هەندێک پارتی سیاسیی کوردیی چونکە لە سوریا دروست بوون و هەژمونی سیاسیی و ماددی برا چاوڕەشەکانی ئەو ناوچەیەیان لەسەر بووە لەسەرەتاوە، بۆیە لە ئێستادا زووم و فۆکەسەکەیان بە زۆریی خستۆتە سەر ئەوەی کە "تورک" دوژمنی سەرسەختی کوردە و کەسی تر نا، کە ئەمە دەچێتە خانەی خزمەتکردن بە داگیرکەرەکانی تر کە ئەگەر زۆر زیاتریان لە تورک بە کورد نەکردبێ کەمتریان نەکردووە، بۆیە بەڕای من ئەمە خۆی لە خۆیا بە ژەهری فکریی هەژمار دەکرێت. ئەم شێوازی بیرکردنەوە و لە قاڵبدانەی چۆنێتی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان و ئاراستەکردنی مێشکیان بە یەک لایەندا ئەوەندە کاری لەسەر کراوە و لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا و ووتار و سیمینارەکانا دووبارە کراوەتەوە، بە جۆرێکی زیرەکانە و بە ئاگایی یاخود بەبێ ئاگایی خەڵکەکە؛ کاریگەریی لەسەر بەشێکی زۆریان دروستکردووە، بە جۆرێک دەبینی خەڵکانێک بەلایانەوە ئاساییە "مەبەستم لە ڕووی سیاسییەوە" برای گیانی بە گیانیی و بگرە تا دەگاتە ئاستی بوون بە جاشی برا عەرەبە چاوڕەشەکان بڕوا، چونکە بەلایەوە شۆڕشگێڕییە ئەگەر قسەی توند بەرامبەر بە "تورک" و "تورکیا" بکات و هەست دەکات ئیتر کاری سەرشانی جێبەجێکردووە و فەرزەکەی لە کۆڵ بۆتەوە و کوردێکی عەیارە ٢٤ ە، جارێ باسی فارس و هەژموونی لەسەر کورد و کەلتوری زمانی کوردی با بوەستێ لەولاوە کە ئەوەیان هەر بۆتە بڤە لەلایان و دوور و نزیک باسی ناکەن.
عەرەب زۆر بە لێزانیی و بە نەرمی و زۆر بە خەستی و هەمەلایەنانە خەریکی تەعریبکردنی شار و شارۆچکە و کلتور و ئەدەبی ئەو نەتەوانەن کە پێشتر خاکەکەیان داگیرکردوون، کورد بە نموونە، گەورەترین خەتەر بۆ سەر خاک و زمان و ئەدەب و کولتوری کورد لە باشوری کوردستان بە پلەی یەک تورک نییە و فارسیش نییە، بەڵکو عەرەبە! گرنگە تاکی کورد بە گوێرەی شوێنی جوگرافیی ناوچەکان خەتەرەکانیش دەستنیشان بکات. ڕاستە سیاسەت و دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئێرانیش کاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر باشور، بەڵام کاریگەرییەکەیان لەسەر باشور هێندەی کاریگەریی برایانی عەرەبی چاوڕەش نییە کە کوردی باشور بەرکەوتەی ڕاستەوخۆ و ڕۆژانەی هەیە لەگەڵیاندا، حاشا هەڵنەگرە کە کوردی باشور عەرەب ئەنفالی کرد و کیمیاوی پیا کرد و گوندەکانی چۆڵ و خاپور کرد.
دەرگا کردنەوەی بێ قەید و شەرت و بێ سنوور بۆ نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی عەرەب لە ناو کوردستاندا خەتەری گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەی هەیە لە داهاتودا، ئاخر لۆجیک لە کوێدایە کرێکاری عەرەب بهێنی لە کافتریا و چێشتخانە و کۆمپانیاکانی کوردستاندا کار بکەن؟ کرێکاری کورد بۆ نەخرێنە سەر ئیشەکان؟ پێویستە ئەوانەی دەهێنرێن و ڕێیان پێدەدرێت لە کوردستان کاربکەن خاوەنی بەهرەیەک بن کە ناوازە بێت و خاوەنی ئەو بەهرەیە لەناو کوردستاندا دەستکەوتنی ئاسان نەبێ، جێبەجێکردنی ئەمە پێویستیی بە ووردەکاریی و پرۆسەی خۆی هەیە کە بە خەڵکانی شارەزا و دڵسۆز و ڕاستگۆ دەکرێت. تا کورد نەبێتە خاوەن قەوارەیەکی بەهێز و پارێزراو ئەم خەتەری گۆڕینی دیمۆگرافیایەی لەسەر دەبێت. کورد تاکە هەلی زێڕینی ڕاگرتنی تەعریبی لە دەستدا، ئەو کاتەی دوای هەرەسهێنانی حکومەتی عێراق لە ٢٠٠٣، عەرەبی عێراق لەوپەڕی لاوازیدا بوون، بەڵام سەرانی پارتە سیاسییەکانی کورد لە پێناو چەند پۆستێکی سیادی و چەند دەستکەوتێکی ماددیدا، زۆر بە توندی کەوتنەوە هاوکاریکردنی برا چاوڕەشەکانمان بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی عێراقێکی بەهێز و مەرکەزیی! هەروەک ئێستا دەرهاویشتەی بنیاتنانەوەیەی ئەو عێراقە بەهێزە دەبینین لە زەلیلکردنی تاکی کورددا، کە وەرگرتنی مووچەی مانگانەکەی بۆتە گەورەترین دەستکەوت و ئاواتی ژیانی! زۆر بە داخەوە سەرانی دوو حزبە دەسەڵاتدارە کوردییەکەش چونکە خاوەنی ستراتیژێکی نەتەوەیی نین، گەورەترین سوودیان لەو زەلیلکردنی تاکی کوردە بینیوە و دەبینن، بەوەی قۆرخی بازاڕ و سەرجەم سەرچاوەکانی کارکردن و پەیداکردنی قووتی ڕۆژانەی خەڵکیان کردووە، خۆیان و نەوەکانیان بونەتە خاوەن چەندین کۆمپانیای زەبەلاح، ڕێکخراوی خێرخوازیی دەکەنەوە بە ناوی خۆیانەوە تا "خێر"بە میللەتەکەی خۆیان بکەن لەبری ئەوەی مافەکانیان بۆ دابینبکەن، لەم نێوەندەدا تاکی سادەی کورد لە نێوان دوو بەرداشدایە و تەنیا ئەو باجەکەی دەدات.
