قورئانی سەر مێز، ملیۆنان دۆلار لەژێر مێز! شانۆی نوێی دەسەڵات لە عێراقدا

سیروان عوبەید
  2026-10-22   

​لە وڵاتێکدا کە لە لوتکەی ڕیزبەندی گەندەڵی جیهانیدایە، هەوڵدان بۆ چاکسازی لە ڕێگەی داواکردنی سوێند بە قورئان و دەقە پیرۆزەکان، نەک هەر نیشانەی هەنگاوێکی ڕاستەقینە نییە بەرەو دەستپاکی، بەڵکو ئەوە نیشان دەدات کە زەیدی لەبری بەجێگەیاندنی دروشم و بانگەشە زەبەلاحەکانی، پێدەچێ لێرە بەدواوە پەنا بۆ ڕووکەشپەرستی ببات. ئەم شانۆگەرییە هێماییەی ئەنجومەنی وەزیران، بە دانانی پەرتووکێک لە بەردەم وەزیرەکاندا، نیشانەی تەسلیمبوون و شکستی زەیدییە لە بانگەشەکانی بۆ دەوڵەتی دامەزراوەیی بەهێز و دروستکردنی سیستمی چاودێری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران و گرووپە لەیاسا دەچووەکان.

ئەم شانۆگەرییە بۆنی خۆڕادەستکردنێکی نەرم و خۆدزینەوەی زەیدی لێدێت لەو ئیحراجییەی چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی دەسەڵاتەکەی وەک سەرۆکوەزیران بەتوندی ڕووبەڕووی بێتەوە، بەهۆی بێتوانایی لە جێبەجێکردنی ئەو هەموو دروشم و بانگەشە گەورانەی بە عێراقییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داویەتی. لەو عێراقە عەزیمەدا هیچ سەیر نییە ئەگەر زەیدی بێهوا بووبێت لەوەی بتوانێت بانگەشەکانی لە دروشمەوە بکاتە کردار، بۆیەش پەنای بردووەتە بەر سوێنددانی وەزیرەکان، وەک ئامڕازێکی پۆپۆلیزمی و هەوڵێک بۆ داپۆشینی ئەو شکستانەی لە ماوەی حکومڕانییەکەیدا چاوەڕێی دەکەن.

دیمەنەکە خۆی لە خۆیدا هێندە هێمایی و تەنزئامێز بوو، کە پێویستی بە زۆر ڕوونکردنەوە نییە. بە سادەیی، کۆبوونەوەیەکی لەوجۆرەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتێک کە لەسەر ئاستی جیهان لە ڕیزبەندی یەکەمی گەندەڵی و خراپبەڕێوەبردندایە، قورئان دەخرێتە بەردەم وەزیرەکان و داوایان لێ دەکرێت سوێند بخۆن کە دەستپاک بن. پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا کێشەی سیستمێکی سیاسی داڕزاو، لاوازی دامەزراوەکان، نەبوونی شەفافیەت و چاودێری، بە دانانی کتێبێک لەسەر مێز چارەسەر دەبێت؟ یان بەڕاستی زەیدی هێندە سیاسییەکی ساویلکەیە کە پێیوابێت گەندەڵکاران لە ترسی ئەو پەرتووک و دەقە پیرۆزانە دەستبەرداری ملیۆنان دۆلار و پۆست و پشک دەبن؟

لەڕاستیدا، ئەم ڕەفتارە بە ڕوونی نیشانەی هەڵکشانی نەخۆشیی پۆپۆلیزمە بەسەر هزری سیاسییەکانی عێراقدا، کە درێژکراوەی هەمان ئەو شەپۆلە پۆپۆلیستییەیە کە لە ئێستادا زۆرینەی کایەی سیاسی لە جیهاندا بەڕێوە دەبات؛ و تێیدا سیاسییەکان زیاد لە هەر شتێک خەریکی نمایش و شانۆگەریی بێشەرمانەن، بەتایبەتی کاتێک دەزانن توانای وەڵامی واقیعی و چارەسەری کردارییان بۆ قەیرانەکان پێ نییە. لێرەدا تاکە پەناگەیان گەڕانەوەیە بۆ دروشمی سۆزدارانە و بەکارهێنانی پیرۆزییەکان بۆ شاردنەوەی شکست.

ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە: زەیدی و سیاسییەکانی عێراق باش دەزانن کە لەناو کۆمەڵگەی عێراقدا، هەمیشە زەمینەیەکی فکری و ئایینیی لەبار ئامادەیە بۆ ورژاندن و خەڵەتاندنی سۆزی جەماوەر. ئەوان باش تێگەیشتوون کە بەکارهێنانی پیرۆزییەکان هەمیشە ئامرازێکی زۆر کاریگەرە بۆ پارێزگاریکردن لە کورسیی دەسەڵات و پەردەپۆشکردنی واقیعی حاڵ.

