لە فەلسەفەی سیاسی و مێژووی دەوڵەتداریی هاوچەرخدا، چرکەساتی گۆڕانی لوتکەی دەسەڵات یان ئەوەی پێی دەوترێت "کەلێنە مێژووییەکان"، وەک مەترسیدارترین قۆناغ بۆ هەر سیستمێکی سیاسی هەژمار دەکرێت. دوای ئەو زنجیرە هێرشە چاوەڕواننەکراوانەی کە لوتکەی هەڕەمی سیاسی و فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئێرانی کردە ئامانج،
تاران جارێکی تر کەوتووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی بونیادی و جەوهەری.
پرسیارە بنەڕەتییەکە لێرەدا تەنها لەسەر قەبارەی زیانەکان نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە: ئایا "دامەزراوە" دەتوانێت جێگەی "کاریزما" بگرێتەوە؟
"ستراتیژی "سەرکردەسازی" و تێپەڕاندنی کاریزما
خاڵێکی جەوهەری کە زۆرجار لە شیکارییە دەرەکییەکاندا فەرامۆش دەکرێت، ئەوەیە کە ئێرانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩، زیاد لەوەی سەرقاڵی بەکاریزما کردنی کەسایەتییەکان بێت، لەسەر بونیادنانی چینێکی فراوانی "سەرکردەی دامەزراوەیی" کاری کردووە. ئەم سیستەمە لە چوار دەیەی ڕابردوودا فێربووە چۆن لە ناو جەرگەی قەیرانە قورسەکاندا، جێگرەوەکان ئامادە بکات و بۆشاییەکان پڕ بکاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، کوژرانی سەرکردەکان ئەگەرچی لە ڕووی مەعنەوییەوە گورزێکی کوشندەیە بەڵام بەوپێیەی "سیستەم" لەسەر بنەمای دامەزراوەی ئایدۆلۆژی بونیاد نراوە نەک تەنها گەورەکردنی کاریزما، چاوەڕوان دەکرێت مەکینەی سیاسیی وڵاتەکە بە خێرایی بەم شێوازە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەم ئاستی دەرەوەی ئێران خۆی ڕێکبخاتەوە.
لە ناوخۆدا: گواستنەوە بۆ قۆناغی "پاراستنی قەوارە"
ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە دەسەڵاتی ئێستا بەردەوام دەبێت، گەورەترین ئالێنگاریی ناوخۆیی بریتی دەبێت لە سەلماندنی توانای "خۆنوێکردنەوە" و پاراستنی یەکپارچەیی. لێرەدا پێشبینی دەکرێت تاران ئەم ئاڕاستانە بگرێتە بەر:
کۆدەنگیی پۆڵایین لە نێوان باڵەکاندا: بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە لێکترازانێکی ناوخۆیی، ناوەندە بڕیاربەدەستەکان وەک ( سوپای پاسداران و ئەنجومەنی شارەزایان و بارەگای خاتەمول ئەنبیا)
ناچار دەبن لە ژێر چەتری "بەرژەوەندیی باڵای سیستەم"دا کۆببنەوە. لێرەدا "سیستەم" وەک چەتری پارێزەر کار دەکات بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەکی یاسایی یان ئەمنی دروست نەبێت کە شەقام یان نەیاران سوودی لێ ببینن.
مانۆڕی سەقامگیری: دەسەڵات هەوڵ دەدات لە ڕێگەی نیشاندانی "بەردەوامیی دەزگایی" پەیامێکی دڵنیایی بداتە لایەنگرانی و ڕێگری بکات لە دروست بوونی نادڵنیایی لە بازاڕ و ژیانی ڕۆژانەدا. ئامانجی سەرەکی لێرەدا، پاراستنی هەیبەتی دەوڵەتە وەک قەوارەیەکی جێگیر کە بە شۆکی کەسی ناھەژێت.
لە دەرەوەدا: دیپلۆماسیی "خۆپارێزی و پاشەکشەی تاکتیکی"
لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، ئێرانی دوای ئەم شۆکە، ڕەنگە بەرەو سیاسەتێکی واقیعبینانەتر هەنگاو بنێت. دوور نییە تاران بۆ ماوەیەک لە سیاسەتە هێرشبەرییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی پاشەکشە بکات و زیاتر تەرکیز بخاتە سەر "بەرگریی ناوچەیی" و داخستنی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە بوونە هۆی ڕوودانی هێرشەکان، و دروستبوونی ئەو هەموو کارەساتە. هەروەها پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بلۆکی ڕۆژهەڵات (چین و ڕووسیا) دەبێتە تاکە بژاردە بۆ ڕێگریکردن لە گۆشەگیریی تەواوەتی و دابینکردنی چەترێکی پارێزەری نێودەوڵەتی.
لەکۆتاییدا هەرچۆنێک بێت ئێرانی دوای ئەم ڕووداوانە، لە تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی بێوێنەدایە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئایا "سیستەم" گەورەترە یان "سەرکردە"؟
مێژووی چەند دەیەی ڕابردوو نیشانی داوە کە ئەم وڵاتە نەک تەنها پشت بە کەسایەتییەکان، بەڵکو پشت بە "ئایدیۆلۆژیای دامەزراوەیی" دەبەستێت. ئەگەرچی غیابی ڕەمزە گەورەکان زیانێکی سیاسیی قورس و قەرەبوو نەکراوەیە، بەڵام توانای سیستەمەکە بۆ بەرهەمهێنانەوەی سەرکردەی نوێ لە ناو جەرگەی قەیرانەکاندا، دەبێتە فاکتەری یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی پێگەی ئێران لە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.