سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە مۆدێلێکە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چەمکەکانی ئیستکباری، ھەژموونیگەری و ھەروەھا پشتیوانی ستەملێکراوان لە سەرانسەری جیھاندایە و ئەو بابەتانە بە بەشێکی دانەبڕاو و سروشتی و حەتمی لە شوناسی ئیسلامی سیاسی خۆی دەزانێت. بەڵام وەک اُمالقرای جیھانی ئیسلامی بە پێچەوانەی ئەمە مامەڵەی کردووە بە پشتیوانی ھەمەلایەنە لە تیرۆر بە ھەموو شێوەکانیەوە و ھەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی و ھەروەھا بەرەو پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەردوام ھنگاوی ھەڵناوە.
بە واتایەکیتر، پایە و بناغەی سەرەکی کۆماری ئیسلامی لە ڕواڵەتدا ھەر وەک خۆی تاکیدی لەسەریەتی دژەی ئیستیکبارگەریە و «عەلی خامنەیی» وەک سەرکردەیک، دەیان جار لە وتارەکانیدا لە نوێژانی ھەینیدا دەیان جار وتوویەتی: «ئەگەر بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئێستکبار نەبێت، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێمە بە ھیچ شێوەیەک پەیڕەوی لە قورئان ناکەین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش وەک شەیتانێکی گەورە و دەسەڵاتی جیھانخۆر، دوانموونەیە لە ئیستکبارگەری».
لە دوایین وتارەکەیدا پێش لە دانوستانەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ئەمریکادا و پێش شەڕی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئیسرائیل، بە ڕوونی ڕایگەیاند کە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا «ژیرانە و زیرەک و شەرەفمەندانە نییە». بەڵام ئێستا ئەو ھەڵوێستە توندەی لەسەر مێزی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیمپریالیزم یەکێکە لە بناغەکانی ناسینەوەی ئەم سیستەمە.
پرسیارەکان ئەوەیە ئایا ئایدیاڵەکانی فەتحکەرە ئیسلامییەکان چییان بەسەر ھاتووە کە وەھا تەعریب و کەمکردنەوەی ئەرزشەکانیان قبوڵ کردووە؟ ئەو ھەموو دروشمە دژە ئێستکبارگەری ڕێبەری ئێران بۆ کوێ ڕۆیشت؟ ئایا لەسەر پێچ فەرمانی وەرگەڕاوە کە نەکەوێتە ناو دۆڵەوە؟ ئایا ئابووری نیوە مردووی ئێران خواردنەوەی ژەھری قارەمانانەی قەبووڵ کردە؟ لەم دۆخە ئاڵۆزە و سەرکوتکردنی ھاوکات لە ناوخۆدا، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە حیجابی ژنان تاکە ئامرازێکە بۆ پاراستنی بەھا ڕەمزییەکانی ڕژێمی ئێران؟ ئایا پرسی حیجابی ژنان وەک ئەمرازیکی گوشارە لە پێکھاتەی سیاسی ئێرانی ئیسلامیدا؟ ئایا بەھا وێرانبووەکانی ئینقلابی ئیسلامی خۆیان داسەپاندووەتە سەر حیجابی ژنان؟ وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانە لە دەرەوەی بازنەی ئەم ڕاپۆرتەن، بۆیە تیشک دەخرێتە سەر حیجابی ژنان کە لە ئێستادا ڕێگایەکی پڕ لە گێژاوی بەسەردا تێپەڕ دەبێت.
ئەمڕۆ حیجاب بۆ ژنان تەنیا پرسێکی فیقھیی نییە بۆ پێکھاتەی ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، بەڵکو نیشانە یان ئاڵایەکە بۆ بینینی دەسەڵاتی ئیسلامی کە لە ساڵی ١٩٧٩دا ھاتە سەر دەسەڵات، واتە ھەر وەک چۆن پرسی ئاشکراکردنی حیجابی ژنان لە سەردەمی ڕژێمی پەھلەویدا بوو بە ھێمای مۆدێرنیزاسیۆنی ڕەزاشاھی، لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیشدا، حیجاب لە ڕواڵتدا بوو بە یەک ھێمای دژە ئیمپریالیزم و دژە کۆلۆنیالیزم و بێگومان ھەموو ئەم پڕۆژانەی ھێماسازی پلە بە پلە و وردە بە وردە شکستیان ھێنا.
