چل ڕۆژ بەسەر کۆچی دوایی دکتۆر دیاردا تێدەپەڕێت...
چل ڕۆژی بێدەنگ، کە تێیدا غیابی مرۆڤێک دەژمێرین کە ژیانی خۆی کردبووە پردێک بۆ پەڕینەوەی نەخۆشە بێدەرامەتەکان و مەرھەمێک بۆ برینی بریندار و ھەژارەکان.
دکتۆر دیار تەنھا ناوی پزیشکێک یان کادێرێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو سیمبولی ئەو مرۆڤە پاکە بوو کە لەم سەردەمەدا دەگمەنە. ئەو لەو جۆرە تێکۆشەرانە بوو کە لێنین وەسفی کردووە :
(پێویستە مرۆڤ ھێندە پاک بێت، کە لە کاتی خزمەتکردنی گەلەکەیدا، ھیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی شک نەبات).
لە جیھانی ھاوچەرخی ئێستاماندا، کە نەخۆشیی خۆدەرخستن و پۆپۆلیزم باڵی بەسەر سیاسەتدا کێشاوە، جیاوازییەکی ڕیشەیی ھەیە لە نێوان کادێری ڕاستەقینە و کادێری مارکێتین و کادێری سۆشیال میدیا، ئەوانەی کە بچووکترین چالاکی و چاکەی ڕۆژانەیان بەسەر کۆمەڵگەدا دەفرۆشنەوە. زووم و ھاوێنەی کامێراکان دەکەنە کەرەستەی ڕیکلام و موزایەدەی سیاسی و شەخسی، تا پێگەی کاتیی خۆیانی پێ گەورە بکەن.
بەڵام دکتۆر دیار ڕێگایەکی تری ھەڵبژارد بوو، ڕێگای دڵسۆزیی بە بێدەنگی. ئەو باوەڕی بەو وتەیەی کارڵ مارکس ھەبوو کە دەڵێت: مۆمیاییکردنی ناوەکان بۆ ئەوانە پێویستە کە لە ناوەڕۆکدا خاڵین، بەڵام مرۆڤی ڕاستەقینە لەگەڵ کارەکانیدا دەژی نەک لە گەڵ دروشمەکانیدا.
خزمەتەکانی ئەو وەک بارانی بەھار بە بێدەنگی دەباری و زەوییان سەوز دەکرد. بۆیە کاتێک کۆچی دوایی کرد، دڵسۆزی و پاکی و قەبارەی ھاوکارییەکانی بۆ خەڵکی دەرکەوتن و پەخش بوون.
د.دیار نموونەی مرۆڤی لەخۆبوردوو بوو. پێی نابوو بەسەر حەزە زاتی و شەخسییەکانی خۆیدا و تەنھا لە پێناو مرۆڤدا تێدەکۆشا. ئەو لە لووتکەی زانست و پلەی سەربازی و پێگەی کۆمەڵایەتیدا بوو، بەڵام ھێندە سادە و متواچع بوو، ھەمووان وەک کەسێکی ئاسایی نێو خۆیان دەیانبینی.
ئەم ڕەفتارەی دکتۆر دیار، مرۆڤ بەبیر وتە بەناوبانگەکەی گیڤارا دەھێنێتەوە کە دەڵێت:
(دەبێت شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە بە قووڵی لە گەلەکەیەوە نزیک بێت، ھێندە سادە بێت کە نەتوانرێت لە خەڵکی ئاسایی جیا بکرێتەوە).
دکتۆر دیار ھەرگیز منەتی بەسەر کەسدا نەدەکرد و بڕوانامە و پێگەکەی نەکردبووە شانازی، چونکە بڕوای وابوو گەورەیی مرۆڤ لە سادەییەکەیدایە.
دکتۆر دیار پێش ئەوەی بچێتە ژێر گڵ، چوبووە نێو دڵ و دەروونی ھەموو ئەوانەی کە دەیانناسی. ئەو لە نێو دڵی نەخۆشە ھەژارەکاندا و لە نێو ماڵە کەم دەرامەتەکاندا و لە نێو ویژدانی ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانیدا شوێن پێی خۆی کردبوەوە.
ئەو سەلماندی کە مێژووی ڕاستەقینە لە فەیسبووک و شاشەکاندا نانووسرێتەوە، بەڵکو لە ویژدانی ھەژار و گیرفان بەتاڵەکاندا ھەڵدەگیرێت. وەک چۆن ڕۆزا لوکسەمبۆرگ دەڵێت:
(ئەوانەی بۆ مێژوو دەژین، لە بێدەنگیدا گەورەترین زریان دروست دەکەن).
لەم چلەی ماتەمینییەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی دادەنەوێنم. دکتۆر دیار جەستەی کۆچی کردووە، بەڵام ڕێبازە مرۆییەکەی، سادەییەکەی، و ناوی پاکی وەک قوتابخانەیەک بۆ کادێری ڕاستەقینەی ناو گەل بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ڕۆحت شاد و یادت ھەمیشە بەخێر، ئەی نموونەی بەرزی مرۆڤ.