ئاشکرایە هەر پڕۆسەیەکى سیاسى و سەربازی، هەمیشە گوتارێکى ئایدۆلۆژى تایبەت بەخۆى هەیە و دەزگاکانى میدیاش دەبنە ئامرازی گەیاندن و بڵاوکردنەوەى گوتارە ئایدۆلۆژیاییەکە.
ئەم گوتارە دوو ڕووی هەیە: دیار و نادیار
ڕووە ئاشکراو دیارەکەى، بریتییە لەو زمان و دەستەواژەو دروشمانەى کە لە بڵاوکردنەوەى گوتارەکە بەکاردەهێنرێت. ڕووە نادیارەکەشى، ئەو مەرام و ئامانجەیە کە لە پشتى زمان و دروشمە دیارەکانەوە خۆى حەشارداوە، ئەمەش بەمەبەستى چەواشەکاریی و فریودانى ڕاى گشتى ، لە ئاستى دەرەوەو ناوەوەدا.
میدیاى ڕ‌ژێمى سەدام حوسێن لە پرۆسەى جینۆسایدکردنى خەڵکى سڤیل و بێتاوانى میللەتى کورد و وێرانکردنى گوندەکانى کوردستان، گوتارێکى ئاینى بەکاردەهێنا و هەرخودی پرۆسەى کۆمەڵکوژییەکەشى ناولێنابوو (الأنفال)، ئاشکرایشە وشەى (ئەنفال) ناوى سورەتى هەشتەمی قورئانى پیرۆزە، نەک هەر ئەمەندە بەڵکو ئەو هێزانەش كه بەشداربوون لەجێبەجێکردنى ئەم تاوانە،بەناوى کەسایەتى و ڕەمزی ئاینییەوە ناونرابوون، بۆنموونە ( هێزەکانى بەدر و قەعقاع= قوات البدر والقعقاع).
حزبی بەعس کە ئەم گوتار‌و ناوه ئاینییانەى بەکاردەهێنا، لە خوداناسیی و دینداریى خۆیەوە نەبووە، بەڵکوپلان و فێڵی سیاسی بووه . به‌عس هه‌ولیداوه ئیسلام به ئایدیۆلۆژیای عروبه‌چێتی بكات و له‌ناو ناسیۆلیزمی به‌عسیدا بیتوینێته‌وه ، هه‌ر وه‌كو دكتۆر ئه‌لبێرت عیسا ئاماژه‌ی بۆ كردووه به‌م ئایدیۆلۆژیكردنه‌ش به‌عس په‌یامی په‌یامبه‌ر له ره‌هه‌نده ئاینییه‌كه‌ی به‌تاڵبكاته‌وه .(1)
توێژه‌ری ئه‌مریكی (سامۆئیل هیلفۆنت) جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه حزبی به‌عس له‌هه‌ر كات و شوێنێك ده‌ستی بۆ ئاین بردبێت ، ته‌نها و ته‌نها ئیسلامی وه‌كو ئامراز بۆ ئامانجی سیاسی خۆی به‌كار هیناوه.(2)
نووسەرانى کورد لە بەرانبەر ئایدۆلۆژیاى بەعس و ئیسلام و تاوانى ئەنفالدا، بیروڕاى جیاوازیان هەیە. بەگشتى دەکرێ لە دوو ئاڕاستەدا بەدییان بکەین:
ئاڕاستەى یەکەم: لەژیر کاریگەرى گوتارى میدیایی و ئەو زمان و ناولێنانە ئاینییەى کە حزبی بەعس بۆ ئەم تاوانە بەکارهێنابوو، بەشێک لە نووسەران، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تاوانى ئەنفال کە حزبی بەعس دژى میللەتى کورد ئەنجامیدا, تێکەڵ بە فیکر و مێژووى ئایینى ئیسلامى دەکەن تا ئەو ئاستەى هەندێکیان ڕاستەوخۆ ئەم تاوانە دەبەستنەوە بە ئیسلامەوە، بۆنموونە لەم لایەنەوە ( کازیوە ساڵح) دەڵێت (( پێویستە لە مەسەلەى ئەنفالدا تەنها بگەڕێنینەوە بۆ ئاینى ئیسلام، چونکە ئاینى ئیسلام ئاینى هەموو داگیرکەرانى کورد بووە)) (٢)، لێرەوە ناوبراو ئەنفالى بەعس بە درێژە پێدەرى مێژووى ئیسلام دادەنێت؛ چونکە واى دەبینێت ( کە بونیادی ئاینى ئیسلام تەژییە بەڕێچکەى خوێنڕشتن و توندوتیژى)) (٣).