لە لایەکی دیکەوە ھۆکاری ئەو گوشارەی ئێستای شۆڕشگێڕانی ئیسلامی لە سەر پرسی حیجابی ژنان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بانگەشەی بنەما و ناسنامەی ئیسلامی لە ناوەوە و دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا لەم پێنج دەھەدا تەواوی ڕەھەند و بەشە سەرەکییەکانی خۆی لەدەست داوە و لە دۆخێکی لەرزۆکدایە.
بۆ نموونە یەکەم ئەوە کە دەرئەنجامی سیاسەتی ئابووری ئیسلامی لە ئێستادا بووەتە ھۆی بەربڵاوی گەندەڵی ماڵی، ڕفاندن، دزی و بەرزبوونەوەی گرانی بێ وێنە. دواجار ئەوە کە تێئوری ھەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ جیھانی ئیسلام و ئایدیالی ئازادکردنی قودس و سیاسەتی دژە ئیمپریالیستی و دژە ئەمریکایی و پشتیوانی لە ستەملێکراوان بووەتە ھۆی شکستھێنان و ھەروەھا لەناوچوونی بەرەی مقاومەت و ھێزە نیابەتەکانی لە ناوچەکەدا و ئێستاش بە ھێرشی ڕاستەوخۆی ئێسرایل ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەھەندە سەرەکیەکانی لاوازتر و نزمتر دەبێتەوە.
ئێستا کارکردی حیجابی ژنان، وەک دوا کەرەستەی سیستم، گۆڕاوە و لە باسی ئایینی و فیقھی تێپەڕیوە و بووەتە بابەتی دەسەڵات و بەکارھێنانی ھێز و ئەمرازی فشار و جۆرێکە لە ھێما کە دۆست لە دوژمنی بۆ جیادەکاتەوە.
ھەربۆیە بە سەرنجدان بەوەی کە لەم کاتەدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەڵوێستە بەھای توندەکانی پاشەکشەی کردووە و لە کاتێدا لەگەڵ ئێسرایل لە شەڕدایە بەڵام ئامادەیە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی، ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیمپریالیزم(ئامریکا) دانوستاندن بکات و تەنانەت ئاماژەدان بە ئەگەری کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی ئەم دوو وڵاتە چیتر بۆ ڕێژیمی ئێران تابۆ نییە، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا ھەبووە، دەکرێ بڵێین کە چەقبەستوویی ئایدیۆلۆژی و خاڵە ھەستیارەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی، وەکوو ئیمپریالیزم ئابووری ئیسلامی و شەڕی دژ بە ئیمپریالیزم و بەرەی خۆڕاگری، داڕما و پرسی حیجابی ژنان وەک پاژنەی ئەکیل تاکە کارتێکە کە لەسەر مێز ماوەتەوە بۆ مانەوەی دەسەڵات و پێشگرتن لە کۆڵی لەناوبردنی بەھاکانی شۆڕشی ئیسلامی.
حیجاب وەک ستوونی مەرئی و دیار دەمێنێتەوە کە بڕیارە پێکھاتە داڕماوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران داپۆشێت یان لانیکەم ھاندەر بێت بۆ بنکەی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم.
بۆیە دەستێوەردانی ناڕەوای بەرپرسانی مەجلیسی خۆبرەگانی ڕێبەری - وەک قۆڵی سەرەکی دامەزراوەی ڤێلایەت فەقییە- لە پرس و بابەتی حیجابی ئافرەتاندا ئەوە دەردەخات کە حیجاب ئامرازێکی سیاسییە، نەک تەنیا بابەتێکی ئایینی و کولتووری.
