کاریگەری زمان لە گەیاندنی ئازارە خودییەکان و کورت بوونەوەی ڕۆڵی زمان لەگەیاندنی پەیامە قوڵەکان

دلێر عوسمان
  2025-11-07     1103

زمان وەک ئامرازێکی سەرەکی لە پەیوەندی مرۆیی و هەمیشەیی  توانایەکی بێسنووری هەیە بۆ گەیاندنی بیرۆکە و هەستەکان، بەڵام ئایا زمان بە ڕاستی دەتوانێت هەموو ئەو ئەزموونە ناوەکییانەی مرۆڤ دەیچێژێت بگەیەنێت؟ ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ لێکۆڵینەوە لە سنوورەکانی زمانی دەربڕاو لە گەیاندنی ئازارە کۆمەڵایەتییەکان و پێشنیازە جێگرەوەکان دەخەینە ڕوو بۆ تێپەڕین لەم سنوورانە.

 

کاتێک زمان شکست دەهێنێت:

 لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠، محمد البوعزیزی، فرۆشیارێکی ٢٦ ساڵانی تونسی، خۆی سووتاند لە بەردەم بینای حکومەت، ئەم کردارە بووە هۆی دەستپێکی بەهاری عەرەبی کە تەواوی ناوچەکەی ڕاپەڕاند. ئەگەر لەم ڕووداوە سەیری کاریگەری زمان بکەین، شتێکی سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت ئەویش تواناکانی زمان لە خوڵقاندنی ڕووداوەکان کورتی هێنا، ساڵانێک بوو کە ئازارەکانی خەڵکی تونس و ناوچەکە بە زمان دەگوترا، بە شیعر، چیرۆک، هەواڵ و ڕاپۆرت، بەڵام هیچ کام لەم تێکستانە نەیانتوانی ئەو هێزە خوڵقێنەرەیە دروست بکەن کە کردارێکی دەربڕاو توانی دروستی بکات. ئەگەر چیرۆکی البوعزیزی وەک تێکستێکی نووسراو بگێڕدرایەتەوە، لە گەورەیی پەیامەکە کەم دەبووەوە، بەڵام دیمەنی دەربڕاوی ئەم کردارە کە ئاگر و جەستە و شوێنێکی گشتی بوو زمانێکی جیاوازی جەستەیی خولقاند کە خودی زمان هەرگیز ئەو کاریگەرییەی نەبووە پێشتر.

 

چەمکە ناوەکییەکان و ناتوانایی زمان:

 زمان سەرەڕای ئەوەی گەورەترین ئامرازی پێکەوە بەستنی مرۆڤەکانە بۆ گەیاندنی پەیام و چیرۆکەکانیان بەڵام لە هەندێک شوێندا یارمەتیدەر نییە بۆ گەیاندنی چەمکە ناوەکییەکان . بۆ نموونە: ئایا وشەی "ئازار" دەتوانێت ئەو هەستە بگەیەنێت کە هەستی دایکێک چۆنە کاتێک جگەر گۆشەکەی لەدەست دەدات بەغەدر لێکراوی؟ یان چۆن دەتوانین تەواوی شکستی دڵێک بخەینە ناو ڕستەیەکەوە تەعبیری هەموو جۆرەکانی گریان بکەین گریانی شادی و گریانی کەسێک لەغوربەتدا و گریانی کەسێکیش کە شکستی عشقی چێشتوە بەهۆی کاریگەری ئابووریەوە. کاتێک دەمانەوێت ئەم بابەتە ناوەکییانە (ئازار، غەدر، گریان) بکەینە بابەتێکی دەرەکی و تەعبیری بکەین لەڕێی زمانەوە پێیان بگەین، ڕووبەرووی کێشەبنەرەتییەکان دەبیەنەوە ئەویش ئەوەیە چۆن بابەتێکی خودی یان سەبچێکتڤی بکەینە ئازارێک لەرێی زمانەوە هەمووان لێی تێبگەن و خەیاڵی ئەو ئازارە بکەن بۆیە لەم حاڵەتەدا زمان کورت دەبێتەوە و فاصڵەیەک دروست دەکات لە نێوان ئەزموونی ڕاستەقینە و وەسفی ئەو ئەزموونە خودییە.

