لافەوەکەی چەمچەماڵ کارەساتێکی سروشتی بوو کە بەهۆیەوە هاوسۆزی خەڵکمان بینی بەهەموو چین و توێژەکانەوە، هەموو میدیا کوردیەکان دەستیان کرد بەڕووماڵی بەردەوام و هاندانی خەڵک بۆ بەخشین و بەهاناوەچوونی زیان لێکەوتووانی کارەساتەکە، لەهەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە، خەڵک هاودەنگ و هاوخەمی چەمچەماڵ بوون و هاوکاریان کۆکردەوە، پەیامی هەموو لایەک ڕوونبوو: لەقەیراندا، کۆمەڵگەی کوردی یەک دەنگ و یەک دەستەو کەسی لێقەوماو بەتەنیا بەجێ ناهێڵن. بۆ یەکەم جاریش، کۆمەڵێک کاربەدەستی حکومی لەپۆستەکانیان لادران.
وێڕای گەورەیی کارەساتەکە و زۆری زیانەکان، وێنەی دوای ڕوداوەکە تا ڕادەیەک دڵخۆشکەر بوو، بەڵام نابێت ئەم جوانییە وێنە ڕاستیەکە بشارێتەوە! ئەو کەمپەینە گەورەیەی کە بینیمان وەک هاوخەمی پیشاندرا، بەڵام لەڕاستیدا، جوڵەیەکی سیاسی بوو بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەئاسایی پیشاندانی شکستی حکومڕانی هەرێم.
لافاوەکان بەو شێوەیەی بینیمان بکوژ نین تەنها لەبەرئەوەی بارانی زۆر دەبارێت، بەڵکو بەهۆی فەشەلی سیاسی و پشتگوێ خستنی خەڵک و ژیانی خەڵکەوە، دەکرێت ڕوداوی سروشتی بچوکتریش لەوەی چەمچەمەڵ بکوژتربن و کارەساتی گەورەتر درووست بکەن. پێدانی پرۆژەکان بەلایەنگر و کۆمپانیای حیزبی لەجێگای کەسانی پسپۆڕو شارەزاو، فراوانکردنی شارەکان بەبێ بوونی پلانی گونجاوو، لاوازکردنی بەردەوامی توانای خەڵک، هۆکاری سەرەکی زیانە گەورەکانن، جا چی لەچەمچەماڵ بێت یان زاخۆو هەولێرو هەر ناوچەیەکیتری کوردستان. لای هەموومان ئاشکرایە کە زۆربەی بڕیاڕە گەورەکان لەلایەن کاربەدەستانی سەرەوە دەدرێن، لەسەر کار لادانی چەند کەسێک لە خواری خوارەوەی دەسەڵات، تەنها ئامانج لێی ونکردنی تاوانبارە سەرەکیەکان و پەردەپۆش کردنی کەم و کوڕیەکانە. ئەم جوڵەیەی حکومەت بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی بوو نەک باشترکردنی حوکمڕانی، ئەگەرچی ئەو کەسانەی خوارەوەش تاوانبار بن. لەدوای ئەوان، کۆمەڵێک کەسی حیزبیتر شوێنیان دەگرنەوە کە توانای بڕیاردانیان نابێت و سیستەمە سیاسەکەی سەرەوە هەر بە ناشەفافی و گەندەڵی دەمێنێتەوە، وە بگرە بەهێزتریش دەبێت.
هەمان ئەو میدیا حیزبیانەی کە بەپارەی خەڵک دەچن بەڕێوە، هانی خەڵکیان دا کە تا بۆیان دەکرێت ببەخشن و پەلە بکەن لە گەیاندنی هاوکاریەکانیان بەچەمچەماڵیەکان، هەم میدیای یەکێتی و هەم میدیای پارتی بەشێوازی خۆیان و بۆ سودی حیزبەکانیان سیاسەتیان کردو توڕەیی خەڵکیان گۆڕی بۆ هەست و سۆز. هەوڵیان دا وێناکە تەنها وەک تراژیدیا پیشانبدەن و توڕەیی خەڵک لەحکومەت بگۆڕن بۆ هاوسۆزی و خەڵکی چەمچەمالیش لەخاوەن مافەوە گۆڕدران بۆ کەسانێک کە جێگای بەزەیی بن.
