"ڕۆژنامەگەری ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئەو شتانە بڵاو بکەیتەوە کە دەسەڵات نایەوێت، ئەوانەی تر کە بڵاودەکرێنەوە تەنیا پڕۆپاگەندەن"
ئەمڕۆ؛ ١٢٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی و، ئیدی بەیانی پێدەنێینە ١٢٩ـیەمین ساڵ. ئەم یادە، پیرۆز دەکەم لە تەواوی ئەوانەی لە کایەی ڕۆژنامەگەری و میدیا کار دەکەن.
وێنەی گەورەکە: ئازادی بەڵام سنووردار
جۆرج ئۆروێڵ، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەریتانی دەڵێت: ڕۆژنامەگەری ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئەو شتانە بڵاو بکەیتەوە کە دەسەڵات نایەوێت، ئەوانەی تر تەنھا پڕۆپاگەندە!
ئەوەی ئێستا ھەیە کە پێی دەوترێت میدیا یان ڕاگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان، میدیایەکی سیاسیکراو بە ئازادیی سنووردارەوە کە بەگوێڕەی گۆڕاوەکان ھەڵبەز و دابەز دەکات لەنێوان ڕۆژنامەگەری و پڕۆپاگەندە.
زۆرینەی ڕەھای ئێستای میدیا لە باشووری کوردستان (کەناڵە ئاسمانییەکان، ناوخۆییەکان، ڕادیۆ، میدیای ئەلیکترۆنی، میدیای کۆمەڵایەتی-سۆشیال میدیا، وێب تیڤی، مۆجۆ) بەویستی خۆیان بێت یان نا، ئەوا سەرچاوەی داراییان سیاسییە نەک بازاڕی ئازاد و کۆمپانیا و ڕێکلام، ئەمەش دەمانبات بۆ خۆیەتی میدیا کە زۆرجار گرێدراوە بە خۆیەتی حیزب.
لێرەدا کاتێک سەرچاوەی دارایی میدیا دەبێتە سەرچاوەیەکی سیاسی، ئەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر گواستنەوەی (حەقیقەت) وەک خۆی یانیش (حەقیقەت لەژێر سایەی ھێڵی حیزبی)، ئەمەش دەمانبات بۆ خودسانسۆری (self-censorship) کە یەکێکە لە پرسە ھەرە مەترسیدارەکانی ناو کایەی میدیا، کاتێک ڕۆژنامەنووس خۆدی خۆی، خۆی سانسۆر دەکات بۆ مەعیشەت، ئەمە یەکێکە لە سێ کێشەی سەرەکی ئێستای ناو میدیای کوردی.
کێشە سەرەکییەکان:
میدیای سیاسی، ئابووری سەربەخۆ، خودسانسۆری، ئەمانە کێشەی بنەڕەتی ئێستا ناو میدیای ھەرێمی کوردستانن کە دەستوپەنجەی ھەمووانی گرتووە و وایکردووە کەمترین زانیاری و زۆرترین پڕۆپاگەندە بڵاوببنەوە، بۆیە دەبینین میدیا کەمترین کاریگەری لەسەر کایەی سیاسی، کایەی ئابووری ھەیە، نەیتوانیوە بەرپرسێکی سیاسی ناچار بەدەستلەکارکێشانەوە بکات.
ڕەنگە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان فەزیحەی (واتەرگەیت )ـی بینیبێت کە ڕۆژنامەنووس بۆب ودوارد لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردەوە کە بەھۆیەوە بووە ھۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک ڕیچارد نیکسۆن، سەرۆکی ئەمریکا.
بۆب دەڵێت: کاتێک زانیاری و ڕووناکی نەبێت، ئەوا دیموکراسی دەمرێت، ڕۆژنامەگەری ئەو ڕووناکییەیە کە ناھێڵێت دیموکراسی بمرێت!
ئینجا ڕەنگە کرۆکی کێشەی میدیا لە کوردستان ھەر تەنیا (میدیای سیاسی، ئابووری سەربەخۆ، خودسانسۆری) نەبێت، بەڵکو لە بنچینەدا نەبوونی دیموکراسی بێت!
لە نەبوونی دیموکراسی، بە ئاسانی و بە ھەرزانی میدیا بە سیاسی دەکرێت، سێکتەری ئابووری بە سیاسی دەکرێت، تەنانەت ژیانیش بە سیاسی دەکرێت.
