تیرەکان ھەڵە ئاڕاستە ئەکرێن

سامانـی وەستا بەکر
  2020-12-15     424
ناڕەزایی، توڕەیی، خۆپیشاندان، یاخیبوون و سەرھەڵدان دەرەنجام و پەرچەکردارە.

حکومەت تەنھا پۆلیسی ھەیە، ئاسایش و دژە تیرۆر و ھەموو ئەوانەیتر حیزبین.

دامودەزگاکانی حکومەت موڵکی گشتییە، بارەگای حیزب موڵکی داگیرکراوی حکومییە، خانوو موڵکی بەرپرسەکان ماڵ و موڵکی دزراوی داھاتی نەتەوەیی مووچە دزراو ی خەڵکییە.

پۆلیس:
لە کۆی سیستەمی حکومڕانی مۆدێرن و دیموکراسییەکانی جیھانا حکومەت تەنھا پۆلیسی ھەیە کە چاودێر و خەمخۆری جێبەجێکردنی یاسان لەلایەن دەسەڵاتدارو ھاوڵاتیانەوە، ھەر پۆلیسیش سەروماڵی ھاوڵاتیان ئەپارێزێ، تەنانەت لەکاتی پشێووی و توڕەی ھاوڵاتیانا  دیسانەوە ھەر پۆلیس داودەزگا و شوێنە گشتییەکان ئەپارێزن.

کاتێک کە کەسێک بەجل و بەرگی کوردییەوە فەرمان ئەکا و ئەبینی تەقە لەخۆپیشاندەرانیش ئەکا، ئیتر ئەگەر ھەموو ئەوانەی لەگەڵین دەرچووی ئەکادیمیای پۆلیسیشبن ھەر بە میلیشیا و ھێزی حیزبی و خێزان و بنەماڵە ئەژمارەکرێن.

کاری پۆلیس پاراستنی داودەزگا و سەرماڵی گشتی و دابینکردنی ئاسایشە، بەڵام کاتێک کە گەشتە ئەوەی لەنێوان داروبەرد و پەنجەرە و تەختەو خوێنی ھاوڵاتیانا کامیان بپارێزن، ئەوا بێگومان خوێنی ھاوڵاتیان بەلاوە گرنگترە، ھەڵبەتە ئەگەر ھێزێکی نیشتمانی بن.

خەڵکی ھەر شارێک شێوە زارێکی تایبەت بەخۆی ھەیە کەزۆرینەی خەڵکی ئەو شارە بەکاریئەھێنن، واباویشە پۆلیس خەڵکی ناوخۆی شارەکەبن چونکە بەھۆی نزیکی و ئاشناییان بە کلتور و میزاجی شارەکەی خۆیان و خەمخۆری و خۆشەویستییان بۆ ھاوشاری و ھاوڵاتیانی خۆیان، سود و پێزی زۆربەی ئەو کارانەی ئەنجامی ئەیەن ئەچێتە سەبەتەی شارەکەوە بە پلەی یەک. بەڵام کاتێک تەقەکەرو شەق وەشێنەکان بەزمان و شێوازی دەرەوەی ئەو شارە سوکایەتی بە خەڵک بکەن ئەوا  گومان دروست ئەبێ کە ئەو ھێزە ھێزێکی ناوچەیەکیترە  کە ھیچ سۆز و بەزەییەکی بۆ خەڵک و بەرژەوەندی ئەو شارە نیە بەڵکو لە ھەندێ جاریشا بە نەفەس و ڕقی شارچێتییەوە ھەرچی قین و کینەیەک لە دڵیانایە ئەیڕێژن و ئەگەر فەرمانیشیان پێنەکرابێ بەڵام ئەوان ھەر فرسەتێکیان بۆ ڕێکەوێ کاری ناپەسەند و نابەجێێ خۆیان ئەکەن.

