سەرزەمینێک، بەتامی جەنگەڵ

ساسان محەمەد
  2026-01-30     366

لەدارستاندا لە شێریان پرسی: تۆ کێیت ؟ وتی: من شێرم.

 ھەمان پرسیاریان لە گوێدرێژ کرد، وتی: من ئاژەڵم.

ئەم چیرۆچکەیەی سەرەوە، چەند ساڵێک پێش ئێستا ھات بەخەیاڵمدا، ئەوکاتانەی پرۆفایلی کوردێکی (حیزبی) باشوورم بینی، کەلەسەر واڵی فەیسبووکەکەی نوسیبووی(مرۆڤبوون ناسنامەکەمە و سەرزەمینیش نیشتیمانمە)

ئەوکاتە لەخۆم پرسی، کەئاخۆ مرۆڤبوون چیەو وە ئەو دۆخە کامەیە کەوا لەدنیای سیاسەتی نێودەوڵەتی بکات کە بەشێوەیەک ھەڵسوکەوت لەتەک ئەم کۆمەڵەو دەستەو گرووپانە بکات، کە خاوەنی کیانی سەربەخۆو خاک و سنووری خۆیان نین، وەکو ئەوەی کە مرۆڤبوونی ئەم گروپانە خاڵیە لەھیچ کێش و قورساییەکی سیاسی. ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی کە چارەسەری دەرد و کێشەکانی ھەندێک لەم گرووپە جیاوازانە( گرووپی نەتەوەیی و ئەتنیکی بچووک) ھەرچەندە تەواو سیاسی بێت و ژیان و ژیاریان لەژێر مەترسی قڕکردن و لەناوچووندابێت، ھیچ کاتێک ئازارەکانیان بەھەند وەرناگیرێت و وەرنەگیراوە، وە بەردەوام وەکو دۆخ و قەیرانی لەناکاو( ئێمێرجنسی) چارەسەرکراوە، وەکو ئەوەی بریندارێک فیشەکێک لە قۆڵیدابێت و پەرستیارێک دێت، بەبێ دەرھێنانی فیشەکەکە، ڕاست بەکەمێک لۆکە شوێن فیشەکەکە دادەپۆشێت و بەلەفاف برینەکە دەپێچێتەوە و ھیچیتر. واتا بەتەنھا شاردنەوەی برینەکەیە، پینەو پەڕۆکردنی دۆخەکە بۆ ماوەیەکی کورت. جا ئێمەی کورد، گەر ئەم دۆخەی ئیستامان بەئاڕاستەی ڕزگاری نیشتمانی نەبەین و بە کەناری سەربەخۆیی نەگەێنین، ئەوا ڕۆژێک دێت کە ئەم مانەوەیەی ئێستاشمان چیتر بەردەوامی نابێت. جا ئەم جۆرە لە چارەسەرکردنە کورتخایەنە، بۆخۆی سەلمێنەری ئەوەیە کەلە ڕاستیدا ئێمەی کورد و ھاوشێوەکانمان دۆخمان لەدەرەوەی ئەو کێشەیەیە کە بە کێشەی ئینسانی ناودەبرێت، چونکە لەلایەک، ئەوەی لەدنیای نیوەدەوڵەتی وەک کۆمەک وەرمان گرتووە، ئەیسەلمێنێت کە مافی مرۆڤ ھەر ئەوەندەی بۆ نەتەوە بێ خاک و بێ کیانە سیاسیەکانی پێیە. گەر ئەمەش بەڕاستی مافی مرۆڤ بێت، ئەوە بۆمان ئاشکرایە کە بە سیاسیکردنی مافە ئینسانیەکانمان ، پێویستی بەکیانی سەربەخۆ ھەیە، تاوەکو بوونمان وەک نەتەوەیەک پارێزراوبێت. ئەزموونی کوردانی ڕۆژئاوا پیشانیداین، کەبەتەنھا ھێزی سەربازی بەس نیە بۆ مانەوە وەکو کورد، بەڵکو یەکلاکردنەوەی خواستی سیاسی کوردە بۆ سەربەخۆی و دەوڵەتی خۆی. ھەر ئەمەش سەلماندی کە لەم سەردەمەدا کە سیستمی سیاسی زلھێزەکان و بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان، ئەم جۆرە لە کێشانە لەبەرامبەردا  وەکو سەرئێشەک دەبینن بۆ خۆیان، وە بە تەواوەتی وەکو دژێکیش بە بەرژەوەندیەکانیان. ھەربۆیە کە چیدیکە ئامادەنین کە بەرژەوەندیەکانی خۆیان بکەنە قوربانی ئەوانیتر و کوردو دۆزەکەی. وە ئەو میللەت و گروپە ئەتنی و دینیانەی، کە کێشەی مانەوەیان ھەیە و ترسی لەناوچوونیان ھەیە، زۆربەی جار توانای بەرگریکردن لەخۆیان نیە. سەختیشە بۆیان بۆ ئەوەی تایبەتمەندی و جیاوازی کلتووری و دینی خۆیان بپارێزن و لەم نێوەندەدا بمێنینەوە. جا ھەربۆیە کە زۆر گرنگە بوونی خۆمان بکەینە دیفاکتۆر و ئیرادەی خۆمان بەسەر دنیادا بسەپێنێت. ھێزو وزەی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ سەربەخۆیی. چونکە دواجار دنیا لەئێستادا، کە تیایدا دووبارە دەوڵەتی نەتەوە زەقبۆتەوە، جەنگەڵێکە، شێرو گورگەکان، چۆن بەتەنھا ئەوانن کە بەشێکە لە سروشتیان، بەتەنیا لەدنیادا بخۆن و نایانەوێت نێچیرەکانیان و ئەوەی ھەیانە لەگەڵ ئەوانیتردا بەش بکەن. ھەر ئاوەھاش گرنگە کە کورد بریاڕی خۆی بۆ سەربەخۆیی یەکلابکاتەوە، بەرگری لەخاکی خۆی بکات. وە زۆریش گرنگە کە چیدیکە تاقەت و حەوسەڵەی ژێردەستی و ژیانی بێ ئازادی نەمێنێت، ژێردەستی و نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی لەلای ببێتە عەیبە و بڕوا بەخۆی بھێنێت، کە ژێردەستی چارەنووس نیە، ئازادبوونیش ھەڵبژاردنەو بەتەنیا پێویستی بە ویست و ئیرادە ھەیە. وە ئەگەر بەڕاستی ئێمە بمانەوێت وەکو کورد ببینە خاوەنی تاکی مرۆڤدۆست،( وەکو خەونی ئەو برادەرە) ھاوڵاتی گەردوونی و سەرزەمین ببێتە نیشتیمانمان، بەبێ ئەوەی وەکو ژێردەستەیەکی نێو جەنگەڵەکان(لەشێوەی نموونەی چیرۆچکەکەی سەرەوە) خۆمان بناسێنین، گرنگە کە دۆخمان لە ھەبوویەک کەلەپەراوێزی دنیادا ھەین، ڕووەو بوونێکی سیاسی بگوازینەوە. وە زۆر گرنگە کە ماڵێکی سیاسیمان ھەبێت، تاوەکو بتوانین لەو ماڵەدا زمان و کلتورو دەستەخوشکەکانی تیادا بپارێزین و گەشەی پێبدەین. چونکە بەڕاستی دۆخی ژیردەستی و ژیانێکی نائازادانە، ناتوانێت بمانکاتە مرۆڤدۆست، چونکە لەدەرەوەی بوونێکی ئازاد، گاڵتەبەخۆکردن وساویلکەییە، کاتێک بمانەوێت باس لەمرۆڤایەتی و بەھاکانی بکەین(بەتایبەتی گەر بمانەوێت بەڕاستی بەرگری لەوبەھایانە بکەین، کە ئەمڕۆکە لەبری ھەموو دنیا بەرگری لێ دەکەین) کەوەکو میللەتێک بەشایەنی خۆمانی دەزانین.

