زۆر جار لەناو خەڵکدا بەھەڵە ھەندێ وشەو دەستەواژە دەچێتە ناو خەڵکەوە، بۆ نمونە (جنۆکە - جن)، لەکوردستانی باشوور یەکێک زۆر ناشیرین بێت پێی دەڵێن (ئەڵێی جنۆکەیت)، ھەندێ جار بەمانای (دێو درنج)یش دێت، وەک لە فەرھەنگی مەردۆخدا ئاماژەی بۆ کردووە، ئەمڕۆ ٢٦/٦/٢٠٢٦ ساڵیادی مردنی حەسەن زیرەکە، بەڕێکەوت فەیسبووکم کردەوە چووە سەر گۆرانییەکی حەسەن زیرەک کە لە ئاھەنگی ماڵی ئەحمەدی سۆفی کەریم لە سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٧ تۆماری کردبوو، بەناوی (پێبکەنە با بتبینم) لەبەشێکی گۆرانییەکەدا دەڵێ (سنگت باخی شنۆیە/ کوڵمت گوڵی لیمۆیە / گوارەت لەگوێ سێ گۆیە/ خەڵکی شێتی {جن}یانن/ ئەو دڵەی من شێتی تۆیە)ھتد.
ھاوسەرەکەم بانگ کردو پێش ئەوەی ھیچ بڵێم وتی گۆرانییەکی خۆشە، وتم (خەڵکی شێتی جنیانن) چییە؟ وتی نازانم. وتم: جن، یان جنۆکە بەھەڵە چۆتە ناو خەڵکەوە، لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆری و کلاسیکدا واتە لە شیعری نوسراو و سەرزمانی خەڵکدا ئەگەر ئافرەتێک زۆر زۆر جوان بووبێت پێیان وتووە (جن/جنۆکە) لەکوردیدا (پەری)یان بۆ داناوە، کەچی ئەمڕۆ بۆ جوانی ئافرەت پەری ماوەتەوە، کەچی جنۆکەکە مانای ڕاستەقینەی خۆی لەدەستداوە و بووە بە شتێکی ناشیرین، مانای دێڕەکەش ئەوەیە (خەڵکی شێتی کچی زۆر جوانن کە وەک جن واتە وەک پەری وان، بەڵام دڵی من ئەوانەی ناوێت و حەز لەتۆ دەکات).
جاری واھەیە (جن) وەکو لە ئاینی ئیسلامدا ھاتووە بۆ ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ بەکاردێت، زێوەر ئەڵێ: (بە دوو ڕەشماری سەرشانی دەڵێی زەححاکی سەففاکە/ لە قەتڵی کەس قوسوور ناکا ئەگەر ئینس و ئەگەر جین بێ) زەححاک: زوحاک، پاشای کۆنی ئێران. سەففاک(ع): خوێنڕێژ. قەتڵ(ع): کوشتن. قسور(ع): درێغی. ئینس(ع): مرۆڤ. جن(ع): پەری.
واتە: ئەو پرچەی سەرشانی وەکو ڕەشمارەکانی سەرشانی زوحاکە بەخوێن تینون، چاوپۆشی لەکوشتن ناکەن ئەگەر مرۆڤە یان پەرییە.
یان زێوەر بە پێچەوانەی خەڵکەوە کە جنیان بەدێو و درنج زانیوە، ھاتووە چیرۆکە شیعرێکی درێژی لەم بارەیەوە نوسیوە و لەدێڕێکدا دەڵێ: (جنن نابینرێن جسمێکی پاکن/ وەک مەلائیکەی نیشتووی ئەفلاکن) جن: پەری. ئەفلاک: کۆی فەلەک، ئاسمان، گەردوون. واتە: پەرییەکانیش وەکو فریشتەکان بوونەوەری خودان و لەتوانای ئێمەدا نییە بیانبینین.
--
ئەم ھەڵەیەی خەڵک جیاوازە لەو مۆدیلەی لەسەردەمە جیاوازەکاندا بۆ ئافرەت باوی بووە، بۆ نمونە سەردەمانێک چەناگەی چاڵ بۆ ئافرەت جوان بووە و پیاو حەزی لێبووە و چۆتە ناو ئەدەبیات و شیعرەوە وەکو (گۆران) ئەڵێ: (پێستی سپی بە خوێنی گەش مەیلەو ئاڵ/ کوڵمی قەڵەو چەناگەی ناوەڕاست چاڵ) کەچی ئێستا بە پێچەوانەوە، ئەوەی چەناگەی چاڵ بێت دەچێت جوانکاری دەکات و لایدەبات، یان دەم و لێو لە شیعری کلاسیکدا ئەو دەم و لێوە جوان بووە کە بچوک بێت، کەچی ئێستا بەشێک لەکچان دەم و لێویان گەورە ئەکەن، ئەمانە تاڕادەیەک ئاسایین و ھەڵەنین، بەڵام ئەوە ھەڵەیە وشەی جنۆکەیە کە ماناکەی لەجوانەوە بووە بە ناشیرین. گۆران لەباتی جن، زیاتر پەری بەکارھێناوە لە شیعری (بۆ بولبول) ئەڵێ: (نە پەریت، نە ئینسانی/نە قوتابی فەنانی/ کام بەستە کام گۆرانی؟ / سیحری ڕووتە، ئەیزانی) تەنانەت ھەر لە پەری، پەریزادیش دروست بووە واتە(نەوەی پەری ـ جنۆکە) گۆران ئەڵێ: (کچە کوردێک دڵ پێی شاد بێ/ وەک فریشتەو پەریزاد بێ).
(پەری، جن) لەسەردەمە جیاوازەکاندا ڕەھەندی فراوانتر وەردەگرێت و ئەگوازرێتەوە بۆ (دەنگ) وەکو (گۆران) لە شیعری دەروێش عەبدوڵڵادا ئەڵێ:( سیحری پەری نەغمە) یان لەشیعری تردا ئەڵێ: (پەری سیفەت) واتە تایبەتمەندی پەری وەرگرتووە نەک ھەر لەجوانیدا، بەڵکو لەشتی تریشدا، یان (پەری شێوە)ئەمەیان زیاتر بۆ ڕوخسارە، یان (پەری ئیلھام) واتە فریشتەی ئیلھام بەخش، یان (پەری تەبیعەت) واتە: سروشت و تەبیعەتی وەک پەری وایە، یان (پەری سەما) واتە سەما و ڕەقسی وەک پەرییە، یان: (پەری شیعر): شیعری جوان و ناسک.
لەکۆتاییدا جنۆکە: پەرییەو فریشتە: مەلایکەیە یان مەلەکە، حۆری: ئافرەتی جوانی بەھەشتە، بەشەر: مرۆڤە، وەکو لەم دێڕەی گۆراندا دەردەکەوێت:
فریشتەی یا پەری یا حوری؟ ئەی شۆخی مەلەک شێوە
بە عیشوەو خوو، لە ھاوجنسی بەشەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟
واتە: لەشۆخ و شەنگی و جوانیدا ھاوتات نییە، بۆم وەسف ناکرێ، بڵێم: فریشتە، پەری، حۆری، مەلەک، بەو عیشوەو نازەوە کە دەڕۆیت لەنەوەی مرۆڤ ناچیت، شتێکی دانسقەیت، بۆیە بەجێمان دێڵی و دەڕۆیت.