خێرکردن رۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت لەم بارودۆخانەدا. هاوڵاتیان لەئەندامی کۆمەڵگەیەکی سیاسی خاوەن مافەوە دەکرێن بەخێرخواز کە دەبێت بە دەنگ بانگەوازی ئەخلاقیەوە بچن. لەم کاتانەدا، تەنها بەخشین دەبێت بەوەڵامی ڕاست؛ پرسیار کردن نەگونجاوە و شورەییە، توڕەیی بە شێوازێکیتر ئاراستە دەکرێت و دەگۆڕدرێت بۆ هاوسۆزی، بەرپسیارێتیش بۆ هەتا هەتایە دوادەخرێت.
لەسایەی سیستمی نیۆلیبرالیزمدا، خاوەن کۆمپانیا و بازرگانەکان سودمەندی سەرەکین. لەهەرێمیش زۆربەی سەرمایەدارەکان سودمەندی سەرەکی فەشەلی حوکمڕانی هەرێمن و لەچینە زۆر کەمەکەی سەری سەرەوەی کۆمەڵگەن، بەهۆی پشتگیری حیزبەکانەوە بەشی زۆری تەندەرەکان بۆ ئەوانە، لەکارەساتەکەی چەمچەماڵدا، ئەوان بوون بەپاڵەوانی شاشەکان و ڕزگارکەری سەرەکی لێقەوماوان.
بەهۆی جوڵەی میدیا حیزبیەکان و سەرمایەدارەکانەوە، هەموو شتێکمان لەشاشەکانەوە بینی، جگە لەباسی بوودجە و چاودێری پرۆژەکان و بەرپرسیارێتی حکومەت. کاتێک هەمان ئەو کەسانەی کە حکومەت بەڕێوە دەبەن خاوەنی میدیاو دەوڵەمەندەکانیشن، کارەسات دەبێت بەچیرۆکێکی کۆنترڵکراو لەجێگای ئەوەی وەک کێشەیەک پیشانبدرێت کە پێویستی بەچارەسەری ڕیشەیی هەیە.
ئەو پیاهەڵدان و گەورەکردنەی سەرمایەدارەکانیش هەر بەشێکە لەو لۆژیکە. ئەم کەسایەتیانە زۆربەی کات وەک ڕزگارکەری سەربەخۆ وێنا دەکرێن کە هەرکاتێک حکومەت نەیتوانی، ئەوان ئامادەن دەستی هاوکاری درێژ بکەن. لەڕاستیدا، ناکرێت سەرمایەی ئەو کەسانە لەدەسەڵات جیا بکرێتەوە، چەنکە بەشی زۆری سەرمایەکانیان لەڕێگەی سیاسی و قۆرخکاری پڕۆژەکان و دەستگرتن بەسەر کەرتی گشتیدا بەرهەم هاتووە. بەخشندەیی سەرمایەدارەکان بۆ کێبەرکێ کردن نیە لەگەل دەسەڵات، بەڵکو بۆ داپۆشینی کەمووکوڕی دەسەڵاتە. ئەم جوڵانە، نایەکسانی کۆمەڵایەتی بە بەخشندەیی بەخەڵک دەفرۆشنەوە و وادەکەن کە خەڵک چاوپۆشی لەفەشەلی سیستەمی حوکمڕانی بکەن، یان هەر نەیبینن.
