ماوەيەکە يەکێتی و پارتی بەبێ گوێدانە هیچکام لەو شەپۆلە گۆڕانکاریی و ئاڵنگارییە سەختانەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە، کەوتونەتە شەڕی میدیایی و سەرلەنوێ خەریکی قوڵکردنەوەی برینەکانن کە تا ئاستی کردنەوەی مەلەفی شەخسی و جنێوو سوکایەتی پەلی هاویشتووە.
ڕەگ و ریشەی ئەم دیاردەیە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکانی سەدەی رابردوو، کاتێک باڵی مەکتەبی سياسی ئەو کاتەی پارتی کەوتنە دژايەتی کردنی مستەفا بارزانی و شۆڕشی کورد لەباشور، تا کار گەیشتە جيابوونەوە لەحیزبەکەو بەئاشکرا هاتنەئارای دەستەواژەی مەلايی و جەلالیی، دواجاریش وەکو جەنگی سارد دابەش بوونيان بەسەر بيری سۆڤيەت و رۆژئاوا.
قۆناغێکی دیکەی ئەم یەکترشکاندنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دوای راپەڕین، کاتێک بۆ يەکەمين جار کورد بەيارمەتی ئەمەريکاو هاوپەيمانەکانی بوو بەخاوەنی پەرلەمان و حکومەتی خۆی. تەمەنی ئەم پێکەوە خۆبەڕێوەبردنە کەمتر لە دوو ساڵی خاياند و دواتر کەوتنە دژايەتی و ناشرينکردنی يەکتر و شەڕی ناوخۆ (کە بەداخەوە داتايەکی راست و دروست لەسەر کوژراوان و بێسەروشوێنەکانی ئەو شەڕە لەئارادا نییە).
کورد لە 35 ساڵی ڕابروودا جگە لە ئەزموونی شەڕی ناوخۆ، دیسان شەڕی جوندولئیسلام و ئەنسار ئیسلامی کرد کە سەدان قوربانی لێکەوتەوە، لەکاتی لێک نزیکبوونەوەی هەردوو حیزب بۆ یەکەمجار دوای شەڕی ناوخۆ پارتی و یەکێتی لە کارەساتی تەقينەوەی بارەگاکانيان لە1ـی شوباتی 2004 لەهەولێر، پێکەوە 96 ئەندام و کادیریان کوژران و 241 کەسیشیان بریندارو کەم ئەندام بوون، هەڵبەت ئەوەش بەرهەمی دووبەرەکی شەڕی ناوخۆ بوو کە گروپە ئیسلامییە تونڕەوەکان بەو شێوەیە سەریان هەڵدا.
هەر دوێنێش بوو شەڕی داعش یەخەی بە هەرێم گرت و بێ جیاوازی سەوزو زەرد، سەدان شەهید و قوربانیی درا.
شەڕی میدیایی ئەم جارەی پارتی و یەکێتی بەفەرمی لە کەناڵە زەبەلاحەکانی هەردوو حیزب و بەسەدان پەیجی فەرمی و سێبەر و ئەکاونتی شەخسییەوە خەریکی گەرمکردنی دەهۆڵی شەڕەکەن.
مەکتەب سیاسی و پەرلەمانتاران، کادرانی مەڵبەند و لقەکان، لێپرسراوی کۆمیتەو ناوچەکان، ئەفەندی و دەستڕۆیشتووەکانی هەردوو حیزب، لێشاوێک لە پێشکەشکار و پەیامنێر و دەم گەرمی خەمسارد، ڕۆژ تا ئێوارە لە قسەی شەڕ و کینە بەولاوە وشەیەکی ئەرێنی لە دەمیان ناتکێت.
ناکرێت يەکێتی بەناوی "سياسەتی حەکیمانە"وە بەجیا سازش بۆ بەغدا بکات و تەنها لەبەر پۆستی سەرۆک کۆمار هێڵێک بەسەر پارتیدا بهێنێت، هەروەک ناشکرێت پارتی لە بورجی عاجدا دابنیشێت و بیەوێت قۆرخی هەرچی دەسەڵاتە بیکات.
مامەڵەکردنی ڕاستەقینە لەگەڵ بەغدا، لەڕێگەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتەکەيەوە دەبێت، بەڵام پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و یەکتری نەخوێندنەوەی لايەنەکورديەکان، وایکردووە جیا بەجیا هەر ڕۆژەی لە ماڵی عەمامە بەسەرێک سەرۆک حیزبێکمان بەیاوەری ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسییەکەی نانی نیوەڕۆ بخۆن و لەلاوە وەعدی پۆستێکيان پێبدەن.
ئەزمونی کورد لەبەغدا چەند کاتێکی کەمی لێدەرچێت، هەمیشە ناشرین و کەم و کوڕ بووە، ئەم دوو هێزە بەجیا و بێ هیچ ڕێککەوتنێک خۆیان دەخەنە نێو گێژاوی ئەو هێزە شیعی و سونییانەی کە تەواو بارگاوین بە هەژموونی وڵاتانی دراوسێ، جا هەرکامیان (یەکێتی و پارتی) لەسەر حسابی ئەوی تریان پۆستێکی لەسەر سینی زێڕین پێشکەشکرا، ئەوا بەدڵنیایی دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکرێت و دیارییەکە بێ بەرامبەر نییە.
ئاخر کاتێک بە جوڵەيەک لەگەڵ بەغدا يان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و نێودەوڵەتی دەوترێت دەڵەتمەداریی، کە ئەو جوڵەيە بۆ بەرژەوەندی هەرێم و ميللەت و خەڵکەکەت بێت، بەدەر لەمە هەنگاوێکە دەچێتە بۆتەی بەرژەوەندی حیزبیی و کەسییەوە.
ئەم دۆخە پێمان دەڵێت کورد هەميشە گیرۆدەی "خۆبەکەم زانين"ە، حەزی نەکردووە وەک "پياو يان ژن"ی دەوڵەتمەدار مامەڵە بکات و بەرژەوەندی ميللەتەکەی وخەڵکەکەی بخاتە سەرو هەموو شتێکەوە.
چەرچڵ کە سەرۆک وەزيرانی بەريتانيا بوو، لەکاتی جەنگی جيهانی دووەم کە لەگەڵ ستالينی سەرۆکی ئەوکاتی يەکێتی سۆڤيەت هاوپەيمانی دەبەستێت، کاتێک پرسياری لێدەکەن لەسەر بنەماکانی ئەو رێککەوتنە، دەڵێت: "لەدژی هێتلەر و لەپێناو وڵاتەکەم ئامادەم هاوپەيمانی لەگەڵ شەيتانیش ببەستم"، بەمەش دەيزانی بەم هاوپەيمانێتییە وڵاتەکەی لەهەڕەشەکانی ئەڵمانيا دەپارێزێت.
پرسیارەکەش ئەوەیە؛ ئايا هیچ کام لە یەکێتی و پارتی شەيتانەکەن؟ يان پەرۆشيیەکەیان بۆ ئەم هەرێمە دەگاتە چارەکێکی دڵسۆزيەکەی چەرچڵ بۆ وڵاتەکەی؟
ئەگەر تەماشای هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی بکەين، دەبينين بە 64 نوێنەری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەکۆی 22 وەزارەتيش تەنها چوار وەزيريان پشکی کوردە، هەڵبەت جگە لە سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک پۆستی دیکە، هەموو ئەمانە نەيانتوانيوە کارێکی وابکەن تەنيا موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆيدا ڕەوانە بکرێت، بگرە ساڵانە موچەی چەند مانگێکيان دەفەوتێت، کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر کۆدەنگییەک لە ئارادا بووایە، ڕەنگە دۆخەکە وەک ئەمەی ئێستا خراپ نەبووایە.
شیعەکان و سوننەکان بەبەردەوامی سوودیان لەو پەرتەوازەیی و لێکدابڕانە ناوخۆییەی کورد بینیوە، چونکە ئەوان دواجار بەیەک پاکێج لەگەڵ هەرێمێکی بەهێزو تۆکمەدا مامەڵە ناکەن، بەڵکو حیزب حیزب دەتخوێننەوە کە ئەوەش کارەکەیان ئاسانتر دەکات و قەوارە کورديەکەش بەرەو لاوازی دەبات.
ئەم دۆخەی کە پارتی و يەکێتی خولقاندوویانە، دەکرێت نوخبەيەک لە رۆشنبير و ئەو سياسيانەی کە ئێستا لە ساحەکە نەماون، بەڵام خاوەن مێژوويەکی جوانن و تێوەگلاونین لەگەندەڵی، هاوکات لەگەڵ هەندێک لە سەرۆکی رێکخراوە مەدەنيیە لۆکاڵییەکان و خەڵکانی دڵسۆز، لۆبی و فشاری گەورە دروست بکەن و لەدەرگای کەسی يەکەمی حیزبەکان بدەن، ببنە نێوەندگيرێکی باش تا رێکبکەون و بە نووسراوو بەياننامەی فەرمی کۆتایی بەم ماڵوێرانی و شەڕە ميديایيە بهێنرێت. پەلە بکرێت لەکردنەوەی دەرگای پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت.
هونەرمەندان، قوتابیان و خوێندکاران، بازرگانان و کاسبکاران و خەڵکانی دیکەی ئەم وڵاتە کە ڕۆژ دوای ڕۆژ گیرۆدەتر و گیرفان بەتاڵتر دەکرێن، ئیمزای ناڕەزایی کۆبکەنەوەو نەهێڵن دەنگی نەبیستراوی ئەوان بە هات و هاواری میدیایی بێدەنگتر بکرێت، با فشار بکرێت لە پێناو رێگريکردن لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخە خراپەکە.
هەموو ئەمانەش لەسۆنگەی بەرپرسيارێتی بەوەی بەرهەمی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بەری رەنجی خۆبەختکردن و ئەو هەموو نەهامەتی و قوربانی و ئازارچەشتنەی خەڵکی ئەم هەرێمەيە لەپێناويدا، نەک بەتەنيا سياسيەکانی ئەوان.