هەر گفتوگۆیەکی جدی دەربارەی ”ناسیۆمالیزم“ دەبێت بە تێگەیشتن لە ئایدیۆلۆژیا دەست پێ بکات. ئایدۆلۆژیا تەنها کۆمەڵێک بیر و باوەڕی واتایی و سادە نیە، بەڵکو هێزێکی ماددییە کە شێوەی تێگەیشتن و هەست و ناسنامە بۆ مرۆڤەکان دروست دەکات. ئەم هێزەی ئایدۆلۆژیا توانای دروستکردنی وێنایەکی جیاوازی هەیە بۆ هەموو ڕووداوەکان و بەم شێوەیە پیشانیان دەدات کە لەگەڵ بەرژەوەندی دەسەڵاتدار گونجاوبن، وەک کارڵ مارکس دەڵێت، بیر و بۆچوونە باڵادەستەکانی هەر کۆمەڵگایەک پەیوەندیدارن بە بەرژەوەندییە ماددییەکانی ئەو کەسانەی دەسەڵاتیان هەیە. بەم پێیە، ئایدیۆلۆژیا ڕاستی نیشان نادات، بەڵکو ڕوداوەکان بە شێوەیەک وێنا دەکات کە لەگەڵ بەرژەوەندی دەسەڵات بگونجێن.
ئەم تێگەیشتنە لەلایەن ”لووی ئەلتوسەر“ ەوە بە شێوەیەکی قووڵتر پەرەی پێدراوە. بە بۆچوونی ئالتووسەر، ئایدیۆلۆژیا کردەوە و سیستەمێکی دامەزراوەییە، وەکو میدیا، قوتابخانە و ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان. لە ڕێگای ئەم دامەزراوانەوە، تاکەکان ”بانگ دەکرێن“ بۆ ئەوەی ببن بە جۆرێکی دیاریکراوی مرۆڤ، مرۆڤێک کە پشتیوانی سیاسییەکی دیاریکراو بێت، هاوڵاتییەکی ”باش“ بێت بە پێوەری دەسەڵات و دەسەڵاتدار، یان کەسێک کە ڕوداوەکان بە شێوەیەکی دیاریکراو ببینێت. بەم شێوەیە، ئایدیۆلۆژیا تەنها ڕێنمایی تاکەکان ناکات، بەڵکو سنووری بیرکردنەوەیان بۆ دادەنێت. بڕیار دەدات کام ڕووداو بە شێوەیەکی ئاسایی وەربگیرێت؛ چی بە ڕاست بزانرێت، و چی ”قبووڵنەکراو“ یان ”خیانەت“ بێت.
بۆ ئەوەی تێبگەین کە چۆن ئەم جۆرە مرۆڤە شوێنی سیاسەت و ئاراستەی حیزبێکی دیاریکراو یان سیاسیەک دەکەون، پێوسیتمان بە چەمکی ”هەژموون“ی ئەنتۆنیۆ گرامشی دەبێت. هەژموون دەکرێت لە دوو ڕێگەوە بسەپێنرێت: یان لە ڕێگەی هێزی زۆرە ملێوە یان بە دروستکردنی”common sense” و درووستکردنی ڕەزامەندی لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە. لەڕێگەی میدیا و پەروەردە و ڕێکخراوەکانەوە، دەسەڵات هەڵدەستێت بە ناساندنی هەموو ئەو ڕوداوانەی لە سوودی خۆیەتی، وەک ڕاست، وەک سروشتی، وەک بەرژەوەندیی گشتی. بەڵام هەمیشە ئەوەی وەک بەرژەوەندیی گشتی پیشان دەدرێت، تەنها بەرژەوەندیی گرووپێکی دیاریکراوە.
کاتێک کە ئایدیۆلۆژیا دەبێتە ژیانی ڕۆژانە، کاتێک مرۆڤ بەشدار دەبێت لە پاراستنی سیستەمێک کە لەوانەیە بە زیانی خۆی بێت، بەڵام وەک شتێکی سروشتی دەیبینێت، ئەوا دەسەڵات سەرکەوتوو بووە لە سەپاندنی هەژموونی خۆی، و دروستکردنی شوێنکەوتەیەک کە توانای پرسیارکردنی نییە.
