مردنی دیالۆگ لە سەردەمی هاوار

محەمەد عەزیز
  2026-04-21     902

مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی مەعریفە و تێپەڕاندنی چەقبەستوویی، هەمیشە پێویستییەکی مێژوویی و عەقڵیی بە دیالۆگ هەبووە. گفتوگۆ تەنها ئاڵوگۆڕی وشە و گواستنەوەی دەنگ نییە، بەڵکو دەروازەیەکی بنەڕەتییە بۆ کرانەوەی عەقڵ و ڕزگاربوون لەو دۆگمابوونەی کە ڕێگرە لە گەشە. کاتێک مرۆڤ لە دیالۆگ لەگەڵ دەوروبەری دەبڕێت، جۆرێک لە داخراوی و ڕەقبوونی فکری لای دروست دەبێت کە دەبێتە بەربەست لەبەردەم ئایدیا نوێیەکان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکاندا. لە ڕاستیدا، شێوازی گفتوگۆکردنی مرۆڤ، ئاستی قوڵی و ڕەسەنایەتیی مەعریفەکەی نیشان دەدات.

سۆکرات، وەک پێشەنگی ئەم ڕێگەیە، کاتێک بینی هاوشارییەکانی لە ئەسینا لەناو یەقینێکی درۆیندان و بڕوایان بەو زانیارییانەی خۆیان هەیە، میتۆدی دیالۆگی ڕەخنەگرانەی بەکارهێنا. ئامانجی ئەو ئەوە بوو بیسەلمێنێت کە زانینی مرۆڤ چەندە سنووردار و کەمە. ئەو دەیویست "مەعریفە هەڵەکان" بگۆڕێت بۆ گەڕانێکی ڕاستەقینە، چونکە مرۆڤ کاتێک بە شێوازێکی دیالۆگانە پرسەکان تاوتوێ دەکات، دەرگا بۆ دیدگای تازە دەکاتەوە و دەگاتە ئەو خاڵەی کە دان بە نەزانینەکانیدا بنێت. ئەم پڕۆسەیە تەنها لە بازنەی پەیوەندییە گشتییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو وەک ئەوەی لای "دیکارت" دەبینرێت، پێویستە وەک گەشتێکی ناوەکی ڕوو لە خود بکرێت. دیالۆگ لەگەڵ خودی خۆدا ڕێگایەکی سەرسوڕهێنەرە بۆ دۆزینەوە و ناسینی خود. دیکارت لە ڕێگەی گومان و گفتوگۆیەکی قوڵ لەگەڵ خۆی، توانی هەموو مەعریفەکانی بخاتە ژێر پرسیارەوە؛ دواجار بە دۆزینەوەی "خودی بیرکەرەوە"، نەک هەر بوونی خۆی، بەڵکو بناغەیەک بۆ مەعریفەی یەقینی و بوونی خوایش دابڕێژێت.

