سەرەتا ئەبێ بەناچاری باسێکی دووانە "پێکەوە لکاو" یەکگرتووەکان بکەم وەک دەرچەیەک بۆ تێگەشتن لە مەغزای بابەتەکە.
دووانە یەکگرتووەکانیان کە زیاتر بە دووانەی سیامی ناسراون، بەو کورپەلانە ئەوترێ کە دووانەن و بە جەستەیەکی لکاوەوە لەدایک ئەبن، جا هەندێ جار سەر، سک یان لە لاتەنیشتەوە پێکەوە لکاون.
ئەم حاڵەتە بایۆلۆژییە کاتێک ڕووئەیات کە یەک هێلکەی پیتێنراو دەست ئەکات بە دابەشبوون بۆ دروستکردنی دووانە هاوشێوەکان، بەڵام پرۆسەی دابەشبوونەکە ئەبڕدرێت و تەواو نابێت. ئەنجامەکەی ئەوەیە کە کۆرپەکان لە هەندێک کاتا لە جەستەیانا بە شێوەیەکی جەستەیی پەیوەستن بە یەکەوە یەنە دنیاوە.
هەندێجار لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە تا ئاستێک بە ئاسانی لەیەک جیائەکرێنەوە، وەک ئەوانەی سک یان لە لاتەنیشتەوە پێکەوە لکاون، هەندیجاریش جیاکردنەوەیان لەیەک کە بۆ دوو جەستەی نالکاو وەک دوو مرۆڤی ئاسایی پێویستی بە نەشتەرگەری زۆر قورس و تا ئاستێکیش مەترسیدارو پڕ ماندوویەتی هەیە، نمونەی ئەوانەی کە سەریان پێکەوە لکاوە ملوولە دەمارەکانی سەریان تێکەڵە، ئەم نەشتەرگەرییە بێ مەترسی نییە پڕە لە ڕیسک بەڵام زۆر پێویستە و ئەبێ بکرێ تا ئەو دوو کۆرپەیە لە گەورەبوونا وەک هەر مرۆڤێکیتر ژیانێکی تایبەت بەخۆیان هەبێ و ببنە خاوەن جەستەی سەربەخۆی خۆیان.
واتا ئەو دووانە پێکەوە لکاوانە دوو رێگایان لەبەردەمایا یان ئەوەتا تا کۆتایی ژیانیان بە دووجەستەی لکاوەوە ژیان بەڕێکەن کە ئەمیان مەحاڵ نییە، نمونەی ئەو دووانانەش کەمنین بەڵام ژیانێکی پڕ ئاستەنگ و نا ئاساییان بەسەربردووە و هەمیشەش خەڵک بەچاوی بەزەییەوە تەماشای کردوون "یەکێک لە ناوخۆشترین هەستەکانی مرۆڤ ئەوەیە کە بەچاوی بەزەییەوە لێت بڕوانرێ".
مەبەستمە بیهێنیتە پێش چاو کە "حکوموتی هەرێم" بەر لە ٣٩ ساڵ بە جەستەیەکی لکاوەوە لەدایک بوو، کە تا ئێستاش بوێری نەشتەرگەری جیاکردنەوەی ئەو جەستە لکاوە نەکراوە کە ئەکرێ ئەمە هۆکاری سەرەکی و دایکی کۆی کۆسپەکانی بەردەم ئەو حکومەتە بووبێ لە یەکەم ڕۆژی بوونیەوە تا ئێستا.
ڕێگای دووەمیشیان ئەوەیە کە بە نەشتەرگەری لێک جیاکرێنەوە، جا ئەمەشیان یان ئەوەتا بە نەشتەرگەرییەکی کەمتر بێ ترس لێک جیائەکرێنەوە، یان بە نەشتەرگەری زۆر قورس و پڕ مەترسی بەتایبەتی ئەوانەی کە سەریان پێکەوە لکاوە، ئەکرێ "پارتی و یەکێتی" بەو دووانانە بچوێنرێ. ئەگەرچی بڕیارێکی زۆر قورسە بۆ دایک و باوکی ئەوە کۆرپانە بەلام سەرەنجام لەبەر بەرژەوەندی ژیانێکی سانا و ئاسایی منالەکانیان تا وەک هەر مرۆڤێکیتر ژیان بەڕێکەن بڕیارە قورسەکە ئەیەن و کۆرپەکان ئەخەنە بەر نەشتەرگەرییەک کە مان و نەمان تیایا گرەنتی نەکراوە.