ئەگەر ئەم چوارچێوەیە بەکاربهێنین بۆ دۆخی کوردستان، و بپرسین: کێ ئەم ئایدیۆلۆژیا و هەژموونە دروست دەکات و بۆ سودی کێ؟
لە ڕابردوودا، جوڵانەوەی نەتەوایەتی کوردی وەک پرۆژەیەکی هاوبەش دەردەکەوت، لە ڕێگای پارتی سیاسی دیاریکراوەوە. هەرچەندە، بە بروای من، لە دوای ڕوخانی کۆماری مەهابادەوە، ئامانجی سەرەکی خەباتی سیاسی کورد و بەتایبەتیش باشوری کوردستان، خزمەتکردنی چەند ڕێکخراوێکی سیاسی بووە، نەک نەتەوەی کورد، بەڵام هێشتاش باس لە پرسی نەتەوەی کورد و خەباتی سیاسی دەکرا لەپێناوی کوردستان دا.
بەڵام ئێستا، ئەم پرۆژەیە گۆڕاوە، نەتەوایەتی کوردی وەک پڕۆژە کۆتایی هاتووە و بووە بە ئامراز. ئامرازێک کە بەکار دەهێنرێت بۆ ڕێکخستنی خەڵک و ئاراستە کردنیان، بۆ پاراستنی دەسەڵات، وە بۆ شاردنەوەی ڕاستییە مادییەکان.
دەسەڵات لە ڕێگەی میدیای گەورە و لەسەر داهاتی گشتی، تاکێک بەرهەم دێنێت، نەک تەنها وەک شوێنکەوتەی ڕێکخراوێکی سیاسی، بەڵکو وەک شوێنکەوتەی کەسی سیاسی دیاریکراو. ناوی ”کوردایەتی“ و ”نیشتیمان“ دەدورێت بە باڵای کەسە سیاسییەکان؛ هەموو جوڵەیەکی ئەم کەسە سیاسییانە وەک دیاردەیەکی نەتەوەیی و کوردانە پیشان دەدرێت. ئەگەر کەسێکیش بە وێنەیەکیتر کوردایەتی ببینێت، ئەوا بە لە ڕێ دەرچوو و دژە کورد هەژمار دەکرێت.
ئەوەی زۆرجار لە پەنای ئەم پرۆسەیەدا دەشاردرێتەوە، بنەمای ماددیی خودی سەرکردە سیاسییەکانە. بنەماڵە سیاسییە باڵادەستەکان تەنها ئەکتەری سیاسی نین؛ بەڵکو بە شێوەیەکی قووڵ لە ناو تۆڕە ئابوورییەکاندا جێگیربوون، کۆنترۆڵی سەرچاوە و پڕۆژە و بوارە سەرەکییەکانی ئابوورییان کردووە، بەڵام لە ڕێگای میدیا و ئامرازە ئایدیۆلۆژییەکانەوە، هەمیشە ئەم بەرژەوەندییانە وەک بەرژەوەندیی نەتەوەیی پیشان دەدرێن، سەرنج لەسەر کردارە مادییەکانی وەک کۆنترۆڵی ئابووری، تۆڕی پارەدان، و دەسەڵاتی بنەماڵەیی دەگوازێتەوە بۆ وەفاداریی سیمبولی، سەرکردە و نەتەوە هاوتای یەک دەکرێن و بەم شێوەیەش، وەفاداری بۆ سەرکردایەتی دەگۆڕدرێت بۆ وەفاداری بۆ نەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕەخنەگرتن لە سەرکردەی سیاسی، وەک ڕەخنەگرتن لە خودی نەتەوە پیشان دەدرێت.
زۆربەی کات، دەسەڵاتدار و کەسی سیاسی چی دەکات گرینگ نییە، بەڵکو ئەو وێنەیە گرنگە کە میدیا بۆی درووست کردووە، هەتا ئەگەر کردارەکانیان دژی خەڵک و زمان و نەتەوەش بن. بە پێچەوانەوە، لە ڕێگای دووبارەکردنەوەی بەردەوام لە میدیا و گوتاری سیاسییەوە، ئەم سەرکردانە وەک نوێنەری خودی نەتەوە، وەک پارێزەر، وەک سیمبول وێنا دەکرێن و تەنانەت جۆرێک لە بەردەوامی مێژووییان پێدەدرێت، وە هەر تاکێک توانای دەرچوون لەم چوارچێوەیەی هەبێت و بتوانێت ڕەخنە بگرێت، ئەوا نەک هەر کوردێکی باش نیە، بەڵکو هەر کورد نییە.
بەم شێوەیە، نەتەوە تەنها لە سەر سنوورە جوگرافییەکان پارچە پارچە ناکرێت، بەڵکو لە سەر سنوورە ئایدیۆلۆژییەکانیش دەبێت بە چەند بەشێکەوە. جا مەترسییە گەورەکە لێرەوە دروست دەبێت کە نەتەوەپەرستی بۆ مەرامی کەسێک یان حیزبێکی دیاریکراو بەکاردەهێنرێت، بەم لۆژیکە، نابێت تۆ بەتەنها کوردبیت، بەڵکو دەبێت کوردبیت بەو شێوەیەی کە دەسەڵات یان ڕێکخراوێکی سیاسی دیاریکراو قبوڵیەتی.
