لە پێناو گوتارێکی ئیسلامخوازیی و نەتەوەپەروەریی یەکترتەواوکەردا

پ.د. ئەنوەر محەمەد فەرەج
  2026-02-16     208

ئایا ھیچ دژایەتییەک لە نێوان ئیسلامخوازی و نەتەوەپەروەرییدا ھەیە؟

ئەگەر وەڵامەکە ئەرێنییە، ئایا دژایەتییەکە جەوھەرییە یان مێژوویی و سیاسییە؟

ئایا دەکرێت نەتەوەپەروەریی کوردانە لە چوارچێوەی ئاسۆیەکی ئەخلاقیی ئیسلامیدا پێناسە بکرێتەوە؟

ئایا دەکرێت ستەملێکراویی کورد لە گێڕانەوەیەکی سیاسییەوە بگۆڕدرێت بۆ پرسێکی ئەخلاقی؟

 

ئەگەر بمانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە ئەوا دەبێت باس لە گوتارێکی ئیسلامی/نەتەوەیی کوردی بکەین، بەبێ ئەوەی بکەوێنە ناو دژیەکبوونێکی بنەڕەتییەوە. پێویستە لەو گریمانەیەوە دەستپێبکەین کە دژایەتیی نێوان ئیسلامخوازی و نەتەوەپەروەریی دژایەتییەکی جەوھەریی نییە، بەڵکو دەکرێت بەرھەمی خوێندنەوەیەکی ئایدۆلۆژیانەی مۆدێرن بێت، چونکە مۆدێلی ناسیۆنالیزمی عەلمانی مۆدێرن مەیلێکی پەراوێزخەرانەی ھەیە بۆ ئایین، یاخود رەنگە دەرھاویشتەی خوێندنەوەیەکی دەسەڵاتخوازانە بێت بۆ ئایینی ئیسلام، چونکە ئیسلامی سیاسی تەقلیدی مەیلێکی توانەوەخوازانەی ھەیە بۆ ناسنامە نەتەوەیی و ئیتنییەکان.

 

ئەم وتارە مێتۆدێکی شیکاریی ڕەخنەیی پەیڕەو دەکات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەردوو گوتاری ئیسلامیی تەقلیدی و نەتەوەیی مۆدێرن، و مۆدێلێکی تێکەڵاوی یەکترتەواوکەر پێشنیاز دەکات کە پەیوەندیی نێوان مەرجەعییەتی بەھاخوازی ئیسلامی و چوارچێوەی بوونگەرایی نەتەوەیی ڕێک دەخاتەوە، لە چەند خاڵێکی بنەڕەتیدا:

 

یەکەم: ئایینی ئیسلام وەک مەرجەع و سەرچاوەی بەھاکان:

ئایینی ئیسلام لە پێکھاتەی خۆیدا وەک ئاینێکی جیھانی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، بنەمایەکی پتەو دادەڕێژێت بۆ کۆمەڵە بەھایەکی ئەخلاقی کە بازنەی ئینتیمای نەتەوەیی و ئیتنی و ڕەگەزی تێدەپەڕێت، خودای گەورە دەفەرموێت: ﴿ إِنَّ ڕَکْرَمَکُمْ عِندَ اللَّەِ ڕَتْقَاکُمْ ﴾ ﴿ ۆمَا ڕَرْسَلْنَاکَ إِلَّا کَافَّەً لِّلنَّاسِ﴾ ﴿ ۆمَا ڕَرْسَلْنَاکَ إِلَّا رَحْمَەً لِّلْعَاڵمِینَ﴾
 

زانایانی بواری شەریعەتی ئیسلامی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئیسلام لەسەر بناغەی ژمارەیەک بەھای مرۆیی و جیھانی راوەستاوە و مژدەبەخشی بونیاتنانی جیھانێکە لەسەر بنەمای ئەو بەھایانە،‌ لە نموونەی (دادپەروەریی و یەکسانی و چاکەکاریی و چاکسازیی و رەحمەت و ئەمانەتپارێزی). لێرەدا ئیسلام ناسنامەیەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو پێوەرێکی ئەخلاقییە. کێشە مێژووییەکە ئەو کاتە دروست بوو کە ئیسلام بۆ چەسپاندنی ناسنامە سیاسییە باڵادەستەکان بەکارھێنرا لەلایەن بنەماڵە و ھۆز و نەتەوە جیاوازەکانەوە.

