سەرکردەو راوێژکارە کەساسەکان

شایی حەمەنوری
  2025-09-13     901

لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا کاتێک عێراق و هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی سەختدا گوزەریان کرد، بۆ يەکەم جار  هەڵبژاردن و دانيشتنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت کەمتر لەدوو مانگی خاياند، کاتێک لە 19/5/1992 يەکەم هەڵبژاردن کراو لە 4/7ی هەمان ساڵدا، يەکەم کابينەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات.

ئەو سەردەمە و لەو دۆخە ئابوريیە ناهەموارەدا، هێشتا حکومەتی کوردی دەستەوەستان نەبوو لە ئاست دابەشکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران، پارتی و یەکێتی بەو داهاتەی لە مەرزی برايم خەليل‌ و ئەو چکە پارەیەشی لە باج و رسوماتی حکومەتەوە دەستیان دەکەوت، مانگانە قوتێکیان بۆ خەڵکەکە دابیندەکردو تەنانەت دەرماڵەی خوێندکارانیشیان دەدا، بەڵام ئێستا پاش تێپەڕێنی ئەو هەموو ساڵەو کەڵەکەبوونی ئەزموونێکی باش لە حوکمڕانی، هێشتا لە قەوانی مووچەداین و مانگ بە مانگ دەسپێرین تا مووچەیەک دابیندەکرێت و ئەوە بۆ نزيکەی یانزە مانگیش دەچێت، هەڵبژاردن کراوەو کابينەی دە پێکنەهێنراوە، سەرەرای ئەمە دەرگای پەرلەمانيش کڵۆم دراوە.

ئەم داماویی و بێ موچەيیەی بەرۆکی حکومەتەکەی مەسرور بازرانی گرتووە، هەڵبەت ڕیشەیەکی لە پێشینەی هەیەو لە کابینەکانی پێشوترەوە بەجێماوەو تا ئێستاش بەردەوامە.

ناکرێت ئەوە نادیدەبگرین کە نێچیرەڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی سێ کابینەی پێشوو دۆخێکی وای نەخولقاند کە کابینەی نۆ بەئاسانی بەربەستەکان تێپەڕێنێت.

سەیرە کە هەندێک رۆژنامەنووس و نوخبەی سیاسی، ناوبراو بە دیپلۆماتکارێکی گرنگ و سياسيیەکی زیرەک وەسف دەکەن، يەکێک بە ميسی سیاسەت ئەيشوبهێنێ و يەکێکی دیش ئەڵێت پیاوی دەوڵەتمەدار، بەڵام گرنگە وەبیرخۆمانی بهێنینەوە کە هەر لەسەردەمی حکومەتەکەی ئەو، بابەتی ئابوری سەربەخۆی "ماڵوێرانکەر" و بەدواشیدا نیو موچەو برسیکردنی بەشێکی گەورەی لە دانیشتووانی هەرێمی بەدواداهات.

قەیرانەکە ڕۆژ بەڕۆژ و ساڵ بەساڵ درێژەی کێشا تا گەیشت بە کابینەکەی مەسرور بارزانی.

بەڵام بەڕاست ئەم قەیرانە ئەمەندە قورسە کە چارەسەری نەبێت؟

بێگومان نەخێر؛ دەکرا بەر لەساڵانێک ئەم دۆخە چارەسەر بکرایەو   نەدرایەتە دەستی قەدەرێک کە ئەوسەری دیار نەبێت.

موچە بابەتێک نیە کە تەنيا پەیوەست بێت بە حکومەتەوە، بەڵکو دەسەڵاتی سياسی يەکێتی و پارتی ‌و سەرجەم پارتە ئيسلامی و عەلمانيەکانی ديکەش لەگەڵ هەرسێ سەرۆکايەتيەکەو ئەو لەشکرە راوێژکارەش کە لەدەوری ئەمانەو کەسی یەکەمی حیزبەکان کۆبوونەتەوە، لێی بەرپرسیارن.