شێرزاد حەسەنیش، نزیک لەم دید و بۆچوونەوە، ژێده‌رێكی تاوانى ئەنفال پەیوەست دەکات بە فیکر‌و مێژووى ئیسلامەوە و دەڵێت ( کارەساتى ئەنفال و هەموو دەرئەنجامە ناشرینەکانى، وەک دەرهاوێشتەى عەقڵێکى خوێنخوارى بەعسیزم و تێکەڵ بەو میرات و کەلتوورەى عەرەب-ئیسلام کارێکى چاوەڕوانکراوە))(٤).
لەڕاستیدا بۆ قسەکردن لەسەر ئایدۆلۆژیاى بەعس و جینۆسایدکردنى میللەتى کورد بەناوى شاڵاوەکانى ئەنفالەوە، پێویستە ناسنامەو فیکری بنەڕەتی بەعس بناسین. بەتایبەتیش پەیوەندی نێوان بەعس و ئاینى ئیسلام. چۆنیەتى و چەندێتى ئەم پەیوەندییە لەم چەند خاڵەدا دەخەینەڕوو::
میشیل عەفلەق کە له عیراقدا ، دامه‌زرینه‌ری حزبی بەعسە ، دەڵێت:
( ڕێبازی بەعس عەلمانییە و بۆ ئەوە هاتووە ، لەسەردەمی نوێ‌دا جێى ئیسلام بگرێتەوە)) (٥).
سەدام حوسێنى دیکتاتۆر، گوتوویەتى (( حزبی بەعس حزبێکى ئاینى نییە و نابێت ببێت بە حزبێکى ئاینى))(٦).
لە ئاست ئەم ڕاستیانەدا، ئەو توێژەرانەى کە لە فیکر و بەرنامەى حزبی بەعس کۆڵیونەتەوە، بە ئاشکرا ئاماژەیان بە حەقیقەتى ناسنامەى بەعس کردووە کە (( بیروباوەڕی بەعس زۆر جیاوزە لەگەڵ بیروباوەڕى ئیسلام، بەڵکو دژیشى دەوەستێت))(٧)، له‌م میانه‌دا( آماتزیا بارام) کە ماوەیەک ڕاوێژکارى حکومەتى ئەمریکا بووه، دەڵێت:
( حکومەت و حزبی بەعس، عەلمانییەکى توندڕەوە)، هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕوانگەى مافى مرۆڤ لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست (Human Rights Watvh-Middle East Watch) لە تویژینەوەکەى خۆیدا بەناونیشانى ( جینۆساید لە عێڕاق: پەلامارى ئەنفال بۆ سەر کورد) دەڵێت (( ئەگەر چى سەدام حوسێن لەم ساڵانەى دواییدا، زۆرجار پەلامار و شاڵاوەکانى بەزمانێکى ئاینى و خودا پەرستى داپۆشیوە، بەڵام عێڕاقى بەعسیەکان دەوڵەتێکى عیلمانیی سەربازییە))(٨).
