کەی شەممە دێت؟!

د. ئەمیر حسێن
  2025-10-11     350

لە نەخۆشخانەیەکی دەرونی پزیشکەکە لە نەخۆشەکەی پرسی:

ئەمڕۆ چ ڕۆژێکە؟

وەڵام: ئەمڕۆ هەینییەز

پزیشک: ئەی بەیانی؟

وەڵام: هەر هەینییەز

بەسەرسوڕمانەوە: ئەی کەی شەممە دێت؟

زۆر بەهێمنی نەخۆشەکە لەوەڵامدا وتی:

شەممە ئەوکاتە دێ ئەمڕۆمان جیاوازبێت لەگەڵ دوێنێ، ئەوکاتەی هەنگاوێک لە دادپەروەری نزیک دەبینەوە، ئەوکاتەی دادپەروەری ئەمڕۆ لە دوێنێ زیاتربێ و ستەمی دوێنێ لەهی ئەمڕۆ کەمتر، تەنها ئەوکاتە شەممە دێت دکتۆر.

   ئەگەرچی لە ڕوکەشدا ئەم دیالۆگە زۆر سادە خۆی پێشاندەدات ، بەڵام لە جەوهەردا فەلسەفەیەکی قوڵ دەشارێتەوە : نەخۆشەکە دەربارەی تێکچونی هاوسەنگی لە بیرەوەری و تێڕوانینی شێواوی خۆی بۆ کات قسە ناکات ، بەڵکو باس لە تێکچونی هاوسەنگی و تێڕوانینی شێواوی جیهان دەکات ، لە بەرامبەر غیابی هۆشیاری دادپەروەرانەو کاریگەریەکانی چەمکی گۆڕان . لەم دایالۆگەدا کات تەنها تێپەڕینی کاتژمێرەکان و چرکە ساتەکان نیە ، بەڵکو درێژبونەوەیەکی مۆڕالیە ، جارێکیتر دەخزێتەوە نێوان بۆشاییەکان و بەهەڵوێست پڕیان دەکاتەوە، هەڵوێست بەرامبەر ئەوانیتر ، هەڵوێست بەرامبەر بوون تا دەگاتە هەڵوێست بەرامبەر سروشت و گەردون ، ئەم هەڵوێستانە تا ئاوس نەبن بە گۆڕان ، هەمیشە بە پوچی دەمێننەوە وهەرگیز هیچ  مانایەکی مۆڕاڵی قوڵ ، بە کات نابەخشن . بۆیە داماڵینی گۆڕان لە هەڵوێست تەنها بە تاڵ کردنەوەی نیە لە مانا ، بەڵکو فڕێدانی کاتە بۆ نێو بەستەڵەکی مێژوو .

   لێرەوە کات لە پێوانە و بژاردنی نێوان  مەسافەوە ، دەگۆڕێ بۆ بابەتێکی مۆڕاڵی بە ئیمتیاز ، هیراکلیتیس دەڵێت : “ هەموو شتێک دەگۆڕێ و هیچ شتێک وەکو خۆی نامێنێ “ بەڵام کاتێک دوبارە بونەوە دەبێتە یاسا ، ئەوکاتە گۆڕان دەبيتە وەهم وخەونێکی ئەبەدی ، ئێمە دەکەوینە بەردەم کاتێکی مردوو ، وەک نیچە لە بیرۆکەی گەڕانەوەی سەرمەدیدا باسی دەکات ، مرۆڤ ئیتر دەکەوێتە دوبارە بەرهەم هێنانەوەی هەڵەکان و کڵۆمدانی ئاسۆی چارەسەری ناسۆری و ئازارەکانی .