عەرەب پاش داگیرکردنی خاکمان، بۆ بەردەوامیدان بە داگیرکارییان هەر لە زووەوە دەستیانکردووە بە تەعریب و دزینی کەلتور و میوزیک و شێوازی دینداریی و ئەدەب و مێژوومان، تا ئەو ئاستەی دەبینی کارەکتەری کوردییان دروستکردوون لە بری خۆیان بەو کاری تەعریبە هەڵدەستن، وەک دەبینین چۆن حیزبە ئیسلامییەکان بەرگریکارێکی سەرسەختی جلوبەرگی عەرەبن و لەسەر داکەندنی جلوبەرگی داعشی عەرەبی لە سەر ستەیجێک چۆن کردیان بە هەڵا، هەروەک بینیمان چۆن هەمان ئەو بەرهەمی مێشک داگیرکردنە وای لە کورد کردووە بە هەزاران دۆلار کۆبکاتەوە بۆ عەرەبی فەلەستینی، لە کاتێکا هەمان کورد ئامادە نییە کەمترین هاوکاری هاوزمانەکانی بکات لە ڕۆژاڤا، یان بە لایەنی کەمەوە بێتە سەر شەقام و خۆپیشاندانێک ساز بکات بۆ پشتیوانییان. هەر دەرهاویشتەی ئەو پرۆسەی تەعریبکردنەیە کە دەبینی مەلایەک دێتە سەر شاشەیەک و گاڵتە بە ناوی کوردیی دەکات و هانی خەڵک دەدات ناوی عەرەبی بنێن لە مناڵەکانیان! خۆ ئەگەر بۆی باسبکەی کە "عثمان" یانی تولە مار لەوانەیە حوکمی کوشتنت دەربکا! چ جای ئەگەر پێی بڵێی هۆزی عەرەبی گەورە هەن شانازی بەوەوە دەکەن باوە گەورەیان ناوی "کلاب= کیلاب یانی سەگەکان" بووە. بەبێ ئەوەی ئەو کاری گاڵتەپێکردنەی ئەو مەلایە بە ناوی کوردیی لەسەر شاشەیەکی کوردیی غیرەت و هەڵوێستی هیچ بەرپرسێکی ووڵاتەکە بجوڵێنێ! هەر لەم ڕۆژانەیا گوێم لە میوزیشیەنێکی عەرەب بوو، دەیوت (لەم گرتە ڤیدیۆیەدا باسی سێ مەقامی "عەرەبی"تان بۆ ئەکەم! ) ووتم ئەبێ کامانە بڵێ! ووتی: (ئەوانیش هەریەکە لە مەقامەکانی "عەجەم" و "نەهاوەند" و کورد"ن!) . بە ڕاستیی ئەگەر کەسێک ئەمە بە یەکێک لە سیماکانی ئەوپەڕی ڕەگەزپەرستیی و دزینی کولتور و تەعریب نەزانێ و هەست بەو خەتەرەی عەرەب نەکا، پێت سەیر نەبێ کە ئامادەبێ خاکیشی ڕادەست بکات و بڵێ ئەویش هی ئێوەیە و ئێمە ئەوپەڕەکەی و لە باشترین حاڵەتا شەریکێکین لەگەڵتانا ئەگەر قبوڵمان بکەن! ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کورد و دەسەڵاتدارانی کورد کار لەسەر ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی تەعریب بکەن و یاسا و دەستورێکی بۆ بنوسنەوە؟ ئایا هەست ناکەن کە زۆر درەنگ بێت؟ یان تەنیا ئاسنی سارد ئەکوتین و هێشتا زۆرمان ماوە خاوەنی ئەو دەسەڵاتدارە کوردییە بین کە هەڵگری ئەو خەمە بێت!