ئەمە بەڕوونی لە کاتی ڕوداوە سیاسییەکانی ئەم دواییانەدا دەرکەوت. ئەگەر ڕێپێوان و ڕاپەڕینی خەڵک بۆ ڕۆژاوا یان “بزوتنەوەی کەزی“ بەراورد بکەین بە بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو ستەمەی لە کوردی ڕۆژهەڵات دەکرێت لە لایەن ئێرانەوە، جیاوازیەکە ئێجگار گەورەیە، بەڵام ئەم جیاوازییە دووڕوویی خەڵک نیە، بەڵکو ئەنجامی سیستمێکی ئایدیۆلۆژییە کە تاکی دروستکراو شوێنپێی سیاسیەکەی دەکەوێت و ناتوانێت لەم چوارچێوەیە دەربچێت.
کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە وەڵام و کاردانەوەی خەڵک بۆ دۆزی ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد نییە بە شێوەیەکی گشتی، بەڵکو کاردانەوەکان بۆ ئەم وێنایەیە لە نەتەوە کە بۆیان دروست کراوە.
ڕووداوەکانی کەرکوکیش ئەم ڕاستییە زیاتر ئاشکرا دەکەن. لەڕێی بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیای نەتەوەییەوە، حیزبی سیاسی کێشەی دەسەڵات و بەرژەوەندییان گۆڕییوە بۆ چیرۆکی وەفاداری و خیانەت. بە واتایەکیتر، لەم بارودۆخانەدا، کێشەی ماددی دەگۆڕدرێت بۆ کێشەی ئەخلاقی. هەر حیزبێک لە سوودی بێت، هەڵدەستێت بە ڕێکەوتن لەگەڵ نەتەوە و لایەنێکیتر؛ بە پێچەوانەوە، گێڕانەوەکان بارگاوی دەکرێن بە وێنای دروستکراوی ئایدۆلۆژیا و تێکەڵی دەکەن بە نەتەوایەتی بەتاڵ.
نەتەوایەتیبوون، وەک ئایدۆلۆژیاییەک بێ لایەنە، بەڵام ئەوە شێوازی بەکارهێنان و گۆڕینیەتی بۆ ئامرازی بەکارهێنان، ئەمە دەیکات بە ئایدۆلۆژیایەکی ماددی بۆ سوود گەیاندن بە کۆمەڵێکی دیاریکراو.
لە ئەنجامدا، ئەوەی لە کوردستان دروست بووە، جۆرێکە لە ئایدۆلۆژیای نەتەوایەتیی کە هەم زۆربەهێزە وهەمیش زۆر بەتاڵە؛ بەهێزە، چونکە نەتەوەیی بوون پەیوەندی بە شوناسەوە هەیە و لە هەست و سۆزی خەڵکەوە دروست دەبێت، لەهەمان کات دا، هەست و سۆز و شوناسیش درەست دەکات. وە ئەم جۆرە لە نەتەوایەتی بوونەی ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە جۆرێکی بەتاڵە، چونکە ئەم هەستانەی کە درووست دەبن لە ژێر کێبڕکێی حیزب و نوخبە سیاسییەکاندا، دابەش دەبن بۆ چەند بەرەیەک و دەنگی کورد پەرتەوازە دەکەن لەپێناو سودی کۆمەڵێکی دیاریکراو دا.
کەواتە، ئەوەی لە کوردستان هەمانە کوردایەتی نییە بۆ کوردایەتی، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بەرژەوەندی کەس و بنەماڵەی سیاسی و کۆت و بەند کردنی بیر و هۆشی تاکی کۆمەڵگە بە شێوەیەک کە نەتوانێت پەی بە ڕاستییەکان ببات.
لە کۆتاییدا، من لەم وتارە کورتەدا مەبەستم نیە بڵێم کە نەتەوایەتی کوردی لەناوچووە، بەڵکو پێموایە کە بابەتی “نەتەوە“ لە کوردستان بە گشتی و لە باشور بەتایبەتی، لە قەیراندایە، بەشێوەیەک کە وەک ئامرازی ماددی و بۆ سوودی کەمینە بەکار دەهێنرێت و ڕێگەی لێ دەگریێت ببێتە پرۆژەیەکی هاوبەش.