دەڵێن گوایە ئەسپەکەی ڕەجەبیان دزی بو ، خەڵکی ئاوایی وەکو نەریتی هەمیشەییان دوای ڕودانی هەر کارەساتێک کۆدەبونەوە ، بۆیە لە ڕەجەب کۆبونەوە ، هەریەک شتێکی پێدەگوت یەکێک دەیگوت : بابە خەتای خۆتە دەرگای تەویلەت قفڵ نەداوە ، یەکێکی تر دەیگوت : دیواری تەویلە بەو نزمییە چۆن ئەسپی لێ نادزرێ ؟ یەکێکی تر : خەتای ئەسپەکە خۆی بوو دەستەمۆ بوو ، نە حیلاندی نە جووتەیەکی هاویشت ، یەکێکی تری ڕیش پان لەولا هەڵیدایە : ئیشی خوایە گەڕانەوەی نییە شوکرانەی دەوێ . بەو جۆرە خەتا و تاوانەکەیان دابەش کرد ، لە بیرخۆیان بردەوە تاوانباری سەرەکی دزەکەیە ، بەپێی بۆچون و شڕۆڤەی ئامادەبوان ، دزەکە لە هەموان بێتاوانترە .
مەبەست لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە ، پێشاندانی بنەماکانی ئاگامەندی هاوبەشە ، بۆ چۆنیەتی پاساو هێنانەوەی بە کۆمەڵ و هونەری خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارەتی ، لەبری دەستنیشانکردنی بکەرە ڕاستەقینەکە وەک دزو تاوانبار، یان هۆکاری ڕاستەوخۆی ڕوداوەکە ، دەیانەوێ بڵێن ئەم ڕوداوە دەرئەنجامی خەمساردیە ، یان شوێنەکە نالەبارو نەگونجاوە ، یان قوربانیەکە لاوازەو وەکو پێویست بەرگری نەکردوە و دەستی نەکردۆتەوە ، یان لە هەموی ئاسانتر ، حەواڵەکردنی هۆکارەکەیە بۆ دونیای نادیار ، گوایە ئەوە ویستی خودایەو لە دەسەڵاتی کەسدا نیە ، لێرەوە تاوانەکە ، نەک هەر ڕیسوا ناکرێ ، بە ڵکو هەوڵدەدرێ واتایەکی تری گونجاوی بەبەردابکرێ ، وەک ڕوداوێکی ئاسایی ، کە بەردەوام شیمانەی ڕودانی هەیە . نیچە لە مەڕ ئەخلاقی کۆیلە دەڵێت : جۆرێک ئەخلاقە هەرگیز دەسەڵاتدار و بەهێزەکان سەرکۆنە ناکات ، کە ستەمکارو نادادپەروەرن ، بەڵکو سەرزەنشت و سووکایەتی بە لاوازی قوربانیەکان دەکات ، گوایە وەکو پێویست بەهێز و خۆڕاگر نین .
پەیوەست بەم جۆرە لە ئەخلاقی کۆیلەو ، خۆشاردنەوە لە بەرپرسیاریەتی ، لەم ڕۆژانە بە ڕونی ، لە سەر پرسی پەلاماری چەتەکانی خەلافەت و جۆلانی تیرۆریست بۆ سەر ڕۆژئاوا ، پارادایمی زۆری نا لۆژیکی و سەیروسەمەرەمان بینی و بەر گوێ کەوت ، وەکو : هێزەکانی هەسەدە پەروەردەی بیری علمانیەکانین و نوێژناکەن ، حەلەب شارێکی کوردوستانی نیە ، هەسەدە پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە هەیە ، شەڕڤان واتای چی ؟ ، ژن دەبێت لەماڵەوە خزمەت بکا نەک چەک هەڵبگرێ ، ئەو کچە چی دەکرد لەسەر ئەم بینایە ؟ ، کورد بەکرێگیراوی ئەمریکاو غەربە بۆیە ئاوهای بەسەردێت ،….
