وته‌بێژی ده‌م پارتی: رێگه‌ی به‌ره‌و ئاشتی قۆناغ به‌ قۆناغه‌
  2026-08-06       53       

ئایشەگوڵ دۆغان، وته‌بێژی ده‌م پارتی له‌باره‌ی پڕۆژه‌ یاسای چوارچێوه‌ رایگه‌یاند، یه‌كه‌م جاره‌ پارته‌كه‌یان ئیمزا له‌سه‌ر ره‌شنوسێكی یاسایی ده‌كات و به‌و ره‌شنوسه‌كه‌ یەکەم دەرگای پرۆسەیەکی یاسایی و سیاسی کرایەوە ڕێگه‌ی بەرەو ئاشتیش، قۆناغ بە قۆناغە. ده‌شڵێت، ده‌بێت هه‌مو پارته‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدان واز لە زمانی دژایەتی و دوژمنایەتی بهێنن و زمانێکی ئاشتیانە بەکاربهێنن.

ئاوێنه‌: ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، لە ناوەندی گشتیی پارتەکەی کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و سەبارەت بە ڕەشنوسی یاسای چوارچێوە قسەی کرد، کە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە.

ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە دەم پارتی یەکەم جارە ئیمزای خۆی له‌سه‌ر ڕەشنووسێکی یاسایی دەكات و وتی "بۆ داهاتوی هاوبەشمان، بۆ ژیانێکی دیموکراسی لە تورکیا، هەنگاوی سەرەتا نراوە."

وته‌بێژی ده‌م پارتی ڕایگەیاند، ڕەشنوسە یاساییەکە وەکو یەکەم هەنگاوە کە زەمینەی شەڕ بەرەو زەمینەی سیاسەتی دیموکراسی و یاسا دەبات و وتیشی"یەکەم دەرگای پرۆسەیەکی یاسایی و سیاسی کرایەوە کە بە ڕۆژێک یاخود ماوەیەکەوە نەبەستراوەتەوە. دوای دەیان ساڵ شەڕ، بمانەوێت و نەمانەوێت، ڕێی بەرەو ئاشتی، قۆناغ بە قۆناغە. لە کاتی لەم شێوەیەدا ئەو هەنگاوانەی دەنرێن، پێویستە نە زۆر ستاییش بکرێن، نە بە کەم سەیربکرێن، نە پشتگوێبخرێن و نە بەهۆی کەموکوڕییەکانیانەوە بێ بەها بکرێن. بێگومان باس لە کەموکوڕییەکان دەکەین و ڕەخنەیان لێدەگرین. لەڕێی پێشنیارەکانمانەوە هەوڵدەدەین پرۆسەکە بەهێزبکەین. پارتەکەمان چەندین ساڵە تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی بێوچان، بە قوربانیدانەوە درێژە پێدەدات. هەر بۆیە بە بڕیاردارییەکی سیاسیی دامەزرێنەره‌وه‌ کە دەرفەتە هەنوکەییەکان دەبینێت و بە بەرپرسیارێتی هەڵدەستێت، بۆ هەمیشە درێژە بەم تێکۆشانە دەدات؟"

وتەبێژی دەم پارتی باسی لەوە کرد، یاسای چوارچێوە دەستپێکێکی گرنگە و وتی: "ئەو یاسایە بۆ 86 ملیۆن کەس زۆر گرنگ بو. ئەو واژۆیە بۆ داهاتوی ئێمە واتاداربو. ئێمە دەڵێین بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ ژیانێکی هاوبەش تێدەکۆشن، خێردار بێت. ئێمە بە ڕێزەوە یادی هەمو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە باجی گەورەیان داوە. ئێمە دەست بە سەردەمێکی مێژویی دەکەین. لە سەدەی دوەمی کۆماردا، ئێمە لە پرۆسەیەکی پێکەوە بونیادناندانین. دەبێت تێکۆشانی هاوبەشمان فراوانتر بکەین. بەم یاسایە دەرگای ئاشتی و دیموکراسی و بونیاتنان کرایەوە."

ئایشەگوڵ دۆغان جەختی لەوە کردەوە، دەبێت تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی فراوانتر بکرێت و وتیشی "ئەو یاسایە لە ئەنجامی دانوستان و کۆبونەوە درێژخایەنەکاندا پێکهات. سوپاسی هەمو ئەو کەسانە دەکەین کە پشتیوانی لەم یاسایە دەکەن. ئەو یاسایە دەرگایەکیش بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات دەکاتەوە. بۆ یەکەمین جار پرسەکە بە یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."

ئایشەگوڵ دۆغان باسی له‌ پەیامەکەی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان كرد كە وتبوی 'دەتوانێت ببێتە کلیلێک' و وتی"بەڕێز ئۆجه‌لان ئەکتەری سەرەکیی ئەم پرۆسەیەیە. دەبێت بەڕێز ئۆجه‌لان بتوانێت لە کۆردیناسیۆنەکەدا بەشدار بێت و هەلومەرجەکانیشی بەپێی ئەوە هەمواربکرێنەوە. بۆ بەرەوپێشچونی پرۆسەکە و لەناوبردنی مەترسییەکان، ئەوە زۆر گرنگە."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"دەبێت هەمومان پێکەوە هەلومەرجی ئاشتی بونیات بنێین. ئێمە باس لە داهاتویەکی هاوبەش دەکەین. دەبێت ئەم دەرفەتە بە باشی بەکاربهێنین. ئێمە بەم جددییەتە مامەڵە دەکەین و دەبێت هەموو کەسێکیش بەپێی ئەم جددییەتە مامەڵە بکات. دەرگایەکی نوێ دەکرێتەوە، دەبێت هەموومان پێکەوە بەم دەرگایەدا تێپەڕین. دەبێت واز لە زمانی دژایەتی و دوژمنایەتی بهێنین و زمانێکی ئاشتیانە بەکاربهێنین. بە تایبەتی دەسەڵات و هەموو پارتەکانیش زمانێکی ئاشتیانە بەکاربهێنن."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×