لەمە گرنگتر، دەبێت ڕاستیەکی تاڵتریش بزانین، ئەویش ئەوەیە، کەبەھۆی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و کارەساتەکانی سەر ئەم ھەسارەیە. بە ئاوو وشکانیبوونی خاکەکان، تواننەوەی بەستەڵەکانی باکوور. دنیا داگیر دەکات و شوێن بۆ ژیان و جێگیربوونی مرۆڤەکان تەنگ دەکات، یاخود ھەر نامێنێت. دەوڵەتانی ھەژار، گرووپی سەر بەکەمایەتیە دینیەکان(لەھەندێک ناوچەی دنیا، مەحکومن بەتواندنەوە لەنێو ناسنامەی گشتگیری ئەو دەوڵەتانەی تیایدا دەژین، بۆ نمونە قەرەج کەبەسەر زۆر وڵاتدا دابەش بوون و تادێت زۆر سەخت و دەبێتە مەحاڵ، کەچیتر بتوانن ژیانی قەرەجیانەی خۆیان بژین). بۆ کورد زۆرگرنگە بەزووترین کات خاکە داگیرکراوەکانی ڕزگار بکات و نیشتەجێیان ببێتەوە، بەرلەوەی داگیرکەران خەڵکانی غەیرەکوردی لێ جێگیربکەن. وە پێویستە سەردەمی ئاوارەیی و کۆچکردن چیتر وەکو بژاردەیەک کاڵبکرێتەوە. چونکە ئاشکرایە کە تادێت بوونی میللەتە ھەژارەکانی چەندین دەوڵەتان لە ئەفریقا و ھەندێک وڵاتانی ھەژاری ئاسیا،بەھۆی گۆرانکاریە سروشتیەکان و کارەساتە ژینگەییەکان، دەبێتە ھۆی بچووکبوونەوەی تەواوی ئەم سەر زەمینە، یاخود نەمانی خاکی تەواو، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان تیایدا بەئاسانی تیایدا بژین.  وە ترسی ئەوەشیان ھەیە ( زۆر بەداخەوە بۆ ئەم بەراوردکاریە ناچارە) کە دواجار ڕووبەڕووی ھاوشێوەی چارەنووسی ئەو مشکە ببنەوە، کە لە کورتە چیرۆکێکی کافکا ھاتووە.!!!!

ئەمەش تەواوی چیرۆکەکەیە.

​مشکەکە بە ئاخێکەوە وتی: «داخەکەم، دنیا تادێت ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە. لە سەرەتادا جیھان ئەوەندە گەورە بوو کە دەترسام، بەردەوام ڕام دەکرد و ڕام دەکرد، دڵخۆشبووم، کاتێک لە دوورەوە دیوارم لە لای ڕاست و چەپمەوە دەبینی؛ بەڵام ئەم دیوارە بەرزانە ئەوەندە بە خێرایی تەسک بوونەتەوە، کە ئێستا، لەدوا نھۆمدا وەستاوم، وا لەو گۆشەیەدا ئەو تەڵەیە دانراوە کە دەبێت خۆمی پیادا بدەم.»

​پشیلەکە وتی: «تەنھا پێویستە ئاڕاستەکەت بگۆڕیت،»

ئەمەی وت و بە قەپاڵێک مشکەکەی خواردی.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×