با لێرەوە بچینە سەر ئەسڵی مەسەلەکە: پارتی و یەکێتیش ئەم جۆرە نەشتەرگەرییەیان پێویستە، ئەگەرچی زۆر تەمەنیان هەڵکشاوە و ٣٥ ساڵە پێکەوە لکاون و نیازی جیابوونەوەیان نییە، بەڵام هەرئەبێ جیاکرێنەوە و گرنگە کۆمەڵگەی کوردی بڕیارە پڕ مەترسییەکە وەرگرێ تا ژیانێکی شایستەتر و سانا و ئاسایی بژی.
لەدایک بوونی حکوموتی هەرێم وەک دووانەیەکی یەکگرتوو و یان پێکەوە لکاو:
ساڵی ١٩٩٢ کاتێ ئەنجامی یەکەمین گەڕی هەڵبژاردنی ئەوکاتەی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەنرا، ئەنجامەکەی ٥١ کورسی بۆ پارتی و ٤٩ بۆ یەکێتی بوو خشتەکە وەک خۆی لە خوارەوە دائەنێم* ، پارتی کورسییەکی خۆی بەخشی بە یەکێتی، سەرەنجام هەردوولا هاوسەنگ و بەرامبەر وەستان و داهێنانە شوومەکەیان بەناوی "پەنجا بە پەنجا" داهێنا کە تا ئەمڕۆش وێرانکەرترین بڕیارێک بووە کە حکومەتی هەرێمی بە دوو سەر و دوو لەشی لکاوەوە هێنایە بوون...
واباوە کە ئەوکاتە نەوشیروان مستەفا بۆچوونێکی جتاوازتری لە مەکتەبی سیاسی و مام جەلال ئەبێ و پێی باشترەبێ کە پ.د.ک بەتەنیا حکوموت پێکبهێنێ و ئەمان ببن بە ئۆپۆزسیۆن، ئەو ئەڵێ ئێمە هیچ لایەکمان پێشتر حکومەتمان بەریوەنەبردووە، با ریگەبەین کە پ.د.ک بە تەنیا حکومەت پێکبهێنی و ئێمەش ئەبین بە ئۆپۆزسیۆن و لەماوەی ئەو چوار ساڵەیا ئەزموون لە بەریوەبردن و هەڵەی حکومداری ئەوان وەرەگرین و لە هەڵبژاردنی داهاتووا بەئەگەری زۆرەوە دەنگ لە پارتی زیاتر ئەهێنین و حکومەتێک دروستەکەین کە هەڵەکانی حکومەتی پێش خۆی دوووبارە نەکاتەوە و بەو شیوەیە حکومڕانی ی.ن.ک سەرکەوتووترەبێ،.
مەخابن پیشنیارەکە قبوڵ ناکرێ و سکرتێر و مەکتەبی سیاسی ئەوکات حکومەتی پەنجا بە پەنجا پەسەن ئەکات، ئەو بڕیارە هەڵەیەی کە تا ئەمڕۆش ئاسەواری بە جەستەی حوکمڕانی هەرێمەوە دیارە، بووە بە مۆرانە و مخۆرکە و ڕێگر لە بوونی دەسەڵاتێکی گشتگیر بەسەر کۆی جوگرافیای هەرێمی کوردستانا.
پارتی و کاراکردنەوەی پەرلەمان:
لە پاش زیاتر لە دوو ساڵ و لە ٤ی سەرماوەری ٢٠٢٦ بۆ یەکەمین جار پ.د.ک بەبێ بەشداری ی.ن.ک پەرلەمانی کاراکردەوە، ئەم کارە لای هەندێک بە مەترسیدار ولا هەندێکیش بە خیانەت و لای بەشێکیش بە هەڵەی ستراتیژی....هتد ناوبراو و لای پارتییەکانیش بە کارێکی پێویست ناوئەبرێ.
لە ڕاستیا ئەگەر لە دوورەوە تەماشاکەیت، لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێم و کۆتای هێنان بە پەنجا بە پەنجا و بوونی دەسەڵاتێکی یەک و یەکگرتوو لە کۆی جوگرافیای هەرێما، ئەوا ئەم کارە یەکەمین هەنگاوە بە ئاراستەی ڕاست لە دوای ٣٥ ساڵ لە حوکمڕانی دووانەیەکی جەستە پێکەوە لکاو، کە بە دوو جەستە و دوو سەری لکاوەوە حکومڕانی هەرێمەکەن کە سێ شاریان کردووە بە دوو بەشی نایەکسان، سنوری جوگرافی ناپەسەند و ناخوازیان بۆ دروست کردووە.
