوانیی ئاشکرا و بیستراوی ئەوان، بە تایبەت لە دوای شکستی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی و دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراو، گرنگی و کەڵکی سیاسیشی دەبێت. ئەمساڵی ٢٠١٩ حکومەتی ھەرێم بەشەنەوتی دیارییکراوی رادەست نەکرد، پێشتریش دەسەڵاتدارانی ھەرێم بە فەرمی پشتیوانیی حکومەتەکەی دکتۆر عادلیان کرد لە بەرانبەر خۆپیشاندانەکان، ئێستاش ھیچ ھاوسۆزیی و پشتیوانییەک بۆ داوا رەواکانی خۆپیشاندەران رانەگەیەنن و بەشداریی ھەندێک لە ھەوڵەکانی گۆڕانکاریی و چاکسازیی نەبن، ئیدی ھەموو ئەمانە وێنایەکی لێڵتر و بەدحاڵیبوونی گەورەتر بەرانبەر داواکانی ھەرێم لە ناوەند دروست دەکەن، بە تایبەتیش کە رۆژ لە دوای رۆژ کاریگەریی خۆپیشاندەرەکان لەسەر شێوەی عێراقی دوای خۆپیشاندانەکان و پێکھێنانی حکومەتی نوێ روونتر دەبینرێت.

بەغدا
٢٠١٩/١٢/٤
زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×