دۆخی کەوتن، بە مانایەکی فەلسەفیی و ئۆنتۆلۆژیی، ئەوەیە کە کۆمەلگایەک لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە نەوەکو تەنها لە پڕۆژە ستراتیژیی و خەونەکانی لە گەشە و هەڵکشان، بەڵکو تەنانەت ناتوانێت لە هەلومەرجی خراپی خۆیدا خۆی ڕابگرێت وبوەستێت لە داگەڕانی زیاتر. داگەڕانێک کە نازانێت و ناتوانێت پێشبینی و وێنای ئەوە بکات بەرەو چ خەرەندێکی قووڵ و بەرەو چ تاریکایی و داخراوییەکی ترسناکی دەبات، داگەڕانێکی خێرا و بەردەوام.
سەرەولێژبوونەوەیەکی ترسناک
جڤاتێک لە سەرەولێژبوونەوەیەکی بەردەوامدایە و بەردەوام پارچە پارچە دەبێت بە ئەندازەیەک هیچ هێزێک ناتوانێت جارێکی دیکە ڕۆحی هاوبەشیی و هاوپشتیی تێدا زیندوو بکاتەوە، هیچ پڕۆژەیەکی سیاسیی و فیکریی ناتوانێت هەستی پێکەوەبوون و پێکەوەگرێدراویی بە تاکە تاکەی ئەندامان و بە ڕۆحی جڤات ببەخشێتەوە. بە کورتیی هیچ پەڕجوویەک ناتوانێت ئەم پارچەپارچە بوون و ووردوخاشبوونە کۆبکاتەوە و پێکەوەی ببەستێتەوە.
دەسەڵاتدارێتییەکی بە تەواوی ستەمکار
دەسەڵاتدارێتییەکی بێشوناس لە ناونان "تسمیە" دا بەرمەبنای پۆڵێن و میتۆدە سیاسییەکان. دەسەڵاتدارێتییەک بە تەواوی "completely" ستەمکار، گەندەڵ و داگیرکەر بۆ کۆی سامان و بونیادی ئابووریی، داگیرکەر بۆ کۆی دەزگا و جومگەکانی حوکمڕانێتیی و دەسەڵاتدارێتیی، دەسەڵاتدارێتییەک بە خواست و میزاجی نەخۆشخانەی ئەندامانی دوو بنەماڵەی پێکهاتوو لە کۆمەڵێک ئەندامی خۆبەشتزانی بچووک بچووکی دەسەڵاتخواز و پڕ لە گرێی سایکۆلۆژیی و پڕ لە غروری بۆش.
دەسەڵاتدارێتییەک بونیادنراو لەسەر تیۆریای لێدان لە ئینسانی کورد، لێدان لە جڤاتی کوردیی، لێدان لە هەر ڕەنگ و ڕوخسارێکی شارستانیی و مەدەنیی.
دەسەڵاتدارێتییەک و دەسەڵاتدارانێک چێژ لە لاوازیی و کەوتویی کۆمەڵگا و تاکەکانی دەبینن و لێرەوە هەست بە دەسەڵاتی خۆیان دەکەن. ئەم دەسەڵاتدارانە سایکۆلۆژیا نەخۆشانە، چەند کۆمەڵگای کوردیی لە دۆخی وێرانەیی و ئینسانی کورد لە دۆخی کەوتووییدا ببینن هێندە ئەو هەەستەیان هەیە بەرامبەر بە خۆیان کە گوایا ئەوان فریادڕەسن. چەند خەڵک لاواز بێت ئەوان پتر هەست بە دەسەڵات و هێزی خۆیان دەکەن.
پاتاڵیی مێدیا و قەرەقۆزەکانی نووسین
ئەو مێدیاکارانەی لە هەر شکۆ و ئیرادەیەکی ئینسانی کەوتوون بە تەواوی بوونەتە پاتاڵی مێدیایی لەگەڵ ئەو نووسەرانەی! تەنها میکیاژی ئەو بوونەوەرە دزێوەی ناوی دەسەڵاتدارە دەکەن و کەناڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پڕ کردووە لە نووسین! کە بۆ هەموو تاڵانکاریی و ستەمکارییەکیان دەیان پاساوی نالۆژیکیی و نزمترین ئاستی گوزارش و فیکر بڵاودەکەنەوە، جگە لەوەی کە لە پڕۆسێسی فووتێکردنی ئیگۆی دوو خێڵە سیاسییەکە، ئەندامان و منداڵەکانیان بکەری سەرەکیی و هاوکات تاوانباری ڕاستەقینەن، چیدیکە نین و چیدیکە ناکەن.