 

دووەم: جیاوازیی بیری نەتەوەپەروەریی لە نێوان مۆدێلی ئەوروپی و دۆخی کوردیدا:

مۆدێلی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی ئەوروپی لەناو دۆخی تایبەتی بەسیکیولارکردنی دەوڵەتدا، دوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ کڵێسای مەسیحی سەری ھەڵدا. لەوێدا "نەتەوە" جێگەی مەرجەعییەتی "ئایینی" گرتەوە وەک "ڕەھایی سیاسی". مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی دەبێتە جێگرەوەی ئیمپراتۆریەتی مەسیحی و بۆ مانەوە و درێژەدان بە خۆی سەرچاوەی رەوایەتی لە دەرەوەی ئایینەوە وەردەگرێت. ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، ئەو راستیە دەبینین کە کێشەکە لە خودی بیری نەتەوەییدا نییە، بەڵکو لە دابڕانیدایە لە بەھا ئەخلاقییەکان.

ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، ئەوا دەبینین دۆخی کورد تەواو جیاوازە؛ چونکە لە سەردەمی نوێدا کورد وەک نەتەوەیەکی ئیمپراتۆریی فراوانخواز دەرنەکەوتووە، بەڵکو شوناسی کوردبوون زیاتر وەک ھۆشیارییەکی بەرگریکارانە لە دژی نکۆڵیکردن لە مافەکان و پەراوێزخستنی سیاسی و کەلتووریی بەرجەستە بووە، نکۆڵیکردنێک ھەم زلھێزە جیھانییەکان پەیڕەویان کردوە ھەم ئەو دەوڵەتانەی لە پاش جەنگەکان و لە پاش کۆلۆنیالیزم دروست بوون لەسەر مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە، کە لانی کەم لە چوار وڵاتدا کورد شوناسی نەتەوەیەکی بندەستی پێبڕا لە بەرامبەر سێ نەتەوەی سەردەست و خاوەن دەوڵەتدا.

 

سێیەم: ھەڵوەشاندنەوەی دەنگۆی دژایەتی ئیسلامخوازی و نەتەوەپەروەریی:

سەرەتا لە رووی چەمکسازییەوە (المفھومی) ھەبوونی دژایەتیی رەد دەکرێتەوە، چونکە دەقی ئیسلامی پەیامی رەتکردنەوەی ئینتیمای نەتەوەیی وەک ئینتیمایەکی کولتووری لەخۆ ناگرێت. خودی قورئان دان بە فرەیی زمانەکان و فرەچەشنی گەل و نەتەوەکاندا دەنێت: ﴿ ۆمِنْ آێاتِەِ خَلْقُ السَّمَاۆاتِ ۆالْڕَرْچِ ۆاخْتِڵافُ ڕَلْسِنَتِکُمْ ۆڕَلْۆانِکُمْ ۚ إِنَّ فِی ژَٰلِکَ ڵآێاتٍ لِّلْعَالِمِینَ﴾، ﴿ۆجَعَلْنَاکُمْ شعُوبًا ۆقَبَائِڵ لِتَعَارَفُوا﴾ ئەوەی جێی سەرنجە قورئان  بە ئەرێنی باسی جیاوازی دەکات، وەک ئایەتێکی دەسەڵاتی خودا و وەک ئامرازێک بۆ پەیڕەوکردنی ئامانجی یەکترناسین.

لێرەوە بێگومان ئەوەی لە پەیامی ئیسلامدا رەتکراوەیە ئینتیمای نەتەوەیی نییە، بەڵکو "دەمارگیریی ستەمکارانە"یە جا ھەر کەس و نەتەوەیەک ئەنجامی بدات، نەک ئینتیمای سروشتی بۆ ھەر نەتەوەیەک لە چوارچێوەی وابەستەییان بۆ ئایینی ئیسلام.