لە لایەکی دیکەوە حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە شکاندنی تابوەکانی ژنان بە گشتی دەترسێت، بۆیە بە داگیرکردنی ژیانی تایبەتی ژنان، ھەموو تاکتیکێک بۆ وەرگرتنەوەی ھەژموون و کۆنترۆڵی لەدەستچوو کەڵک وەردەگرێت، لەوانە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی سزا و پاداشت، وەک ھاندانی حیجاب بە داشکاندنی باج، لێخۆشبوون لە تاوانەکانی لێخوڕین و نامەی کورتی ئاگادارکردنەوە، ئەنجامدانی ڕێپێوانی حکومەت دژی ژنان بۆ خانوونشین کردنی ژنان بەکار دەھێنێت!
بە واتایەکیتر حیجابی ژنان ڕەھەندێکی سیاسی بۆ قەوارەی حکوومەتی ئێران لە کایەی فەرھەنگیدا وەک چەکێکی ستراتیجی وەرگرتووە، بە شێوەیەک کە داپۆشین و ڕێگیری لە چالاکی ژنان لە کۆمەڵگادا (پڕۆژەی گۆشەگیرکردنی ژنان)ی کردووە بە نیشاندەری دڵسۆزی بۆ سیاسی و سیستەمی ئایینی.
واتە پێکھاتەی پیاوسالاری ئێران لە دوای شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»، بوونی چالاکانەی ژنان بە ھەڕەشەیەکی سەرتاسەری بۆ سەر سیستم دەزانێت و دەیەوێت بە جێبەجێکردنی ئامرازەکانی ھەژموون بەسەر ژناندا کۆمەڵگا کۆنترۆڵ بکات، بۆیە بە پێشنیارکردنی پڕۆژەیاسای ھاندان و سزادانی حیجاب و عیفاف دژی ژنان، دەستیکرد بە سڕینەوەی جەوھەری ئەو مەسەلەیە.
لە کاتێکدا پارێزەران و کۆمەڵناسان پێیان وایە لایحەی عیفاف و حیجاب بە ناوەڕۆکی تاوانبارکردنی کۆمەڵگا و دیاریکردنی توندوتیژی بەرامبەر بە ھاووڵاتیان، نوێنەرایەتی دەستوەردانی حکومەت دەکات لە ناسکترین پرسەکانی ژیانی تاک و مافە مەدەنییەکان، ھەروەھا پەرە بە جەمسەرگیری و ڕق و کینە لە ناو کۆمەڵگادا دەدات و قەیرانە کۆمەڵایەتی-سیاسیەکان توندتر دەکاتەوە.
ئەم یاسایە کە غەرامە و سزای قورس و زیندانیکردن و سنووردارکردن و بێبەشکردنی کار و بێبەشکردنی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕە مەجازییەکان و تەنانەت قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات لەخۆدەگرێت، ئامانجی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی زیاتری ھاوڵاتیانە، نەک تەنھا لە فەزای گشتی بەڵکو لە فەزای ئەلیکترۆنی و فەزای تایبەتیشدا، کە نموونەیەکی ڕوونە لە پێشێلکردنی ئازادی تاک و بە گشتی پێشێلکردنی گەورەی مافەکانی مرۆڤ.
لە لایەکی دیکەوە دروستکردنی توندوتیژیی سیستماتیکی وەک «کلینیکی وازھێنان لە بێحیجاب» بە ئامانجی «چارەسەری زانستی و دەروونناسیی بێحیجابی» دوا ھەوڵی بێھودەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ پێشگرتن لە کۆتایی ھێنان بە شکستێکی دیکە.
دەکرێ بڵێین دروست کردنی لایحەی عیفاف و حیجاب لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ژنکوژەوە کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، چونکە دوای کوشتنی حکومەتی «ژینا ئەمینی» ژنی کوردی ڕۆژھەڵات، بوو کە ناڕەزایەتی بەربڵاو بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە سەقزەوە دەستی پێکرد و لە سەرانسەری ڕۆژھەڵات و ئێراندا بڵاوبووەوە. لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە ئازادییە، حکوومەتی ئێران ڕێوشوێنی سەرکوتگەرانەی لە دژی ژنان دەستپێکرد و بە جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵە نایاسایی، نامرۆڤانە و سەدەی زۆر کۆن، دەیەوێت ھاووڵاتییان لە دژی یەکتر بکاتەوە، لە کاتێکدا حیجاب تەنیا بەشێکە لە فەلسەفەی قوتابخانەی ژن، ژیان، ئازادی و ئەم دروشمە ئامانجی گەورەتری ھەیە.