سوتاندن:
زۆرینەی ھەرە زۆری خۆپیشاندەرانی ئەو دوو ڕۆژە، گەنجی بێکار و بەدبەختن، مووچەخۆر نین، کەچی پەیامی بەرپرسان ھەر ئاراستەی مووچەخۆرانە، بەوەی کێشەی نێوان ھەولێر و بەغدا چەرەسەر دەکەین، کێشەی ئێستای کوردستان سەرباری کێشەی فەرمانبەران، لەشکرێک بێکار و گەنجانێکە کە جگە لە تاریکی، ھیچ ڕووناکیەک لەئێستا و ئاییندەی خۆیان نابینن، بۆیە ناکرێ بە پاساوی کێشەی بێ مووچەیی، کێشە گەورەکەی تر نادیدە بگیرێ.

لە سوتانی بارەگای حیزبەکان ئەکرێ پەیامێکی گرنگ بخوێنینەوە، ئەویش کاڵبوونەوەی نەفەسی حیزبایەتی تەسک و نابەرپرسانەیە لای تاکی کورد، ئەمەش نیشاندەری بەرزبوونەوەی ئاستی ھۆشیاری تاکی کوردە کە جێگەی تێڕامانو دڵخۆشییە.

سوتاندنی بارەگای حیزبەکان بێ جیاوازی تێگەشتنی خەڵکە لەو ڕاستییە تاڵەی کە ھیچ حیزبێک جا لەناو دەسەڵاتابێت یا ئۆپۆزسیۆن تەنھا کاریان شینی ھەریسەکەیە، و ھیچ حێزبێک نابینن کە کار لەبەرژەوەندی شەقاما بکات، خۆ ئەگەر ھەوڵێکیش ھەبێ بۆ کارکردنی حیزبێکی دیاری کراو لەبەرژەوەندی گشتیا، ئەوا ئامادەییان تیایە لەپێناو چەند پۆستێک و دەسکەوتی حیزبی و تایبەتی خۆیانا چاوی لێبپۆشن، ئەمەش وایکرد کە پەیامی ئەمجارەی خۆپیشاندەران ئەوەبێ کە بڵێن (نە داربێ و نە پەردوو، نەعلەتبێ لە ھەردوو).

خەڵکی توڕەیە و داودەزگاکانی وڵات کە موڵکی خەڵک خۆیەتی ئەسوتێنێ، چونکە ڕۆژانە ئەبینێ لەڕێی مێدیا و تێڤێکانیانەوەخەڵکانێک ھێندە تێرن ھاوتای شا و شاژن دەرەکەون و ئەمانیش ناتوانن پۆشاکێک کە شایەن و پۆشتەبێت دابینی بکەن و بۆ خۆیان و مناڵ و خێزانەکانیان.

خەڵکی داودەزگاکانی وڵات ئەسوتێنێ چونکە ئەوان گروپێکیان لە گەنجێ بیست بۆ سی ساڵ دروست کردووە کە مۆڵتی ملیاردێرن، کۆمەڵێک شاجوان و شاپۆزیان دروست کردووە کە خۆیان نەبێ کەس نازانێ بەچی وا دەوڵەمەن بوون، لەکاتێکا خەڵکی ئاسایی مووچەیەک کە لەپای ئەو ئەرکەی بەجێێیان گەیاندووە پێیان نادرێ و گەنجەکانیش ئامادەن لە کۆمپانیاکانی ئەو دزە دەوڵەمەندانەیا وەک کارگوزا و پاسەوانیش کاربکەن پێیان نادرێ ئیتر  چۆن سۆز و خۆشەویستی لەدڵی شکاوی ئەو گەنجەیا بوونی ئەمێنێ؟

لە مێدیای حیزبی و سێبەرەوە وا پیشانئەیرێ کە خۆپیشاندەران ھەڵەیان کردووە لە سوتاندنی بارەگای حیزبەکان، بەڵام ھیچ لایەکیان دانیان بەوەیا نەنا کە خەڵکی توڕەیە لەوەی ماف و مووچەی ئەوان چەند کەسێک ئەیدزن، بەڵام ئەوە بەرپرس و کادێر و پاسەوانی ناو ئەو بارەگا حیزبیانەن کە بوونەتە قەڵغان و سوپەر بۆ ئەو چەن کەسەی کە لە پەنجەی دەست و قاچی مرۆڤێک تێپەڕناکەن.