بەڵام ئەگەر لە رووی مێژووییەوە (التاریخی) سەرنج بدەین ئەوا دەبینین کە دژایەتیی و گرژیی نێوان ئیسلام و نەتەوەپەروەریی لە ناوچەکەدا لە ئەنجامی چەند ھۆکارێکەوە بووە: وەک ھاوردەکردنی مۆدێلی نەتەوەیی ئەوروپی مۆدێرن لەلایەک و بەسیاسیکردنی ئیسلام لە چوارچێوەی دەوڵەتە ناوەندییەکانی پاش کۆلۆنیالیزمدا، واتە دژایەتییەکە بابەتێکی مێژووییە تەنانەت پاش ھەڵوەشانەوەی مۆدێلی سەڵتەنەتی عوسمانی کە رەگێکی ئایینی ھەبووە و لەگەڵ مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەی مۆدێرن ھاتووە، نەک شتێکی بنەڕەتی (بنیوی) بێت.

 

چوارەم: خوێندنەوەیەکی پێوەرگەرایی بۆ دۆخی کورد (پرسی دادپەروەری):

ئەگەر پێداچوونەوەیەکی رەخنەگرانە بکەین بۆ ڕووداوەکانی وەک: (پرۆسەی جینۆسایدی بەناو ئەنفال، مەرگەساتی ھەڵەبجە، سیاسەتەکانی بەعەرەبکردن و بەتورککردن و سەرکوتکردنی زمان و کولتوور و ھەوڵەکانی تواندنەوە لە بۆتەقەی بەئێرانیکردن و بانگەشەی ئومەتی ئیسلامیدا)، ئەوا دەکرێت پرسی کورد تەنھا وەک پرسێکی سیاسی نەخوێندرێنەوە، بەڵکو وەک پرسی "ستەملێکراویی" سەیر بکرێن. پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمووێت: "اتقوا الڤلم فإن الڤلم ڤلمات یوم القیامە".

لێرەوە، بەرگریکردن لە مافەکانی کورد دەکرێت لە ڕووی شەرعییەوە وەک بەرگریکردن لە دادپەروەری بناغەسازیی بۆ بکرێت، چونکە پرسی (فەرمان بە دادگەریی و رەدکردنەوەی ستەمکاریی) پرسێکی سەنتەرییە لە قورئانی پیرۆزدا.

لەلایەکی ترەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئامانج لە پەیامی ئایینەکان کە بریتییە لە گۆڕینی بیرکردنەوە و ھەستوسۆرز و رەفتاری مرۆڤەکان بە ئاراستەی چاکە و چاکەکاریی، ئەوا ھەرگیز ناتوانین بەبێ تێگەیشتنی پەیامەکە و پیادەکردنی بە زمانی دایک و جێگیرکردنی لە کەلتووری ھەر نەتەوەیەکدا ناتوانرێت لە دەرەوە بە زمان و کەلتووری نەتەوەیەکی تر بە تەواوی بچەسپێنرێت.

ئەگەر ئەو راستییە لە پێش چاو بگرین کە زمان وەک دەفرێکی مەعریفی وایە بۆ لەخۆگرتنی پەیامی ئایین، ھەر وەک ئەوەی زانای شەریعەتناس (شاگبی) جەختی کردوەتەوە کە تێگەیشتن لە گوتاری شەرعی بەستراوەتەوە بە زانینی زمانەوە، بێگومان ئەو مەبەستی زمانی عەرەبییە، بەڵام بەھەمان شێوە پەراوێزخستنی زمانی کوردی لە کایەی ئایینیدا دەبێتە ھۆی: نامۆبوونی مەعریفی، پاشکۆیەتیی فیقھی، لاوازیی ئیجتیھادی ناوخۆیی سازگار لەگەڵ ھەمان کەلتوور و شێوازی ژیاندا.