یەکێک لە گرنگترین سیاسەتە ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بێسیاسیکردنی ھەموو بوارەکان بووە، تەنانەت لەو بوارانەی کە ڕەگ و بناغەی سیاسییان ھەیە و سەرنجڕاکێش ئەوەیە لە ئێران ھیچ دیاردەیەک لە سیاسەت جیا نییە. گوتارێکی دیکە کە بە درێژایی ئەم پێنج دەھەیە بەکارھێناوە، سیاسەتی ترساندنی خەڵک بوو لە شۆڕش و کەمکردنەوە و بێ بایەخکردنی باسە سیاسیەکان بوە کە ڕیفۆرمخوازان و کەسایەتییە ناودارەکان سەر بە ڕژیم و فێمینیستەکان لە ٩٠٪ بریکاری جێبەجێکاری ئەم گوتارە بوون. نموونەی ئەمەش ئەوە بوو کە ئەوان دەیانویست بە «گوڵی نێرگز و ڕووسەری و دۆرملی ڕەنگاوڕەنگ» پرسی حیجابی ئافرەتان چارەسەر بکەن.
لە لایەکی دیکەوە ڕژیمی ئێران لە پلانی ٢٠ ساڵەی دووھەمدا کە دیدێکی بیست ساڵەی بۆ خۆی لە ساڵی ٢٠٠٥ دانابوو، باسی دژە ئیستکباری و ھەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی وەک ئیلھامبەخشێک لە جیھانی ئیسلامیدا کردووە، بەڵام لەم بەڵگەنامەیەدا کە ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٥ دا کاتی گەیشتوە، بڕیار بوو ئێران وڵاتێکی پێشکەوتوو بێت کە لەسەر بنەمای ئایدیاڵ و بەھاکانی ئینقلابی ئیسلامی دامەزرابێت، خاوەن پێگەیەکی پێشەنگی ئابووری، زانستی و تەکنەلۆژی لە ناوچەکەدا، خاوەنی ناسنامەیەکی ئیسلامی و شۆڕشگێڕانە و ئیلھامبەخش بێت لە جیھانی ئیسلامیدا. بەڵام دەبینین شیرازە و بناغەکانی ھەموو بەھاکانی ئامانجە ئیسلامییەکانی شکستیان ھێنا و پێکھاتەی بەھاکانی ئەو وڵاتە کە ویستی خۆی پێشکەوتوو لە گۆرەپانی نێودەوڵەتیدا پیشان بدات، ھیچی پێنەماوە و ئێستە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێسرایل لە شەڕدایە کە جگە لە کاولکاری ھیچی بۆ نامێنێتەوە.
دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە لەگەڵ شکستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیدا، ھەستیاری و کۆنترۆڵی ھەمەلایەنەی حیجابی ژنان وەک دوا پاشماوەی ئەو سیستەمە بۆ مانۆڕ بۆ پاراستنی ناوبانگی سیستەمی بنەما شەریعەت و چەسپاندنی دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی، بە مەبەستی زامنی بەناو زامنکردنی مانەوەیان لەم بارودۆخەی ئێستادا کە پڕۆژەی ئابووری ئیسلامی و... چالاکییەکانی بەرخۆدان لە ناوچەکەدا شکستیان ھێناوە.
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، درزێکی ھێندەی لە پێکھاتە ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەھا پیاوسالارییەکانی کۆمەڵگادا دروست کردووە، کە زەحمەتە بتوانین بە خەیاڵدا بێنین کە ژنان ئامادەبن ڕێگە بدەن دەستکەوتەکانی ئێستا، کە تێچووی زۆریان بۆ دراوە، بگەڕێنەوە دواوە.