جا ئەم دیاردەیە “سەرمایەداری کارەساتە” لەفۆڕمە لۆکالیەکەیدا. قەیران، لەم شێوازی حوکمڕانییەدا، نابێتە هۆی لاوازکردنی سیستەمەکە، بەڵکو زیاتر جێگیرو بەهێزی دەکات. هەر کارەساتێکی هاوشێوەی لافاوەکەی چەمچەماڵ زیاتر دووپاتی دەکەتەوە کە کێ دەبەخشێت، کێ وەردەگرێت، نابێت کێ پرسیاری لێبکرێت. هەتا فریاکەوتن و فریا گوزاریش بە تایبەت دەکرێن، بەرپرسیارێتی لە حکومەتەوە دەخرێتە سەر شانی خەڵکانیتر، وە ڕەوایەتی حکومەت و دەسەڵات لە ڕێگەی میدیاوە بەرهەم دەهێندرێتەوە و بەهێزتر دەکرێت.
حکومەتی هەرێم ئیدیعای دەسەڵاتدارێتی دەکات، بەڵام وەڵامدانەوەی کەم و کوڕی و کارەساتەکان تا دێت زیاتر لەتۆڕی پاترۆناژ دەچن، میدیا هەست و سۆز کۆدەکەنەوە و نوخبەکان دەبن بە خێرخوازو کاربەدەستانی خواری خوارەوەش دەکرێنە بەرپرسیاری سەرەکی کەم و کوڕیەکان، لەئەنجامدا سەنتەری دەسەڵات بەبێ کێشە بۆی دەردەچێت. ئەمە لە سیستمی سیاسی و ئابوریدا، پێیدەگوترێت نیۆلیبڕالییزم.
لەسیستمی نیۆلیبڕالیازمدا، حکومەت لاوازو کەرتی تایبەتی بەهێز دەردەکەون، بەڵام لەڕاستیدا، نیۆلیبڕالیزم سیستەمێکی سیاسی-ئابوریە کە کەرتی گشتی دەکات بەتایبەت و بۆ کۆمپانیاکانی جێدێڵێت، بەڵام لەڕووی دەسەڵاتەوە حکومەت هەر خۆی چەقی هێزی یەکەمەو هەموو ڕووداو و گێڕانەوەکان لەسوودی خۆی کۆنترۆڵ دەکات. ئەوەی لەچەمچەماڵ بینیمان نموونەیەکی زۆر ڕوون بوو.
ئەم شیکردنەوەیە بۆ نکۆڵیکردن لەئازاری دانیشتوانی چەمچەماڵ و زیان بەرکەوتوانی کارەساتەکە نیە، بەهاناوە چوونی چەمچەماڵیەکان هەم پێویست بوو، هەم جێگای دڵخۆشی بوو، بەڵام نابێت دیاردەی خێرخوازی جێگای بەرپرسیارێتی حکومەت بگرێتەوە، ناکرێت کۆمەڵگە بە بەخشین شکستی سیستەمەکە داپۆشێت. ئەگەر لەمەودوا کارەساتەکان بەکەمپەینی خێرخوازی و شۆی میدیایی بەڕێوەببردرێن، بچوکترین کارەساتەکانیش دەبن بەڕووداوی کۆنتڕۆڵکراو، بەتایبەتیش لەهەرێمێکدا کە حکومەتەکەی لەسەر قەیران گەشە دەکات و قەیران ئامرازی خۆ بەهێز کردنیەتی.
گرنگە خەڵک لەبیری بێت کە چەمچەماڵ و هاوشێوەکانی شایەنی بەزەیی پێداهاتنەوە نین، هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان پێویستیان بە بەڕێوەبردنی حەکیمانە و یەکسان هەیە، پێویستیان بە حوکمی ڕوون و شەفاف هەیە. بەهۆی بوونی سیستم و حوکمی ئێستا، دەبێت خەڵک چاوەڕوانی ڕووداوی گەورەتر لەوەی چەمچەماڵ بن، بۆیە دەبێت پرسیارە سەرەکیەکان ئەمانە بن: کێ بەرپرسی سەرەکیە؟ حکومەت دەبێت چی بکات؟ دەبێت کێ دەست لەکار بکێشێتەوە، نەک کێ خێر بکات و چەند ببەخشن؟
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات