ئەمڕۆ موچە شۆڕشە و شۆڕشیش موچەیە، چونکە بژێوی ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکی پێوە گرێدراوە، خەڵکی تاقە چاوەڕوانییان بوویتە موچەو بیر کردنەوەی تەنیا لەسەر موچەیەو ئەگەر ئەو رەوشە بەردەوام بێت کارەسات و مەرگەساتی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە دواوەیە، ئێستاش تووش ھاتووین بەڵام ھەڵی چارەسەر ماوە، چونکە ئەگەر بێ چارەسەر مایەوە پێشھاتی باشی نابێت، کۆبونەوەکان و لێدوانەکان و ھەڕەشەکان بە قسەی ئاگرین ، دادی گیرفانی بە تاڵ و زگە برسییەکان نادات ھەروەکو گوتراوە( بۆ میللەتێکی برسی باسی دیموکراسی و سوسیالیزم نەکە، چونکە ئەوان چاویان لە نانە)(١) دانی فەردە ئاردێک لە سەدان قسەی خۆش باشترە، ئەمڕۆ نان واتە کوردایەتی، بێ نانی دوریی خەڵکە لە کوردایەتی، با حکومەتی ھەرێم گوێ بەقسەی موجامەلە چییە نا دڵسۆزو تێرەکان نەدات، کە دە ساڵی دیکەش موچە نێت منەتیان پێوە نییە، ھەر بیر لە موچە ناکەنەوە، بەڵام سەیری منداڵی شیرخۆرو ماڵە کرێدارەکان بکەن، سەیری سوپەر مارکێتەکان و ئەو قەرزەی لەسەر خەڵکەو ئەو نەخۆشانەی لە بێ پارەیی ناتوانن دەرمان بکڕن و چارەسەر وەرگرن، ھەندێکیان لە بێ پارەیی دەمرن بە داخەوە، ئەوەش ئەفاڵێکی نوێیە خراپترە لە ئەتفاڵی کۆن، ئەنفاڵی کۆن بیری نەتەوایەتیی بە ھێزدەکرد، ئەنفاڵی نان بڕین بیری نەتەوایەتی لاواز دەکات بگرە بەرەو نەماندەبات.
ئەو سەرکردانەی دوێنێ خۆشەویستی خەڵکبوون ئەمڕۆ لە بەر بێ موچەیی باشتر بڵێم برس خۆشەویستیان کاڵبۆتەوە، با چارەسەریەک بدۆزرێتەوە، بەھەر شێوەیەک بێت.
با ئەوانەی دەڵێن موچە ھیچ نییە بێن ماڵەکانیان لە گەل خەڵک دابەش بکەن ئەو کاتە دە ساڵی دیکەش موچە نێت، خەڵک تەحەمولدەکات، ھەروەکوو لە چیاو پێشمەرگایەتی تەحەمولیاندەکرد، لە لایەک سێویان دەچنی و لە گارگەکان کاریاندەکردو منداڵەکانیان بە خێو دەکردو لە ھەمانکاتدا دەبوونە پێشمەرگە.
لە (کۆبونەوەی رۆژی ٨/٧/٢٠٢٥ حکومەتی عیراق بڕیاری ناردنی موچەی ھەرێمی کوردستانی نەداو لێژنەیەک پێکدەھێنێت.)(٢) ئەو بڕیارانەش زامی خەڵکی گیرفان بەتاڵ ساڕێژ ناکات، پێویستە بەدادی ئەو خەڵکە وەفادارە بێن،کە بە ماڵ و گیان ھاوکاریی پێشمەرگەیان دەکرد، و حکومەتی ھەرێم چ لە رێگای دەوڵەمەندە گەورەکانەوە کە زۆرن و یانیش بە پارەی خۆی موچەکە بدات، ھەموو نوێنەرانی خۆی لە وەزیرو نوێنەرو پەرڵەمانتارەکان بکشێنتەوە، ئەگەر حکومەتی ھەرێم توانیی سێ مانگ سەربەخۆ موچە بدات، بێی گەڕانەوە بۆ بەغدا بێگومان حکومەتی عیراق خۆی بۆ گوتوبێژ بەرەو ھەولێر دێت، زۆر جیاوازیی ھەیە شاندی ھەرێم بڕواتە بەغدا، یان بەغدا بێتە ھەرێم، کاتێ کورد دەڕواتە بەغدا، ھێز لە دەست بەغدایە، ئەگەر حکومەتی بەغدا بێتە ھەولێر ئەوە ھێزی قسە لە دەست کوردە.
لە گوتوبێژیش ھێز قسە دەکات نەک سوزو بەزەیی و راستی.
ئەوەش فەرامۆش نەکرێت، ھێزی ھاوپەیمانان کە دۆستمانن بە تایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاو دێریماندەکەن، ھەروەکو لە ساڵی ١٨٨٠ ئەو کاتەی شێخ عوبەیدوڵای نەھری راپەرینیکرد، کونسولی روسیا پێی گوت: سەربەخۆیتان بدەینی دەتوانن خۆتان بەڕێوە ببەن، شێخ وەڵامیدایەوە: یەکساڵ چاودێریمان بکەن، ئەگەر نەمانتوانی خۆمان بەڕێوە ببەین، ئەوە حکومەتەکەمان لێبستێننەوە.
ھەروەھا لە ئەنجامی کێشە چارەسەر نەکراوەکاندا کێشەی خورشید ھەرکیش سەریھەڵدا، ئەوەش بۆ ئەو ھەلانە دەگەڕێتەوە ، ھاتن دیوەخانیان ئاوەدانکردو خانووە بە قوڕەکانیان فراوانکرد، دەوڵەمەندی نوێیاندروستکردو بگرە ئاغای نوێش دروستکرا، با رێز لە ئاغاو شێخ و ھەموو خەڵک بگیرێت، بەڵام نەک ھەژارەکان برسی بن و خەڵکێکیش بە ناوی جۆراوجۆر گەمەیان بە ھەژارو نەداری ئەو وڵاتە بێت، کە ھەر ئەوانەن لە کاتی تەنگانەدا بە ھانای کوردستانەوە دێن، بەراستی چارەسەر نەکردنی ئەو کێشانە بۆ ھەموان مەترسیدارە.
--------------------
١-سیمیناری نیکیتا خرۆشچۆف.
٢-کۆبونەوەی حکومەتی عیراق.