 

نموونەی کوردی ئازارێک کە نەگەیشت:

کارکراوە لەسەر ئازارەکانی نەتەوەی کورد لە شێوەی ئەدەبیات و فیلم، یان کاری هونەری تر، نووسەران و هونەرمەندان هەوڵیان داوە بە زمان و تێکستی ئەدەبی ئەو ئازارە نەتەوەییە بگەیەنن لە شیعری کلاسیکییەوە تا ڕۆمانی مۆدێرن تا بەڵگەنامە، یاساییەکان کارێکی بەرچاو کراوە. بەڵام ئایە توانیومانە ئەو ئازارە گەورەیە بە زمان بگەیەنین؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە، ئەوا بۆچی ڕەنگدانەوەی پێویست لەناو کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی نییە؟ بۆچی هیچ ڕووداوێکی گەورەمان نەخوڵقاندووە؟ دەبینین ئەم ئازارانە لە بایەخی بابەتی خۆی کەم بووەتەوە. نەمانتوانیوە لە ڕێی زمانەوە ئازارێکی تاکەکەسی بگۆڕین بۆ ئازارێکی هاوبەشی نەتەوەیی کە توانای جوڵاندنی هەبێت.

 

چارەسەر:

زمانی دیداری بۆ تێپەڕین لەم سنوورەی زمان پێویستمان بە هونەرە دیدارییەکانە، بە دیاریکراویش فیلم و شانۆ هەیە. فیلم دەتوانێت ئەوە بگەیەنێت کە زمان ناتوانێت دەریببرێت لەرێی جوڵەی جەستەییەوە دەتوانێت ڕووداوی گەورە بخولقێنیت. بۆنموونە ڕوخساری دایکێک لە کاتی بیستنی هەواڵی کوشتنی کوڕەکەی بێ هیچ وشەیەک هەزار وشە قسە دەکات. وەهەروەها دیمەنی بێدەنگی دایکێکی ئەنفال کە هەموو ساتێک چاوەرێی هەواڵی گەرانەوەی ڕۆڵە بێسەروشوێنەکەیەتی ئەم دیمەنە ئەگەر دەرهێنەری پرۆفیشناڵ بیکاتە فیلمێکی دۆکمێنتاری کاریگەری لەهەزاران شیکردنەوەی فەلەسەفی زیاترە بۆ دنیای دەرەوە و تێگەیاندنی هەموو چین و توێژە جیاوازەکان،  هەندێک جار بێدەنگی لە فیلمدا بەهێزترە لە هەموو دیالۆگێک.

 

شانۆ:

کاتێک چەندین کەس لە تاریکی شانۆیەکدا دانیشتوون یان لە سینەمایەکدا کۆبوونەتەوە و چێژی هاوبەش لە ئەزموونێکی دیداری دەکەن ئازاری تاکەکەسی دەبێتە ئەزموونێکی هاوبەش ئەم حاڵەتە ڕێک گواستنەوەی ئازارە خودییەکانە بۆ ئازارە گشتییەکان. کەوابوو لەم پێش مەرجەدا بۆمان دەردەکەوێت کە زمان ئامرازێکی گرنگە بۆ گەیاندنی پەیامو ئازارە ناوەکیەکانی مرۆڤ، بەڵام تاکە ئامراز نییە و پێویستە دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە زمانی دەربڕاو سنووری هەیە. وەهەروها پێویستە زمان فرە ڕەهەند بێت. بۆ گەیاندنی ئازارە نەتەوەییەکان، پێویستە تێکەڵەیەک لە زمانی نووسراو، دیداری، و دەربڕاو بەکاربهێنین. وەپێویستە پەرەبدرێتە سینەما و شانۆی کوردی،  سەرمایەگوزاری زیاتر لە کایەی هونەردا بکەین بۆ گەیاندنی پەیامەکانمان.

 

دەرئەنجام:

کردارەکەی محمد البوعزیزی وانەیەکی گرنگی پێ داین هەندێک جار کردار بە دەنگترە لە وشە، وێنە دەتوانێت قووڵتربێت لە تێکست. ئەمە مانای ئەوە نییە کە زمان بێ بایەخە، بەڵکو ئەوە دەگەیەنێت کە زمان بەتەنها بەس نییە بۆ گەیاندنی تەواوی ئەزموونی مرۆیی. بۆ نەتەوەیەکی وەکو کورد کە مێژوویەکی پڕ لە ئازار و خەباتی هەیە، پێویستە ئەم مێژووە نەک تەنها بنووسرێت، بەڵکو ببیندرێت و بکرێتە کردارێکی دەرەکی و هەست پێ بکرێت، تەنها بەم شێوەیە دەتوانین ئازارێکی سەبجێکتیڤ بگۆڕین بۆ یادەوەرییەکی کۆمەڵایەتی، و یادەوەریی بگۆڕین بۆ هێزێک بۆ گۆڕانکاری. لە کۆتاییدا کەم توانایی زمان لە گەیاندنی ئازار نابێتە بیانوو  بۆ کەمکاری، بەڵکو بانگهێشتێکە بۆ داهێنانی شێوازی نوێی گەیاندن شێوازێک کە تێیدا وشە و وێنە، دەنگ و بێدەنگی، نووسین و نواندن پێکەوە کار بکەن بۆ گەیاندنی ڕاستیی تەواوی ئەزموونی مرۆیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×