ئێران و ئەمریكا؛ لەنێوان ڕێكەوتنی ئەتۆمی و پڕۆژەی پێشنیاركراوی نوێ ترامپدا، بەرەو كوێ؟

ئەركان ئەحمەد جاف
  2026-03-28     235

خوێندكاری دوكتۆرا لە مێژووی نوێ و هاوچەرخ

 

دوای ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی 5+ 1 (ئەمریكا، ڕوسیا، چین، فەڕەنسا و بەریتانیا لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیا) لە ساڵی 2015، هەڵوێستی جیاواز بەتایبەت لە هەریەك لە وڵاتانی ئێران و ئەمریكا بەرامبەر ئەو ڕێكەوتننامەیە بوونی هەبوو. لەنێوخۆی ئێراندا، بەهۆی ئەو ماف و جیاوكانەی (ئیمتیاز) كە ئێران بە وڵاتانی بەرامبەری دابوو، ئوسوڵگەراكان بەڕادەیەك دژی وەستانەوە كە هەندێكجار سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوی ئەوكاتی ئێران (حەسەن ڕوحانی و محەمەد جەواد زەریف)یان بە ناپاكیكردن لە ئێران ناوزەد دەكرد. لەنێوخۆی ئەمریكاشدا، كۆماریەكان ناڕەزایی توندیان بەرامبەر ڕێكەوتننامەكە دەردەبڕی و تەنانەت سەرۆك و وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا (باراك ئۆباما و جۆن كاری)یان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە هەلێكی گەورەیان داوەتە ئێران كە خۆی لە سزا نێودەوڵەتییەكان ڕزگار بكات و دووبارە خۆی بەهێز بكاتەوە، هەربۆیە هەر لەسەرەتای هەڵبژاردنەكانەوە، دۆناڵد ترامپی كاندیدی كۆماریەكان بنگەشەی ئەوەی دەكرد كە لە ئەگەری دەرچوونیدا، ئەمریكا لە ڕێكەوتننامەكە دەهێنێتە دەرەوە و بەڵێنەكەی جێبەجێكرد و لە ئایاری 2018، ئەمریكا لە ڕێكەوتنەكە كشایەوە و لەوكاتە بەدواوە قۆناغێكی نوێ لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا دەستیپێكرد. لە ئێستەدا كە جەنگی ئەو دوو وڵاتە پێێ ناوەتە دەیەی سێیەمی خۆی، ئەمریكا پڕۆژیەكی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران پێشنیار كردووە كە تا ڕادەیەكی زۆر لە ڕێككەوتنی 20015 جیاوازە. لێرەدا بە خستنە ڕووی خاڵەكانی هەردوو ڕێككەوتنەكە، بەراورد و گەنگەشەی خاڵە هاوبەش و جیاوازیەكانیشیان دەكەین.

یەكەم/ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران- وڵاتانی ٥+ 1 نا سراو بە (بەرجام) كە لە ساڵی 2015 دا، هەردوولایان پابەند كرابوون بە جێبەجێكردنی چەند خاڵێك لەوانە:

ئەلف/ بەڵێنەکانی وڵاتانی 5+ 1:

١. لابردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئێران.

٢. لابردنی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا لە بواری دارایی، بانکی، نەوتی، گازی، کەشتیوانی و بیمەیی لەسەر ئێران.

٣. لابردنی سزاکانی ئەمریکا لەبارەی ئەتۆم لەسەر کۆمپانیا بیانییەکان کە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکەن.

ب/ بەڵێنەکانی ئێران:

١. پیتاندنی یۆرانیۆم تەنیا لە وێستگەی نەتەنز ئەنجام بدرێت، وێستگەی فۆردۆ بگۆڕدرێت بۆ ناوەندی توێژینەوە تا ١٥ ساڵ.

٢. پیتاندنی یۆرانیۆم کەم بکرێتەوە بۆ ڕێژەی %٣.٦٧ کە پێشتر ٢٠٪ بوو.

٣. هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ٣٠٠ کگم زیاتر نەبێت.

٤. ژمارەی سەنتەرفیوژە چالاکەکان لە نزیکەی ١٩ هەزارەوە بۆ ٥٠٦٠ کەم بکرێتەوە و زیادەکان لەژێر چاودێری ئاژانسی ئەتۆمیی لەناو ببرێن، بەڵام دوای 15 ساڵ ئازاد بكرێن.