یەکێتی لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بوون:
یەکێتی وەک دووەم گەورەترین حیزبی هەرێمی کوردستان هەمیشە چاوی لەوەیە کە پێش پارتی بکەوێ و ببێ بە حیزبی یەکەم، ئەمەش تەنها لەڕێی ڕکابەری، کاری گونجاو و پێشکەشکردنی خزمەتگوزای شایستە بە هاوڵاتیانەوە ئەبێ. لە کابینەی نۆییا یەکێتی بەشدارە بەڵام هەندێ جار وەک ئۆپۆزسیۆن دەرەکەوێ، بەتایبەتی لە دوای ئەنجامی هەڵبژرادنەکانی دوو ساڵ زیاتر بەر لە ئێستا ڕەخنەکانی یەکێتی زۆر زیاتر بوون لەو حکومەتەی کە خۆیان پێکهاتەی سەرەکین تیایا، ئەمە وێڕای ئەوەی کە ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی بە هەمان شیوەی ناوچەی دەسەڵاتی پارتی بەرەوپێشچوونی بەخۆوە نەدیوە، بۆیە لەبەر ئەم هۆکارانە و چەندینی تریش کە لای خەڵکی ئاشکران، باشترین کارێ کە یەکێتی بیکا ئەوەیە کە ئەو کارە تەواوبکا کە پارتی هەنگاوی یەکەمی نا، ئەویش بە بوون بە ئۆپۆزسیۆن.
ئاشکرایە لای هەمووان تاکە حیزبێک کە بتوانێ ببێ بە ئۆپزسیۆنی ڕاستەقینە و پارتی حسابی بۆبکا تەنها یەکێتییە. لە پێناوی بەرژەوەندی خودی یەکێتی و گەڕانەوە بۆ قەبارەی ساڵی ١٩٩٢ وە پاشان لە پێناوی بەرژەوەندی خەڵک و پاراستنی قەوارەی هەرێم گرنە یەکیتی ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێ و بڕیاری نەشتەرگەرییە گەورەکا بات و ببێتەوە بە خاوەنی جەستەیەکی سەربەخۆی خۆی و هەر لە ئێستاوە کاربکا بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنی داهاتوو.
ئەزموونی حکومڕانی هەرێم:
چەندین ساڵە پارتی و یەکێتی بەهاوبەشی حکومڕانی هەرێمەکەن و بەڕێژەی ٪٥٣ بۆ زۆنی زەرد و ٪٤٧ بۆ زۆنی سەوز، سامان و داهات لە نێوان خۆیان دابەشەکەن، هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە کە یەکێتی دەستبەرداری حکومەت نابێ وێرای ئەوەی لەتەڕ حکومەتە و لە وشکیش ئۆپۆزسیۆن، بەجۆرێک کاتێ کە گۆران بە ٢٤ کورسیەوە داوایان لە یەکێتی کرد تا پێکەوە حکومەت پێکبێنن بەڵام یەکێتی وایان لە پارتی گەیان کە گوایە گۆڕان بەنیازە پارتی ئاوت بکا، ئەمەش لەژێر ناوی "ڕێکەوتنی ستراتیژی" کە ناوەرۆکی ئەو ڕێکەوتنە تەنها دابەشکردنی سامان و دەسەلاتی لە خۆ ئەگرت.
دوای نەمانی ڕێکەوتنی ستراتیژی، یەکێتی لە چەندین وێستگەیا سەرکەوتنی بەسەر پارتیا تۆمارکردووە کە دیارترینیان، دوو سەرۆک کۆمار، پارێزگاری کەرکوک. ئێستا پارتی لە مانۆڕێکی سیاسی چاوەڕانکراوا توانی دوای دوو ساڵ پەرلەمان کاراکاتەوە. هیچ نەنگی نییە بۆ یەکێتی ئەگەر ئەمە قبوڵکات و بۆ چوار ساڵی داهاتوو ببێ بە ئۆپۆزسیۆن و لە ئیستاوە هەوڵبەن کادێر و خەڵکانی متمانە پێکراو ئامادەکەن بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان.