لەم ھاوکێشە نا ھاوسەنگە خنکاوە بە سیاسی کراوەدا، بێگومان ئەوا ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی فشار و مەترسی دەبنەوە، لەوانە گرتن، داخستنی کەناڵ یان ئۆفیسی کەناڵ، دادگاییکردن، ھەڕەشەی جۆراوجۆر تا دەگات بە کوشتن. لەم ژینگەی ئیشکردنەدا، کارکردن بۆ ئەنجامدانی ڕاپۆرتێکی تەحقیقی یان بنکۆڵکاری، سەرکێشییە بۆ خودی ڕۆژنامەنووسەکە و ڕووبەڕووی دەیان گرفتی دەکاتەوە کە ڕەنگە دواجار بەھۆی دەست نەگەیشتنی بە زانیاری، یان لەژێر گوشار واز لە تەواوکردنی ڕاپۆرتەکەی بھێنێت.
سێیەم کێشە کە لەوەھا ژینگەیەک ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەبێتەوە، کێشەی ئابووری و سەربەخۆییە. لە وەھا ژینگەیەکدا میدیای سەربەخۆ زۆر بە ئاستەم ھەناسە دەدات و دەتوانێت بژی، بەتایبەت کاتێک ڕێکلام و بازاڕی ئابووری ھەم لاوازە، ھەمیش ئەویش بە سیاسی کراوە، بۆیە ئەمە وادەکات کە میدیا لە ھەرێمی کوردستان یان بە پارەی سیاسی بژی یانیش بە پارەی دەرەکی کە ئێستا کۆمەک و فەندی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تا ئاستی وەستانی (١٠٠%) وەستاوە. بۆ نمونە میدیایەکی وەک ئاوێنە یان پەرەگراف، یان کەرکوک ناو کە پشت بە فەندی ڕێکخراوەکان دەبەستن، بە نان و سک بەڕێوە دەچن و توانای ڕکابەرایەتی میدیای پارەدارکراوی سیاسییان نییە.
حیزب لە ڕێگەی میدیای سیاسی، وا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات ببن بە کارمەندی سیستەم نەک ڕۆژنامەنووسێکی چاودێر، ناچاری دەکات بەرانبەر بەم بڕە پارەیەی وەریدەگرێت سیاسەتی کەناڵەک پەیڕەو بکات، بەمەش لە قالبی دەدات.
کێشە گەورەکە ئەوەیە کە دەسەڵات و حیزب دەیانەوێت ڕۆژنامەنووسان ببن بە ئامڕاز بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم پڕۆپاگەندانەی کە خۆیان دەیانەوێت، بەڵام کایەی ڕۆژنامەگەری چاودێرە بەسەر دەسەڵات نەک ئامڕاز، بۆیە تاوەکو حیزب و دەسەڵات دەستوەردان بکەن لە کایەی میدیا، کە ئێستا دەستوەردانەکە لە حیزب پەڕیوەتەوە بۆ شەخس و کوڕەکانیان، ئەم کێشەیە بەردەوام دەبێت.
لێرەوە دەگەمە ئەوەی کە بڵێم، ئەگەر پێناسەیەک ھەبێت بۆ دۆخی میدیا لە کوردستان، ئەوا من دەڵێم؛ کایەی میدیا لە ھەرێمی کوردستان، سیستەمێکی میدیایی-سیاسییە کە لەنێوان ئازادیی سنووردار و کۆنترۆڵی ناڕاستەوخۆدا دەژیت، لەوەی زۆربەی دامەزراوەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ گرێدراون بە دەسەڵات و سەرچاوەکانی، بەڵام لە ھەمانکاتدا بوارێکی سنووردار بۆ دەنگی سەربەخۆ و ڕۆژنامەگەریی تەحقیقی ھێشتا بوونی ھەیە.
ھەزاران پێشێلکاری بێ وەڵام
کۆفی ئەنان، سکرتێری پێشووتری نەتەوە یەکگرتووەکان قسەیەکی جوانی ھەیە لەبارەی دەربازبوون لە سزا لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت.
ئەو دەڵێت: دەربازبوون لە سزای تاوان لە ھەمبەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت، یەکێکە لە گەورەترین تەحەددای ئازادی ڕادەربڕین.
لێرەوە ئەگەر قسە لەسەر ژینگەی یاسایی بکەین، دەتوانین بڵێین بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە بوونی یاسای ژمارە (٣٥)ـی ڕۆژنامەگەری ساڵی ٢٠٠٧، ھەروەھا یاسای ژمارە (١١)ـی مافی دەستکەوتنی زانیاری ساڵی (٢٠١٣) وەک چەترێک وایە بۆ کایەی میدیا و لە دۆخێکی یاسایی باش داین. بەڵام ئەم چەترە یاساییە لەسەر ئەرزی واقیع نەیتوانیوە ڕۆژنامەنووسان بپارێزێت، ئەمەش پاڵپشت بەداتاکانی (٣٤) ڕاپۆرتی خودی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٨-٢٠٢٦)، ھەروەھا (١٥) ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ لەنێوان ساڵانی (٢٠١١-٢٠٢٥) کە پێماندەڵێت: بوونی یاسا بە تەنیا کافی نییە و نابێتە ئەو پارێزەر و پارێزبەندییەی ئازادی میدیا و ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی و ئازادی بۆ خودی ڕۆژنامەنووسان.
