دەست لەکارکێشانەوەی عەقڵ

حسێن محمود
  2026-05-06   

پرسیاری ئەمڕۆ ئەوەنییە کەئایا ئێمەخاوەن عەقڵین؟ بەڵکوپرسیارەکە ئەوەیە کەئایا عەقڵ دەسەڵاتی خۆی پیادە دەکات؟

لەسەردەمی ژاوەژاوی مەعریفی وهەڵاوسانی ئایدیۆلۆژیاوبەکاڵابوونی بیروڕا، دیاردەیەکی پەنهان و مەترسیدار دەبینین ئەویش بریتیە لە دەستلەکارکێشانەوەی عەقڵ. ئەم کارە پاشەکشەیەکی لەسەرەخۆی وەزیفەی ڕەخنەگرانەیە، لێرەوە عەقڵ ئیکتیفا دەکا بەوەی کەدەگوترێ و بێدەنگ دەبێ لەوکاتەی کەقسەکردن واجبێکی ئەخلاقییە.

یەکەم : دەستلەکارکێشانەوەی عەقڵ چییە؟

دەستلەکارکێشانەوەی عەقڵ پەککەوتنی بایەلۆجی نییە، بەڵکو مانای وازهێنانی ئارەزوومەندانەیەلە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، لێرەدا عەقڵ بەشێوەی فۆرماڵ هەیە، بەڵام لەڕوی ڕۆڵبینینەوە غائبە،لەناو ئەوچوارچێوەیەدا بیردەکاتەوەکەپێشتر بۆی کێشراوە،وەلەوپرسیارانەش دوردەکەوێتەوە کەگومان لەیەقیندا دروستدەکەن، بەم مانایە دەستلەکارکێشانەوەی عەقڵ لەجەهل مەترسیدارترە، چونکە جاهل نازانێ،بەڵام عەقڵی دەستلەکارکێشاوە ئەو ڕێگایە هەڵدەبژێرێ کەتوشی گیروگازی مەعریفەی نەکات.

دووەم: ڕیشە فەلسەفییەکانی ئەو چەمکە

ئەم پرسە زیاد لەڕەهەندێکی فەلسەفی هەیە

∎کانت عەقڵی بەستۆتەوە بەئازایەتییەوە، " ئازابە لەبەکارهێنانی عەقڵتدا " لەم گۆشەنیگایەوە دەستلەکارکێشانەوەی عەقڵ ترسنۆکییەو قبوڵکردنی ڕاسپاردنە

∎نیتچە وایدەبینێ کە مێگەل پێویستی بەعەقڵی ڕەخنەگرانەنییە،بەڵکو خوازیاری یەقینی ئامادەکراوە،کاتێ مرۆڤ ڕادەکات لە بەرپرسیاریەتی ئەوا لەناو دەستلەکارکێشانەوەی ئەخلاقیدایە.

∎قوتابخانەی فڕانکفۆرت (هۆرکهایمەرو ئەدۆرنۆ)

ئەوەی ئاشکراکرد کاتێ عەقڵ دەگۆڕێ بۆ ئامێرتەکنیکی،ڕەهەندی ڕەخنەگرانەی لەدەستدەدات، لەبری دروستکردنی پرسیار لەسیستەم، خزمەتی سیستەم دەکات.

∎ئاڵتۆسیر دەریخست چۆن ئایدیۆلۆجیا مرۆڤی وای بەرهەمهێناوە گوایە بیردەکاتەوە،بەڵام لەڕاستیدا بیرناکاتەوەو لەدەرەوەی خۆی ئەم بونەوەرە ئاراستە دەکرێ.

سێیەم: دەستلەکارکێشانەوەی عەقڵ وئایدیۆلۆجیا

ئایدیۆلۆجیا بەزەبری هێز عەقڵ ڕەتناکاتەوە، بەڵکو وایلێدەکا پێویست نەبێت و لەبری پرسیار وەڵامی ئامادەکراوی دەداتێ.لەم نێوەدا بیرکردنەوە بەخیانەت و گومان بەلاوازی هەژماردەکرێ وهەموو جۆرە پرسیارێکیش هەڕەشەیە لەسەر هاوپشتی وهاوسۆزی کۆمەڵایەتی.عەقڵی دەستلەکارکێشاوە لەناو ئایدیۆلۆجیادا بەدوای حەقیقەتدا ناگەڕێ، بەڵکو بەدوای پاساودا دەگەڕێ، پرسیاری ئەوەناکا کەئاخۆ ئەمە ڕاستە؟ بەڵکو ئەمە چۆن لە خزمەت ئێمەدا دەبێ،لێرەدا مەعریفە ئامرازی ململانێیە،نەک ئاسۆیەک بێت بۆ تێگەیشتن.

