مێتافیزیکای سوکایەتی

د. ئەمیر حسێن
  2025-12-09     374

 چیرۆکی ڕامکردنی شێر .

   شێر بەسروشتی خۆی گیاندارێکی گۆشت خۆرە ، بەڵام بۆ ئەوەی ناچار بە ملکەچی بکەن ، سەرەتا دەیخەنە ناو قەفەسەوە ، لە جیاتی گۆشتی فرێشی ئاسک و کەڵە کێوی ، باسترمەی پێدەدەن ، کاتێک هاوار دەکا باسترمە خواردنی من نییە ، دەڵێن : دەخۆی باشە ناخۆی لە برسان دەمری ، دوای ماوەیەک برسیێتی تینی بۆ دێنێ ، تا ناچار دەست دەکا بە خواردنی باسترمە . دواتر باسترمەی لێ دەگرنەوە و تەنها ئێسقانی بۆ دادەنین ، دەنەڕێنێ باسترمە زۆر خۆشە لێرە بەدواوە باسترمە دەخۆم ، دەڵێن : ئێسقان دەخۆی باشە ناخۆی لە برسا دەتۆپی ، ناچار ئێسقان دەخوا .  دواتر ئێسکیشی پێ ڕەوا نابینن وێنجەی بۆ دادەنێن ، ئەویش دەمڕێنێ : من گیا خۆر نیم ، بەڵکو ئەو ئاژەڵانەم دەخوارد گیا خۆر بوون ، ئێستا چۆن وێنجە بخۆم . دەڵێن : هەر ئەوە هەیە ، ئەگەر نەیخۆی دەمری ، شێرەکە ماوەیەک بەربەرەکانێ دەکا ، بەڵام دواجار برسیەتی بڕستی لێ دەبڕێ ، بە ناچاری بەردەبێتە وێنجە خواردن و کاوێژ کردن ، دوای ماوەیەک وێنجەشی پێ ڕەوا نابینن ، شێر ناچار داوای وێنجە دەکا . بەڵام پێی دەڵێن : وێنجەی بەلاشمان نییە ، فەرموو وەک کەر بزەڕە تا وێنجەت بدەیینێ .. مەسەلەکە بەو جۆرە درێژە دەکێشی تا شێرەکە لە ئەنجامدا لە برسان و لەناو قەفەسدا دەمرێت .

      مەبەست لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە ، تەنیا پێشاندانی تراژیدیای سوکایەتی پێکردن نیە بە پاشای دارستان ، بەڵکو ئەمە چیرۆکی وێناکردنی مرۆڤە ، لە ژێر دەسەڵاتی سیستەمی نا دادپەروەرو ستەمکاردا ، کاتێک جەوهەرەکەی دەکەوێتە ژێر پەلامارو هەوڵدەدرێ سروشتە ئاساییە مرۆییەکەی زەوت بکرێ ، ئیتر پرسی خۆڕادەستکردن و ملکەچ پێکردنی لە تاقیگەی سوکایەتی و زەلیلکردنی دامو دەزگا داپڵۆسێنەر و تۆقێنەرەکاندا ، لە پێناو ڕامکردنی ،  لەسەر ئاگرێکی هێواش ئامادە دەکرێت ، پرۆسەی هەڵداشتن و داماڵینی شکۆی مرۆڤ مەرج نیە لە بەکارهێنانی زەبروزەنگەوە ، یان لە قایمکردنی لە کونجی زیندانەوە ، دەست پێبکات ، زۆر جار هەندێک هەنگاوی بچوک و سادە ، دەبێتە سەرەتای کۆتایی داڕمانی جەوهەری بونەوەرێک ، پێش ئەوەی بە یەکجاری ڕوحی تەسلیم بکات . کاتێک شێر بەو هەمو هێزو شکۆی خۆیەوە دەخرێتە ناو قەفەس ، تەنها لە سروشتە ئاژەڵیە کێویەکەی دانابڕێ ، بەڵکو وەک هەنگاوی یەکەم  لەو ڕوحە ئازادو نەریتە پێشڕەویەی دادەبڕێ ، وەک سەردارو سەرکردەی دارستان بەردەوام پێی دەناسرێتەوە .  چونکە چیتر ئازاد نیە لە پراکتیزەکردنی تایبەتمەندیە وجودیەکانی ، یان سەپاندنی حەزو ئارەزوەکانی بەسەر دانیشتوانی دارستاندا، کاتێکیش ڕەهەندە گۆشت خۆریەکەی بە بارمتە دەگیرێ ، ئیتر برسیەتی لەسەر چرکەساتی ئەو پەڕی سوکایەتی و شکاندنی تاقەت پڕوکێن ، کاتژمێری هەڵمەت و پەلامارەکانی تەوقیت دەکات ، بە ڕوخاندنی ئیرادە و خۆڕاگری ناوەستێ ، بەڵکو کەرامەتی پەلکێش دەکات تا سەر نشێوی هەڵدێران ، لێرەدا هاوارو بانگەوازی شێرەکە ، ئەگەر بەدیوێکدا دەربڕینی توڕەیی و ناڕازی بون بێت ، وەک پەرچەکردار ، بە دیوەکەی تریدا هاواری خود پەرۆشیە ، بۆ لەدەستدانی خەسڵەت و تایبەتمەندیە ڕەسەنەکانی ، چونکە وەک نیچە دەڵێت : یەکەم هەنگاو بۆ شکاندنی مرۆڤ ، لەو کاتەوە دەستپێدەکات ناچاری بکەی باوەڕبێنێ ، پێداویستیە سەرەکیەکانی شتی بێ بەهاو بێ نرخن . وەک چۆن شێرەکە ناچاردەکرێ بۆ نزمترین ئاست دابەزێ ، لە کۆتایدا ئەوەندە لە شوناسەکەی دور دەکەوێتەوە تەنانەت وێنجە دەخوات ، ئەمە دواپلەی خۆ ڕادەستکردن و مەترسیدارترین قۆناغی سوکایەتیە ، لێرەوە ئیتر ناڕەزایی و ڕەتکردنەوە هیچ واتایەکی نامێنێ ، چونکە لە پێناو ڕزگارکردنی گیانیدا ، بە ناو تونێلیی تاریکی خۆ ڕاهێناندا هێدی هێدی فێردەبێت ، بچێتە ناو پرۆسەی ئاڵوگۆڕی سەوداو مامەڵەکردن ، بە باڵاترین تایبەتمەندی جیاکەرەوەی ، تا لە ئەنجامدا دەگات بە هەڕاجکردنی شکۆ و کەرامەت .