​بۆیە زەیدی لەو هەنگاوە دەستنیشانی ئەم خاڵە لاوازەی گەلەکەی کرد و وەک سەرەتایەک پەنای بۆ ئەم کارە برد تا ئێستاوە هەستی ئایینی خەڵک بەکاربهێنێت وەک ئامادەکارییەک بۆ داپۆشینی شکستەکانی داهاتووی خۆی؛ لە کاتێکدا کێشەی ڕاستەقینەی وڵاتەکە لە نەبوونی سوێندخواردنەکاندا نییە، بەڵکو لە نەبوونی مۆڕاڵ و سیستمی یاسایی و دامەزراوەیی بەهێزدایە.

ئەو نمایشە سوێندخواردنەی سەرۆک و وەزیرەکانی لەکاتێکدایە، کە لە واقیعی ڕۆژانەی کۆمەڵگەکەدا، سوێندخواردن و بەپیرۆزکردنی دەق و شتەکان بووەتە ئامرازێکی زۆر ئاسایی و تەنانەت بێبەهاش لە بەرامبەر بەرژەوەندیدا. پرسیارێکی زۆر سادە ئەوەیە: لە کۆمەڵگەیەکدا کە تاکەکانی لەسەر شتێکی زۆر بچووک و لە پێناو دەستکەوتێکی کاتی و بەرژەوەندییەکی کەسی، ڕۆژانە دەیان جار سوێند بە خودا و قورئان دەخۆن، چۆن چاوەڕوان دەکرێت وەزیرێک یان بەرپرسێک بە دانانی قورئان لەبەردەمیدا، دەستبەرداری فەساد و قۆرخکاری و ملیۆنان دۆلار بێت؟ لە ڕاستیدا، ئەوەی ویژدان و ئاستەنگی مۆڕاڵی بەرامبەر گەندەڵی نەبێت، بە هەزار سوێند و قورئانی سەرۆکوەزیران ڕێگری لێ ناکرێت، چونکە کێشەکە لە ڕیشە و لە پێکهاتەی سیستەم و کەسەکەدایە نەک لە نەبوونی یادخستنەوەی خودا و سوێند و ڕەمزی ئایینی.

​کورت و کرمانج، ئەم ڕەفتارانە زیاتر لەوەی هەنگاوێکی جدی بن بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە، تەنها پڕکردنەوەی کاتن بە شانۆگەرییەکی پۆپۆلیستی کە هیچ ئامانجێکی نییە جگە لە گەوجاندنی ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە کەمتر پرسیار دەکات و زیاتر باوەڕ بە خوڕافیات و ڕووکەشییەکان دەکات. بەڵام کێشە ڕاستەقینەکە لێرەدایە: ئایا ئەوەی ئەم کارە دەکات بە ڕاستی باوەڕی بە کاریگەرییەکەی هەیە، یان ئەمەش بەشێکە لە شانۆی بەردەوامی بەڕێوەبردنی شکست بە دروشم؟ ئەگەر حاڵەتەکە هی یەکەمیان بێت، ئەوا کارەساتی گەورە لەوەدایە کە بڕیاربەدەستەکانمان لە دنیایەکی تردا دەژین؛ و ئەگەر هی دووەمیشیان بێت، ئەوا نیشانەی بێهیواییەکی قووڵە بەرامبەر بە دروستکردنی دەوڵەتێکی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای شەفافیەت، سەروەریی یاسا و بەدامەزراوەییکردن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی گومان دەخاتە سەر گێڕانەوەی فەرمیی حکومەتی عێراق لەبارەی تەقینەوەکەی حەشدی شەعبی
دوو کۆمپانیای نەوتیی لە هەرێم یەکیانگرت: سەرمایەکەیان لە هەرێمی کوردستان دەگاتە سەروو ملیارێک دۆلار
تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەهەرێمی کوردستان جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بەدوژمنایەتی دەزانێت
کۆمسیۆنی عێراق جێگرەوەی سێ پەرلەمانتاری عێراقی کە کەرکوکییەکی تێدایە، دیاریکرد
دوران کاڵکان: پەکەکە تەواوی هێزەکانی لە سنوورەکان کشاندووەتەوە و ئەنقەرەش هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە
فراکسیۆنی یەکگرتوو: ئامادەنین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پشتی لایەنێکی سیاسی بگرین
کۆشکی سپی لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی چەند ملیۆن دۆلارێک و گومانی "کڕینی پێگە" لە نزیک ترەمپ دەکات
وەزیری بەرگری تورکیا: تا ئاسایشی سنوورەکان مسۆگەر دەبێت هێزەکانمان لە عێراق و سووریا دەمێننەوە
مه‌سعود بارزانی: یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مواربكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌جێی كریستیانه‌كان بڕیار نه‌دات
شەپۆلێکی پاییزە ڕوو لە عێراق دەکات؛ بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ کەشوهەوا بە ناجێگیری دەمێنێتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×