ئیگۆی فووتێکراوی دەسەڵاتدارانی پووچ و منداڵە نزم و پووچەکانیان، یەکەم فیگەر کە بە بچووک و نزم دەیبینێت، خودی مێدیاکارانی کەناڵە نەوتاوییە پارەدارە خەیاڵییەکان و نووسەرە هەزیلەکانیانن.
پۆپۆلیزمی ئۆپۆزیسیۆنی! سیاسیی کۆمەڵگای ئێمە – پاسیفیزم و ئۆپۆرتۆنیستێکی ترسنۆک
ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ڕێک و ڕەوان بە تەواوی دیوەکەی تری دەسەڵاتدارێتییە. لە هەر ئاکار و شێوازێکی مامەڵەیاندا لە تەک کۆمەڵگای ئێمەدا، هەمان دیوەکەی تری دەسەڵاتدارێتیی بەرجەستە دەکەن. غرورێکی پووچ لە ناخی هەر یەکێکیاندا و ئیگۆیەکی هەڵئاوساو، کە ڕێگەی گرتووە لە ئەندامانی سەرەوەی ئەو هێزانە و کەسانی سەرەوەی ئەو لایەنانە کە ڕاستەوخۆ بێنە نێو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، لە خولەکی یەکەم و سەرەتاوە تا خولەکی کۆتایی لە خۆپیشاندانەکاندا ئامادە بن و چالاک بن و بەشێکی زیندوو، ڕاستەوخۆ و ڕاستەقینەی ناڕەزایەتییە فراوانەکانی کۆمەڵگای ئێمە بن. تەنها ئەوەندە نا، بەڵکو ئەگەر دیوی پێچەوانەی دەسەڵات نەبووبان، دەبایە، خۆیان ڕێکخەری خۆپیشاندان بوونایە، خۆیان دروستکەری توڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیی بووبان. دەبایە لە وێرانکردنی کۆمەڵگای ئێمەدا و نابوودبوونی ژیانی تاکە تاکەی ئینسانەکاندا، پاسیفیزمێکی ڕووت و هەڵوێستی ترسنۆکانەیان هەڵنەبژاردایە.
ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی کۆمەڵگای ئێمە، نمایشکار، ساختە و شوێنکەوتووی ڕووداو
ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە
ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە، ئەو هێزەیە کە پڕۆژەیەکی ڕاستەقینە و ڕادیکاڵی هەیە بۆ گۆڕانکاریی و ئەکتێکی ڕاستەقینەی بەرەنگاربوونەوە و کۆمەڵایەتیی فراوانی هەیە بۆ جێگا پێ لێژکردنی دەسەڵاتدارێتیی و لەرزاندنی دەسەڵاتداران. ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی ڕاستەقینە، بوێریی و جورئەتیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بە کۆمەڵگا گروپە کۆمەڵایەتییەکان دەبەخشێت و بیرکردنەوەی قووڵی ڕەخنەیی و ڕیشەدار لە کۆی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتداران و وە ژێر پرسیارخستنی حیکایەت و دۆکترینەکانی دەسەڵاتدارێتییدا، پێشەنگایەتی کۆمەڵگا دەکات. ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگا دێنێتە سەرەوە و دەبێتە داگیرسێنەر و بزوێنەری ڕۆحی شۆڕشگێڕیی و تیشکخستنە سەر تەواوی مافە هەمە لایەنەکانی تاک بە تاکی ئیسانەکان و کۆمەڵگا بە گشتی.
ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، جگە لەوەی هیچ یەک لەوانەی سەرەوەی تێدا نییە و ناتوانێت هەیبێت، هەروەها بەردەوام لە پەڕاوێزی ڕووداوەکاندا، خۆی پیشانی خەڵک دەدات، واتا ئۆپۆزیسیۆنی ساختە خۆی پیشانی دەسەڵات نادات، بەڵکو خۆی پیشانی خەڵک دەدات بە ئامانجی ڕاکێشانی هەست و لایەنگیریی ئەوان. ئۆپۆزیسیۆنی ساختە ناتوانێت دیدگای ڕوونی هەبێت و خاوەندارێتیی لێبکات و پلانی کرداریی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی. هەروەها هێندەی خەرێکی نمایشە بۆ چەواشەکردن و خەڵەتاندنی کۆمەڵگا و جەماوەر، هێندە خەریکی کاری ڕاستەقینە و کرداریی نییە بۆ پاشەکشەپێکردنی دەسەڵات.
ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، ئۆپۆرتیونیستە، واتا دەخوازێت هەلێک بێتە پێشەوە کە کۆمەڵگا یان ئەوانیدی هێناویانەتە کایەوە، و ئەو خۆی بکاتە خاوەنی و کەلکئاوەژوو لە توانا و هێزی خەڵک وەربگرێت.
هەر ئێستا، کۆمەڵگای ئێمە لە دۆخی سەرەولێژبوونەوەیەکی ترسناکدایە، ئەگەر ئێستا و لەم دۆخە قورسەدا ئۆپۆزیسیۆن، بەرپرسیار و خاوەندار لە کۆمەڵگا، نەیاتە مەیدان، کەی دێت؟!
ئەگەر لە پەڕاوێزی ڕووداوەکان و خۆپیشاندانەکانی خەڵکدا قسەیەکی ترسنۆکانەی کردووە و بەلاغ و بەیاننامەی بێ هیچ ناوەڕۆکێک دەرکردووە، ئۆپۆزیسیۆنی کۆمەڵگای ئێمە جگە لە ئۆپۆرتیونیستێکی ترسنۆک چدیکەیە؟!
ئەگەر نابوودبوونی ئابووریی خەڵک و وەستانی تەواوی کایەکان بۆ ئۆپۆزیسیۆن بابەت و گرنگ نەبێت، بەڕاست چی شتێک بۆ ئەو بابەت و گرنگە؟!
ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە ئیمتیاز، پاسیڤ، ئۆپۆرتیونیستێکی ترسنۆک، لاواز و بێ ئیرادەیە. واتا ئۆپۆزیسیۆن لە کۆمەڵگای ئێمەدا دیوەکەی تری دەسەڵاتدارێتییە، بە هەمان بونیاد و گوتار و سایکۆلۆژیاوە.
جڤاتێک لاوازکراو و نووزەلێبڕاو
کۆمەڵگای ئازاد و زیندوو
ڕووبەرە گشتییەکان لە هەر جڤاتێکی ئازاد و زیندوودا، ڕووبەری پڕ ووزە و پڕ ئەگەری جیاوازن بۆ چالاکیی کۆمەڵایەتیی هەمەجۆر. لە دۆخی نارەزایەتیی سیاسیی کۆمەڵایەتییدا، ڕووبەرە گشتییەکان، دەبنە ئەو ڕووبەرانەی ووزەی ناوەکیی کۆمەڵگایان تێدا چڕ دەبنەوە و وەکو ئەکتی ڕاستەقینەی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران چالاک دەبن. کۆمەڵگای ئازاد و زیندوو، لە هەر پنتێکی کۆمەڵایەتیی خۆیدا بەشێک لە ئیرادە و هێزی تێدایە و هەردەم دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران لێی ترساون و هەرگیزیش نەتوانراوە ڕام و کۆنترۆڵبکرێت. کۆمەڵگای ئازاد و زیندوو، لە دۆخی داگەڕاندا توانای خۆگرتنەوە و خۆ هەڵساندنەوەی هەیە. لە دۆخی داگیرکارییەکانی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداراندا، توانا و ووزەی بەرگری لە خۆ کردن و پارێزگاری لە خۆ کردنی تێدایە.
لە کۆمەڵگای ئازاد و زیندوودا، هاوپشتیی و هاوبەشیی کۆمەڵایەتیی لە پرسە گشتیی جڤاتییەکاندا لە فەزای گشتییدا، لە ئەوج و ئەوپەڕی خۆیدایە. لە وەها کۆمەڵگایەکدا، تاکە کەسەکان چەندە ئازاد و سەربەخۆن و ژیانی تایبەتیی و کەسیی خۆیان دەژین، هێندەش هەستی پێکەوەگرێدراویی و هاوچارەنووسیی لە تەک ئەوانیدیکەدا و هێندە هەست وبیری هاوجڤاتیی تێیاندا بەهێزە.
کۆمەڵگای نائازاد و دەستبەسەرداگیراو
کۆمەڵگای بەحزبییکراو
لە دوای ڕاپەرینەوە، کۆمەڵگای ئێمە لە ژێر خواستێکی فاشیستیانەی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کۆمەڵگای ئێمەدا بۆ داگیرکردن. ئەم دوو هێزە، هەمان خواستی داگیرکردنی کۆمەڵگایان هەبووە کە لەلای هەر هێزێکی دیکتاتۆریی تۆتالیتار هەیە. داگیرکردنی تەواوی دەزگا کارگێڕیی و قەزاییەکان تا بە داگیرکردنی هێزی چەکدار و دەزگا سیاسیی و ڕێکخراوەییەکان دەگات. لە دەستبەسەرداگرتنی ئابووریی و تەواوی سامان و داهات تا دەگات بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کایەکان. بە حزبییکردنی ڕووبەری گشتیی لێکەوتووەتەوە. واتا بە حزبییکردنی کۆمەڵگا و تەواوی دەزگاکانی.