   لە کۆتایدا سیستەمە گشتی و خۆ سەپێنە ستەمکارەکان ، بەم شێوە کار لەسەر ڕاهێنان و پەروەردەی هاوڵاتیان دەکەن ، بۆ ئەوەی لە کردەیەکی کاتیەوە ، بیگۆڕن بۆ جۆرێک لە تەکنیکی پیشەسازی بەرهەم هێنانی خۆچەماندن ، لە پێناو شکاندنی ئیرادەی ئازادی کۆمەڵگا ، زۆر جار پەنا بۆ شێوازی ڕاهێنانی بە شێنەیی دەبەن ، چونکە دەرئەنجامی باشتر، لە بەکارهێنانی توندوتیژی مسۆگەردەکات ، بەکارهێنانی هێزی ڕاستەوخۆ جیا لە توندوتیژی ، دەرئەنجامی پێچەوانەو نە خوازراوی لێدەکەوێتەوە ، بەڵام لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی سیستماتیک و مەحرومکردنی بە بەرنامەی هێواش و لەسەرخۆ، دواجار ئێسقان دەبێتە نیعمەت ، سوکایەتی دەبێت بە بونیادی پرسی بنەڕەتی پەروەردەو ڕاهێنان ، زەوتکردن و پێشێل کردنی ماف دەبێتە دیفاکتۆ . تا بەوە دەگات سوکایەتی ، بە ئاشکرا مرۆڤ بکات بە ( مرۆڤی شوشەیی ) ئاوەڵا و ڕون بۆ دەسەڵاتداران لە هەمو گۆشەکانەوە ، وەک هانا ئارێنت دەڵێ ، تەنانەت متمانە بە دەنگ و ڕەنگ و یادەوەری لە دەست دەدا ، لە سێبەری خۆی سڵ دەکاتەوە . لێرەوە ئیتر بازدان بەسەر پرەنسیپەکانی مۆڕاڵ لە لای مرۆڤ دەبێت بە کردەیەکی ئاسایی ، لە ژێر زەبرو فشاردا ، بەردەوام خۆی لەسەر ڤێرژنی تازە فۆڕمات دەکاتەوە ، بۆ ئەوەی جارێکی تر خۆی لەگەڵ ئەولەویاتەکانی ڕێک بخاتەوە ، بە جۆرێک ئەوەی دوێنێ ڕەتی دەکردەوە ئەمڕۆ قبوڵی دەکا ، تەنانەت دەبێتە داخوازی لە پێشینەی و لە پێناویدا دەجەنگێت ، شێرەکە لە برسان نامرێ ، بەڵکو لەوکاتەوە دەچێتە ناو پرۆسەی مردنێکی هێواشی بە ئازار ، کە لە ژێر فشاردا دەستبەرداری شوناسی شێرایەتی دەبێت ، لە گۆشت خۆرەوە دەگۆڕێ بۆ ڕوەکی ، ترس و برسیەتی لە دۆزەخی ڕاهێناندا شوناسێکی نوێی بەبەردا دەکات ، ئەگەرچی لە ڕوی فیزیکیەوە هەر شێرە ، بەڵام جەوهەرە ڕوحی و مۆڕاڵیەکەی دەگۆڕێ بۆ ئاژەڵێکی تری جیاواز ، دەکرێ هەر شتێکی تربێت تەنها شێر نەبێ .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
« تورکیا ڕێگە دەدات سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمڕاڵی نیشتەجێ بن»
وه‌زیری دارایی عێراق چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتوه‌؟ له‌باره‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ چی وتوه‌؟
دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند «لەژێر ئەشکەنجەدا» وتەیان لێوەرگیراوە
لێدوانەکانی هادی عامری لەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرین ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە
مالیكی: گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی تره‌مپ ئاو ناخۆینه‌وه‌، ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌
توركیا دورخستنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د تورك و سه‌پاندنی قه‌یومی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانی مێردین درێژكرده‌وه‌
ڕۆیتەرز: فشارێکی ناوخۆیی لە ئیدارەی ترەمپ هەیە بۆ هێورکردنەوەی شەڕی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان
پردێ؛ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی چەکدارێک کوژرا
میدیای ئێران بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی تیمێكی حه‌وت كه‌سیی سه‌ربه‌ حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌كات له‌ ئیلام
نه‌تانیاهو: نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ روخاندنی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×