بێژەر و حیکایەتخوان

نەوزاد بەندی
  2025-05-22     226

یەکێک لە پێناسەکانی ڕۆمان، هونەری شارنشینەکانە. بەو پێیەی زۆرینەی ڕۆماننوسەکانی جیهان شارنشین بوون.

ڕۆمان دەرچوونە لە حیکایەت وئەفسانە و قسەی هەلەق و مەلەق ، لێکدانەوەی بابەتیی دەروون و کێشە قوڵەکانی مرۆڤە، یان ئەتوانین بڵێین ڕۆمان چیرۆکێکی پڕۆفیشناڵ و ئەکادیمیی و زانستییە کە ئەیخوێنیتەوە فێری زۆر شت ئەبیت، هەر بۆیە زانایەکی فیزیای وەک  ئەلبێرت ئانیشتاین ئەڵێت: من زۆر بەرچاو ڕوونیی و سودم لە ڕۆمانەکانی فیۆدۆر دەیستۆیڤسکی وەرگرتووە بە تایبەتی لە ڕۆمانی برایانی کارامازۆف. هەروەها ڕۆمانەکانی فڕانز کافکا و ئەلبێرت کامۆ و گۆستاف فلۆبیر لەلایەن کۆمەڵناس و دەروونناسەکانەوە گرنگییەکی زۆریان پێدراوە، گەلێک یاسا و تیۆر و گریمانەی دەروونیی و کۆمەڵایەتییان لێوە هەڵهێنجاون.

مانەوەی کۆمەڵگا لە قۆناغی حەکایەت و ئەفسانەدا، یەکێکە لە بەڵگەکانی مانەوەی ئەو کۆمەڵگایه لە قۆناغی گوندنشینیی و سادەیی و ساکاریدا. 

ئێستا تۆڕەکانی پەیوەندیی تەلەفۆن ئۆفەری قسەکردنی بێسنووریان ڕاگەیاندووە، چونکە مرۆڤی قۆناغی حیکایەتخوانیی، بە دێڕێک و دوو دێڕ قسە تێرناخوات، ئێستا هێڵی خۆڕایی وایکردووە ئەم تایپە مرۆڤە چەقبەستووەی قۆناغیی حیکایەتخوانیی، بە سەعات و دوو سەعات لە ڕێگای مۆبایلەوە قسە و حەکایەت بۆ یەکتریی بکەن. بە جۆرێک ئەگەر حەزیشت لەو دۆخە نەبێت، ناتوانیت هێڵەکە بە ڕووی حیکایەتخوانەکەدا دابخەیتەوە، چەندین جار نیوسەعات وزیاتر لەسەر مۆبایل گوێم لە حیکایەتی کەسێک گرتووە.

شایانی باسە هەندێک بێژەری پڕۆفیشناڵ، وەک دکتۆر قودامە مەلاحی هاوکاری کامل دەباغ له بەرنامەی ( العلم للجمیع - زانست بۆ هەمووان ) ی ساڵی هەشتاکاندا، لە کۆتایی هەر بەرنامەیەکیدا، دێڕێکی فەلسەفیی دەدرکاند کە دڵی هەمووانی خۆش ئەکرد و بە دنیای فەلسەفە و ڕەوانبێژیی ئەناساندن.

ئەم داب و نەریتە بەرز و ئەکادیمییەی دکتۆر قودامە مەلاح، بە شێوەیەکی زیادەڕەو لە لایەن بێژەرەکانی دوای خۆیەوە لاسایی کرایەوە، بۆ نمونە بێژەرێکی وەکو دکتۆر فەیسەڵ قاسمی کەناڵی جەزیرە، سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی بەرنامەکەی، قسە و ڕای خۆی دەردەبڕێ، لە کاتێکدا دوو میوانیش لە ڕاست و چەپیدا دانیشتوون..حەکایەتی تەڕ و وشک  دەرخواردی بینەر و گوێگرەکانی دەدات،هەڵئەچێ، ئەنەڕێنێ، دەست ڕائەوەشێنێ، شین و مۆر ئەبێتەوە، زمانی ناوچەیی و جڵفە و پەتیی تێکەڵ ئەکا بۆ نمونە بە میوانەکانی ئەڵێ یا ڕاجل، یا زەلەمێ ، یا بێ .. لەگەڵ ئەوەیشدا جەماوەرێکی بێ شوماری هەیە کە دەگاتە ملیۆنەها.