لەو سۆنگەیەوەش کە حزب لەسەر دەستی دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەوە، بەتاڵکراوەتەوە لە هەر ووزەیەکی ڕەخنەیی و توانا و هێزێکی خۆ دروستکەر. حزب خراوەتە ژێر خواست، میزاج، بڕیار و بەرژەوەندییەکانی بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە. واتا حزب و ئەندامانی حزب لە ئەندامێکی سادەوە تا دەگات بە ئەندامانی سەرکردایەتیی، مەکتەبی سیاسیی و سەرکردە سەربازییەکان، کراونەتە بوونەوەری لاواز و بێئیرادە و کراونەتە بوونەوەری بێ فیکر و بێ کاراکتەر. لێرەوە و لەم پڕۆسێسەدا، دەرئەنجام حزب بووەتە بۆدییەکی بۆش و بەتاڵ، بەتاڵ لە فیکر و ستراتیژ، بەتاڵ لە هێز و ئیرادە، بەتاڵ لە توانای خۆ بونیادنان و خۆ بەرهەمهێنان، خاڵی لە شوناس و کاراکتەر.
ئەوەی کە ئێستا کۆمەڵگای ئێمە تێیدا دەژی، بەرهەمی ئەو پڕۆسێسی بە حزبییکردنەیە. کۆمەڵگایەک، تەواوی کایە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی لەسەر لێواری وەستانی تەواوەتین و بێدەنگە. تەواوی کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتی دەکرێنە کەرتی تایبەتی بەڵام بێدەنگ و بێباکە. کۆمەڵگایەک بینەری پارچەپارچەبووبی خۆیەتی و ناتوانێت جووڵەیەک بکات و قسەیەک بکات. تەواوی خاک و ئاوی داگیردەکرێت و تاڵان دەکرێت بۆ هەتایە و وێران دەکرێت لەلایەن دووحزبخێڵی چاوچنۆکەوە، بەڵام بێهەڵوێستە. تەنانەت جووڵەی بازرگانیی وەستاوە و مووچە بە دوو مانگ نادرێت و هێشتا ناتوانێت خۆپیشاندانێکی کاریگەر و ناڕەزایەتییەکی گەورە و فراوان بەڕێبخا.
ئیدی لە دوا دەرئەنجامدا، کۆمەڵگای بە حزبییکراو، دەبێتە کۆمەڵگایەکی خاڵیکراوە لە ووزەی ڕەخنەیی و لە توانای خۆ بەرهەمهێنان و خۆ دروستکردن. خاڵی لە هێزی پێکەوە گرێدراوی ئەندامانی. خاڵی لە هێزی هاوبەشی و هاوپشتیی لە نێوان ئەندامانی. خاڵی لە هێزی هاوچارەنووسیی و هاوجڤاتیی تاکەکانی. خاڵی لە هێزی بەرگریکردن و پارێزگاریکردن لە خۆی. کۆمەڵگای بەحزبییکراو دواجار دەبێتە کۆمەڵگایەکی زەلیل کراو، لاواز و بێئیرادە. دەکرێتە جڤاتێکی نووزەلێبڕاو. کۆمەڵگایەک، هیچ پڕۆژەیەکی نییە و بینەری مردنی هێواشی خۆیەتی.
......................
ئەم وتارە نووسراوە لە پەڕاوێز و لە پەیوەند بە ئەو خۆپیشاندانەی کە بڕیار بوو ئەنجامبدرێت لە ڕۆژەی ٥ شەممە ڕێکەوتی ٢٦-٦-٢٠٢٥ لە کاتژمێر ١٠ ی سەر لە بەیانی لە بەردەمی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژاوا-سلێمانی لە شاری سلێمانی کە لەلایەن دەستە و ئەنجومەنەکانی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکەوە بانگەشەی بۆ کرا، دواتر لە کاتی هێما بۆ کراودا هیزە ئەمنییەکان بە سەرکوتێکی زۆر زاڵکردنی کەشوهەوایەکی سەربازیی و دەستگیرکردنی چەندین کەس و لە ڕۆژی پێشتریش دەستگیرکردنی کۆمەڵێک لە ڕێبەرانی خۆپیشاندەران و دوو ئەندام پەرلەمانی کوردستان و دوو ئەندام پەرلەمانی عێراقی پێشتر.