کاتی خۆی کە خوێندکاری زانکۆو ئەندامی کۆمەڵەی خوێنکاران بووم، رۆژێک بەرپرسێکی باڵای يەکێتی لەکۆبوونەوەیەکدا قسەيەکی سەرنجڕاکێشی کرد، وتی "دکتۆرەکانتان لە زانکۆ زۆر کەساسی مەعلوماتن"، دواتریش پێشنيازی هەندێک کتێبی بۆ کردين کە بيخوێنينەوە بۆ ئەوەی ئاگاداری بارودۆخی سياسی بين.

ئێستاشی لەسەر بێت نێوەندە ئەکادیمی و زانکۆکانی ئێمە پڕن لە دکتۆری کەساس و بیرنەکەرەوە، دوورتریش بڕۆ، بەرپرسەکان و ئەو هەموو راوێژکارەی لەدەوری سياسيەکان‌و سەرۆکایەتییەکانی هەرێم کۆبوونەتەوە، دیسان پڕن لە کەسانی کەساس و بێ ئەرزش.

هۆکاری سەرەکی ئەم دۆشدامانەی سیاسییەکان و ڕاوێژکارەکانیان، کە چارەسەرێکيان پێ نيیە بۆ کێشەکان و بەتايبەتیش کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم، زۆر بە کورتی ئەوەيە کە زۆربەيان خوێنەر نين و چاو کراوەش نین لە ئاست ئەو دۆخەی لە ناوچەکەو عێراق و هەرێم دەگوزەرێت.

رەنگە هەڵە نەبم گەر بڵێم هەیانە لەژيانيدا کتێبێکی لەسەر مێژووی ميللەتەکەی خۆی و تەنانەت حکومڕانيە 35 ساڵيەکەی دوای راپەرين و دونياش نەخوێندووەتەوە،  کەچی ئێستا لە پشت مێزێکەوە خاوەن بڕيار و دەسەڵاتە.

ئاخر کە تۆ سیاسی و حوکمڕان و ڕاوێژکار بیت، پێویستت بەوەیە لە ستراتیژی سیاسی و بەڕێوەبردن و ئیدارەی قەیران و دانوستان و چی و چی تر شارەزا و قاڵ بیت  و چارەسەرت پێبێت.

لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو ئەوکاتەی هێنری کيسنجر لەيەک کاتدا راوێژکاری ئاسايشی نەتەوەيی ئەمريکاو وەزيری دەرەوەش بوو، لە یەکێک لە کتێبەکانیدا باس لەوە دەکات کە "لەکۆبوونەوەی بەيانيان ئەو بابەتانەم دەخستە بەردەمی سەرۆک فۆرد، کەرووبەرووی دەبنەوە"، وەکو خۆی دەڵێت بۆئەوەی رژێمی يەکێتی سۆڤيەتی پێبناسێنێت، پێشنيازی خوێندنەوەی رۆمانی (ئەرخەبيلی گولاک)ـی (ئەليکسەندەر سولژنيتسين)ـی بۆ دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە فۆرد بيخوێنێتەوە، تا لەهەڕەشەکانی سۆڤيەت تێبگات.

ڕاستە ئێمە ئەڵمانیا نین، بەڵام 35 ساڵيش کەم نيیە بۆ حکومرانیی؛ با تەماشای ئەو ئەزموونە بکەین کە ئەنجیلا مێرکڵ چۆن توانی بەسەر سێ قەیرانی گەورەی وەک (ئابوری، کۆچبەران و کۆڕۆنا)ـدا زاڵ بێت‌و هەر یەکەیان بکاتە پەندێک بۆ داهاتوو، هەر بۆيەشە بە مێرکڵ دەوترێت سەرکردە، نەک لەبەرئەوەی کە قژ زەردو چاو شينە.

