دکتۆرا لە جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆلەتیک
پێشەکی
لەم وتارەدا دەمەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە:
ئایە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە نەخشەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕوودەدات؟ و ئەگەر نا، ھۆکاری ئەوە چیە کە ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە ڕوونادات؟
بە پێی بڕیاری ڕەسمی، بەیانی ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ھاوڵاتیانی عێراق بەرەو شەشەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی دەچن بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان بۆ چوار ساڵی داھاتوو. ئەم ھەڵبژاردنە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە لە چوارچێوەی دەستوری ھەمیشەیی عێراقدا، شەشەمین خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمانییە.
ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەوەیە کە لە خولی یەکەمەوە تا خولی پێنجەم و تەنانەت خولی شەشەمیش، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە نەخشەی سیاسی ڕووی نەداوە.
واتە لە ھەموو خولەکاندا، پێکھاتەی شیعە یەکەم، سوننە دووەم و کورد سێیەم بوونە لە نەتایجە سیاسییەکاندا.
ھۆکارە سەرەکییەکانی ڕوونەدانی گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ چەند ھۆکارێکی بنەڕەتی کە گرینگترینیان ئەمانەن:
١. نەبوونی حزبی نیشتمانی و گشتی
لە عێراق تا ئێستا حزبێک نییە کە بتوانێت لە سنوورە نەتەوەیی، مەژھەبی و ئایدیۆلۆژییەکان دەرچێت و ئەزموونی نیشتمانییەکی گشتی پێشکەش بکات. زۆرترین حیزبەکان ئەمڕۆ خۆیان بەشێوەیەکی فەرمی بەرەو مەنافعی ناحیەیی، مەژھەبی یان قومی بردووە، نەک بە بنەمای نیشتمانییەکی یەکگرتوو.
٢. نەبوونی متمانەی نێوان پێکھاتە سەرەکییەکانی عێراق ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووە خوێناوییەی نێوان کورد، شیعە و سوننە بە تایبەتی لە دوای چەندین ساڵ کاری پێکەوەیی ھێشتا ھەست بە بێ متمانەیی و ترس لە یەکتری دەکرێت.
٣. سیستەمی فرەبازنە و جیاوازی ناوچەیی
سیستەمی فرەبازنەیی: بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بووە بەھۆی پارچەبوونی سیاسی
لە ئەم سیستەمەدا:
لە پارێزگاکانی شیعەنشین، تەنھا ھاوپەیمانە شیعەکان دەربچن.
لە پارێزگاکانی سوننەنشین، تەنھا ھاوپەیمانە سوننەکان دەربچن.
لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیش، حیزبە کوردییەکان دەربچن.
٤. ھۆکاری دەرەکی و ھاوسەنگی ھەرێمی و نێودەوڵەتی
یەکێکی تر لە ھۆکارە سەرەکییەکان، ململانێ و ناکۆکی نێوان ھێزە ناوچەییەکان و نێودەوڵەتییەکانە.
دەست تێوەردانی وڵاتانی وەک ئێران، تورکیا، ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ وای کردووە ئەم نەخشە گۆڕانکاری لە نەخشەی ھەڵبژاردنەکان ڕوونەدات، چونکە ھەریەک بەرنامە و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لە ناو ئەم وڵاتەدا ھەیە.
دەرئەنجامە نەرێنییەکان
ئەو ھۆکارانەی سەرەوە بەرەو چەند ئەنجامێکی نەرێن بردوون کە بە دیارترین شێوە ئەمانەن:
پێکھێنانی حکومەتی تەوافوقی:
ئەم شێوەی حوکمڕانیە پێویستی بە ھاوبەشی سیاسی و مەژھەبی ھەیە، بەڵام ئەمە وای کردووە حکومەت لە توانای خزمەتگوزاری بە گشتییەوە بەکەمترین ئاست دابنرێت.
نەکارامەیی سیستەمی پەرلەمانی:
بەھۆی پارچەبوونی سیاسی و ناکۆکییەکان، پەرلەمان و حکومەت لە زۆربەی کاتەکاندا بە جێگری و ڕێککەوتنە سەختەکانی یەکدی مەشغوڵ بوون، نەک بە پەرەپێدانی پڕۆژەکانی نیشتمانی.
کەمبوونی بەشداری ھاوڵاتیان:
بەھۆی ئەو نەخشە نەگۆڕەی لە ھەڵبژاردنەکان دروست بووە، ڕێژەی بەشداریی ھاوڵاتیان بە شێوەیەکی تەواو کەم بووە.
کۆتایی و چاوەڕوانی داھاتوو
بەسەر ھەموو ئەم فاکتۆرە سیاسیدا، ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت ئەمەیە کە:
گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە نەخشەی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق نزیک نییە.
ئەگەر چاکسازییە سیاسییەکان، چالاکی نیشتمانی و چەسپاندنی حیزبێکی گشتی و نیشتمانی پەیوەندیدار بێتە پێش، ئەوا دەکرێت بەھەلومەرجێکی جیاواز لە پەیوەندی سیاسی و نەتەوەیی لە عێراق بێتە ئاراوە کە بێتە ھۆی گۆڕانکاری دڵخۆشکەر و کەم بوونەوەی مەودای نێوان ھاوڵاتی و دەسەڵات.