لێدوانەکانی ئەم دواییەی هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر لەسەر ڕووداو و خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرین، لەسەر ئاستی جەماوەری و ناوەندە یاساییەکانی عێراق کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ جووڵاندنی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی دادوەری دەربارەی وتەکانی ناوبراو.
ئاوێنە: هادی عامری لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە دابوو کە گرووپە چەکدارەکان (کە خۆیان بە "بەرەنگاربوونەوە / مقاومە" ناوزەندیان دەکەن) پێگەیەکی سەرەکییان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرین و پاراستنی سیستەمی سیاسی لەو قۆناغەدا، هاوکات ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەشی بە "ئاشووب" وەسف کردبوو. ئەم دەربڕینانە تووڕەییەکی گەورەی لەلایەن کەسوکاری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانەوە لێکەوتووەتەوە؛ لە کاتێکدا ئامارەکان باس لەوە دەکەن لەو ناڕەزایەتییانەدا نزیکەی 800 کەس گیانیان لەدەست دا و پتر لە 20 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. لە ئەنجامی ئەو گوتانەشدا، بەشێک لە خێزانی قوربانیان ڕایانگەیاندووە سکاڵای فەرمی لە دژی عامری تۆمار دەکەن.
لە لایەکی ترەوە، هەوڵە یاساییەکان دەستیان پێ کردووە و پارێزەر حازم مازن بەدری بە شێوەیەکی فەرمی ئاگادارکردنەوەیەکی دادوەریی گەیاندووەتە دەست سەرۆکی داواکاری گشتی لە پارێزگای واسیت. لەو نوسراوەدا داوا لە دەسەڵاتی دادوەری کراوە بەپەلە لێکۆڵینەوە لە وتەکانی عامری بکات، بەو پێیەی ستایشکردنی لایەنە چەکدارەکان و ناوزەندکردنی ناڕەزایەتییەکان بە "ئاشووب"، دانپێدانانێکی ئاشکرایە کە شایەنی لێپرسینەوەی سزایی و یاساییە و وا دەخوازێت ناوبراو بانگهێشتی بەردەم دادگا بکرێت.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم جووڵە یاساییانەدا، عەلی عەبادی، سەرۆکی سەنتەری عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوای لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان کردووە بە شەفافیەت و وردییەوە سەرجەم پێشێلکارییەکانی خۆپیشاندانەکانی تشرین بخەنە ژێر لێکۆڵینەوەی ڕژدەوە، تاوەکو ئەنجامدەران و بەرپرسانی ئەو پەڕاوە بەپێی یاسا بەرکارەکان ڕووبەڕووی دادگا و سزا بکرێنەوە.