٥. ڕێگەبدرێت کە پشکنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم، هەرکات و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، بیانەوێت، سەردانی وێستگە ئەتۆمیەكان بکەن و کامێرای چاودێری ڕاستەوخۆش لە وێستگە و شوێنە پێویستەکان دابنرێت.

دووەم/ لە پڕۆژە پێشنیاركراوی ئەمریكا بۆ ئێران، داواكاری و بەرژەوەندیەكانی هەردوو ووڵات، بەم شێوەیە تێیدا ڕەنگی داوەتەوە.

ئەلف/ لە پڕۆژە پێشنیاركراوەكەدا، ١١ داواکاریی ئەمریکا لە ئێران بوونی هەیە كە بریتیین لەوە ئێران:

١. توانا ئەتۆمییەكانی خۆی لەناوببات.

٢. بەڵێن بدات كە هەرگیز هەوڵی دروستكردنی چەکی ئەتۆمی نەدات.

٣. هیچ جۆرە پیتاندنێكی یۆرانیۆم لە خاکی ئێران ئەنجام نەدرێت.

٤. ئەو ٤٥٠ كگم یۆرانیۆمەی کە بە ڕێژەی ٦٠٪ پیتێنراە، بەپێی کاتێکی دیاریکراو ڕادەستی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بکات.

٥. وێستگە ئەتۆمیەكانی ئێران (نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ) دابخرێن.

٦. ڕێگە بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بدرێت كە بە تەواوی چاودێری بەرنامە ئەتۆمیەكانی بكات.

٧. دەستبەرداری بەکارهێنانی هێزە نیابەتییەکانی خۆی لە ناوچەکە ببێت.

٨. پاڵپشتی دارایی، ڕێنمایی و پڕچەككردنی هێزە نیابەتییەکان ڕابگرێت.

٩. گەروی هورمز دەبێت کراوە بێت و وەک ڕێگایەکی ئازادی نێودەولەتی دەریایی کاربکات.

١٠. پرۆگرامی موشەکی لە ڕووی ژمارەوە مەودا سنووردار بکرێت.

١١. بەکارهێنانێکی موشەک لە داهاتوودا، دەبێت تەنها بۆ بەرگری لەخۆ بێت.

ب/ ئەو خاڵانەی كە لە پڕۆژە پێشنیاری نوێدا لە بەرژەوەندی ئێراندان، لە 3 خاڵدا خۆی دبینێتەوە كە بریتین لە:

١. هەموو ئەو سزایانەی لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەیییەوە بەسەر ئێراندا سەپێنراون، بە تەواوی لادەبرێن.

٢. ئەمریکا یارمەتی ئێران دەدات لە بەرەو پێشبردنی ئاشتیخوازانەی پرۆگرامی ئەتۆمی، وەک بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی بوشەهر.

٣. لابردنی میکانیزمی "گەڕانەوەی خۆکاری سزا". واتە ئەو مەرجەی كە ئەگەر کە ئەگەر ئێران پابەند نەبێت، سزاکان خۆکارانە بگەڕێنەوە، لادەبرێت.

سێیەم/ لە هەڵسەنگاندن و بەراورد كردنی بنەماكانی ڕێككەوتنی ئەتۆمی و پڕۆژەی پێشنیاركراوی نوێی ئەمریكا بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران، دەتوانین بگەینە ئەو دەرەنجامەی كە:

ئەلف/ لەڕووی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە:

لە ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی (بەرجام)دا تاڕادەیەكی ماف بە ئێران درابوو، بۆ نموونە ڕێگەی پێدرابوو كە، بۆ ماوەی 15 ساڵ یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٣.٦٧٪ بەرهەم بهێنێت، دواتر ئازاد دەبوو لە بەرهەمهێنان. بڕی 300 كیلۆ بەو ڕێژەیە لە كۆگاكانیدا هەڵبگرێت. ئەگەرچی ژمارەی سانتەرفیوژەكان و وێستگە ئەتۆمیەكانی كەم كرانەوە، بەڵام لەناو نەبران.

لە پڕۆژەی نوێێ پێشنیار كراودا سەرجەم ئەو مافانە لە ئێران سەرندراونەتەوە ئاماژەی بەوە كردووە كە، بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بكات بە سفر. یۆرانیۆمی پیتێنراو بە تەواوی ڕادەست بكات. سانترفیوژەكان لەناو ببات و وێستگەكان بەتەواوی دابخات و هەموو چالاكییەكی ئەتۆمی ڕابگرێت.

