گرژییەکانی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکیتر، لە هەڵچوونی بەردەوامدان، تا ئەو ئاستەی ئەمریکا فەرمانبەرە ناسەرەکییەکانی لە باڵێۆزخانەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو دەکشێنێتەوە.
چاودێران دۆخەکە لەبەر دەم دوو ئەگەردا دەبینن!
ئەگەری یەکەم: لێدان ئەمریکا لە میلیشیا شیعە عێراقییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێڕان، وەک دوا داردەستی ئێران لە ناوچەکە!
ئەگەری دووەم: لێدان لە چەند بنکەی بەرهەمهێنانی ئەتۆمی و پێگەی سەربازیی و ئابووری لە ناوخۆی ئێران، نەک بە ئامانجی لە ناوبردنی پرۆژەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵکو بە ئامانجی لاوازکردنی ڕژێمی ئێران لە ناوخۆی وڵات.
لەبەرامبەردا ئێران هەڕەشە لە لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە دەکات.
ئەگەرچی ئەگەری لێدانی ڕاستەوخۆ لە ئێران، تا ئێستا ئەگەرە زۆر بەهێزەکە نییە، بەڵام؛ ئایا ئەگەر ئێران کەوتە بەر هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەمانکات ئێران ناوچەکەی موشەکباران کرد، هەرێمی کوردستان، بە دیاریکراویش هەولێری پایەتەخت، پارێزراو دەبێت؟
ئەمرۆ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، وەک خۆئامادەکردن بۆ ئەگەری هێرشی ڕوسیا بۆ سەر وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، لە رێگەی هۆشداری دەنگیی و بەستنەوەی مۆبایلی دانیشتوانی شارەکە، بە سیستمی هۆشداریی پێشوەختەوە، جارێکیتر ئەو ڕاهێنانە دووبارە کرایەوە!
ئایا لە هەولێر و شارەکانی تری هەرێم، بە مەبەستی پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان، هیچ جۆرە ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هێرشێکی هاوشێوە کراوە؟
هەڕەشەکانی سەرۆکی پارتی لە بەغداد و کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند سەرۆکهۆزی سونە و متمانە بە تورکیا و دڵخۆشی بە ئەمریکا، ناتوانن ئێمە لە مەترسییە گەورەکان دوور بخەنەوە.
ئاقڵ ئەو کەسەیە، دانایانە بیر دەکاتەوە و هیمنانە ڕەفتار دەکات و حەکیمانە خەڵک و خاک دەپارێزێت، نەک هەڕەشە و پەنجە ڕاوەشانی بەر دەم میدیاکان!