چوارەم: دەستلەکارکێشانەوەی ئەخلاقی

کاتێ مرۆڤ لەکاتی ستەمکاریدا بێدەنگی هەڵدەبژێرێ، لەوکاتەدا عەقڵ لەڕوی ئەخلاقییەوە،دەستی لەکارکێشاوەتەوە،ئەم حاڵەتە (هانا ئارێنت) ناوی دەنێ بە"بێمانایی جەنگ" جەنگ پێویستی بە وەحش نییە،بەڵکو پێویستی بە خەڵکی عەوامە کە وازیان لەبیرکردنەوە هێناوە،بێدەنگی لێرەدا بێلایەنی نییە، بەڵکو بەشداری ناڕاستەوخۆیە،چونکە ئەوکاتەی عەقڵ لەکاتی پێویستدا ناڵێ نا، ئەوا بەشدارە لەوەی کە بڵێ جەنگ کارێکی سروشتییە.

پێنجەم:  دەستلەکارکێشانەوەی عەقڵ لەژیانی ڕۆژانەدا

ئەم دیاردەیە تەنیا لەناو سیاسەت و فەلسەفەدا نییە، بەڵکو لەژیانی ڕۆژانەشدا ڕەنگدەداتەوە، لەکۆمەڵێک پەیوەندی ئازاربەخش بەهەنجەتی واقیعبوونیان،لەڕاگەیاندن بەوەی بەبێ پشکنین باوەڕ بەهەموو شتێک بکەین، لەپەروەردەدا کاتێ ( لەبەرکردن)  جێگای تێگەیشتن دەگرێتەوە. لێرەدا عەقڵ دەبێتە فەرمانبەرێکی بچوک،نەک خاوەن بڕیار.

شەشەم: بۆچی عەقڵ دەستلەکاردەکێشێتەوە؟

دەکرێ لەچەند خاڵێکدا کورتبکرێنەوە

ٲ-ترس لەدابڕان،لە نادڵنیابوون، لەئافەرۆزخستن

ب-تەمبەڵی فکری،بیرکردنەوە ماندوکەرە، بەڵام یەقین حازروخۆشە

ج-فریودانی کۆمەڵایەتی، خۆبەندی  (الانتماء)ئاسانترە لە ڕەخنەگرتن.

بەم پێیە دەستلەکارکێشانەوەی عەقڵ تەنیا شکستێکی تاکەکەسی نییە،بەڵکو بەرئەنجامی بونیادێکی کۆمەڵایەتییە، کە کەسی ملکەچ خەڵاتدەکات وپرسیارکەریش سزادەدات.

حەوتەم: ئایا عەقڵ دەگەڕێتەوە سەرکاری خۆی؟

گەڕانەوەی عەقڵ بۆسەرکاری خۆی مانای وەڵامی کۆتایی نییە،بەڵکو گەڕانەوەی مافی پرسیارکردنە،دەبێ قبوڵی حەقیقەتی ئازاربەخش بکات،نەک لەکۆشکی وەهمدا خەوی لێبکەوێ.عەقڵ بە گوتاری حەماسی ناگەڕێتەوە،بەڵکو بە پیادەکردنی لەڕێی خوێندنەوەی ڕۆژانەو دورلەبەرخۆری،دروستکردنی گومان،بوێری لەبیرکردنەوەوڕەخنەگرتن، دەگەڕێتەوە سەر وەزیفەی خۆی، دەستلەکارکێشانەوەی عەقڵ مەترسیدارترین شێوازی توندوتیژی نەبینراوە،چونکە بەناوی عەقڵەوە پیادەدەکرێ،لەزەمەنێکدا کەدەنگەکان زیادبوون،بیرکردنەوە بەرگرییە،پرسیار ئازایەتییە،گومان بەرپرسیاریەتی مۆڕاڵییە. ئەم پرسە لەدوو حاڵەت بەدەرنییە،یان عەقڵ ڕیسک بە بیرکردنەوەوە دەکات، یان دەستلەکاردەکێشێتەوەوبوار دەڕەخسێنێ خەڵک لەجیاتی ئەو بیربکەنەوە.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×