هەموومان دەزانین ڕۆژێک دێت و نامێنین. بەڵام ئەم یەقینە چ کاریگەریەکی لەسەر ژیانمان هەیە؟ ئایا مردن دوژمنێکە کە دەبێت لێی بترسین، یان مامۆستایەکە کە فێری ژیانمان دەکات؟
فەلسەفە وەک ئامادەکاری:
سۆکرات دەیگوت فەلسەفە ئامادەکاریە بۆ مردن، نەک بە واتای ترسان و چاوەڕوانکردن، بەڵکو بە واتای فێربوونی ژیانی ڕاستەقینە. کاتێک مرۆڤ لە قووڵایی دڵەوە بزانێت کە کاتێکی دیاریکراوی هەیە، هەڵسوکەوتی دەگۆڕێت، ئیتر لەسەر بێ واتاکان کات بە فیڕۆ نادات گرفتە بچووکەکان گەورە نابنەوە. ئەوەی ڕاستەقینە و گرنگە ڕوون دەبێتەوە. لە ڕاستیدا سۆکرات کاتێک حوکمی مردنی بۆ دەرچوو بە ئارامییەوە وتی: کاتی ڕۆیشتنە، من دەڕۆم بۆ مردن ئێوە دەمێننەوە بۆ ژیان. کامیان باشترە تەنها خوا دەیزانێت! ئەم ئارامییە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مردن بەرهەمی ژیانێک بوو بە بیرکردنەوە و ئامادەکاری بوو بۆ ژیانێکی فەزیلەتمەندانە بوون-بەرەو-مردن هایدیگەریش لەولاوە دەڵێت کە مرۆڤ.
"بوون-بەرەو-مردن":
ئێمە لە یەکەم ڕۆژی لەدایکبوونمانەوە، بەرەو مردن دەڕۆین ئەم ڕاستییە نابێت بمانترسێنێت، بەڵکو دەبێتە سەرچاوەی واتا بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە چونکە تەنها کاتێک دەزانین ژیانمان کۆتایی هەیە لە نرخی هەر ساتێک تێدەگەین. هایدیگەر جیاوازی دەکات لەنێوان دوو شێوەی ژیان، ژیانی ناڕاستەقینە و ژیانی ڕاستەقینە. لە ژیانی ناڕاستەقینەدا، مرۆڤ خۆی دەشارێتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مردن دەڵێت "خەڵکی دەمرن، بەڵام من ئێستا نامرم" بەم شێوەیە خۆی سەرقاڵ دەکات بە ڕۆتینی ڕۆژانە و بێ بیرکردنەوە دەژی، بەڵام لە ژیانی ڕاستەقینەدا مرۆڤ بە ئاگایانە ڕووبەڕوو دەبێتەوە لەگەڵ مردن بەرەوڕووی ئەم ڕاستییەوە بڕیارەکانی ژیانی دەدات.
شاردنەوە لە ڕاستی:
زۆر کەس خۆیان لە بیرکردنەوە لە مردن دەشارنەوە بە خەریکبوونی ڕۆتینی ڕۆژانە، بە کارەکانیان خۆ سەرقاڵ دەکەن، بە گرفتە بچووکەکان، بەیانییەک هەڵدەستن دەچنە سەر کار دەگەڕێنەوە، تەلەفیزیۆن تەماشا دەکەن و دەخەون ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بێ ئەوەی هەرگیز بپرسن ژیانی فەزیلەت مەندانە چییە؟ ئەم شاردنەوەیە وا دەکات ژیان بێ ئاراستە و بێ واتا بژین وەک ئەوەی لەسەر شەمەندەفەرێک دانیشتبین و نەزانین بۆ کوێ دەڕۆین تەنها ڕووی تەمەن دادەبەزێت و ئێمە هەر بە خەریکبوونی بێ واتا سەرقاڵین.
پرسیارە گرنگەکان:
کاتێک ڕووبەڕوو دەبینەوە لەگەڵ مردن، دەست دەکەین بە پرسیارە گرنگەکان: چی گرنگە؟ بۆچی لێرەم؟ چۆن دەمەوێت ئەم ژیانە بەسەر ببەم؟ ئایا ئەم کارەی دەیکەم واتای هەیە؟ ئایا پەیوەندییەکانم ڕاستەقینەن؟ ئایا بە شێوەیەک دەژیم کە لە کۆتاییدا پەشیمان نەبم؟ ئەم پرسیارانە ترسناک نین بەڵکو ئارام کەرەوەن، چونکە تەنها بە پرسیارکردن دەتوانین ژیانێکی واتادار بژین. وەک سۆکرات دەیگوت: "ژیانێک کە لێی نەکۆڵرێتەوە شایانی ژیان نییە.