 

پێنجەم: ڕەخنەکردنی ھەردوو گوتارە باوەکە:

بۆ تێپەڕاندنی دۆخی دژییەکی روکەشی نـێوان ھەردوو ئینتیماکە پێویستە سەرەتا رەخنەی ھەردوو گوتاری باوی ئیسلامی تەقلیدی و ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی سێکیولار بکەین:

گوتاری ئیسلامی تەقلیدی زۆربەی کات "یەکێتیی ئوممەتی ئیسلامی"ی وەک ئەولەویەتێکی ڕەھا نیشانداوە، ھەر ئەوەش وای کردوە کە تا رادەیەک چاوپۆشی لە مەزڵوومییەتی نەتەوەیی بکات یان پاساوی بۆ بھێنێتەوە، سەرەنجام جۆرێک لە "پیرۆزی" بەخشیوە بە "دەسەڵات"ی ئەو دەوڵەتە مۆدێرنەی کە خۆی زادەی رێکەوتنی زلھێزانی ئەوروپی براوەی جەنگە جیھانییەکانە و لە بنەماوە لەسەر مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی بنیاتنراوە.

لە بەرامبەردا ئایدیۆلۆژیای نەتەوایەتی کوردیی مۆدێرن لە ھەندێک دەرکەوتەیدا، لە ژێر کاریگەریی و سەرسامی بە مۆدێلی ناسیۆنالیزمی ئەوروپیدا جۆرێک لە سیکیۆلاریزمی توندی پەیڕەو کردووە، وەک بەربەست مامەڵەی لەگەڵ ئاییندا کردووە، مۆدێلی "دەوڵەت-نەتەوە"ی قبوڵکردوە و بەبێ ڕەخنەی فەلسەفی کۆپی کردووە، سەرەنجام بیری نەتەوایەتی مۆدێرن وەک دەرچوون لە ئایین وێناکراوە.

لێرەوە دەتوانین بڵێین ھەردوو ئاراستەکە کەوتوونەتە ناو کورتکردنەوەی (اختزال) ناسنامەوە، قبوڵکردنی یەکێکیان یەکسانە بە رەدکردنەوەی ئەوی تر، واتە کۆکردنەوەیان ئەستەمە و کارێکی نەکردەیە.

 

شەشەم: پێشنیازی مۆدێلێکی یەکترتەواوکەر:

بەرمەبنای دوو مۆدێلەکەی پێشوو، دەتوانین مۆدێلێکی جێگرەوەی یەکترتەواوکەر پێشنیاز بکەین، ئەم مۆدێلە بۆ کەسانێک گرنگە کە ھەردوو ئینتیمای ئایینی و نەتەوەپەروەری لە ژیانیاندا بایەخدار بێت، ئەم مۆدێلە ھیچ ئینتیمایەک لەناو ئەوی تریاندا ناتوانێتەوە، بەڵکو پەیوەندیی نێوانیان ڕێک دەخاتەوە، پێشنیازەکە لەسەر سێ کۆڵەکە دەوەستێت:

١. ئیسلام وەک مەرجەعییەتی بەھا باڵاکان (دادپەروەری، کەرامەت، پاراستنی ناسنامە).
٢. نەتەوەپەروەریی وەک چوارچێوەیەکی بوونگەرایی و کولتووریی ڕەوا.
٣. دادپەروەری وەک خاڵی بەیەکگەیشتنی ھەردوو مەرجەعییەتەکە.

 

ئەنجامەکان

١. دژایەتیی نێوان ئیسلامخوازی و نەتەوەپەروەریی کوردی دژایەتییەکی جەوھەری نییە.
٢. دەکرێت گوتاری نەتەوەیی کوردی لەناو ئاسۆیەکی ئەخلاقیی ئیسلامیدا جێگیر بکرێت.
٣. سەرکەوتنی ئەم گوتارە بەستراوەتەوە بە پێگەیاندنی نوخبەیەک کە خاوەن ئینتیمایەکی یەکترتەواوکەربن.
٤. نەبوونی ئەم گوتارە، مەیدانەکە بۆ دوو گوتاری ناتەواو بەجێدەھێڵێت: یان توانەوەی ناسنامە، یان عەلمانییەتی توند و دابڕاو.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×