دەسەڵات "حکومەت"ی ھەرێم:
حکومەتی ھەرێم ساوا نەبوو وە نیشە بەڵکو ھەر لەدایک نەبووە، چونکە کاتێ حکومەت دروست ئەبێت کە دەزگای موئەسەساتی ھەبێ، بەڵام حکومەتی ھەرێم ھیچ موئەسەساتێکی دروست نەکردووە بۆ نمونە تا ئێستاس میلیشیای حیزبی ھەیە لەبری سوپایەکی نیشتمانی، تا ئێستاش خاڵە سنورییەکان لەژێر دەستی حیزب و لەلایەن حیزبەوە بەڕێوەئەبرێن، تا ئێستاش ماف بەرامبەر ئەرک نادرێت، ھێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆر و ھیزی ٧٠ و ٨٠ لەھێزی دوو وڵاتی دژە ئەیەک ئەچن لەوکاتانەی ناکۆکی ئەکەوێتە نێوانیان.....ھتد.

سەرۆکی دەسەڵات "حکومەت"ی ھەرێم لە دوایین گۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیا زیاتر لە سەرۆکی بەشی ژمێریاری دەزگایەک ئەچوو کە کاری ئەو تەنھا دابەشکردنی ئەو مووچەیەیە کە لەلایەن سەروی خۆیەوە ئەگاتە دەستی نەک سەرۆکی حکومەت، جونکە تەنانەت سەرۆکی شارەوانییەکیش نابێ بەوجۆرە قسە بکات کاتێک لایەنی کەم بەشێکی داھاتی جوگرافیای سنورەکەی خۆی ئەگاتە دەستی چەندی خزمەتگوزاریی پێئەنجام ئەیا، بەڵام ئەم زۆر خەم ساردانە لە ھەیبەتی ئەو دەزگا گەورەیەی کەم کردەوە کە پێی ئەوترێ حکومەت، لە کاتێکا ئەبوو ئەو شانی بایەتەبەر و بەڵێنی دابەشکردنی مووچەی بایە و ڕێگەی چارە و کلیلی دەرگا داخراوەکانی لە گیرفانی دەرھێنایە نەک دەستخاتەوە ناو گیرفانی و بڵێ چاوەڕیی حکومەتی ناوەندیین، کە مەبەستی بوو بارگرانی سەرشانی حکومەتەکەی کەمبکات و بڵێ ئێمەش وەک خەڵکەکە ھەرچاومان لە قاپی بەغایە.

ئەوەی لە وتار و گۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی سەرۆکی دەسەڵات "حکومەت"ی ھەرێما جێی تێڕامان بوو ئەوەبوو کە ووتی (ئەبێ خەڵک داوای مافی خۆی لەوانە بکا کە مافیان خواردووە "کە مەبەستی حکومەتی عێراق بوو" ) کە ئەمە بەڕاستی جێگەی ھەڵوێستەیەکی جدییە، چونکە ئەو جۆرە دەربڕینە لە سەرۆکی دەسەڵاتی یەکەمی ھەرێمەوە دانپیانانێکی بێ چەن و چوونە کە ئەمان خۆیان بە بەرپرس و حکومەت نازانن، بەڵکو کاریان تەنھا دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەیە کە بەشێوەی گرێبەست بەغا ئەینێرێ بۆ ھەرێم، خۆ ئەگەر نەشی نارد ئەوا ئەمان ھیچیان بۆ ناکرێ و تاوانبار حکومەتەکەی بەغایە، بەمەش بە مەبەستبێ یان بێ مەبەست سەرۆکی دەسەڵاتەکەی ھەرێم دانی بەوەیا نا کە حکومەتەکەی بەغا حکومەتی کۆی عێراقە بە ھەرێمیشەوە و کاری ئەمانیش دابەشکردنی ئەو مووچەیە کە بۆیان ئەنێرێ، ئەگەرنا ئەمان ناتوانن مووچە دابینبکەن، بێئاگا لەوەی حکومەتێک توانای دابین کردنی مووچە و خزمەتگوزاتییەکانی نەبێ و تەنھا کاری دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەبێ کە لە ناوەندەوە ئەگاتە دەستی ئەوا ئەو جۆرە لە حکومەت ڕۆڵی بانکێک یان ژمێریارێک یان ئامێری پارەی سەرشەقامەکان cash machine ئەبینێ.