بەگوێرەی ئامارەکانی میترۆ بێت کە دەستم خستوون لەنێوان ساڵانی (٢٠١٨-٢٠٢٥) دوو ھەزار و (٦٥٥) پێشێلکاری بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە. بەداخەوە ئاماری نێوان ساڵانی (٢٠١١-٢٠١٧)، واتە یەکەم تاوەکو حەوتەم ڕاپۆرت زۆر بۆی گەڕام، دەستم نەکەوت.
ھەروەھا بەپێی ڕاپۆرتەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٨-٢٠٢٦) سەرووی سێ ھەزار پێشێلکاری بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراون، ھەروەھا حەوت ڕۆژنامەنووسیش شەھید کراون.
لەبەرانبەر ئەم ھەموو پێشێلکارییەدا، من دەپرسم؛ کێ لەوانەی کە پێشێلکارییان ئەنجامداوە، سزا دراون و دراونەتە دادگا؟ کەچی من کە ئەم وتارە دەنووسم، ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی لەسەر بیروڕای جیاواز وا لە زیندان دایە، دیاریش نییە کە وادەکەی ئەمجارەش تەواوکرد ئازاد دەکرێت یان نا.
من کە ئەم وتارە دەنووسم؛ تەنیا ١٢ ڕۆژ ماوە بۆ ١٦ـیەمین ساڵیادی شەھیدکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان کە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ڕاپۆرتی ژمارە (٥)ـی پێشێلکارییەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان تۆماری کردووە، بەڵام ھێشتا بکوژانی نەدراونەتە دادگا، ھاوشانی بکوژانی کاوە گەرمیانی و باقی ڕۆژنامەنووسە تیرۆر کراوەکانی دیکە.
چارەسەر.. دەسەڵات ھەم ژەھرڕێژ و ھەمیش حەکیمەکەیە
بەم سەرە قەڵەمانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا کە زۆرێک لە ھاوپیشەکانم زۆر قوڵتر لەمە ئاگاداری دۆخەکە ھەن، بەڵام دواجار ئەگەر بەدوای چارەسەرێک بگەڕێین کە ھەموومان خوازیارین، ئەوا ھەر دەبێت لە دەرگای حیزبە دەسەڵاتدارەکان بدەینەوە کە خۆیان ژەھرەکەیان ڕژاندووە، ھەر خۆیشیان حەکیمی دەردەکەن.
ماریا ڕێسا، ڕۆژنامەنووس و نووسەر و داکۆکیکاری ئازادی ڕۆژنامەگەری فلیپینی-ئەمریکییە، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، ھەروەھا براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی (٢٠٢١) بەھۆی بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین، دەڵێت: تۆ ڕۆژنامەنووست نییە، ئەگەر ڕۆژنامەگەریەکەت لەژێر ھەڕەشە دابێت و لێپرسینەوەش نەبێت!
کەواتە دەستپێکی چارەسەر شکاندنی بێ سزاییە، ئیدی ھیچ کەسێک لەھەر پێگەیەک بێت دەربازی نەبێت لە سزادان لەھەمبەر ھەر پێشێلکارییەک بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامی دەدات.
ھەروەھا جێبەجێکردنی یاساکان وەک خۆی، بەتایبەت یاسای مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، ھاوکات حکومەت داتاکانی بێ جیاکاری بخاتە بەردەم ڕۆژنامەنووسان. نەک بۆ کەناڵی فڵان خۆیان تەلەفۆنیان بۆ بکەن و، بۆ فیساریش وەڵامی تەلەفۆنەکانیان نەدەنەوە.
ئەوەی من بە چارەسەری خێرا و ڕیشەیی دەیبینم و پێشتریش قسەم لەسەری کردووە، دامەزراندنی ئەنجومەنی میدیایە لە کوردستان لە جێگەی ئەم سەندیکایەی ئێستا ھەیە، بەڵام بە دەسەڵاتی فراوان و باڵا نەک فەرمانبەری سەرۆکوەزیران، ھەروەھا بڕینی دەستی حکومەت لەناو کایەی میدیا لەڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەزارەتی ناوخۆ، تەواوی کایەی میدیا لە دەستی ئەم ئەنجومەنە بێت. ھەروەھا دەرچوواندنی پاکێجێک یاسا بۆ خودی ئەنجومەنەکە و ڕێکخستنی کایەی میدیا بە میدیای بینراو، میدیای بیستراو و میدیای خوێنراو.