لەدواى کۆتایهاتنى جەنگى یەکەمى جیهان، پرۆسەى دامەزراندن و دروستکردنى ئەو قەوارە سیاسییەى کە ئەمرۆ پێى دەگوترێت (عێراق) لەسەردەستی بەریتانیا بە لکاندنى باشوورى کوردستان بە ویلایەتى بەغداو بەسراوە ڕاییکرا. ئەم لکاندنە سەرەتاى سەرەتانى کێشەى کورد بوو. (دێڤید کۆرن) بەم پڕۆسەیە دەڵێت (( یەکێکە لە دزێوترین چیرۆکەکانى کۆڵۆنیالیزمى بەریتانیا(١).
هەڵبەتە لکاندنى کوردستان بە عێراقى عەرەبیەوە بە زەبرى هێز و کوشتار و فێڵى سیاسى و ڕاپرسی و سەرژمێری ساختەوە بووە و بەریتانیا لەپێناویدا شار‌و گوندەکانى کوردستانى بۆ وێرانکردووە؛ چونکە میللەتى کورد لەو سەردەمەدا بەڕابەرایەتى شێخ مەحمودی حەفید، خوازیارى قەوارەیەکى سیاسى سەربەخۆ بوون تەنانەت گەر لە سێبەرى بەریتانیاشدابێت.
دڕندەیی هێزەکانى بەریتانیا لەسەرکوتکردنى دەنگی سەربەخۆیی کورد، لەدەرەوەى عێڕاقیش دەنگدانەوەى خۆى هەبووە. هەر بۆ نموونە سیاسەتمەدارو كه‌سایه‌تی ناسراوی هیند (جەواهر لال نەهرۆ) لە کتێبەکەی خۆیدا ( چاوپیاخشاندنێك به مێژووی جیهاندا = لمحات من تاریخ العالم) ئاماژە بۆئه‌وه ده‌كات له بیسته‌كان و سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، هێزی ئاسمانیی بەریتانیا، کوشتار و کاولکارییەکى زۆر‌و چڕی لە کوردستاندا ئەنجامداوە.(٢)
ئەو قۆناغە تاوان و ڕووداوگەلى تراژیدی زۆر‌و هەمەجۆرى بەخۆیەوە بینیوە؛ چونکە هێرش و پەلامارەکانى ئینگلیز بۆ سەر کوردستان تەنها سەربازیی نەبووه، بەڵکو هەڵمەت و شاڵاوێکى سیاسى ، ئابوورى، کولتوورى ، ئەخلاقى و کۆمەڵایەتیش بوو. له‌م لایه‌نه‌وه (د. کەمال مەزهەر) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ، ئینگلیزەکان لە شارەکانى کوردستان ڕێگەیان بۆ تلیاكفرۆشیی خۆشکردووە و تەنانەت شوێنى تایبەتیشیان بۆ لەشفرۆشیی کردۆتەوە(٣).
لەچوارچێوەى تاوانەکانى ئینگلیز لەڕووى شارستانى و کولتوورییەوە لە دژى کوردستان ئەنجامیاندابێت، بریتییە لە سووتاندنى کتێبخانە گەورەو دەوڵەمەندەکەى مزگەوتى گەورەى سلێمانى .ده‌رباره‌ی ئه‌م تاوانه شارستانی و مه‌عریفییه، مارف ناسراو له كتێبی (مێژووی كتیبخانه‌كانی سلێمانی ،لا8) له‌باسكردنی ئه‌م تاوانه‌دا نووسیوێتی ، كتیبخانه گه‌وره‌و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی مزگه‌وتی گه‌وره كه به‌ناوی كتیبخانه‌ی بابانه‌كان ناونرابوو ، نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار كتێبی زۆر به‌نرخ له‌م كتیبخانه‌یه‌دا هه‌بووه ، به‌لام له‌سالی 1919 له‌دوای كاره‌ساتی به‌دیل گرتنی شێخ مه‌حموودی حه‌فید له ده‌ربه‌ندی بازیان و هاتنی ئینگلیزه‌كان بۆ سلێمانی هه‌رچی كتێبێ له‌م كتێبخانه‌یه‌دابوو ، هه‌موویان هێناو له حه‌وشه‌ی مزگه‌وتی گه‌وره‌دا سووتاندیان.هه‌ڵبه‌ته ئینگلیز ئه‌نجامدانی تاوانیكی وا به‌پیلانێك جێبه‌جێ ده‌كات ، هه‌ر وه‌كو جه‌مال محه‌مه‌د ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات كه ئه‌م تاوانه پیلانێكی ئه‌وتۆی بۆ دروستكراوه كه بووه‌ته هۆی سووتاندنی ئه‌م هه‌موو كتێبه.(4)
ئه‌گه‌رچی خودی كرده‌ی ئاگر تێبه‌ردانه‌كه له‌سه‌ر ده‌ستی نۆكه‌ریكی ئینگلیز‌و ئه‌فسه‌ری له‌شكری لیڤی بووه ، به‌لام تاوانه‌كه به فه‌رمانی راسته‌وخۆی ئینگلیز بووه.(5)
له راستیدا كۆڵۆنیالیزمی به‌ریتانی هینده تاوانباره له ئاست نه‌ته‌وه‌ی كورد ، كه‌سێكی وه‌ك (Tom Tugendhat )كه له ساڵی 2017سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه بووه له په‌رله‌مانی به‌ریتانیا گوتوویه‌تی، به‌ریتانیا مێژوویه‌كی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی نییه به‌رانبه‌ر كورد.(6)
پەراوێزەکان:
(١)د‌یڤید کۆرن، ئەو دوو پیاوەى کوردیان لکاند بە عێڕاقەوە، ( پێرس کۆکس و ئارنۆڵد وێڵسن)، و: ئاوات عبدالله، ٢٠٠٧، لا٧.
(٢)جواهر لال نەهرۆ، لمحات من تاریخ العالم، ت: لجنة الاساتذة، 1٩٨٣، ص٣٣٤.
(٣)د.کەمال مەزهەر، شۆڕشى بیست، گۆڤارى (کاروان) ژ(١٠) ١٩٨٣، لا٢٥.
(4)رۆژنامه‌ی هاوكاری (481)2/7/1979.
(5)ئاكۆ عبدالكریم شوانی، شاری سلێمانی، 2002،لا 121.
(6)https://hansard.parliament.uk/search/MemberContributions?house=Co