   لە بەرامبەردا کاتی زیندوو بەسەر دووبارەبونەوەدا تێدەپەڕێ و بازدەدات ، ئەمەش وادەکات بەیانی ڕۆژێکی نوێ و ڕوداوێکی تازەبێت لە ئاگامەندیماندا ، نەک تەنها ژمارەیەکی ئاسایی سەر لاپەڕەی ڕۆژژمێرەکان ، ئەوە ئەو کاتەیە تیایدا ڕۆژەکانی ، تەنها بە بڕی ئەو دادپەروەریە پێوانە دەکرێ ، کە بۆ بەیانی مسۆگەری دەکەی و بەدەستی دەهێنێ ، یان بە بڕی ئەو ستەمەی دەتوانی لەسەر خۆتی لابدەی و بیسڕیەوە . فۆکۆ پێیوایە “ مێژوو بە گوتاری سیاسیەکان و ئاڵوگۆڕی ڕوخسارەکان جوڵەناکات ، بەڵکو بە گۆڕانی ڕێشەیی نەخشەڕێی دەسەڵات و زانین بەڕێوەدەچێ “ ئەوکۆمەڵگایەی دەسەڵاتدارەکانی ئاڵوگۆڕ پێدەکات بەبێ دەست بردن بۆ بونیادی کۆنکرێتی سیستەمی دەسەڵات ، گرەوی گۆڕانکاری و ژیانێکی باشتر لە دوێنێ ناباتەوە ، بەڵکو دوێنێ بە بەرگێکی نوێوە دوبارەدەکاتەوە . ستەم کات دەکات بەژێر دەستو پێی دەسەڵاتدارانەوە ، لە پنتێکی جێگیرو نەگۆڕدا ، وەکو بتێکی ناشیرین دایدەکوتێ ، لێرەوە چیرۆکی دوبارەبونەوەیەکی بێزارکەر دەستپێدەکات ، دوبارەبونەوەی ستەم دوبارەبونەوەی نادادی ، دوبارەبونەوەی گەندەڵی و دزی و پێشێل کردنی ماف و کەرامەت و دوبارەکردنەوەی حیکایەتە قێزەونەکانی خیانەت و بازرگانیکردن بە خاک و خۆفرۆشی ، ئیتر فەزای گشتی خۆڵبارانی بێ مۆڕاڵی دایدەگرێ ، تۆزو خۆڵی ئەم کەشە خنکێنەرە ، کێرڤی بێشەرمی دەسەڵاتداران تا ئەوشوێنە بەرزدەکاتەوە ، چارەگە سەدەیەک ، تا نیو سەدە و بگرە زیاتر لە سەدەیەکی پڕ ، لەسەر کورسی ستەم و نادادی دابنیشن . مێژوو لە سێبەری دەسەڵاتی ئەم جۆرە سیستەمانە ، هەر زوو پەتکە دڕکی دەپسێ و بەیەکجاری لە جوڵە دەکەوێ ، شەممە دەبێت بە سەراب و لە مانای ڕۆژێکی نوێ بەتاڵدەبێتەوە و دادەچۆڕێ .

   جەلالەدینی ڕۆمی ڕاستی فەرموە کاتێک دەڵێت : “ هەر ڕۆژێک لە نوێوە تیایدا لەدایک نەبیەوە ، ئەوە ڕۆژێکە تیایدا نەژیاوی “ بێگومان لێرەدا مەبەست دووبارە لەدایکبونەوەی بایۆلۆژی نیە ، بەڵکو بەردەوام نوێبونەوەی ڕوحی و کلتوریە، هەر کۆمەڵگەیەک توانای گۆڕانکاری و نوێبونەوە لەدەست بدات ، ڕۆژەکانی وەک لاپەڕەسپیەکانی مێژووە ، هێشتا هیچی تێدا نەنوسراوە ، چاوەڕوان ناکرێ شەممەش هیچی تێدا بنوسێ .

    لە وەڵامی نەخۆشەکەوە شەممە تەنها ڕۆژێک نیە ، بەڵکو دەبێتە سیمبولی گۆڕان و هەستانەوە ، ئەو ڕۆژەیە ئیتر دابڕان دروست دەکات لەگەڵ دوێنێدا ، بازنەی دوبارەبونەوە هەڵدەتەکێنێ و مانایەکی نوێ بە کات دەبەخشێتەوە ، تیایدا مرۆڤ پێش ئەوەی چاودێری کاتژمێرەکەی دەستی و ڕۆژمێرەکەی بەردەمی بکا ، چاودێری هۆشیاری ویژدانی دەکا ، وەک چۆن بەلای ئیدمۆندهوسرڵ وە کات تەنها زنجیرەیەک ( ئێستا )ی جۆراوجۆر نیە ، وەک بابەت لە دەرەوەی خود ، بەڵکو تاڤگەیەکی بەردەوامی بونیادی خودی هۆشیاریە ، تێیدا ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو لەناو ئەزموونی هۆشیاریدا بە تێکەڵاوی هەڵدەڕژێن .  