کات:
کات لە بەرژەوەندی کورد نییە لە هیچ ناوچەیەکی کوردستان و بگرە لەسەر ئاستی نیوەدەوڵەتیش، ئەمەش بەهۆی داڕشتنەوەی هاویەمانییەتی نوێ، بوونی دوو جەنگ، بەرژەوەندی زلهێزەکان و هێزە هەرێمییەکان، لە هەمووشی گرنگتر هۆکارە ناوخۆییەکانە کە بریتین لە خۆخۆری، خیانەت، خۆڕادەستکردن بۆ هەر هێزێک جگە لە هێزێکی کوردی ڕکابەر، ئەمە وێرای درەنگ تێگەشتن و سەردەرنەکردن لە هاوکێشە جیوسیاسیە ئاڵۆزەکان.
چارەسەر:
درەنگ یان زوو، ئێستاش باشترە لە سبەی، ئەبێ بڕیارە قورسەکە جێبەجێکرێ و نەشتەرگەری جیاکردنەوەی جەستەی لکاوی پارتی و یەکێتی لەیەک بکرێ، تا چیتر پێکەوە حکومڕان نەبن، بوێری ئەوەشیان هەبێ ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵکەن، ڕکابەری لەسەر حوکمرانی سەرکەوتووتر لەیەک بکەن. ئەگەر وانەکەن ڕۆژ بە ڕۆژ جەستەی ماندووی هەرێمی کوردستان شەکەتتر و بێ تواناترەبێ، توانای بەرگری کەمتر و کەمترەبێ، هێزە میلیشیا بچوکوکانیش هێرشی ئەکەنە سەری و بێ بەرگری و وەلام ئەبێ، ئەمە وێرای دان تیژکردنەوەی هێزە هەرێمییەکان کە لە ئەگەرێک ئەگەرێن بۆ کۆتایی هێنان بە هەرێمەکە.
=======================================
*یەکەمین هەڵبژرادن:
یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ بەڕێوەچوو، کە تێیدا کێبڕکێی سەرەکی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. بەپێی یاسای هەڵبژاردن، تەنیا ئەو حزبانەی کە دەیانتوانی ڕێژەی ٪٧ی دەنگەکان (بەربەستی هەڵبژاردن) بەدەستبهێنن، مافی چوونە ناو پەرلەمانیان هەبوو.
بەهۆی ئەم بەربەستەوە، تەنیا ئەم دوو حزبە سەرەکییە توانیان کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنن و لایەنەکانی دیکە (وەک بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیست) نەیانتوانی ڕێژەی یاسایی تێپەڕێنن.
ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ١٩٩٢ بەم شێوەیە بوو:
ئەنجامی دەنگدان و دابەشبوونی کورسییەکان:
لایەنی سیاسی/ پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK)
ژمارەی دەنگەکان: ٤٣٧,٨٧٩
کورسییە گشتییەکان: ٥١ کورسی
ڕێژەی سەدی: ٤٥.٣٪
لایەنی سیاسی/ ەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (YNK) (لەگەڵ حزبی زەحمەتکێشان)
ژمارەی دەنگەکان: ٤٢٣,٨٣٣
کورسییە گشتییەکان: ٤٩ کورسی
ڕێژەی سەدی: ٤٣.٨٪
کۆتای مەسیحییەکان (کلدۆئاشوور): ٥ کورسی تایبەت بۆ پێکهاتەی مەسیحییەکان دەستنیشانکرابوو (٤ کورسی بۆ بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشوور و ١ کورسی بۆ حزبی یەکگرتووی مەسیحی).
کۆی گشتی کورسییەکانی پەرلەمان: ١٠٥ کورسی بوو.
ڕێکەوتنە شوومەکە:
ڕێککەوتنی ( پەنجا بە پەنجا ) دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و بۆ پاراستنی یەکڕیزی و ڕێگریکردن لە گرژی، پارتی دیموکراتی کوردستان ١ کورسی خۆی بەخشییە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. بەم شێوەیە پەرلەمان لەسەر بنەمای نیوە بە نیوە (٥٠ بە ٥٠) لە نێوان هەردوو حزبە.
سەرکردایەتی یەکەم خولی پەرلەمان و حکوومەت:
سەرۆکی پەرلەمان: جەوهەر نامیق سالم (لە پشکی پارتی) وەک یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا.
سەرۆکوەزیران: فوئاد مەعسووم (لە پشکی یەکێتی) ئەرکی پێکهێنانی یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پێسپێردرا.