کاتێک بەسەرنجەوە لەم هەڵەت و پڵیتانە دەڕوانی ، بۆت دەردەکەوێت ئەمانە بۆچونی عەفەوی کەسانێک نین ، ئاگاداری ڕەوشی ناوچەکە نەبن ، بەڵکو تێڕوانینێکی سیستماتیکی داڕێژراوی پێش وەختەیە ، لە چوارچێوەی گوتارێکی ئاراستەکراودا ، ئاشکرایە لە کوێوە سەرچاوەی گرتوەو دواجار دەچێتەوە خزمەتی کام بەرە ، ئەم گوتارە پشت ئەستورە بە دەسەڵاتێکی کلتوری و ئاینی ، بەدرێژایی مێژو کار بۆ کوشتن و ڕاوەدونانی هەر پرسیارێک دەکات ، لە دەرەوەی فەزای ڕاسپێردراو ، بە ئامانجی دەستەمۆ کردنی گەلانی ناوچەکە ، ئەگەرچی لەسەرەتاوە ، بە پاساوهێنانەوە بۆ شمشێرو خوێن دەستی پێکردوە، بەڵام لەم ڕۆدا ئەوەندە بەسە ، بتوانێ لەبری پرسیاری ڕاستەوخۆ ، لەمەڕ پابەندی نیشتیمانی و پرسی نەتەوەیی ، خەڵک لەسەر جۆرێک لە چەلەحانێ ڕابێنێت ، باس لە هەمو شتێک بکرێ ، بە مەرجێک ناوی خەلیفە یان جۆلانی و چەتەکانی نەیەت ، بەشێوەیەک ئەوەندەی سەرنجی گشتی ، دەگوازێتەوە سەر وەڵامی ئامادەی ، ناو دەقە پیرۆزەکان و شڕۆڤەی مێژویی موفەسرین ، هێندە دەست ناخاتە سەر دەستنیشانکردنی ، تاوانبارانی ڕاستەقینە و چۆنیەتی کارکردن لە پێناو سزادانیان .
لێرەوە ئەم جۆرە گوتارە ، لەبری ئەوەی ببێت بە ئامرازی ئاشکراکردنی تاوانباران ، دەبێتە پەناو پەسیوی خۆ شاردنەوە ، ئەم هەوڵە شەیتانیە ، بە قازانجی پێشاندانی ستەم و زۆرداری و داگیرکاریە ، وەک کردارێکی ئاسایی و سروشتی ، تەنها مەبەستی پێدانی ڕەوایەتیەکی بێدەنگ نیە ، بەو تاوانەی ڕوی داوە ، بەڵکو پێمان دەڵێت : زۆر لە مەش خراپتر لە ڕێگایەو ، شیمانەی ڕودانی هەیە ، پێویستە خۆمانی بۆ ئامادەبکەین ، بەڵام لە پێناو ڕوبەڕوبونەوەو بەرگریکردن نا ، بەڵکو لە پێناو قبوڵکردنی وەکو قەدەرێکی حەتمی .
بەم جۆرە ئەخلاقی کۆیلە و پاساوهێنانەوە بۆ تاوانباران ، گومان لە ڕەوایەتی بەرگریکردن لە ماف و ئازادیەکان ، هەوڵدەدرێت وەک جۆرێک لە ڕۆشنبیری و ئاگامەندی بە کۆمەڵ ، لەناو کۆمەڵگادا شوێنی بەرپرسیاریەتی بگرێتەوە ، ئەمەش جۆرێکە لە هاوبەشی و بەشداریکردنی ناڕاستەوخۆ ، لە ڕەوایەتیدان بە داگیرکاران و تاوانەکانیان . چونکە ستەمکاری تەنها بە پشت بەستن بە هێز لەسەرپێ ناوەستێ ، بەڵکو پاساوهێنانەوە بۆ کردەوەکانی ، بەتایبەت کاتێک لە بەرگی ئاینی و پیرۆزی دەپێچرێ ، دەبێتە فۆڕمێکی پارێز بەندی بەهێز ، کە بەدرێژایی مێژو هەوڵدەدات پابەندی نیشتیمانی و خواستی ئازادی خوازانەی ، نەتەوەی کورد لاوازبکات ، یان بەیەکجاری ئەگەر بۆی بچێتەسەر لەناوی بەرێت .
.