    لە کۆتایدا ، وەڵامدانەوەی پرسیارێکی لەم جۆرە ، لە وڵاتی ئێمەدا وەک سۆنەری هۆشیاری بە کۆمەڵە ، پێش ئەوەی بچینە ژێر سکانی دەستنیشانکردنی دەردە کوشندەکە ، ئێمە لە هەینییەکی بەردەوام و ئەبەدیدا دەژین ، هەینییەکی داخراوی دوبارە ، لانیکەمی زیاتر لە سی ساڵە دروشمەکان دەگۆڕێن ، فۆڕم و ئاڕم و ڕەنگ و سیماکان دەگۆڕێن ، بەڵام هەینی هەر هەینییە : هەمان ستەم ، هەمان نادادی ، هەمان ترس و تۆقاندن و دزی و گەندەڵی و تاڵانی ، هەمان چاوەڕوانی نادیار و بێئومێدی بێزارکەر . ئێمە کۆمەڵگەیەکین پێمان وایە ، هەڵگێڕانەوەی لاپەڕەیەکی ڕۆژژمێر بەسە ، بۆ ئەوەی بچینە ناو ڕۆژێکی نوێ ، ئاهەنگ بۆهاتنی ساڵێکی نوێ دەگێڕین ، بەڵام ساڵی کۆنمان مێخ زنجیر کردوە وەک بتێکی پیرۆز ،هەمیشە لە کڕنۆش دا وەستاوین و دەستەو دوعا بۆ ئەوەی تێنەپەڕێ . شەممە بە نمایشی  کۆمیدی هەڵبژاردن و بڕیاری سیاسی و مژدەی درۆینە نایەت دڵنیابن ، بەڵکو بە وەرگرتنەوەی جڵەوی کات دێ لە دەست دەستەبژێری بێ مۆڕاڵی سیاسی ، ئەوکاتەی چیتر ڕۆژەکان بەوە ناپێوین چی ڕویداوە ، ساڵ بە ڕوداوە دووبارەکان ناناسینەوە ، بەڵکو بە گۆڕانکاریەکان لە خۆماندا ، بە بێدارکردنەوەی هۆشیاری بە کۆمەڵ ، جارێکیتر شوناسی ڕۆژو ساڵەکان دیاریدەکەینەوە . لێرەوە ئیتر کات دەبێتە زنجیرەیەکی گرێدراوی مۆڕاڵی بێدوایەکی ، کۆمەڵگەکەمان لە نەخۆشخانەی دەرونی دوبارەوە دەست بە جوڵە دەکات ، ڕووەو کاتی مێژووی ڕاستەقینە . شەممە چیتر ڕۆژێک نیە دوای هەینی بێت بەڵکو ئیتر دابڕانێکی بە ویقاڕە ، لە پێناو بەدەستهێنانەوەی باڵادەستی کات ، لە خزمەت دادپەروەری مرۆڤایەتیدا .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
« تورکیا ڕێگە دەدات سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمڕاڵی نیشتەجێ بن»
وه‌زیری دارایی عێراق چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتوه‌؟ له‌باره‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ چی وتوه‌؟
دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند «لەژێر ئەشکەنجەدا» وتەیان لێوەرگیراوە
لێدوانەکانی هادی عامری لەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرین ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە
مالیكی: گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی تره‌مپ ئاو ناخۆینه‌وه‌، ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌
توركیا دورخستنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د تورك و سه‌پاندنی قه‌یومی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانی مێردین درێژكرده‌وه‌
ڕۆیتەرز: فشارێکی ناوخۆیی لە ئیدارەی ترەمپ هەیە بۆ هێورکردنەوەی شەڕی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان
پردێ؛ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی چەکدارێک کوژرا
میدیای ئێران بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی تیمێكی حه‌وت كه‌سیی سه‌ربه‌ حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌كات له‌ ئیلام
نه‌تانیاهو: نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ روخاندنی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×