ب/ لە ڕووی سیستەمی بەرگری ئێرانەوە:

لەڕێكەوتننامەی بەرجام، بەهیچ شێوەیەك باس لە هەندێك بابەتی وەك: سیستەمی بەرگری ئێران، پەیوەندی ئێران بە هاوپەیمانەكانیەوە و گەرووی هورمز نەكرابوو، بەڵام لە پڕۆژە نوێكەدا زۆر بە توندی بەئامانج گیراون و باسی لەوە كردووە، كە بەرنامەی موشەکە بالستیکەکانی ئێران بەتەواوی لەناو ببرێت و موشەكە بەرگرییەكانی دیكەش لە ڕووی ژمارە و مەوداوە سنووردار بكرێن. هەروەها تەواوی پشتیوانی دارایی و چەک لە گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکە ببڕدرێت. دڵنیاییدانی ئێران بەوەی کە گەرووی هورمز وەک ڕێگایەکی نێودەوڵەتی بەكراوەیی بمێنێتەوە.

ج/ لەڕووی پابەندی هەدوو لاوە:

لە بەرجام و پڕۆژە پێشنیاركراوەكەشدا، كۆمەڵێك پابەندی بۆ هەدوولا دیاری كراوە. لەبەرجامدا، وڵاتانی 5+ 1 بەڵێنیانداوە كە ڕێگرییە ئابووری، ناوەکی و داراییەکانی ئێران لا ببەن و ئەرکانی تری وەك: ئاساییکردنەوەی بازرگانی و گەمارۆ بانکییەکانی ئێران. لە بەرامبەریشدا ئەو مافەی بە ئەو ووڵاتانە دابوو كە ئەگەر ڕازی نەبن لە پابەندییەكانی ئێان، ئەوا مەرجی (گەڕانەوەی خوكاری سزاكان) یان بۆ دیاری كردبوو كە دووبارە بتوانن سزاكانی سەر ئێران بگێڕنەو. لە پڕۆژە پێشنیارەكەدا، ئەگەر چی مەرجی گەڕانەوەی خوكاری سزاكان لابراوە، بەڵام بەشێوەیەك لە شێوەكان ئەمریكای كردووەتە چاودێر و هاوبەشی ئێران لە بواری نەوتی و ئەتۆمیدا.

بۆیە لێرەدا دەگەینە ئەو پرسیارەی كە ئایا ئێران بەم پڕۆژە پێشنیار كراوەی ئەمریكا ڕازی دەبێت یان نا؟ بۆچی؟ لەڕاستیدا پێشبینی ئەوە ناكرێت كە ئێران تەواوی ئەو خاڵانەی نێو پڕۆژەكە پێشنیار كراوەكە پەسەند بكات و هەر لەسەرەتاشەوە بە چاوێكی گۆمانەوە لێی دەڕوانێت و ئەوەندەشی بە فێڵێكی دیكەی ئەمریكا بۆ سەرقاڵكردنی ئەو وڵاتەی زانیوە، ئەوەندە بە پڕژەیەكی گرنگ و ستراتیژی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی ئاشتیخوازانە لێێ نەڕوانیوە. لەبەرئەوە ئاساییە كە پێشبینی ئەوە بكرێت كە ئێران بەم مەرجانەی ئەمریكا ڕازی نابێت و لەبنەڕەتیشدا ڕازی بوونی ئێران بەم مەرجانە، بۆخۆی بەجۆرێك لە جۆڕەكان بە واتای تەسلیمبوونی ئێران لە بەرامبەر فشارەكانی ئەمریكا وێنا دەكرێت، چونكە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، ئێران چەند هەنگاوێکی ناوەکی هەڵگرتووە و ئاستی پیتاندنی گەیاندووەتە ٦٠٪ و لەناوبردنی تەواوی ئەو ڕێژەیە، كەمێك سەختە بۆ ئێران. هەروەها ئێران ڕایگەیاندووە كە دانوستان لە ژێر هێرشی سەربازی ڕاستەوخۆدا، لە ڕوانگەی ئەوانەوە واتای ڕەوایەتیدان بە زۆرداری و هێرشەكانی ئەمریكایە، بۆیە بە بێ وەستاندنی جەنگ، ئێران ئامادەی دانووستان نابێت. لەلایەكی دیكەشەوە، هێنانە ناوەوەی بابەتی سیستەمی بەرگری (مووشەك و درۆن) بۆ نێو ڕێككەوتنەكان، لای ئێران هێڵی سورن و ئێران بە لەناوبردن و سنووردار كردنیان ڕازی نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×