جوگرافیای هاوپشتی، ڕۆژئاڤا وەک تاقیگەیەکی مۆڕاڵی

حسێن محمود
  2026-02-04     112

جوگرافیای هاوپشتی دروشمێکی عاتیفی نییە، بەڵکو چەمکێکی سیاسی وفکری قوڵەو لەبنەماو ڕەهەندەکانی هاوپشتی دەکۆڵێتەوە لەچوارچێوەی شوێنداو ئەو جیاوازییانەش دەخاتەڕوو کەبۆچی لەشوێنێکی دیاریکراودا هاوپشتی سەرهەڵدەدات و بەهێزەو لەشوێنێکی تردا بوونی نییە. هاوپشتی لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەتەنیا کردەیەکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی سیاسیەو پەیوەستەبە جوگرافیاو بەرژەوەندی وگوتاری باڵادەستەوە، لێرەوە چەمکی " جوگرافیای هاوپشتی " ئامرازی شیکارییە بۆتێگەیشتن لەوەی بۆچی پرسێک دەبێتە (سۆپەر-باس) ولافاوی هەست وسۆز دروستدەکات، ڕۆژئاوای کوردستان بریتیە لەم حاڵەتە، هەڵچون وجەرەیانی عاتیفە،چونکە ئەم پرسە دەکەوێتە ناو هێڵی یەکتربڕی مۆڕاڵ وسیاسەت، سەنتەروپەراوێز، دانپیانان و نکوڵی کردن.

 

یەکەم:چەمکی جوگرافیای هاوپشتی

جوگرافیای هاوپشتی ئاماژەیەبۆدابەشبونی هاوسۆزی و پشتگیری سیاسی لەڕێگای شوێنەوەو بەپێی پێوەری عەدالەت نیە بەتەنیا،بەڵکو بەپێی پێوەری شوناس ونزیکی کەلتوری وڕیزبەستنی ئایدۆلۆجی وبەرژەوەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیە، لێرەدا هاوپشتی زیاترلەسەرنەخشەی زەینییە لەوەی کەلەسەر نەخشەی سیاسی بێت.

 

دووەم: هاوپشتی وەک پەیوەندییەکی شوێنی

هاوپشتی لەبۆشاییدا دروستنابێ بەڵکو کوڕی گەورەی شوێن ویادەوەری هاوبەش وئەزمونی هاوبەشە، جوگرافیا لێرەدا  نەخشە نییە بەڵکو مێژووی ئازارێکی هاوبەشە، گەورەترین شێوازی هاوپشتی ئەو هاوپشتیەیە کە پشتی جوگرافیای سیاسی دەشکێنێ وسنوربڕە،  هاوپشتی پارچەکانی تری کوردستان و کوردانی تاراوگە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.لەم شێوازی هاوپشتیەدا یە کەجوگرافیا لەسنورەوە دەگۆڕێ بۆ پردێکی ئەخلاقی

 

سێیەم: لەنێوان جوگرافیای هاوپشتی وجوگرافیای دەسەڵاتدا

هەندێ جار پێکدادان لەنێوان ئەم دوو دەسەڵاتەدا دروست دەبێت،جوگرافیای دەسەڵات بریتیە لەنەخشەی هاوپەیمانیەتی بەرژەوەندییە سیاسیەکان، لەکاتێکدا جوگرافیای هاوپشتی ئاماژەیە بۆ جۆرێک لەجوگرافیا کەمۆڕاڵ و بەرژەوەندی نەتەوەیی و وابەستەی ئیتنیکی داینەمۆیەتی.لەنمونەی ڕۆژئاوای کورستاندا بەهۆی بێدەنگی نێودەوڵەتییەوە جوگرافیای دەسەڵات هەندێ جار بەسەر جوگرافیای هاوپشتیدا سەرکەوتوە، بەڵام جوگرافیای هاوپشتیش ڕۆڵی گەورەی بینیوە.

 

چوارەم: هاوپشتی سنور بڕ

ئەو هاوپشتییە گەورەیەی لەبەشەکانی تری کوردستان و تاراوگە بۆ ڕۆژئاوا کرا بێ وێنەبوو لەمێژووی نوێدا، ئەم هاوپشتیە لەسەربنەمای هەستی نەتەوەیی و یادگاری هاوبەشدا بەڕێوەچون کەپێویستی بە مۆڵەتی نێودەوڵەتی نەبوو،چونکە شەرعییەتی لە ئەزمونی مرۆڤایەتییەوە وەرگرتبوو.

 

پێنجەم: ڕۆڵی میدیا لەدروستکردنی نەخشەی عاتفی

لەڕوداوەکانی ڕۆژئاوادا ڕۆڵی میدیاو ماسمیدیا ڕۆڵێکی یەکجار گەورەبوو لەپیشاندان و خستنەڕوی نەهامەتی ئازاری کوردان لەو پارچەیەی نیشتیماندا، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وتۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دونیای مۆدێرن سەنگەری بەرخۆدان وبەرگری میدیایی بون و ئەڵقەیەکی گرینگی دروستکردنی ئەو بۆندە بون کەناومان ناوە جوگرافیای هاوپشتی،میدیا بەگشتی سەکۆی دروستکردنی جۆش وخرۆشانی نەتەوەیی بوو.

 

شەشەم:ڕۆژئاواو تاقیکردنەوەی ویژدانی

لەجوگرافیای هاوپشتیدا ڕۆژئاوا چیدی پرسێکی لۆکاڵی نییە،بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی ئەخلاقییە لەزەمەنی هەژمون و بەرژەوەندیدا پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەنیە کەڕۆژئاوا لەسەرنەخشە لەکوێیە؟ بەڵکو پرسیار ئەوەیە ئێمە وەک کورد لەکوێین کەئەزمونێکمان دەکەوێتە بەر هەڕەشە، جوگرافیای هاوپشتی لێرەدا پێمان دەڵێت گرینگ نییە لەسەرنەخشە دەکەویتە سەرکوێ؟ بەڵکو گرینگترلەوە ئەوەیە کاتێک کە ویژدان تاقیدەکرێتەوە لەکوێی؟

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×