ئەم خولە مێژووییە بەردەوام بوو تا دەگاتە سەردەمی مۆدێرن، بەتایبەت لای یورگن هابرماس، فەیلەسووفی ئەڵمانی. پێی وابوو تاکە چارەسەری ڕزگاربوونی مرۆڤایەتی لەو دۆخە تارماییانە، گەڕانەوەیە بۆ دیالۆگێکی ڕاستگۆ و بێ لایەنی. هابرماس باوەڕی وابوو کە مرۆڤەکان تەنها لە ڕێگەی "کرداری پەیوەندی" ی ڕاستەقینەوە دەتوانن ڕێک بکەون و مەعریفەی ڕاستەقینە بدۆزنەوە. ئەو ڕێسایەکی ڕوونی بۆ گفتوگۆیەکی تەندروست دیاری کرد: ڕاستگۆیی، ڕێز، و ئامادەیی بۆ گوێگرتن لە بەرامبەر. لە ڕوانگەی هابرماسەوە، دیالۆگ وەک پردێکە لە نێوان مرۆڤەکاندا؛ کاتێک کەسێک لە بری بەڵگەی عەقڵانی، دەست دەکات بە جنێو و سووکایەتیکردن، ئەوا ڕێساکانی یارییەکەی شکاندووە و لە ڕاستیدا دان بە لاوازی خۆیدا دەنێت. بە ڕوانینی هابرماس، جنێو نیشانەی کۆتاییهاتنی ئارگومێنتە، چونکە ئەو کەسەی دەست دەکات بە جنێو، خۆی لە بواری گفتوگۆی عەقڵانیدا دەرکردووە و چووەتە ناو بواری زۆرەملێ و هێزەوە. ئەو پێی وابوو کۆمەڵگەیەک کە ڕێزی دیالۆگ نەپارێزێت، بەرەو دۆخی "پێش مۆدێرن" دەگەڕێتەوە، بەرەو دۆخێک کە هێز و زۆرەملێ باڵادەستن، نەک عەقڵ و ڕێز. کەچی سۆشیاڵ میدیا کە شوێنێکە بۆ دەربرینی رابۆچونی جیاواز و بەدەستهێنانی زانیاری کەچی، ئیستا بووە بە بەشێک لەم جۆرە جنیو سوکایەتییەی کە هەیە. لە نێو گۆمەڵگادا کە هەموو کەس دەتوانی بەبێ هیچ سانسۆرێک قسە بکات جنیو سوکایەتی بە کەسەکان بکات.بە پێچەوانەی ئەم مێژووە فەلسەفییەوە، ئەوەی لە زۆربەی گفتوگۆکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئێمەدا دەبینرێت، جۆرێکە لە "شێواوی فکری". ئەو دیاردە ناتەندروستەی کە لە زۆربەی دیالۆگەکانی ئەمڕۆدا دەیبینین، گۆڕینی زمانە لە "ئامرازێکی گەڕان بەدوای ڕاستی" بۆ "چەکێک بۆ شکاندنی ئەویتر". کاتێک مرۆڤ لە ڕووی مەعریفییەوە دەستکورت دەبێت و توانای بەرگریکردن لە دیدگاکانی نامێنێت، پەنا دەباتە بەر سوکایەتی و جنێودان. جنێو لێرەدا تەنها وشەیەکی ناشرین نییە، بەڵکو نیشانەیەکە بۆ کۆتاییهاتنی عەقڵ؛ چونکە ئەو کەسەی جنێو دەدات، لە ڕاستیدا دان بەوەدا دەنێت کە هیچ بەڵگەیەکی مەنتیقی شک نابات بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆ. ئەم جۆرە کەسانە، کە تووشی "وەهمی مەعریفی" بوون،  وەهمی مەعریفی بریتییە لەو حەڵەتەی مرۆڤ پێ وەیە بەتەواوەتی دەزانی ئەو کەسەی گفتوگۆی لەگەڵ، دەکات هیچ زانینێکی نیە.وا دەزانن بە جنێودان و بێدەنگکردنی بەرامبەر، حەقیقەتیان سەلماندووە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە "شێواوییەکی فکری" قوڵە؛ چونکە حەقیقەت پێویستی بە هاوار و سوکایەتی نییە. ئەوەی تەنها ڕەخنە دەزانێت و هیچ میتۆدێکی زانستی نییە، لەناو قەفەسی "خۆپەرستیی فکری"دا دەژیت. لای ئەو، هەر کەسێک هاوڕای نەبێت، دەبێتە نەیار و شایستەی سوکایەتی، نەک هاوبەشێک لە گەڕان بەدوای مەعریفەدا. ئەم جۆرە مرۆڤانە ئەگەر تەنها بۆ یەکجار، وەک سۆکرات، گومان لە یەقینە درۆینەکانی خۆیان بکەن و بێنە ناو دیالۆگێکی ڕاستەقینەوە، دەزانن کە چەندە لە حەقیقەت دوورن. دیالۆگ فێرمان دەکات کە "هاوڕانەبوون" مانای دوژمنایەتی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ناسینی ڕەهەندێکی تری ڕاستی. ئەو کەسەی لەبری جنێو، مەنتیق بەکاردەهێنێت، نەک هەر ڕێز بۆ بەرامبەرەکەی، بەڵکو ڕێز بۆ عەقڵی خۆی و ئەو مەعریفەیەش دادەنێت کە هەڵیگرتووە. لێرەدا دیالۆگ لەبری ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ دۆزینەوەی ڕاستی، بووەتە گۆڕەپانێک بۆ ڕەخنەی بێ‌میتۆد. ئەم جۆرە ڕەخنەگرتنە کە تەنها سەرچاوەکەی "هاوڕانەبوونە"، زۆرجار دەگۆڕێت بۆ سوکایەتی و جنێودان.

ئەو کەسەی تووشی ئەم حاڵەتە بووە، لەناو "وەهمێکی مەعریفی"دا دەژیت؛ وا دەزانێت تەنها لای ئەو حەقیقەت بوونی هەیە و جگە لە ئەو، کەس ڕاستی پێ نییە. ئەم جۆرە مرۆڤانە ئەگەر تەنها بۆ یەکجار بە شێوازێکی مەعریفەناسانە (نەک سەفسەتەکارانە) بێنە ناو دیالۆگ، دەزانن کە چەندە لە ڕاستی دوورن و لەناو چ وەهمێکدا دەژین. کۆی مەبەستەکە لێرەدایە: تا مرۆڤ نەتوانێت دیالۆگێکی تەندروست لەگەڵ "کۆمەڵگە" ئەنجام بدات بۆ ناسینی ڕاستی، ناتوانێت لەگەڵ "خودی خۆی"یشدا بگاتە ئاشتی و ناسینێکی قووڵ. دیالۆگ دەرگایەکە، کە هەم بەرەو جیهان و هەم بەرەو ناوەوەی خۆمان دەمانکاتەوە، تەنها لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی دیدگاکانەوەیە کە دەرگا داخراوەکانی ژیری دەکرێنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×