دیدی ئێپیکوروس:
ئێپیکوروس ڕێگەیەکی جیاوازی پێشنیار دەکات و دەڵێت مردن هیچی نییە بۆ ئێمە، چونکە کاتێک ئێمە هەین مردن نییە، و کاتێک مردن دێت ئێمە نین. بەم شێوەیە ترس لە مردن بێ مانایە، چۆن دەتوانین لە شتێک بترسین کە هەرگیز ئەزموونی ناکەین؟ ئێپیکوروس زیاتر دەڵێت: ترس لە مردن، ترسە لە هیچ. وەک ترس لە تاریکایی پێش لەدایکبوونت، ئایا لە ئەو کاتە دەترساین کە هێشتا لەدایک نەبووبووین؟ نەخێر. ئەوا بۆچی لەو حاڵەتە بترسین کە دوای مردن دەبێت؟ ئەوەی گرنگە ئێستایە، ئەم ساتەیە کە دەژین، خۆشی، دۆستایەتی، خۆشەویستی، ئارامی - ئەمانە لە ئێستادان، نەک لە داهاتوو.
دەنگی خەیام:
خەیامیش لەم حەیسە و بەیسەی مردن دەڵێت: "هاتین و نازانین بۆچی ماین و نازانین چۆن دەڕۆین و نازانین بۆکوێ سەیرە چۆن ئێمە هەموو دڵخۆشین!" خەیام بە ڕوونی باسی بێ واتایی ئەگزستانسیالی دەکات. ئێمە فڕێدراوین بۆ ناو ئەم جیهانە بێ ئەوەی بزانین بۆچی، دەژین بێ ڕێنماییەکی ڕوون و دەڕۆین بۆ شوێنێک کە نایزانین، بەڵام لە هەمان کاتدا، خەیام سەیری دەکات چۆن مرۆڤەکان هەر بە خۆشییەوە دەژین، سەرەڕای ئەم بێ واتاییە. ڕەنگە ئەمە خۆی واتابێت: نەک سەرەڕای بێ واتایی، بەڵکو لەبەر بێ واتایی دەبێت خۆشی دروست بکەین، چونکە کەس بۆمان ناکات، هیچ مانایەکی ئامادەکراو نییە کە لێمان چاوەڕوانبێت، ئێمە دەبێت واتا بۆ خۆمان دروست بکەین.
واتا لە کۆتاهاتندا:
ڕوون و ڕاشکاوە، تێگەشتنی تەواوەتی لە مردن کارێکی نەکراوە، کەس ناتوانێت بە تەواوی لە خودی بوون تێبگات جا چ بگات بە خودی مردن وەک ڕاستییەکی میتافیزیکی، بۆیە ئەوەی لەسەرمانە ژیانکردنە لە ئێستادا نەک ترس لە مردن. هەروەک مارک ئاورێلیوس دەڵێت: "مەترسە، نەک لەوەی بمریت، بەڵکو لەوەی هەرگیز بە ڕاستەقینە نەژیابیت". ئەم قسەیە قووڵە، زۆرێک لە خەڵکی دەمرن بێ ئەوەی ڕاستەقینە ژیابن، دەمرن بێ ئەوەی خۆیان بناسن، دەمرن بێ ئەوەی ئەوە بکەن کە لە قووڵایی دڵەوە حەزیان لێیە، دەمرن بێ ئەوەی (بەڵێ)یان بە ژیان گوتبێت.
مردن وەک بەشێک لە بوون:
بەڵام ئەوەش بزانە هەر لەگەڵ ساتی بوونت، مردنیشت ڕاستییەکی ڕەهایە، مردن دوژمن نییە، بەشێکە لە بوون. وەک ڕۆژ و شەو، وەک هاوین و زستان، وەک لەدایکبوون و گەورەبوون. ئەوەی وا دەکات مردن کەمتر لەگەڵت بژی، خۆسەرقاڵکردنتە بە ڕۆتینەکانت و دروستکردنی ئامانجە نەبڕاوەکانت. کاتێک ڕۆژانە ڕێکدەخەیت و دڵت پێ ئاوەدانە، کاتێک لەگەڵ کەسانی خۆشەویستت کاتی باش بەسەر دەبەیت، کاتێک کارێک دەکەیت کە واتای هەیە بۆت - ئەوکات مردن کەمتر دەبێت، نەک بەو واتایەی کە نامرین، بەڵکو بەو واتایەی کە بە تەواوی ژیاوین.
کۆتایی واتای مردن:
کەواتە مردن دوو ڕووی هەیە: دەتوانێت تۆقێنەر بێت یان ڕووناککەرەوە، دەتوانێت وەستاندنت بکات، یان بانگی ژیانت بکات، دەتوانێت کۆتایی بێت، یان دەستپێک. گرنگ ئەوەیە چۆن سەیری دەکەین، ئەگەر وەک دوژمن بیبینین ژیانمان دەبێتە ترس و چاوەڕوانی، بەڵام ئەگەر وەک بەشێک لە گەورەیی بوون بیبینین دەتوانین بە ئارامی و پڕ واتا بژین ئەوەی گرنگە بیکەین خۆشەویستانت خۆشبوێت ـ ژیانێکی فەزیلەت مەندانە بژی .