سەنگاپوور، کاتێک لە ناوەڕاستی سەدەی بیستدا خاکێکی قوڕو لیتە زیاتر هیچی دیکەی نەبوو، بەڵام توانیان لە تەنها چەند ساڵێکدا بیکەنە نموونەیەک لە ئاوەدانی و دواتریش وڵاتەکە ببێتە یەکێک لە پێنج باشترینەکانی دونیا لە زۆربەی بوارەکاندا.

مادامێک راوێژکارەکانتان ئەوەندە کەساسن، ئەی ئێوەی بەرپرس چی؟! کە تەنها ئینگلیزی زانی قسە خۆشن و جار جارێکیش لە پێشانگاکانی کتێب، ناونیشانی قەبەو کتێبی لاپەڕە زۆر بۆ جوانکردنی کتێبخانەکانتان دەکڕن.

دیسان باسی کيسنجر دەکەم کە لە دوا کتێبی باس لە شەش سەرکردەی سياسی سەدەی بيستەم دەکات کە چۆن وڵاتەکانيان بوژاندووەتەوە لەدوای جەنگی جيهانی دووەم و دەڵێت "ئەم سەرکردانە سەرەڕای جياوازيەکانيان بەدانانی بەرژەوەندی کۆمەڵگەکانيان لەسەرووی هەربەرژەوەندييەکی ديکەوە، لەرێگەی ئەو ستراتيژيانەی لەقۆناغە جياوازەکانی بارودۆخی سياسی و ئابوری و کۆمەڵايەتی وڵاتەکەيان پەيرەويان کردووە و بونەتە سەرکردەی راستەقينە"، هەروەها لە کاتە قەيرانەکاندا توانيويانە بڕيار بدەن، نەک دەستەوەستان بن. هەروەک جەخت لەوە دەکاتەوە کە "سەرکردايەتيکردن و رێنمايی هەرکۆمەڵگەيەک لە نێوان رابردووی خۆی و داهاتووەکەيدایە".

دەبوو ئێستا سەرکردە سياسيەکان و ڕاوێژکارەکانی ئێمەش، خەریکی دانانی پلانی بوون بەدەوڵەت و هەنگاوی دیبلۆماسی گەورە و تۆکمەکردنی هێزیی سەربازیی نیشتمانی و بوژاندنەوەی زیاتری ژێرخانی ئابوری و دامەزراندنی پیشەسازی زەبەلاح و هەناردەی کاڵا بوونایە بۆ وڵاتانی دراوسێ، نەوەک سەرەتاییترین مافی خەڵکەکەی خۆيان پێ دابین نەکرێت، کە موچەیە.

زۆرترین بینراو
سه‌عدی پیره‌: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای له‌ كاك بافڵ كرد به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌كان بكات
ئەکسیۆس: ئەمریکا پلانی هێرشێکی گەورەیان بۆسەر ئێران ئامادە کردووە
لە بەنزینخانەکانی هەولێر بە کارتی (کۆبۆن) کۆتایی بە نۆرەگرتن دەهێنرێت
"زه‌یدی داوای كردوه‌ ئێران هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌شتیانه‌ی نه‌وتی عێراق ده‌گوازنه‌وه، وه‌ڵامی رونی وه‌رنه‌گرتوه‌‌"
پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ ئاوێنە: ئەگەر یەکێتی‌و نەوەی نوێ توانییان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن پیرۆزباییان لێدەکەین
پەرلەمانتارێک: تێچوی لیترێک بەنزین ناگاتە ١٥٠ دینار، بۆ ھەرزانی ناکەن
لە شەوی رابردوەوە ئەمریکاو ئێران ھێرشیان نەکردۆتە سەر یەکتری
وتەبێژی سوپای پاسداران: دوای پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە ٢٠٠ ئەمریکی کوژراون
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
زێلێنسکی: هێزەکانمان کەشتییەکی روسیایان تێکشکاند کە باری ئێرانی هەڵگرتبوو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×