دەسەڵاتی حیزب:
تۆ کاتێ ئامادەبی زیاتر لە نیوەی خاکی ھەرێم چۆڵکەیت و ڕادەستی وڵاتی داگیرکەری مێژووی خاکی کوردستانی بکەی، ئەی بۆ ناتوانی بارەگاکان کە تەنھا داروبەرد و بینای داگیرکراوی شارەوانیەکانن ڕادەستی گەنجانی توڕەو ماف و خوراو بێ ھەلی کارو ڕۆڵەی خاک و نیشتمانکەی خۆتی بکەی؟

بۆ لە ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکوک بەبێ تەقە چۆڵتان کرد و بەرگریتان نەکرد ترسان لەوەی خۆینتان بڕژێ، بەڵام چونکە لە ھەرێمی کوردستان دڵنیان کە خوێنتان ناڕژێنرێ کەچی ئامادەن خوێنی گەنجان بڕێژن!

بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانتان بەڕێکەوتنی ژێربەژێر ڕادەستی ئەوەی خۆتان پێی ئەڵێن دوژمن کرد تەنھا بۆ پاراستنی ئەوەی ھەتانە لە سامان و سەروەت، ئەی بۆ ئامادنین بەڕێکەوتنێی ڕوون و ئاشکرا دەسەڵات ڕادەستی شەقامی توڕە و ماف خوراوبکەن،  بڕۆن بزنس بکەن بەوەی لەم ٢٩ ساڵەیا بردووتانە  خەریک بازرگانیبن و سیاسەت بەجێھێڵن بۆ ڕامیاریوانێک کە تەنھا کاری سیاسەتبێ نەک بازرگانی.
بۆ ئامادەن ھەموو تەپۆلکە و شاخ و بەرزاییەکان ڕادەستی داگیرکارە مێژوویەکانی کوردستان بکەن تا لەوێوە نیشانە لە کوردانی پەنابەری پارچەکانیتر بگرنەوە، بەڵام ئامادەنین چەن پۆستێک لە پلە باڵاکانتان چۆڵکەن و ڕادەستی خەڵکانی شایستە و پڕ ئەزمون و مەدەنی بکەن.
بۆ ئامادەن دوای ڕادەستکردنی نیوەی خاکی ھەرێم بە ھێزی میلیشیای حەشدی "ئێران"ی شەعبی و نیوەکەیتریشی کە ماوە ڕادەستی مۆڵگەو بنکە سەربازییەکانی تورکی مەنگۆلی بکەن و ھیچ سەروەرییەک بۆ خۆتان و بۆ خەڵکە نەھێڵنەوە، ئەی بۆ ناتوانن لایەنی کەمی سەروەریی بۆ خەڵکی ستەمدیدەو بێبەشی ھەرێمی کوردستان بگێڕنەوە؟