بەشێک لە نووسەرانى کورد، دەرکیان بەم ڕاستییانە و حەقیقەتى بەعس کردووە، بۆیە زانیویانە بەکارهێنانى ناوى ئاین و ئایەت بۆ ئەم تاوانە کۆمەڵکوژییە ، تاکتیکێکى سیاسیە و ڕەنگدانەوەى ئاینداریی بەعس نییە ؛ بۆیە ئەم ئاڕاستەیە، ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە هۆكارو پاڵنه‌ره‌كانی شاڵاوەکانى بەعس لە تاوانى ئەنفالدا پەیوەست بێت به ئیسلام و قورئانەوە، بەڵکو ئەم تاوانە ڕەنگدانەوەى ئایدۆلۆژیاى شۆڤیزمیانەى حزبی بەعسە،
لەم چوارچێوەیەدا (بەختیار عەلى) دەڵێت (( گێڕانەوەى ئۆتۆماتیکی ئەنفال بۆ ئاین و فکرى دینى ،نه‌وه‌كو خۆدزینه‌وه‌یه له خوێندنه‌وه‌ی به‌عس ، به‌ڵكو گواستنه‌وه‌ی گوناهه‌كانی به‌عسه بۆ ملی ئاین كه من پێموایه له جه‌وهه‌ردا ئاین خۆی یه‌كێك له قوربانییه‌كانی به‌عسه))(٩)
مەریوان وریا قانیع، هۆکاری ئەنفال ناگەڕێنێتەوە بۆده‌قی ئاینی ، بەڵکو لەنێو مێژووى نوێى سیاسى عێڕاقدا پەنجە دەخاتە سەر ژێده‌رو زه‌مینه‌ی پێش وه‌خته‌ی تاوانەکەو دەڵێت (( لەپشت تاوانى ئەنفالەوە، سێ مێژوو هەیە:- مێژووى عێراق وەک دروستکراوێکى کۆڵۆنیالى، میژووى بەعسى شۆڤێنى، مێژووى سەدام حوسێن وەک دیکتاتۆرێکى نارسیستى نەخۆش))(١٠).
هه‌ر ئه‌م جۆره لێكدانه‌وه‌و شرۆڤه سیاسی وفیكرییه‌ش دروست و بابه‌تیتره بۆ روونكردنه‌وه‌ی هۆكارو هه‌لومه‌رجی تاوانه‌كانی سه‌دام حوسێن، هێنده‌ی سه‌رنجیشم دابێت ، توێژه‌رانی ئه‌وروپی و ئه‌مركییش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هۆكارو پاڵنه‌ری تاوانه‌كانی ئه‌نفال و كیمیایی بارانكردنی كوردستانیان نه گه‌راندۆته‌وه بۆ ئاینی ئیسلام، تویژینه‌وه‌كانی ( سه‌مانسا پاوه‌ر، پرۆفیسۆر مایكیل كیلی ، ده‌یڤید ماكداوڵ ، مایكڵ لیزنبێرگ )نموونه‌یه‌كی ئه‌م ئاراسته‌یه‌ن و نه‌ك هه‌ر تاوانه‌كان په‌یوه‌ست ناكه‌ن به ئیسلامه‌وه ، به‌لكو هه‌ندێكیان به به‌ڵگه‌وه و به ئاشكرا باسی رۆلی خراپی زلهێزان ده‌كه‌ن كه هاوكاری سه‌دامییان كردووه له دژی كورد ، هه‌ر بۆ نموونه (سه‌مانسا پاوه‌ر )ئاماژه بۆ جینۆسایدكردنی كورد ده‌كات و ده‌ڵێت: له‌دۆزی كوردا ئه‌مریكا بوو به هاوپه‌یمانی رژێمێكی جینۆسایدكار.(12).
پەراوێزەکان:
د.ئه‌لبیرت عیسا ، خویندنه‌وه‌ی به‌عس بۆ فاشیزمی مێژوویی، لا181-183.
صموئيل هيلفونت , الاكراه في الدين – صدام حسين والاسلام,لا 21-185.
حەمە کاکەڕەش، (ئامادەکردن)، بێدەنگی و کۆکوژى، لا١٨٩.
هەمان سەرچاوەو لاپەرە.
حەمە کاکەڕەش، گفتوگۆ لەسەر خوانى خوێنین، لا١٦٨.
د.اماتزیا بارام، العراق من العلمانیة المتشددة إلى الاسلام السیاسی،لا١٢.
د.سۆزان کریم مستەفا، بەعسیزم، سلێمانی ،چاپخانه‌ی كارۆ، 2024،لا١٢٠.
هەمان سەرچاوە، لا١٢٠.
میدڵ ئیست وۆچ، جینۆساید لە عێڕاق، لا٧٦.،
بەختیار عەلى، چێژى مەرگدۆستى،چاپی یه‌كه‌م ،2011،لا61.
گۆڤارى ڕەهەند، ژ(١١)،لا١٨.
سه‌مانسا پاوه‌ر ، ئه‌مریكاو ئه‌نفال ، وه‌رگیرانی :به‌ختیار كه‌ریم ، ده‌زگای سه‌رده‌م ،لا23.