ئەتوانم بڵێم فەیسەڵ قاسم بە پلان یان بێ پلان، کاری لەسەر چەقبەستنی مرۆڤی عەرەب کردووە، چەقبەستن لە قۆناغی حیکایەتخوانیدا، بەوەیش بوو بە بێژەری یەکەمی عەرەب و زۆرترین هەواداری لە دەوری خۆی کۆکردەوە، کەچی دکتۆر قودامە مەلاح کە بێژەرێکی زانا و دانا و زمانزان و ڕەوانبێژ بوو، لەیاد چۆوە چونکە ئەو حیکایەتخوان نەبوو، بەڵکو بە عەقڵی مۆدێرنیتەی شار قسەی دەکرد.

 لە حیکایەتا هەموو قسە و بابەتێ جێگای ئەبێتەوە، شیعر گۆرانیی مەقام خەیاڵ خەو، هەرچیت ئەوێ ئەتوانیت پێوەی بلکێنیت، زمانەکەیشی چۆن ئەتەوێ، بە ئارەزووی خۆتە، واتا کۆمەڵگای حیکایەتخوان هیچ ئەرک و ماندوو بوونێک نابینێ نە له گێڕانەوەی حیکایەتدا و نە گوێلێگرتنیدا.

هەر بۆیه بە هۆی چەقبەستنی کۆمەڵگا له قۆناغی حیکایەتخوانیدا، ئەمڕۆ زۆرینەی کەسە ناودارەکان حیکایەتخوانن، ڕیکلامی ئوتومبیلێکی گرانبەها لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا 5 چرکە تێ ناپەڕێ، لە کومەڵگای حیکایەتخواندا ڕیکلامی چایەک، درێژدادڕیی و دەهۆڵ و زوڕنا و جۆرەها قسەی بێ بەها و دوور لە ڕاستیی لە خۆئەگرێ، دەنگی تیڤییەکە کەم نەکەیتەوە، ماڵەکەت دەبێتە هۆڵی ئاهەنگی پاشتێلانە.

بێژەری حیکایەتخوانی وا پەیدا بووە، ئێوارەیەک دیار نەبێ، میللەتەکە تێکڕا غەریبیی ئەکەن، وەک شتێکی گرانبەهایان لێ وون بووبێ، وایە. بابەتێکی چەند ووشەیەیی، ئەکاتە بابەتێکی چەند لاپەڕەیی و بە ترش و خوێوە دەرخواردی خەڵکەکەی ئەدا، ڕێک وەک ئەو داپیرانەی جاران کە شەوانی زستان مناڵانی گەڕەک و نەوەکانیان لە دەوری خۆیان و لە تەنیشت ئاگردانەکەدا کۆدەکردەوە و حەکایەتی کوڕە کەچەڵەیان بۆ ئەگێڕانەوە، بە هەمان تام و چێژ و خەیاڵ و ئەفسانەوە، بێژەر حیکایەتەکانی ئەگێڕێتەوە، تەواوی میللەتێک ئەخاتە دۆخی سەرمەستیی و کەشەنگیی و ..تەنانەت ئاڵودە بونیشەوە.

لێرەدا ئیتر بێژەرێ حیکایەتخوان لای میللەتەکە ئەبێتە نمونەی ئازایەتیی و جوامێریی و نیشتمانپەروەریی و دانایی و زانایی، ئەگەر خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و  پەرلەمان و حوکمەت بپاڵێوێ، ئەیباتەوە. 

ئیدی هێڵێکی ڕاست و چەپ دێت بەسەر ئیتیکی سیاسەت و ڕۆژنامەوانیی و ڕاگەیاندن و بێژەریی و هەموو شتێکدا، چەندین ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێدەپەڕن و ..سەدان هەزار حەکایەتی بێ سود و بێ بنەما ئەدرێ به گوێی میللەتی خەیاڵپڵاودا، بە بێ ئەوەی بچوکترین زانیاریی لە نێوانیاندا ئاڵ و گۆڕی کردبێ.

ڕزگار بوون لە قۆناغیی حیکایەتخوانیی، شۆڕشێکی ئایدیۆلۆژیی و مۆراڵیی و ڕۆشنبیریی ئەوێت، تیایدا مرۆڤەکان بگەنە ئەو ڕاستییەی کە ناکرێ ڕێ بە حەکایەت و قسەی پڕ و پوچ بدەن تخوبەکانی بیستنیان ببڕێت.. بگەنە ئەو ڕاستییەی وەک چۆن ئەبێ دەست بە موچە و ئاو و کارەباوە بگیرێت و دەستبڵاویی تێدا نەکرێ، بە هەمان شێوە پێویستە دەستبڵاویی لە قسە و گوێگرتنیشدا  بکرێت و بەر بە لافای حەکایەت و هەڵەوەڕیی و درێژدادڕیی بگیرێ، هەتا جوانییەکانی وشە و گەوهەرەکانی فەلسەفە و ئەڵماسەکانی بێدەنگیی و هێمنیی بۆ هەتاهەتایه وون نەبن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×