حیزبەکانی دەسەڵات تا نەگەشتە مریشکە ڕەشە ئامادەنەبوون نەک تەنازول بۆیەک بکەن بەڵکو ئامادە نەبوون کۆش ببنەوە، لەکاتێکا  ئامادەن لەگەڵ ھەموو لایەنێکی غەیرە کوردییا کۆببنەوە، ھەموو تەنازولێک بۆ وڵاتانی درواسێ و داگیرکەری مێژووی خاکی کوردستان ئەکەن، ھەر سوکایەتیەکیش پێیان بکرێ چاوپۆشی لێئەکەن و لە کۆبوونەوەکانیشیانا لەگەڵ لایەنی دەرەکی ھەمیشە ئەوە ئەمانن کە ئەبێ بچنە خزمەت ئاغا و سوڵتانەکان بەڵام لەناوخۆیا تا نەگاتە خوێنڕژان ئامادەنین ھەنگاو ھەڵگرن و لەبارەگاکانی یەکترا کۆببنەوەوانێ.

لە مۆدێلی حیزبایەتی مۆدێرن و بگرە زۆرێک لە وڵاتانی تازە پێگەشتووش حیزب تەنھا یەک بیرۆی ھەیە، ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە کۆی حیزبەکان وەڵامی ئەو پرسیارەبەنەوە، یایا حیزب بارەگای بۆچیە؟ کاری ئەو بارەگایانە چیە و چ سودێکی گشتی و تەنانەت حیزبیشی نیە جگە لە بارگرانی بەسەر شانی خەڵکەوە کە ئەکرێ ئەو پارە زۆرەی لەکۆی بارەگا حیزبیەکانا کونێکیتری پێبگیرێ لە جەستەی بێژنئاسای خەڵکیا.
ھیچ ھێزێکی چەکدار و پاسەوانی نیە، حکومەت پۆلیسی ھەیەکە پارێزگاری لە ھەموو لایەک وەک یەک ئەکا، بەڵام کاتێ حیزب چەکدارو پاسەوان و ھێزی تایبەت بەخۆی ئەبێ، واتە خودی ئەو حیزبە خۆی باوەڕی بەدامەزراوە و داودەزگاکانی خۆی نیە.

سەرنج:
بەو خەڵکە یان بەو گەنجەی کە کەلوپەلی یەکێک لە دوادەزگاکانی یابوو بە کۆڵیا و ئەیبرد ئەڵێن فەرھوودچی "لێرەیا ئێمە کاری ھەڵەی ئەو گەنجە ڕاست ناکەینەوەو بە باشیشی نازانین بــــــــەڵام" ئەی ئێوە ٢٩ ساڵە ھەرچی ماف و مووچە و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی و خۆشی و خۆشگوزەرانی و پرۆژە سەرەتای و ستراتژیەکانی ئەوان ھەیە ھەموویتان بە تاڵان و فەرھود بردووە، کەچی بۆیەکجاریش بەخۆتان نەووت فەرھودچی، بۆیە ئەویش ھەوڵ ئەیا ئەوەی لێی دزراوە بیگێڕێتەوە بۆ شوێنێ خۆی ئەگەرچی زۆر کەمیشبێت، ئاخر ھەرچییەک ئێوە ھەتانە ھی خۆتان نیە و سەروەت و سامانی خەڵکە،  ئەگەر بە ئاگابن یان بێ ئاگا، بەڵام ھەموو ھاوڵاتییەکی ئەو ھەرێمە خانوو ئۆتۆمبێل و پارەی بانق و کۆمپانیا و تەنانەت جلەکانی بەریشتان بەھینی خۆیان ئەزانن بۆیە ھەر شتێک لای ئێوەبێ ئەوان ھەر فرسەتێکیان بۆ ڕێکەوێ ئەیگێڕنەوە بۆ شوێنێ خۆی و بۆ خۆیان، بۆیە کاری ئاقڵانە ئەوەیە ماف بگێرنەوە بۆ خاوەنەکەی پێش ئەوەی بگاتە ئەوەی کە خۆیان لێتان وەرگرنەوە چونکە ئەو کات درەنگە و دوورنیە بشتانکەنە ئەودیووی سنوری زیندووەکانەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×